یەکێک لەو بوارانەی کە لە ئەجیندای سەردانەکەی ترەمپدایە بۆ پەکین، پرسی هۆشمەندی دەستکرد یان ئەی ئایە. لێرەدا دەمەوێت باس لە ئەی ئای بکەم لە ڕوانگەی سیاسی و ئابوری و کەلتوریی و کۆمەڵایەتییەوە. هەریەک لە چین و ئەمریکا لەم ڕوانگانەوە مامەڵەیان بۆ ئەی ئای زۆر جیاوازە.
بۆ ئەمریکا ئەی ئای ئەو بوارەیە کە داهاتوو کۆنترۆڵ دەکات. هەرچەندە لە ئێستادا کاریگەریی هەیە، بەڵام ئەو ئامرازە یان بوارەیە کە داهاتووە. لەم ڕوانگەیەوە، ئەی ئای لە ئەمریکا لە پرۆسەی گەیشتنە بە قۆناغێک کە لە داهاتودایە، بەو مانایە ئەی ئای هێشتا خۆی نەڕسکاندوە.
ئەمریکا دەیەوێت زیرەکترین ئای دروست بکات، کە توانای زۆر گەورەی هەبێت.
بەڵام بۆ چین وەها نیە. ئەوانەی سەردانی چینیان کردوە دەبینن کە لە ئوتێل و شوێنەکانی تردا چۆن ڕۆبۆت بەکاردێت. ئەم بەکاربردنە ڕۆبۆتییە لە ژیانی ئاسای یڕۆژانەدا، بەشێکە لە فەلسەفەی چین بۆ ئەی ئای. گەر ئەمریاک بە هەودای دروستکردنی زیرەکترین ئامێرە، چین دەیەوێت ئامێرێک دروست بکات کە بەشداربێت لە ژیانی ئاسایی ڕۆژانەی خەڵکدا. دیارە هۆکاری ئەمە ئابوری و کۆمەڵایەتییە. چین هەتا بێت دەستی کاری کەمدەکات، بەو مانایە هەوڵدەدات کە لە داهاتودا بەڕۆبۆت کارە ڕۆتینییەکان بەڕێوەبەرێت. دیارە ئەمە بە زۆری فەلسەفەی ژاپۆنیشە. چۆن ئامێر جێگای ئەو مرۆڤانە بگرێتەوە کە لە دایک نابن.
لە هەمانکاتدا سیستەمی سیاسی چین ڕێگە نادات ئامرازی پڕ زانیاری کراوە بگاتە دەستی خەڵکی چونکە ڕەنگە ببێتە هۆی تێکدانی سەقامگیریی. بەڵام لە ئەمریکا سنورداریی زۆر کەمە.
ئەمە هۆکاری ئەوەیە کە دەڵێن چین لە یەکەوە بۆ دە زۆرباشە، بەڵام لە سفرەوە بۆ یەک خراپە. ئەم دەربڕینە ماتماتیکییە بە مانای ئەوەیە کە چین لە داهێنانەدا خراپە بەڵام لە بەکاربردن و پەرەپێداندا زۆر باشە.
چین هەروەها لە بواری چپسدا لاوازە، بۆیە هەتا ئێستا پشت بە ئەمریکا دەبەستێت لەم بواروەوە.
کە ترەمپ سەردان دەکات، ئەم بوارە یەکێکە لە هەستیارترین و کاریگەرترین بواری پەیوەندی نێوان ئەم دوو زلهێزە لە دونیادا.