دواین هەواڵ

جەنگ، وزە و مانەوە: چۆن ململانێی کەنداو سیستەمی جیهانی لە قاڵب دەداتەوە؟

‌بەهرۆز جەعفەر

10 کاتژمێر پێش ئێستا

 دەکرێت ئەم جەنگە ناوبنەین، جەنگی سێهەمی کەنداو، چوونکە ٨٣٪ ی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو بووە، مەترسییەکە ڕاستەوخۆ لە لەسەر دەمارەکانی کەنداو درووست بوە. لەپاڵ ئەوەشدا جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران تەنها سەربازیی و سیاسیی نییە، بەڵکو ڕاستەوخۆ بوەتە جەنگێکی ئابوریی بۆ جیهان بەگشتی. بەپێی تیۆری ڕیالیزم دەوڵەت ئەکتەرە سەرەکییەکەی ناو سیستەمی نێودەوڵەتییە، لەناو ئەم گۆڕەپانەدا دەوڵەت دەبێت دوو ئامانجی سەرەکیی هەبێت؛ یەکەم؛ مانەوەی خۆی، دوەم؛ زیادکردنی هێز و هەژموونی خۆی. ئەم جەنگە هەر بۆ ئیسرائیل چارەنووسساز نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە مانەوەو نەمانەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و رژێمەکەیەتی، نەک دەیەهایە بەڵکو سەدەها ساڵە لەژێر ناوی شیعەگەرایەتیەوە حیکایەتێکی بۆ-خۆی درووستکردوەو، پێی وایە دەبێت ئەو لەناوچەکەدا هەژموونخوازیی و فراوانخوازیی بکات. هاوکات ئەم چرکەساتە بۆ ئەمریکا چارەنووسسازترە، چوونکە ئەگەر بە بێ گۆڕینی ڕژێمەکە دۆناڵد ترامپ کۆتایی بەو جەنگە بهێنێت و، ئامانجە ڕوونەکان بەدی نەیەن، ئەوا سیستەمی تاکجەمسەریی لە دونیادا بە فەرمی کۆتایی پێ دێت و، متمانەی تەواوی جیهان بە ویلایەتە یەکگرتوەکان زۆر کەمتر دەبێتەوە. 

یەکەم: تێگەیشتن لە چەمکسازییەک 
پەیوەندیی نێودەوڵەتی هەر ئەوە نییە ئەکتەرە دەوڵەتیی یان نا-دەوڵەتییەکان بەریەکدەکەون، بەڵکو لێرەدا تیۆر (نەزەریات) ی جۆراوجۆر هەیە، هەروەها بە کۆمەڵێک ڕێسا، نۆرم،  و نەزم ڕێکخراون و، لەدوای کۆتاییهاتنی جەنگی ساردەوە هەر لایەک بەگوێرەی ئەجێندەی خۆی قسەی لەسەر دەکات و، ئێستاش لە نەمانی ئەمانە کۆدەنگییەک درووست بوە:
 * ڕێساکان- Rules  (ڕێسا جیهانییەکان) مەبەست لێی ئەو ڕێککەوتنە فەرمییە نوسراوانەن کە دەبێت ئەکتەرەکان (دەوڵەتەکان) پێوەی پابەند بن، وەکو ڕێککەوتنەکان، وەکو چارتەری نەتەوە یەکگرتوەکان، وەکو ڕێککەوتننامە بازرگانیی و ژینگەییەکان، یان ڕێککەوتنی سنورە ئاوییەکان لەناوچە جیاوازەکان و...تادوایی.
** نۆرم- Norm: ئەوەیە کە نە نوسراوەتەوە، بەڵام دەبێت پێشێل نەکرێت و، پێویست بە وتن ناکات، دەوڵەتەکان خۆیان دەزانن ئەمە بەهایەکە دەبێت ڕەچاوی بکەن، وەک ئەوەی لە یاریگای فوتبۆڵدا یاریزانێک بریندار دەبێت، یەکێکی تر دێت یارمەتی دەدات. وەکو ئەوەی لە دوای دوەمین جەنگی جیهانییوە چەکی ئەتۆم بەکار نەهاتوە، وەکو هەر بەهاو ئەخلاقیاتێکی تر کە دەوڵەتان بەرانبەر یەکدی دەینوێنن..لێرەدا کەس سزا نادرێ، بەڵام ئەگەر پێشێل بکرێت ئەوا بکەرەکەی دەکەوێتە بەر لۆمەی ئامادەبوانێکی بەرفراوان. 

*** نەزم- Order: ئەمە هەموو ئەو تێگەیشتن و ڕێککەوتنە بە کۆمەڵەیە کە دەبێت هەبێت بۆ بەرپابوونی ئاشتی و سەقامگیریی جیهانیی یان ناوچەیی، وەک چۆن لە ژەنینی مۆسیقادا دەبێت ڕەچاوی هەندێ پیت و نۆتە بکرێت، بۆ ئەوەی ئاوازەکە ڕێک دەربچێت. نەزمی ناوچەیی یان جیهانیی کاتێک گرژیی جیۆپۆڵەتکیی یان جەنگێک یان چەند چەند جەنگێک ڕوودەدات تێک دەچێت. لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی سارد، جووت جەمسەریی کۆتایی هات، هەموان ڕێککەوتن و واژۆیان کرد ئەمریکا وەک تاکە زلهێز سیستەم و نەزمی جیهانی بە بەهای دیموکراسییەتی لیبراڵ بەڕێوە ببات، بۆ ئەوەی خۆشگوزەرانی و ئاشتی و ئاسایش بەرقەرارتر بێت!
سەرئەنجام، کاتێک ڕێساکان و نۆرمەکان و نەزمە ناوچەیی و جیهانییەکە تێک دەچێت، دەبێت مۆرڤایەتی خۆی بۆ وەرچەرخانێک ئامادە بکات. 

دوەم: ئاسایشی وزە بەدەر نییە لە ئاسایشی نیشتیمانی

کاتێک گەرووی بابولمەندەب لە دەریای سوور کێشەی بۆ درووست دەبێت، واتە کێشە بۆ (٤٠٪) ی کاڵا و شتومەکی جیهانیی درووست دەبێت، جەنگ لە گەرووی هورمز و لە قووڕگی کەنداو واتە بڕینی (٩٥٪) ئەو نەوتەی کە یابان بۆ پیشەسازییەکەی بەکاری دەهێنێت، ڕێگەگرتن لە (٢١) ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە کە بەو گەروەدا تێدەپەڕێت بۆ جیهان، (٣٤٪) ی ئەو پەیینی کیمیاییەی کە بۆ ئاسایشی خۆراک گرینگە، وەستانی جموجووڵی ڕۆژانەی  (١٣٨) کەشتی و کۆنتێنەر لە بەندەری جەبەل عەلی لە ئیماراتی عەرەبی، هەروەها  ١٤٪ ی ئەو گازە شلکراوەی لە قەتەرەوە بۆ ئەوروپا دەڕوات. پاشان مەترسیی تەواوەتی بۆ عێراقێک کە خۆی لەناو ئەم دیمەنە جیهانییە ئاڵۆزەدا هیچ ستراتیجییەتێکی تەواوەتی بۆ پاراستنی ئاسایشی وزەیی نییە! عێراق: ٩٥٪ ی داهاتەکەی لە نەوتەوە دەستدەکەوێت (ئەمە کارەساتە!) بە نیزیکەیی هەموو ئەم نەوتەش لە کەنداوی بەسرەوە هەناردە دەکات، ئەمەش دەبێت بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ بێت..! 
بەگشتی، ئەوەی دە ساڵی ڕابردوو لەچوارچێوەی ڕاپۆرت و لێکۆڵینەوەکانمان بە شێوەی گریمانەیی باسمان دەکرد، ئیتر ئێستا واقیعین و، دەبێت مامەڵەی لەگەڵ بکرێت! نوخبەو ناوەندیی دەستەڵات لە عێراق خۆیان دەزانن لە ڕاستییدا بەرژوەندیی باڵای دەوڵەت دەبێت چۆن بێت، بەڵام لەبەرئەوەی ئێران ڕێساو نەزم و نۆرمی ناوچەیی تێكداوەو، بڕیارەکانی عێراق لە سەتا ١٠٠ لای ئێرانەوە دەردەچن، دەبێت ئاوها دۆش دابمێنێت..هاویشتنی (٥٥٥) درۆن و مووشەک بۆ سەر شارەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەو گرووپە میلیشیاییانەی نیزیکن لە ئێران و لەناو خۆی عێراقەوە، یەکێکە لەسەدان بەڵگە کە ئەم دەوڵەتە ناتوانێ سەروەریی و ئاسایشی خۆی بپارێزێت؛ بە پێی دەستوری عێراق (ماددەی ١٠٩ و ١١٠) ئەرکی حکومەتی فیدراڵی بەغدایە سەروەریی و سەقامگیریی لە عێراقدا بپارێزێت. 
بە کورتییەکەی، عێراق دەبوو ڕێگاکانی هەناردەکردنی نەوتەکەی فرەچەشن بوایە، بەڵام ئێران ڕێگەی نەداوە ئەمە ڕووبدات، بۆیە لەماوەی ٣٣ ڕۆژدا (٩.٦) نۆ ملیار و شەش سەت ملیۆن دۆلار زیان بەر عێراق کەوتوە، بەهۆی ڕاگرتنی فرۆشتنی نەوتەکەی (٣.٢ ملیۆنی ڕۆژانە). عێراق هێڵی هەیە بەرەو عەقەبە، بەڵام چوونکە دەچێتە خاکی ئوردون و بەناو ئەنباردا دەڕوات، ئێران ئەمە بە بڤەیەکی گەورە دەزانێت. هێڵی هەبوە بەرەو بانیاسی سوریا، ساڵەهایە ڕزاوە، لە ١٩٧٦ ەوە هێڵی هەیە بەرەو بەندەری جەیهان لەسەر دەریای ناوەڕاست (مێدیتریانە)، ئەمەش دیارە کەوتۆتە دەست هەرێمی کوردستان و، ئەو بۆڕییەی کوردستان کە تا فیشخابورەو، چەندین جار دادگاکانی عێراق و پەرلەمانەکەی بە نادەستووریی و نا یاسایی ناویان بردوە! ئەگەر عێراق کرانەوەی نەبێت بە ڕووی بازاڕدا، کەناڵەکانی هەمەچەشن نەکات، بێگومان توانای هەموو مانۆڕێکی ئابوریی و دیبلۆماسیی و کەلتوریش لەدەست دەدات. 

سێهەم؛ گرووپە میلیشیاکان وەک ڕێگریی لەبەردەم گەشەپێدانی دەوڵەت!

لە (٢٠٢٣) دا بودجەی حەشدی شەعبی دوو ملیارو ٦٠٠ ملیۆن دۆلار بوە، لە (٢٠٢٥) ژمارەیان گەیشتوە بە (٢٣٧) هەزار و بودجەکەشیان بوە بە سێ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار! ئەمە جگە لە "نەفەقاتی تەشغیلی" و پڕ چەککردنیان.. هەر ئەمە نییە.. هەر دەوڵەتێک لە دونیادا  پێویستە بگاتە ئاستی "گەشەپێدانی بەردەوام- التنمية المستدامة- Sustainability Development" بەڵام لەبەرئەوەی لە عێراقدا بڕیار لای ئەنجومەنی وەزیران نییەو، دەوڵەت هێزی خۆی بەدەستی خۆی نییە [ئەمە بۆ سوریاو لوبنان و یەمەنیش ڕاست بوە]، ئەمە ڕوونادات!؟ چوونکە لەم حاڵەتەدا "وەبەرهێنانی دەرەکی" ڕووناکاتە وڵاتە، کە یەکێکە لە شا-ڕێگەکانی بەهێزکردنی ئابوریی و خۆشگوزەرانییە لە وڵاتدا. 

چوارەم: مسۆگەرکردنی ئاسایشی وزە بۆ ئیدارەی ئەمریکا حەتمییە

لەپاڵ هەموو سیاسەتە ژینگەییەکان و، هەوڵە گەورەکانی جیهانی پێشکەوتوو بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەیەک بۆ فیوسیل فیوڵەکان (نەوت و گاز و خەڵوز) هێشتا نەک هەر پێداویستی جیهان بە نەوت و گاز دا-نەبەزیوە، بەڵکو هەر زۆر زیادی کردوە:
تەنها ئەمریکا خۆی کە گەورەترین بەرهەمهێنەر و گەورەترین بەکارهێنەری نەوتیشە لە جیهاندا (٣٥٪ ی پیشەسازییەکەی پشت بەگازی سرووشتی و ٢٥٪ ی پشت بە نەوت و ١٢٪ یشی پشت بە خەڵوز دەبەستێت)، واتە ٧٢٪ ی پشت بە هایدرۆکاربۆن دەبەستێت، لەکاتێکدا جیهان هەوڵ دەدات لە پیشەسازییەکاندا کاربۆن دابماڵێت و (De-carbonization) بەرجەستە بکات.  هەموو داتا ڕاستەقینەکان ئەوە دەسەلمێنن، کە لە (٢٠٠٥) دا پێداویستی جیهان بۆ گازی سرووشتی (٢.٧٤) تریلیۆن مەتر سێجا بوە، ئەم ژمارەیە یان ئەم پێداویستییە لە (٢٠٢٥)دا هەڵکشاوە بۆ (٤.٢٩) چوار تریلیۆن و بیستو نۆ تریلیۆن م٣. بۆ نەوت؛ جیهان لە ساڵی (٢٠٠٥) دا (٨٤.٧ ) هەشتاو چوار ملیۆن بەرمیل نەوت ڕۆژانە بەکارهاتوە، بەڵام لە (٢٠٢٥) دا جیهان ڕۆژانە (١٠٥) ملیۆن بەرمیل نەوتی بەکار هێناوە، ئیمڕۆ لە ٢٠٢٦ دا جیهان پێویستی بە (١٠٦) ملیۆن بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، بە پێی ئاوتلووکی ئۆپیک و زۆری دیکەش لە ساڵی (٢٠٤٠) ئاستی پێداویستییەکە دەگاتە سەروو (١١٤) ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە!

کاتێک ئەمریکا وەک زلهێز و ئیسرائیل وەک براوەیەکی جەنگی ناوچەیی ئەجێندەیەکی ستراتیجیی و چارەنووسسازیان هەیەو، نەخشەیەکیان بەدەستەوەیە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپییەوە ناوی کێڵگەکانی گاز و نەوتی تیادایە تا دەگاتە کەرکوک و کۆرمۆر... تۆ دێییت پەلاماری بەرژەوەندییەکانیان دەدەی؟ دەبێت چی ڕووبدات.. چاوەڕیی چی دەکەی!؟ لەو ڕۆژهەڵاتی دەریای سپییە-East- Med لە کێڵگەی زوهری میسرەوە، لە ئەفرۆدێت و کالیپسۆی قوبرسەوە، لە کێڵگەکانی لیڤاسان و تامار و کاریش و تانین و دالیت ی ئیسرائیلەوە، تا مارین-Marine لە کەناراوەکانی غەزە، تا کەناراوەکانی لوبنان، تا دێتە ڕۆژئاوای کوردستان لە سوریا (حەسەکەو دێرەزور و ئەوانی تر) تا دێت بۆ کەرکوک (کە بی پی-bp ساڵێکە پێنج کێڵگەکەی وەرگرتوە)، تا کێڵگەی عوکاز لە ئەنبار (کە ٥.٦ تریلیۆن پێ سێجا گازی تیا مەزەندە دەکرێت)، تا کۆرمۆر و چەمچەماڵ و، تۆپخانەو کوردەمیر (کە دوو کۆمپانیای ئەمریکی بە سەروو ١٠٠ ملیار دۆلار گرێبەستیان لەگەڵ کردوە).. ئەمە هەموو لەناو نەخشەی وزەدایەو، بەدەست ترامپ و ناتانیاهۆ وەیە، لەناوەندەکانیان گەرمە باسی لەسەرە، تەنانەت نامەی دکتۆرای من لەسەر ئەمەیە، کتێێکمان لە ٢٠٢٤ لەلایەن گرووپی ئیمڕالد لە بەریتانیا لەسەر ئاسایشی وزە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی بڵاوکراتەوەو، لە ئەمازۆن بەردەستە.. هەروەک چۆن لە ٢٠١٦ ەوە پەیمانگەیەکمان بەناوی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی" دامەزراندوەو، هەزاران چاوپێکەوتن و وتار و لێکۆڵینەوەمان لەوێدا بە سێ زمان بڵاوکردۆتەوە.. ئەی چۆنە ناوەندی بڕیاری عێراقی و کوردیش لەمانە بێ ئاگا بن!؟ 

