دواین هەواڵ

ترەمپ بە کوردەوە گرتووە و وازی لێناهێنێت

‌نەوزاد هێتوتی

2 کاتژمێر پێش ئێستا

ترەمپ بە کوردەوە گرتووە و وازی لێناهێنێت، وەک زۆر جار لەسەر ئەم پرسە قسەمان کردووە. ئەگەر ترەمپ راست دەکات و چەکی داوەتە هێزێکی کورد، با فەرمووت ناوی ئەو هێزە ئاشکرا بکات تا خەڵک بزانن کام هێزە کوردییە ئەو چەکانەی دزیوەتەوە. بەڵام، پێموایە پرسەکە پەیوەندی بە چەکەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ترەمپ بە لێدوانەکانی زیاتر لە ٤٢ هەزار خەڵکی ئێرانی بە کوشتندا کاتێک پێیانی گوت بەردەوام بن لە خوپێشاندان و یارمەتییان دەدات، بەڵام ئەو یارمەتییە هەر نەگەیشت. بۆیە، ترەمپ دەیەوێت ئەم شکستانە و بە کوشدانی خەلکی ئیران بخاتە ئەستۆی کورد و بڵێت گوایە کورد چەک و یارمەتییەکانی نەگەیاندووەتە دەست خەڵک.

باشە، پرسیار ئەوەیە: ئایا ئەوە ئەرکی کورد بوو چەک و سیلاح بداتە دەست خەڵکی ئێران یان ئەرکی ئەمریکا؟ ئایا کورد هیچ ئیمکانات و دەرفەتێکی هەبوو چەکەکان بگەیەنێتە تەهران و شارەکانی دیکەی ئێران؟ یان خۆدی پرسیارەکە ئەوەیە: بۆچی دەبێت کورد چەک بەسەر خەڵکی ئێراندا دابەش بکات؟ ئایا ئەمە هیچ لۆژیکێکی تێدایە؟

زۆر روون و دیار بوو ترەمپ لە ژێر گوشاری لوبیی تورکیا ڕێگەی نەدا کوردەکان بەشداری ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی ئێران بکەن و لە ٨ی ئادار ڕایگەیاند کە لەگەڵ ئەوەدا نییە کە کوردەکان بەشداری ئۆپەراسیۆنەکە بکەن. ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە ئەمە پلانی خۆی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا، بە تایبەتی CIAبوو.

چونکە ئەوان پێیان وابوو لەو ڕێگەیەوە هەم دەتوانرێت ئێران لاواز بکرێت و هەم بەشێکی زۆر لە خاکی لە دەستی ڕژێمی ئێران دەربهێنرێت، هەروەها ڕێگا خۆش بکرێت بۆ دروستبوونی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکان لە ئێران .بەڵام ترەمپ لەپێناوی تورکیا و پەیوەندییە کەسییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە، دژایەتیی پلانی دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتەکەی خۆی کرد.

ئەمەش بووە هۆی ئەوەی زۆربەی پلانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، بە تایبەتی لەبارەی ڕووخاندنی سیستمی سیاسی، تووشی شکستی گەورە ببن.بە دڵنیاییەوە، کوردەکان دەیان توانی ببنە کلیلی سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا ، ئەگەر ترەمپ نەکەوتبایە ژێر گوشار و کاریگەرییەکانی تورکیا و بە قەزا و قەدەر سیاسەتی نەکردبا.

بوویە، ترەمپ پێویست ناکات ئێستا ڕەخنە لە کورد بگیرێت. کورد فاکتەرێک نییە بۆ ئەوەی ترەمپ هەر کاتێک بیەوێت کرین و فرۆشتنی پێ بکات. وەک ئەوەی نوێنەرەکەی، تۆم باراک، بەسەر کوردانی ڕۆژئاوادا هێنا و پێیانی گوت: ئێوە ئیستا ئیسکپایەر بوونە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP