لەوەتەی شەڕ لە نێوان هەسەدە و چەكدارانی دیمەشق سەری هەڵداوە، چاودێری میدیاكانی توركیا دەكەم، زۆر بە سەختی دژی كورد قسە دەكەن و پشتگیرییەكی تەواوی ئەحمەد شەرع دەكەن، شاگەشكەن بەوەی هەسەدە بەشێكی زۆری خاكەكەی لەدەستداوە و لە تەلەڤزیۆن و سایت و رۆژنامەكانیان كە سەدانن، چەپڵە بۆ ئەو چەكدارانە لێ دەدەن، كە لە رۆژئاوای كوردستان و حەلەب كورد دەكوژن و سووكایەتیش بە تەرمەكانیان دەكەن.
لەڕاستیدا لام ئاساییە میدیای توركیا دژی كورد قسە بكات، چونكە كۆمەڵگەی توركیا خۆیان یەكلایی كردوەتەوە كە كۆمەڵگەیەكی فاشستن، مەترسییەكەش لێرەوە دەست پێدەكات.
هیتلەر، كاتێك شەش ملیۆن جولەكەی كۆمەڵكووژ كرد، ئیلهامی لە فاشستییەتی كۆمەڵگە وەرگرتبوو، ئەو سەرەتا كۆمەڵگەی بەرەو فاشتبوون برد، پاشان بوێری ئەوەی هەبوو شەش ملیۆن جولەكە كۆمەڵكووژ بكات.
كاتێك جولەكەكان كۆمەڵكووژ دەكران، گەلی ئەوكاتی ئەڵمانیا چەپڵەیان بۆ جەلاد لێدەدا، یاخود ئەوكاتەی تەرمی جولەكەیەكیان بە پشتی سەیارەی سەربازی دەبەست، خەڵك دەهاتە سەر شەقام و چەپڵەیان بۆیان لێ دەدا و تامەزرۆی خوێنی جولەكەكان بوون.
لە سەردەمی جاهیلییەت، پادشا زاڵمەكان یەكەم كاریان ئەوە بوو كۆمەڵگە بەرەو فاشیستبوون ببەن، كە لەوەشیاندا سەركەوتوو بوون، مرۆڤیان وەكوو قوربانی دەهێنا و لەناو مەیدانی شار و لەبەردەم هەزاران كەس، لە سێدارەی دەدان و خەڵكیش چەپڵەی لێ دەدا و سووكایەتیان بەتەرمی قوربانی دەكرد. یاخود مرۆڤێكی زۆریان وەكوو قوربانی دەهێنایە مەیدانێكی شانۆیی، چەند شێرێكیشیان دەهێنا و بە مرۆڤەكانیان دەگوت بڕۆن شەڕ لەگەڵ ئەو شێرانە بكەن، پادشا دادەنیشت و تامەزرۆی خوێنی ئەو قوربانییانە بوو، بۆیە كاتێك شێرەكە مرۆڤەكانی پارچە پارچە دەكرد، پادشا پێدەكەنی و خەڵكیش هوتافیان لێدەدا و گۆرانییان دەگوت و دروشمیان بۆ پادشا دەگوتەوە.
بەڵام هەموو ئەو پادشا فشیستانە و كۆمەڵگە فاشستانە چارەنووسیان لەناوچوون بووە و مێژووش نەفرەتی لێكردون.
وا مەزانە ئەو رەفتارە فاشیستیانە بەرامبەر بە كورد نەكرابێت، چەندینجار توركیا هەمان رەفتاری كردووە، بەڵام چونكە كۆمەڵگەی بەرەو فاشیستبوون بردووە، بۆیە وەكوو جەلادێك چەندینجار كورد كراوەتە قوربانی، نموونە كۆمەڵكووژكردنی شێخ سەعیدی پیران و هاوڕێكانی و سەدان كورد، كۆمەڵكووژی زیلان كە ٤٠ هەزار كوردی تێدا كوژرا، ئەو كۆمەڵكووژییە ئەوەندە دڕندانە بووە، ئافرەتی كورد، تەنیا بۆ ئەوەی نەكەوێتە دەستی سەربازی تورك و دەستدرێژی سێكسی نەكرێتە سەر، لەسەر شاخ و گردەوە، بەخۆیان و منداڵەكانیان خۆیان فڕێداوە و گیانیان لەدەستداوە، كۆمەڵكووژییەكان زۆرن و نامەوێت لێرە هەمووی باس بكەم.
لە شەڕی خەندەق، لە ٢٠١٦ سەربازی توركیا هێرشیان بۆ جەزیرێی باكووری كوردستان دەستپێكرد و توانیان خەندەقەكان لەناو ببەن، بەڵام خەڵكی ئەو شارە ئافرەتەكانیان پێشتر گواستبووەوە بۆ شوێنێكی تر، چونكە دەیانزانی دەستدرێژیان دەكرێتە سەر، بۆیە سەربازەكان چووبوونە ماڵەكان و جلی ژێرەوەی ئافرەتی كوردیان دەرهێنابوو و وێنەیان لەگەڵدا دەگرت و لەسەر دیوارەكاندا نووسیبویان ”بەداخەوە ئافرەتە جوانەكانی كورد، كە ئێمە هاتین ئێوە لێرە نەبوون“
ئیسماعیل بێشكچی، نووسەری دیاری تورك و دۆستی كورد دەگێڕێتەوە، ئەوكاتەی سەرباز بووە، هێرشیان بۆ سەر لادێیەكی كورد كردووە، لەوێ پیاوەكانیان جیا كردووەتەوە و لەبەردەم ئافرەتەكانیان رووتیان كردوونەتەوە و پەتیان بەچووكی پیاوەكانیانەوە كردووە و بەدوای خۆیان رایانكێشاوە تا مردوون. میدیای توركیا هەموو ئەمانەی زانیوە، هاووڵاتیانی توركیش زانیویانە، بەڵام چونكە قوربانییەكە كورد بووە، چەپڵەیان لێداوە و تامەزرۆی بینینی خوێنی كورد بوونە، ئەی ئەگەر ئەمە فاشیستبوونی كۆمەڵگە نەبێت چییە؟
حكوومەتی فاشیستی سەدام حوسێن، چونكە كۆمەڵگەی عەرەبی بەرامبەر بە كورد فاشیست كردبوو، بوێری ئەوەی هەبوو ئەنفالمان بكات و كیمیابارانمان بكات، كۆمەڵگەی عەرەبیش ورتەی لێوە نەهات و پێدەكەنین كاتێك كورد ئەنفال و كۆمەڵكووژ دەكرا. دەگێڕنەوە كاتێك بارزانییەكانیان ئەنفال كرد، بە موسڵدا ئەوانیان خستوەتە ناو ئیڤایەكی عەسكەری و بەرەو مەرگیان بردوون، خەڵكی موسڵ هاتوونەتە سەر شەقام و چەپڵەیان بۆ سەربازەكان لێداوە، ئەمە فاشیستبوونی كەمەڵگە نەبێت چییە؟
پرسیارەكە ئەوەیە، بۆچی ئەو هەموو كارەسات و كوشتنە بەسەر كورددا دێت و كورد وانە وەرناگرێت؟ بۆ نموونە بەردێژایی ١٠٠ ساڵی رابردوو دەیان جار كورد كۆمەڵكووژ كراوە، كەچی هەر وانە وەرناگرێت، ئەوەتا لە حەلەب كورد كۆمەڵكووژ دەكەن، ئافرەتی كورد لە باڵەخانەیەكدا فڕێ دەدەنە خوارەوە و كۆمەڵگەی توركیش چەپڵە لێدەدات و دڵخۆشە بە كوشتنی كورد، كەچی كاتێك یانەی تۆپی پێی فانەرباخچەی توركی دەیباتەوە، چەند كوردێك لە شارە كوردییەكان ئاهەنگ دەگێڕن و چەپڵە لێدەدەن، لە كاتێكدا فانەرباخچە، یانەیەكی نەژادپەرست و دژە كوردە.
ئەو هەموو كارەساتە بەسەر كورددا دێت، كەچی تاوەكوو ئێستاش لە باكووری كوردستان، ئاكەپە پارتی یەكەمە، خۆ ئەگەر كورد لە باكوور دەنگ بە دەم پارتی بدەن، ئەو پارتە دەبێتە خاوەنی ١٥٠ كورسی پەرلەمان، بەڵام روو دەكەنە پارتێكی وەكوو ئاكەپە و پێیانوایە پارتێكە ئایینی ئیسلام دەپارێزێت و بڕوای بەبرایەتی ئایینی هەیە، ئاخر برایەتی ئایینی لەناو ئیسلام خۆیدا نییە، ئەوەتا ئیمامی عەلی نەیاری ئیمامی عوسمان بوو و كوشتنی، لە شەڕی جەمەل هەزاران ئیسلام یەكیان كوشت لەسەر دەسەڵات، ئیتر تۆی كورد بۆچی بڕوان بە برایەتی ئایینی هەیە و دەنگ بە ئاكەپە، یان جەهەپە و مەهەپە دەدەیت؟
تۆ دەنگ بە ئاكەپە بدە، ئەویش پاڵپشتی لە سوپای ئەحمەد شەرع دەكات بۆ كوشتنی كورد و لەناوبردنی كورد، تۆ دەنگی پێبدە ئەویش با پێبكەنێت و دڵخۆش بێت كاتێك تەرمی شەڕوانێكی كورد لە باڵەخانەیەكی بەرزەوە فڕێ دەدەنە خوارەوە و سووكایەتی پێدەكەن.
كۆمەڵگە بڕیاریدابوو فاشیست بێت، ناتوانیت باسی برایەتی گەلانی لەگەڵدا بكەیت، سەیریم پێ دێت، پرۆسەی چارەسەری لە توركیا بە برایەتی كورد و تورك دەستیپێكردووە و بەڕێز شۆجەلانیش بڕوای بەوە هەیە، توركیا دیموكرات بێت و لەچوارچێوەی ئەو دیموكراتییەدا، كورد مافی بدرێتێ، ئاخر ئەوان تاوەكوو ئێستاش تامەزرۆی خوێنی كوردن، ئیتر چۆن چاوەڕێی ئەوەیان لێ دەكەیت مافی كورد بدەن و وەكوو هاووڵاتییەكی توركی بە یەك چاو سەیرت بكەن، ئەمە مەحاڵە.
كەواتە دەبێت هۆشیار بین و هەموومان رۆڵمان هەبێت لە هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە، دەبێت هۆشیارییان بگاتە ئەو ئاستەی، هەرگیز دڵخۆش نەبن بەسەركەوتنی دوژمنەكانیان، یان هەرگیز بیر لەوە نەكەنەوە لە هەڵبژادنەكاندا دەنگ بە پارتێكی توركی یان عەرەبی بدەن، ئاخر تاوەكوو ئێستاش كاتێك ئێرلەندییەك شاژنی بەریتانیا یان هەر ئەندامێكی خێوانی شازادە دەبینن، دەستیان لە گیرفانیان ناهێننە دەرەوە، ئەمەش بەو واتایە دێت، رێزمان بۆت نییە، چونكە پێشتر هەزاران ئیرلەندیتان كوشتووە، كۆمەڵگە دەبێت بەو شێوەیە هۆشیار بكرێت.