سەرۆك مەسعوود بارزانی، چەند رۆژێك بەر لە ئێستا چووە جەزیرێی باكووری كوردستان و بەشداری لە سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتی مەلای حەزیرێ كرد، وەكوو هەموو سەردانەكانی تری بۆ توركیا، هەرایەكی گەورەی لە توركیا دروست كرد، پیشتر كە چووەتە توركیا و لەلایەن ئەردۆغانەوە بەئاڵای كوردستانەوە پێشوازی لێكراوە، میدیای توركیا و نەژادپەرستەكان سووكایەتی زۆریان بە ئاڵای كوردستان و بارزانی دەكرد و دەیانگوت، سەروەری توركیا پێشێل كراوە بە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەپاڵ ئاڵای توركیا. ئەمجارەشیان، بەهەمان شێوە، بەهۆی بوونی لۆگۆی كوردستان لەسەر قۆڵی ئەو پاسەوانانەی سەرۆك بارزانیان دەپاراست، نەژادپەرستەكان قەڵس بوون، بەتایبەت جەهەپەییەكان و مەهەپەییەكان.
دەوڵەت باخچەلی، ئێستا هاوپەیمانیی ئاكەپە و ئەردۆغانە، لەبارەی بوونی لۆگۆیەكی ئاڵای كوردستان لەسەر قۆڵی پاسەوانەكانی بارزانی و چەكەكانی دەستیان گوتی ”بەیەك وشە دەڵێم، ئەوەی روویدا رەزالەتە و سەروەری توركیا پێشێل كراوە“
لەلایەكی ترەوە، جەهەپە لە میدیاكانی خۆیانەوە، بەتوندی لەسەر ئەوە هاتوونەتە وەڵام و ئەوانش نەژادپەرستانە قسەیان كرد و رای گشتی توركیایان وروژاند و گوتیان بارزانی سووكایەتی بە سەروەری توركیا كردووە.
دەزگای بارزانی، لە بەیاننامەیەكدا گوللەكەی راستەوخۆ لە باخچەلیدا و پێی گوت ”هەر گورگە بۆرەكەی جارانی، بەڵام لە پێستی مەڕدا خۆت شاردووەتەوە.“
وەزارەتی دەرەوەی توركیا، بەتوندی دژی دەزگای بارزانی قسەی كردووە، دەڵێت باخچەلی ناوی بارزانی نەهێناوە، تەنیا مەبەستی پاسەوانەكان بووە كە بەچەك و ئاڵای كوردستان هاتوونەتە خاكی توركیا، بۆیە ئەو وشانەی بەرامبەر باخچەلی بەكاریهێناوە بێڕێزییە و دەبێت لێكۆڵنەوە بكرێت.
پێموایە، سەرۆك راستگۆبوو لەوەی گوتەی باخچەلی، بۆ خودی خۆی وەرگرت، واتە راستەوخۆ بەوەی لێكدایەوە باخچەلی لەگەڵ بارزانییەتی، چونكە پێشتر و دەیان جار، بارزانی گوتویەتی، شانازی دەكەم وەكوو پێشمەرگەیەك ناوم بهێنن، من شەڕەفی پێشمەرگایەتی بە هیچ پۆستێكی دونیا ناگۆڕمەوە، بۆیە كاتێك باخچەلی دەڵێت، پاسەوانەكان، مەبەستی لە پێشمەرگەیە و بەهۆی ئەوەی بارزانیش خۆی بە پێشمەرگە دەزانێت، وەڵامی داوەتەوە.
پێشتر بەر لەوەی مەهەپە ببێتە هاوپەیمانیی ئاكەپە، باخچەلی زۆر بێڕێزی بەرامبەر بە سەرۆك بارزانی كردووە، چەندین جار گوتویەتی پێشمەرگە و بارزانی تیرۆرستن، بەئاڵای كوردستانی گوتووە پارچە پەڕۆیەك و زۆر سووكایەتی تر، پێموایە دەبوایە ئەوكات وەڵامی باخچەلی بدرایەتەوە، چونكە توركیا و حكوومەت، ئەوكات لەسەر نەدەهاتنە وەڵام و باخچەلی نەیارێكی سەرسەختی ئەردۆغان بوو.