پێنجەم: ئیمارات و سێ دوورگەکەی

لە ساڵی ١٩٧٠ ەوە ئیمارات خەون بە ڕۆژێکەوە دەبینێت سێ دوورگەکەی (توینبی گەورە، توینبی بچووک، ئەلبوموسا) لەژێر چەپۆکی ئێران دەربهێنێت. ئیمارات لەگەڵ بەحرەین ئەو دوو وڵاتەن کە بە فەرمیی چوونەتە ناو ڕێکەوتن یان پرۆژەی ئیبراهیمییەوە. هەروەها کۆمانیای فەرمی دەوڵەتیی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی (موبادەلە پیترۆلیۆم و تاقەی ئیماراتی) ئەو زیاتر لە سێ ساڵە لە سنوریی ئاویی ئیسرائیل لە کێڵگەی تامار وەبەرهێنان دەکەن، بەڵکو ئیمارات بە سەروو ملیارێک دۆلار ڕێژەی (١٨٪) ی پشکەکانی دەلەک درێڵینگ-Delek Drilling ی ئیسرائیلی لەوێ کڕیوە. ئەم جەنگە بۆ کەنداوی عەرەبی بەگشتی و ئیمارات بە تایبەتی جەنگێکی وجودییە (هەڕەشەیە لە سەر بوونی)، بەڵکو کەمترین سەرنج و هەڕەشە لە کەنداودا لە سەر سەڵتەنەتی عومان و سعودییە (بە هۆکاری جیاواز). 

شەشەم: سیستەمە جیهانییەکە وەرچەرخاوە؟

هەروەک لە ساڵی ٢٠٠٨ فەرید زەکەریا لە کتێبی "جیهانی پاش ئەمریکا" و دواتریش لە کتێبی "داهاتووی ئازادی" دا باس دەکات، ئیتر ئەمریکا وەک جاران جیۆپۆڵەتیک ڕێک ناخات، بەرزترین بیناکان لە ئەمریکا نین، گەورەترین پاڵێوگەکان لە هیندستانن، پڕفرۆشترین کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبیل و مۆبایل ئەمریکیی نین بەڵکو لە "چین" ن، بەهەمان شێوە فلیمە پڕ بینەرترینەکان و ..تادوایی. فەرید دەڵێ ئێمە باس لە دابەزینی ئاستی ئەمریکا ناکەین، بەڵکو باسی بەرزبونەوەی ئاستی ئەوانی دیکە دەکەین، وەکو چین و هیندستان (ئەم دوانە هەر نەبێت لە ڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە پێنج هێندەی ئەمریکان) لەم سیستمە نوێیە جیهانییەدا چەندین زلهێزی مامناوەند- Middle Power هەیە وەکو (یابان، سعودییە، کۆریای باشور، سەنگافورا، ئیسرائیل، تورکیا، ئێران، بەرازیل، ڕووسیا، فەڕەنسا و..تادوایی) کە بەتەواوەتی لە پاڵ ئەمریکا تاک جەمسەردا ناوەستن، بەڵکو لەولاشەوە زۆربەیان بە توندی دەستی پۆتین و شی جی پینگ دەگووشن و باوەشیان پیا دەکەن! لەسەروو هەموو ئەمانەوە، چین و کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکانی لەگەڵ زیرەکی دەستکردا، پێکەوە ڕوویان کردۆتە هەموو ماڵێکی ئەم جیهانە..ئیتر کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بواری وزەو تەکنەلۆژیاش ڕۆڵیان حەتمییە. جۆزیف نای و ڕۆبەرت کیوهان ئەمە ختوکە دەدەن و، ناویان لێناوەو جێگۆڕکێی هێز و پژانی هێز. ئەوەی بۆ یەکەمین جارە لە دوای دوەمین جەنگی جیهانییەوە بەریتانیاو ناتۆ لەگەڵ ئەمریکادا ناوەستن هەر لەم چوار چێوەیەدایە.. ئەمریکا بەدوای پاراستنی هەژموون و زیادکردنی هێزی ئابوریی خۆیەوەیەتی [ وەک ئەوەی ترامپ لە ٢٠٢٥ دا باجی بە سەر ١٨٠ دەوڵەتدا سەپاند، لەناویاندا هەموو هاوپەیمانەکانی]. 
لە ڕووی پێگەو جیۆپۆڵەتیکەوە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و کەنداو بەتایبەتی لەناو جەرگەی وەرچەرخانە جیهانییەکەدایە؛ یان ڕوونتر باڵانسی هێزی جیهانی لە نێوان ئاسیا (چین و ئێران و ڕووسیا) و جیهانی خۆرئاوادا یەکلایی دەکاتەوە. 

