مێژوو گەواهیدەرە لەوەتەى عێراق لەلایەن زڵهێزانەوە بۆ بەرژوەندییە تایبەتییەکانى خۆیان بە زۆر پێکەوە لکێنرا و دروستکرا تا بە ئەمڕۆ نەک هەر هیچ ئاشتى وسەقامگیرییەکى بەخۆیەوە نەبینیووە ، بەڵکو رۆژ بەرۆژ زیاتر بەرەو وێرانکارى و دوژمنکارى و هەرەستهێنانى لە گشت بوارەکاندا پاشەکشێ کردووە ، بەتایبەت لە ماوەى 23 ساڵى رابردوو و بەئێستاشەوە ،بەهۆى پێشێڵکارى دەستوورى و یاسایی و بارمتەکردنى دەسەڵاتى عێراق لەلایەن گروپ و چەکدار ومیلیشیا تیرۆریست و لەیاسا دەرچووەکانەوە رۆژ بەرۆژ نەک تەنها عێراق و گەلانى ناوچەکە بەڵکو بوونەتە سەرچاوەیەک بۆ کردەوەى تیرۆریستى و ناسەقامگیرى و نەمانى ئاسایش و ئارامى ، جگە لە قۆرخکارى و تاڵانکردنى سەرەوت و سامان و خۆسەپاندن بە سەر دامودەزگاکانى حکوومەت ، هیچ شتێک بەناوى سەروەرى عێراقى فیدراڵى بوونى نەماوە
ئەم تاقمە وگروپە میلیشیا تیرۆریستانە ، لە ژێر سایەتى حکوومەتى فەرمى عێراق، نەک هەر زیانى گەورەیان بەناوبانگى حکوومەتى فیدڕاڵى گەیاندووە ،بەڵکو بەڕێگەى ئەو چەک و جبەخانە و ملیارد دۆلارەى لەبەردەستیانە بە شێوەیەکى زۆر ناڕەوا ، بە درۆنى بۆمبرێژکراو و مووشەکى بالسیتک ، پەمالامارى هەرێمى کوردستان وەک قەوارەیەکى یاسایی و دەستوورى و ئینجا وڵاتانى ناوچەکە دەدەن ، لە رابردووشدا گوشارى هەمان تاقم و گروپى تیرۆریستى بوو لە بەغدا بۆ ئەوەى گوشار لەسەر هەرێمى کوردستان دروست بکرێت لەڕووى ئابوورى و داراییەوە و ئێستا بە چەک و مووشەک خەونى تێوگلاندنى کوردستان دەکەن بۆ نێو شەڕو ئاڵۆزییەکانى ناوچەکە ، بەڵام سەرکردایەتیی سیاسى کوردستان و گەلە خۆڕاگرەکەى پارێزگارى لەخۆى دەکات
بەردەوام بوونى ئەو پەلامارەدانە تیرۆریستیانەیە ، بۆ هەمووانى سەلماند و ئاشکراى کرد ، کە عێراق دەوڵەتێکى لاوازە و بچووکترین دەسەڵاتى بەسەر ئەو میلیشیاو تاقمە لە یاسا دەرچووانە دا نەماوە ، ئەوەش وایکردووە کە هەموو سنوورێک و هێڵێکى سوور ببەزێنن ، عێراق و جوگرافییاکەى و سەروەتەکەى بەکار بهێنن بۆ تێوەگلان لە شەرى جەمسەرەکانى ناوچەکە و بەتایبەتى پشتیوانیکردنى ئێران لەو شەڕدا
ئەوەى جێگەى هەڵوەستەکردنە لە بەرامبەر هەموو ئەو هێرش وپەلاماردانە تیرۆریستیانەى گروپ ومیلیشیا لە یاسا دەرچووەکاندا ، گەلى کورد خاوەن ڕابەرایەتییەکى ژیرانە و بەتایبەتى سەرۆک مسعود بارزانى ، بەخوێندنەوەى وردبینانە و هوشیارانەوە ،سیاسەت و دیپلۆماسى و ئیدارەدانێکى هاوسەنگى گڕتۆتەبەر بۆ ئەوەى گەلى کورد و قەوارەى کوردستان لە شەڕ و گرژییەکانى ناوچەکە بەدوور بگرێت و هەمیشە بێلانى خۆى پاراستووە ، ئەوەش پەیامێکى روون و ئاشکرایە ، چونکە گەلى کورد خاوەن دۆزێکى رەوایە و هەرگیز باوەرى شەڕ نەبووە و هەمیشە لەگەڵ چارەسەرى ئاشتیانە بووە ، ناچێتە ناو شەڕ وململانێیەکەوە کە هیچ پەیوەندییەکى بە کوردوکوردستانەوە نییە و سەرکردایەتى سیاسى کوردستانیش باش هەست بە راستییە دەکات، کە کۆتایی شەڕ و پێکدانەکانى جەمسەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان کارەساتى گەورەى لێدەکەوتێەوە و لەکۆتایشدا هەر دەبێ بگەڕێنەوە سەر لۆژیکى گفتوگۆ و ئاشتى و چارەسەرى
ئەو جێگەى سەرنجە ، هێزولایەنە سیاسییەکانى عێراق ، هەوڵى پێکهێنانى حکوومەتێکى نوێ دەدەن ، لەکاتێکدا رۆژ بەرۆژ بەهۆى هەژموونى گروپ ومیلیشیا تیرۆریستەکانى حەشد ، عێراق دەخزیێتە نێو شەڕوململانێیەکان و ئینجا بە ئاگرى ناوچەیی و نێودەوڵەتى شەڕەکە دەسووتێت ، چونکە ئەو میلیشیایانە لە جیاتى دەوڵەت بڕیار دەدەن و بە ویستى خۆیان سەروەت و سامانەکەى بەتاڵان دەبەن و ئینجا خاکى عێراق بۆ هێرشکردنە سەر ئەمەریکاو هاوپەیمانانى لە ناوچەکە و دراوسێیەکاى بەکاردێنن و ئەوەش ئاماژەیە بەوەى عێراق بەرەو ئاراستەیەکى مەترسیدار دەبەن
بۆیە تا ئەو تاقم و میلیشیانە دەسەڵاتیان بەسەر حکوومەت و سیاسەت و بەڕێوەبردندا زاڵ بێت ، ئەوە ناکرێت چاوەروانى حکوومەتێکى بەهێز و خاوەن سەروەرى بکرێت و هەر دەوڵەتێک بێت شکستخواردوو دەبێ و هەرەشە و مەترسییەکان بۆ سەر هەرێمى کوردستانیش زیاتر دەبێت و بە درۆن و مووشەک و سیناریۆى دیکە و بەڕێگەى تۆمەتى بێ بنەماوە پەمار دەدرێت و هەوڵى خزاندنى کوردستان دەدەن لە نێو شەڕى ناوچەکە ، ئەوەش ئاماژەیە عێراق باجى قورسى بێ دەوڵەتى دەداتەوە ، چونکە چیتر بەیاننامە و زمانى دیپلۆماسى ناتوانن عێراق لە چەنگى میلیشیاکان رزگار بکەن و چونکە لەلایەن ئەو میلیشیا و گروپە تیرۆریستانەوە بارمتەکراوە
بۆیە ، هەڵسەنگاندنى ئەو هەژموون وکردوانەى تاقم و میلیشیا تیرۆریستەکان و خۆسەپاندنیان لە عێراق ، ئەستەمە عێراق بتوانێت خاوەن سەروەرى و دەوڵەتى یاسا بێت ، چونکە کردەوەى ئەو گروپە میلیشیایانە هیچ متمانەیان نەهێشتۆتەوە ، بەتایبەتى بەردەوامى هێرش وپەلاماردانى تیرۆریستى بۆ سەر هەرێمى کوردستان ئاماژەیەکى مەترسیدارە لە نێو دەوڵەتێکى لاواز و بێ ئیرادەى وەک عێراقدا ، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەم گوشار و هێرشە بەردەوامانەشدا ، کوردستانى بەهێز و خۆڕاگر توانیوێتى ئاشتى و سەقامگیرى و هاوسەنگى لە نێو شەڕ وململانێیەکانى ناوچەکەدا بپارێزێت ، بەدڵنییاییەوە، وێراى هەموو فشار و پەلاماردانە تیرۆریستیانە، گەلى کورد و سەرکردایەتیی سیاسى هەرێمى کوردستان بە متمانەبەخۆبوونێکى زۆرەوە توانیوێتى کوردستان و پرۆسەى ئاوەدانى و گەشەپێکردن بەردەوامى پێدات ،
ئەوەش ئاماژەیە ،بەبوونى رابەرایەتییەکى ژیرانەى وەک جەنابى سەرۆک بارزانى ، کە توانیوێتى لەنێو هەموو ئەو هاوکێشە ئاڵۆز و شەڕ و ململانێیەدا بە سیاسەت ودیپلۆماسى هاوسەنگانە ،نەک هەر قەوارەى کوردستان بپارێزێت ، بەڵکو هەمیشە کوردستان وەک دوورگەیەکى ئارام و سەقامگیر و شوێنى پێکەوەژیانى ئاشتیانە لە ناوچەیەکى پڕ ئاگر و ململانێی بە هێمنى بهێڵێتەوە