بەیاننامەكەی دەزگای بارزانی، گوولەیەك بوو راستەوخۆ بۆ دڵی باخچەلی، لێدان لەو دڵەش واتە لێدانە لە دڵی ئەردۆغان، چونكە ئەگەر لە پەرلەمانی توركیا مەهەپە لە هاوپەیمانیی لەگەڵ ئاكەپە بكشێتەوە، پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە و ئاكەپە زۆرینە لە دەست دەدات و ئەردۆغان وەكوو سەركۆمار كۆتایی پێدێت، بۆیە لەسەر باخچەلی هاتوونەتە وەڵام و پشتگیریی لێدەكەن.
واتە بەبۆچوونی من، بەیاننامەكە گشتگیر بوایە باشتر دەبوو، واتە لەبری ناوی باخچەلی، بە گشتی باسیان لە رەگەزپەرستەكان بكردایە، ئەوكات هیچ كاردانەوەیەكی نەدەبوو.
(٢)
ئەوانەی پێیانوابوو پارتی نۆكەری توركیایە، یان دەیانگوت پیاوی توركیایە، بەو بەیاننامەیەی دەزگای بارزانی، سەلمێنرا هەموو ئەو تۆمەتانە درۆیە، ئەگەر پارتی پیاوی توركیا بایە، بەو شێوەیە وەڵامی باخچەلییان نەدەدایەوە، بەڵام سەرۆك راستگۆ بوو لەوەی، دەستبردن بۆ سەروەری كوردستان، كە پێشمەرگە یەكێكە لەو سەروەرییانە، بێوەڵام نابێت. پارتی هاوپەیمانیی توركیایە، بۆ بەرژەوەندی كورد و كوردستان، هەرێمی كوردستان قوبرس نییە تا توركیا، بە باخچەی پشتەوەی خۆی بزانێت.
روونیش بووەوە برایەتی تورك و كورد لای رەگەزپەرستەكان، تەنیا قسەیە و كردار نییە، ئەوەتا هەزمی لۆگۆیەك ناكەن بەئاڵای كوردستانەوە، موسا عەنتەر باشی گوتووە ”برایەتی تورك و كورد، وەكوو نینۆك و گۆشت وابووە، هەمیشە كورد نینۆكەكە بووە، هەر درێژ بێت بڕیویانە“
(٣)
كوان ئەو نووسەر و رۆشنبیرانەی خۆیان پێ نیشتیمانپەروەرە؟ بۆچی پشتگیریی لەو هەڵوێستە مەردانەی سەرۆك ناكەن؟ بۆچی وەكوو نووسەرانی تورك، لەسەر پێشمەرگە و سەروەری كوردستان نایەنە وەڵام؟ ئاخر ئەوەیە جیاوازی سەرۆك بارزانی و ئەوانی تر، بەبێ دەنگی و بە هەیبەتی خۆی، وڵاتێكی هێناوەتە لەرزین و بەیاننامە دوای بەیاننامە دەردەكەن، لە كاتێكدا بارزانی وەكوو پێشمەرگەیەكی بەئەدەب، پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیانی بە گەلی تورك و كورددا. كە دەڵێن دەبێت نووسەر راستگۆ بێت، واتە لەسەر سەروەرییەكانی وڵاتی خۆی بێتە وەڵام و سەرشۆڕی و سووكایەتیی قبوڵ نەكات، لە ناوەخۆش با قەڵەمەكەی جەنجەر بێت بۆ گەندەڵكاران، نەك وەكوو نەعامە سەری خۆت بخەیتە ژێر گڵ و وشەیەك نەڵێیت بەرامبەر بەوانەی بێڕێزی بە پێشمەرگە دەكەن، كەچی بۆ پارت و سەركردەكانی ناوەخۆش وەكوو نووسەرێكی پاڵەوان خۆت بناسێنیت.
لە كۆتاییدا سوپاسی سەرۆك دەكەم، سەلماندی سەركردەیەكی مێژوویی و نەتەوەییە، پێموایە ئەردۆغانیش عاقڵانە هەنگاو دەنێت و بۆ درێژەدان بە پرسی چارەسەریی، بابەتەكە بە دیبلۆماسی چارەسەر دەكەن، ئەوەیشی مایەی دڵخۆشییە، سەركردەكانی ئاكەپە، نموونە بولەنت ئارینج و چەند كەسایەتییەكی تر، دەڵێن كێشەیەكی بچووكە و بارزانی سەركردەیەكی گەورەیە و بەهێمنی ئەو ناكۆكییە چارەسەر بكەن.