حەوتەم: چرکەساتێکی هەستیار بۆ مرۆڤایەتی
 ڤلادمیڕ لینین وتویەتی " چەندین دەیە هەیە هیچ ڕوونادات، هەفتەش هەیە چەندین دەیە ڕوودەدات." ئەم جەنگە لەکاتێكی هەستیاردا هاتوە. لە دوای ١١ ی سێپتەمبەری ٢٠٠١ ەوە ئەمریکا بەهۆی جەنگی دژە تیرۆرەوە خۆی گلاندە زنجیرەیەک جەنگی تاقەتپڕوکێنەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە سەروو (٧) تریلیۆن دۆلار لەسەر ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی کەوتوە. لەساڵی ٢٠٠٨ دا قەیرانی دارایی جیهانی ڕوودەدات، لە ٢٠٢٠ کۆرۆنا ڤایرەس دەبێتە جەڵدەیەکی گەورە بۆ جیهان، ئەمە تەواو نابێت جەنگی ڕووسیاو ئۆکراین ڕوودەدات، کە هێشتا دیمەن و سیستەمە جیهانییەکە لە قاڵب نادات، بەڵام ئەمجارەیان جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا مرۆڤایەتی دەخاتە قۆناخێکی ترسناکەوە، هاوپەیمانێتییەکان تێک دەدات، ڕێرەوە ئاوییەکان و ئاسایشی خۆراک و وزە و هەڵئاوسانی ئابوریی جیهانیی پێکەوە هەموو کونجێکی ئەم جیهانە دەتەننەوە، بە دڵنیاییەوە مرۆڤایەتی لە جووڵە دەخەن، ئەگەر ٣٣ ڕۆژی جەنگ درێژ ببێتەوەو  ببێتە ٦٦ ڕۆژ! 

سەرئەنجام
ئاسایشی وزە کڕۆکی ئاسایشی سیستمە ناوچەیی و جیهانییەکەیە. جەنگەکە لەگەڵ ئێران هەر دەبێت بە ڕووداوێکی گەورە کۆتایی بێت. یان دەبێت سووپای پاسداران خۆی بە دەستەوە بدات، یان دەبێت ئەمریکاو ئیسرائیل شکست بخۆن؟ براوەکان پێویستییان بە هۆنینەوەی حیکایەتێکی بڕوا پێهێنەرە کە بۆ هەموانی بسەلمێنن. هێشتا ئەمریکا زلهێزە و یەکەمە لە ڕووی سەربازیی، تەکنەلۆجی و ئابورییەوە. ئەمریکاو بەهاکانی (لیبرالیزم) لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی ساردەوە خزمەتێکی بێوێنەی نەتەوەیەکی وەک کوردیان کردوە.. ئەوە مۆدێرنەو ئامرازەکانی کرانەوەی دونیا بوو پرسی کوردی وەها هەڵکشاندوە لە جیهاندا کە هەموو داگیرکەرانی کوردستان لێی تۆقیون. ئەمە چەرخی کوردە تەنها بەو مەرجەی کورد لە قووڵایی سەردەمەکە تێ بگات، هەروەها دامەزراوەی بەهێز درووست بکات بە تایبەت لە بواری ئاسایشی وزەدا. کۆتایی جەنگەکە لە یەک ڕووبەردا نابێت، بەڵکو لە چەندین ڕووبەری جوگرافیی جیاجیادا دەبێت، هەروەک لە یەک کاتژمێریشدا نابێت، بەڵکو کاتی پێویستە. ئەم ستراتیژەی ئیسرائیل و ئەمریکا هەیانە [کاتی دەوێت]، ستراتیژێک کە سوور دەزانێت وزە خوێنە لە جەستەی ئابوریی و دۆلاردا، پێویستی بە کۆنترۆڵکردنی ڕێڕەوە بازرگانییەکان و زاڵبوونە بەسەر نەوت و گازدا (ئەمە بە قۆناخبەندیی دەبێت). کێشەکەی ئەوان ئەوە نییە حەشدی شەعبی درۆن دەگرێتە باڵوێزخانەکەیان لە عێراق، یان ناتوانن ڕژێمەکە لەت و پەت بکەن، بەڵکو تەنها ئەوەیە لەناو ئەمریکا و لەناو جەماوەرێکی بەرفراوانی جیهانیدا خەڵک دژی جەنگن. ئەگەر ئیمڕۆ بە تاکتیکێک جەنگەکە ڕابوەستێت، سبەی هەر سەر هەڵدەداتەوە، تا ئەو ئامانجەی ئیسرائیل و ئەمریکا هەیانە مسۆگەر دەبێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP