دواین هەواڵ

لە نێوان بەرداشی واشنتۆن و تاران، ڕووسیا چۆن خەریکە دەبێتە براوەی جەنگە ساردەکەی تڕەمپ؟

‌دانا نەقی

23 کاتژمێر پێش ئێستا

لە کایەی ئاڵۆزی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، زۆرجار کێشە و قەیرانەکانی لایەک، دەبنە مێزێکی پڕ لە دەستکەوت بۆ لایەکی تر. لە ئێستادا کە ئیدارەی تڕەمپ بە ستراتیژی ئە وپەڕی فشار خەریکی توندکردنی گەمارۆکانە لەسەر ئێران، مۆسکۆ بە بێدەنگی و بە بزەیەک لەسەر لێو، خەریکی دروێنەکردنی بەرهەمی ئەم ئاڵۆزییانەیە. یەکەم و گەورەترین دەستکەوتی ڕووسیا لەم کێشمەکێشەدا، پرسی زێڕی ڕەشە؛ چونکە هەر کاتێک تەمومژی جەنگ لەسەر کەنداوی عەرەبی چڕتر بێتەوە، نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا هەڵدەکشێت، ئەمەش ڕێک ئەو شتەیە کە ئابووری مۆسکۆ بۆ بوژانەوەی تینوویەتی.

کاتێک تڕەمپ دەروازەکانی هەناردەی نەوتی ئێران دادەخات، ڕووسیا نەک تەنیا لە ڕێگەی بەرزبوونەوەی نرخەوە سوودمەند دەبێت، بەڵکو وەک جێگرەوەیەکی سەرەکی خۆی دەسەپێنێت بۆ ئەو وڵاتانەی کە پێشتر کڕیاری تاران بوون. لە لایەکی ترەوە، ئەم فشارانە ئێران ناچار دەکەن زیاتر پەنا بۆ مۆسکۆ ببات، ئەمەش دەرفەت بۆ ڤلادیمێر پووتین دەڕەخسێنێت کە وەک گەورەترین یاریکەری ناوچەکە و ناوبژیوانێکی بەهێز دەربکەوێت. ڕووسیا لێرەدا وەک کۆمپانیاکانی بیمە ڕەفتار دەکات؛ چەندە مەترسییەکان و گرژییەکان زیاتر بن، داواکاری لەسەر چەک و تەکنەلۆژیا و پاڵپشتییە سیاسییەکانی مۆسکۆ زیاتر دەبێت. لە کۆتاییدا، دەتوانین بڵێین تڕەمپ بە بێ ئەوەی بیەوێت، خەریکە لە ڕێگەی گەمارۆکانی سەر ئێرانەوە، هەم بانکەکانی ڕووسیا پڕ دەکات و هەم پێگەی جیۆپۆلیتیکی ئەو وڵاتە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەهێزتر دەکات، بە جۆرێک کە مۆسکۆ ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر لەم جەنگە ساردە سوودمەندە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP