دواین هەواڵ

پرۆسەی ئاشتی لە توركیا لە بەرامبەر تەسلیمبوونی ڕۆژئاوای کوردستان

‌نەوزاد هێتوتی

7 کاتژمێر پێش ئێستا

حکوومەتەکەی ئەلشەع کۆتایی ئەم مانگەی وەک دوا مۆڵەت لە بەردەم هەسەدە و ڕۆژئاوای کوردستان داناوە بۆ ئەوەی ڕێککەوتنی ١٠ی ئاداری ٢٠٢٤ جێبەجێ بکەن؛ لە ئەگەری پابەند نەبوونیشیاندا، هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی سەربازی دەکات. لە ڕاستیدا ئەمە تەنیا داواکاریی حکوومەتی سووریا نییە، بەڵکوو لە پشت پەردەوە تەواوی داواکاری و سیناریۆکە لەلایەن تورکیاوە داڕێژراوە.

ئێستا تورکیا بە شێوەیەک قسە دەکات وەک ئەوەی سووریا پارێزگایەکی ئەو بێت. لەم هەفتەیەدا چەندین بەرپرسی تورکیا، لەوانەش وەزیری دەرەوە، جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێت هێزە کوردییەکان تێکەڵی سوپای سووریا بن، بەڵام ئەم تێکەڵبوونە دەبێت بە شێوەی تاک تاك بێت نەک وەک یەکەیەکی سەربازیی یەکگرتوو دانیان پێدا بنرێت. لەلایەکی دیکەوە، زۆر بە روونی دیار بوو كە جەختکردنەوە لەسەر پرۆسەی ئاشتی تەنیا پەیوەندی بە فاکتەرە ناوخۆییەکانی تورکیاوە نییە (وەک لاوازبوونی پێگەی ئاکپارتی، ئەگەری گۆڕانکاری لە دەستوور و کاندیدکردنەوەی ئەردۆغان)، بەڵکوو فاکتەرێکی دیکەی گرنگ و یەکلاکەرەوە بۆ دەستپێکردنی ئەم پرۆسەیە، مەسەلەی سووریا و پرسی ڕۆژئاوای کوردستانە. بەتایبەت تورکیا ترسی گەورەی لە بەهێزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان کورد و ئیسرائیل هەیە و دەترسێت کورد ببێتە خاوەن قەوارەیەکی فیدراڵی لەو پارچەیەدا .بۆیە لە ڕێگەی پرۆسەی ئاشتییەوە هەوڵ دەدرێت ڕووبەڕووی ئەو هەنگاوانەی کورد ببنەوە.

بەتایبەت ئێستا ئاکپارتی لە ڕاپۆرتی پرۆسەی چارەسەریدا، تێکەڵبوونی هەسەدەی لەگەڵ دیمەشق و پابەندبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ڕۆژئاوای کوردستان بە ڕێککەوتنی ١٠ی ئادارەوە کردووەتە مەرج بۆ سەركەوتنیو بەردەوامبوونی پرۆسەی ئاشتی بە کورتی، داواکارییەکانی تورکیا بۆ گەرەنتیی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا ئەم مەرجانەی تێدایە:

1. دەبێت کورد واز لە هەر جۆرە داواکارییەکی وەک ئۆتۆنۆمی، فیدراڵی و خۆسەری بهێنێت

2. دەبێت تەواوی هێزەکانی (هەسەدە) هەڵبوەشێنێتەوە و ئەندامەکانی بە شێوەی تاک تاک بچنە ناو ڕیزەکانی سوپای سووریاوە.

3. دەبێت کورد بە تەواوەتی خزمەتی حکوومەتی دیمەشق بکەن و پاڵپشتی ئەو حکوومەتە بن.

4. دەبێت ڕێگە بدرێت هەموو سەرچاوە وزەکان، سامانە سروشتییەکان و دەروازە سنوورییەکان لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی دیمەشقدا بن.

5. دەبێت ڕێگە بدرێت سوپای سووریا بە تەواوەتی بگەڕێتەوە ناو خاکی ڕۆژئاوای کوردستان.

6. دەبێت كورد واز لە درووستكردنی پەیوەندی سیاسی یان خود لێكنزیكبوونەوە لە گەل ئیسرائیل بھێنێت هەموو ئەمانەش تەنیا یەک واتایان هەیە: پرۆسەی ئاشتی لە بەرامبەر تەسلیمبوونی ڕۆژئاوای کوردستان و ڕادەستکردنی بە دەسەڵاتی دیمەشق. ئەمەش بەو مانایەیە کە دەیانەوێت وەک سەرەتای ساڵانی ١٩٢٠ و دوای واژۆکردنی پەیمانی سێڤەر، لۆزانێکی دیکە بەسەر کورددا بهێننەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP