رۆژ بە رۆژ ناوچەکە بەرەو گۆڕانکارى لە نەخشەى نوێ و پێشهات لە ناکاو و خێرا هەنگاو دەنێت ؛ بۆ ئەگەر بۆ گەلانى ناوچەکە یەکجار تایبەتمەندى و هەستیار بێت ، بۆ ئێمەى گەلى کورد وەک نەتەوەیەک کە زیاتر لە سەدەیەکە قوربانى و خەبات دەکەین و لەلایەن داگیرکەران ودوژمنانى کوردەوە هەوڵى لەناوبردن و گۆڕینى شوناس و نیشتیمانمان دراوە و دوو هێندە گرێنگ و چارەنووسسازە
لە نێو گێژاوى شەڕو ململانێیەکانى ناوچەکەدا ، دوورگەیەکى سەقامگیرى ومتمانە پێکراو بەناوى قەوارەى کوردستان بوونى هەیە ، گەلێکى خۆڕاگرى و ئاشیتخواز و دلێر لەگەڵ بوونى رابەڕێکى ژیر و بە ئاگا و سەرکردایەتییەکى سیاسى و دیپلۆماسى , ئەوەش وایکردووە زۆر ژیرانە ڕووبەڕووى پێشهاتەکان ببێتەوە ومامەڵەیەکى ورد لەگەڵ رووداوەکان بکات ، لە هەمانکاتیشدا نەکەوێتە نێو شەڕو جەمسەربەندى و ململانێیەکانى ناوچەکە و لەهەمانکاتیشدا داکۆکیکارى رژد بێت لە نەتەوەى کورد و دۆزە رەواکەى
لەماوەى سەرهەڵدانى ئەو ڕووداو و پێشهاتانەى ناوچەکەدا سەرکردایەتیی سیاسى کورد بە رابەرایەتى بارزانى بە دانانیی و سیاسەتى ژیرانە و سەرکەوتوانە وایکردووە ئاگر و شەڕ وململانێیەکان لە گەل و نیشتیمانەکەى دوور بخاتەوە ؛ سیاسەت و دیپلۆماسیییەتێکى هاوسەنگ لەگەڵ دۆخەکەدا بگرێتەبەر، ئەوەش وایکردووە لەسەر ئاستى ناوچەیی و نێودەوڵەتى کوردستان جێگەى پەسند بێت و بۆ زۆرێک لە پرسە ستراتیژییەکان بگەڕێنێەوە بۆ ئەو سیاسەت و دیپلۆماسییەت و ئیدارە سەرکەوتووانەیە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست ، جیاواز لە وڵاتانى دیکە
گەلى کورد بەدرێژایی مێژوو لە پێناو بەدیهێنانى مافەرەواکانى خەبات و قورباندیانى زۆرى بەخشیووە و مێژووە پڕ شانازییەکەى بە خوێن و فرمێسک و خۆڕاگرى نەتەوەکەى نووسراوە و خاوەن دەیان داستانى قارەمانێتى ونەبەردییە ، هەرگیز گەلەکۆمەکى وپیلانگێرییەکان و فشار و پەڵاماردانەکان نەیتوانیووە و چۆکى پێ دانبێ ، بەڵکو وەک چیا سەرکەشەکانى کوردستان لە سەر قاچەکانى بە پێوە ماوەتەوە ؛ هەردەم دەنگى ئازادیخوازى و سەربەخۆیخوازى و ڕەتکردنەوەى بەرز بووە ، لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە باوەرى بە ئاشتى و لۆژیک و پێکەوەژیان لەگەڵ هەمو وگەل و نەتەوەکانى دیکە بووە , ئەوە ئاماژەیە بە شوناسى جوان و بێگەردى ئەم گەلە
کوردستان تەنها نیشتیمانێکى سادە و بەزۆر دروستکراوە ولکنێراوە نییە ، بەڵکو خاوەن مێژووییەکى دێرین و ڕەسەنە لە نەتەوەیەکى ئازا و رەمزى ژیان و ئاشتى و خۆشەویستى و پێشکەوتن و گەشەسەندنە ؛ بەدرێژایی مێژوو زۆر هەوڵى بێهودە و چەکى گەورە و کۆمەڵکوژ بەکارهێنرا بۆ ئەوەى مێژوو، خاک و شوناسى نەتەوەیی کورد بگۆڕێت و بسڕێتەوە و یانیش لە نێو گەلو نەتەوە سەردەستەکان و داگیرکەران بتوێتەوە و , بەڵام گەلى کورد بە خەباتى بێ وچانى نەک هەر ڕێگەى نەدا خەونى نەیارانى کورد وداگیرکەران بێتەدى بەڵکو رۆژ بەرۆژ زیاتر بەهێزتر بوو
مێژوو گەواهیدەرە نەتەوەیی کورد هەرگیز چاوى لەداگیرکردنى خاک و نەتەوەیەکى دیکە نەبووە ، تەنها بەرگرى لەمانى وخۆى و شکۆى خۆى کورد و هەرگیز سازشى لە سەر مافەرەواکانى نەکردووە و چونکە گەلى کورد جیاواز لە گەل و نەتەوەیەکانى تر خاوەن شارستانى و دیرۆکێکى دەولەمەندە ، ئەوەش وایکردووە وێراى هەموو گوشار و هەوڵەکان بۆ لەناوبردنى بەڵام وەک ئەستێرەیەکى گەش بدرەوشێتەوەو لە سەختترین هەلومەرجەکانیشدا دەستبەردانى مافى ئازادى و سەربەخۆیی نەبێت
ئەوەتا جارێکى و لەسەختترین هەلومەرج و گۆڕانکارییەکاندا ، ئەوەى فریادرەس و خەمخۆرى گەلى کوردە ، تەنها خودى خۆیەتى ، سەرۆک بارزانى و سەرکردایەتى کوردستان ، وەک هەمیشە لەسەنگەرى پێشەوەى ئەو بەرگریکردنە دان ، ئێستاش بەچەکى لۆژیک و سیاسى وهێزى نەرم و دیپلۆماسى لە سەر ئاستى ناوچەیی و نێودەوڵەتى لە سەر هێڵن بۆ ئەوەى داکۆکیی لە خاک و شوناس و ئیرادەى گەلەکەیان لە هەر شوێنکى ئەم کوردستان بکەن ؛ بۆیە زۆر گرنگە ودەخوازێت هەموو کورد تەبایی و یەکهەڵوێستى و پشتیوانیکردن لە هەنگاوەکانى سەرۆک بارزانى بکەینە چەکێکى بەهێز بۆ بەرگرى لە خاک و ماف و هەر هەڕەشەیەکى دوژمنان و پووچەڵکردنەوەى پیلانى نەیارانى کوردستان ؛ چونکە هەر یەکدەنگى و تەبایی وخۆڕاگرى و مامەڵەکردنى ژیرانەیە دەتوانێت داهاتوویەکى گەشتر مسۆگەر بکات و دەستکەوتى گەورەش بەدى بێنێت و کوردوکوردستان بگەێنێتە کەناڕى دڵنییایی و سەقامگیرى زیاتر