دواین هەواڵ

با من پێتبڵێم ئەسڵی مەسەلەکە چییە!

‌بڵێسە ئیسماعیل حەقی

16 کاتژمێر پێش ئێستا

کێشەی سەرەکی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لەسەر گازی سروشتی، لە بنەڕەتدا کێشەیەکی جیۆپۆلەتیکی و ئابوورییە کە پەیوەستە بە سزاکانی ئەمریکاوە. ئەمریکا بەردەوام سزای توندی بەسەر ئێراندا سەپاندووە بۆ سنووردارکردنی داهات و کاریگەرییەکەی لە ناوچەکەدا. لێرەدا عیراق دەبێتە خاڵی یەکلاکەرەوە، چونکە بە شێوەیەکی بەرچاو پشتی بە گازی ئێران بەستووە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا. لەم کۆتاییانە کێشەکە ئاستێکی دیکەی بەخۆیەوەبینی کە سەربازییە. ئەمە قۆناغێکی دیکەیە لەو ململانێیە.

‎گازی سرووشتی وەک خۆدزینەوە لە سزای ئەمریکا!
‎عیراق ساڵانە بەبڕی نێوان ٦-٧ ملیار دۆلار گازی سرووشتی لە ئێران دەکڕێت بە سێ ئەوەندەی نرخی خۆی. لەبنەڕەتدا ئەگەرچی بیانووی عیراق بۆ ئەم رێککەوتنە کە لە ٢٠١٣ەوە کراوە ئەوەبووە کە کێشەی هەیە لە بەرهەمهێنانی کارەبا، بەڵام واقیعی حاڵەکە ئەوە نەبوو.
‎رێککەوتنەکەی عیراق و ئێران لەڕاستیدا جۆرێک لە هاوکاریکردنی ئێران بوو لەبەرانبەر ئەو سزایانەی ئەمریکا خستبوویە سەر تاران. هەر بۆیە ساڵانە دەبوایە ئەمریکا لێخۆشبوون دەربکات بۆ عیراق تاوەکو بەهۆی ئەو مامەڵەیەوە لەگەڵ ئێران ئەویش سزانەدرێت. ئەم لێخۆشبوونانە پێییاندەوترێت (waiver).
‎ئەمە لەکاتێکدا عیراق خاوەنی چوار ترلیۆن مەتر چوارگۆشە یەدەگی گازی سرووشتییە، ئەمە جگە لەو بڕە گازەی لە کێڵگەکانی دەرهێنانی نەوتدا دەسووتێندرێن! کەچی عیراق ساڵانە پێویستی بە نزیکەی ١٩ ملیار مەتر سێجا گازە.
‎هەرێمی کوردستان وەک چەقی ململانێ
‎تازەنەکردنەوەی لێخۆشبوونەکان، عیراقی خستە بەردەم بژاردەیەک ژە ئەمریکا بەسەریدا سەپاندی. بژاردەکە خۆی لە دوو ئاراستە دەبینییەوە:
‎یەکەمیان پشتبەستنی عیراق بە گازی سرووشتی ناوخۆ و ئەوی دیکە ستراتیژی ٢٠٢٨ کە بریتیە لە سفر سوتاندنی گاز لە کێڵگەکانی نەوت!

‎بژاردەی یەکەم کوردستانی کردە چەقی پلانەکە بەوپێیەی لە عیراقدا سێ کێڵگەی گەورەی گازی سرووشتی هەن کە ئەمانەن:
‎کێڵگەی کۆرمۆر: دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادرکەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵ. بە یەکێک لە کێڵگە گەورەکانی سەرتاسەری عێراق دادەنرێت و زیاتر لە ٤.٤ تریلیۆن پێ سێجا گازی تێدایە.

‎کێڵگەی میران: لە تاسڵوجەی نزیک شاری سلێمانی دەستپێدەكات و بەدرێژایی رێگای دوكان سلێمانی و بەشێك له ناحیەی ئاغجەلەر و شارۆچكەی بازیان و سەیرانگای چەمی رەزان دەگرێتەوه، بەیەکێک لە کێڵگە گەورەکانی عێراق دادەنرێت و لە توانایدایە زیاتر لە 50 ساڵ گازی سروشتی لێوە هەناردەی تورکیا و وڵاتانی ئەوروپا بکرێت. یەدەگی ئەم کێڵگەیە بە ٣.٥ ترلیۆن پێ سێجا مەزەندە دەکرێت.
‎کێڵگەی گازی عەکاس: دەکەوێتە پارێزگای ئەنبار و یەکێکە لە گەورەترین کێڵگە گازییەکان لە عێراق. کۆمپانیای ئارامکۆی سعودی وەبەرهێنانی تێدا دەکات و چاوەڕوان دەکرێت بەرهەمی ڕۆژانەی بگاتە ٤٠٠ ملیۆن پێ سێجا.
‎کەواتە، لە نزیکەی ٪٩٠ی یەدەگی گازی سرووشتی عیراق لە کوردستانە و بەبێ کوردستان عیراق نە دەتوانێت دەرچەیەک بدۆزێتەوە و نە ئەمریکاش دەتوانێت سزاکانی خۆی بە باشی بسەپێنێت.

‎لێدان لە کۆرمۆر یان سەرەتای گێچەڵی تاران
‎هێرشی دوایی بۆسەر کۆرمۆر یەکەم هێرش نەبوو. پێشتر زیاتر لە دە جار هێرشکرابووە سەر کۆرمۆر، بەڵام ئەوەی ئەم هێرشەی جیاکردەوە ئەوەبوو دوای نەهێشتنی لێخۆشبوونەکانی ئەمریکابوو کە لەئەنجامدا پلانێک هەبوو بۆ فراوانکردنی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکە بەو ئومێدەی بتوانێت کارەبای هەموو عیراق دابینبکات.
‎کاتێک ئێرانییەکان ئەوەیان زانی، ئیدی لەڕێگەی ئامرازەکانیانەوە دەستیان بە هەنگاونانکرد.
‎ئەوەی وایکرد کۆرمۆر وەک مەترسییەکی گەورەتر لە ئێرانیش ببیندرێت ئەو کۆمپانیایانەن کە لە کێڵگەکە کاردەکەن. کێڵگەکە، لەلایەن کۆنسۆرتیۆمێکەوە بە ناوی پێرڵ پترۆلیۆم (Pearl Petroleum) بەڕێوەدەبرێت. کۆمپانیا سەرەکییەکانی ناو ئەم کۆنسۆرتیۆمە بریتین لە دانا گاز (Dana Gas) و کریسێنت پترۆلیۆم (Crescent Petroleum) کە هەردووکیان کۆمپانیای ئیماراتین. هەروەها کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی وەک ئۆ ئێم ڤی (OMV)، مۆڵ (MOL)، و ئار دەبلیو ئی (RWE) بەشدارن لەم پڕۆژەیەدا. واتە دوو کۆمپانیای ئیماراتی و کۆمپانیایەکی هەنگاری و کۆمپانیایەکی نەمسایی و یەکێکی ئەڵمانی! روونە کە بوونی ئەورووپاییەکان لەم پرۆژەیە بە ئامانجێکی درێژخایەنترە کە بەستنەوەی بازاڕی گازی ئەوروپایە بە کوردستانەوە.
‎ئەم باسە نەک تەنها تاران، بەڵکو مۆسکۆش توڕەدەکات.
‎مۆسکۆ لە چی دەترسێت؟!

‎ئەمڕۆ گازی سروشتی تەنها سەرچاوەیەکی ئابووری نییە، بەڵکو چەکێکی ستراتیژی و ئامرازێکی کاریگەری جیۆپۆلەتیکییە. ئەم ڕاستییە بە شێوەیەکی بەرچاو لە سەردەمی جەنگی ئۆکراینا و کاردانەوەکانی لەسەر ئەورووپا دەرکەوت. پێش دەستپێکردنی جەنگەکە، ئەورووپا بە ڕێژەیەکی زۆر پشتی بە گازی ڕووسی دەبەست، بەڵام دوای داگیرکارییەکە لە ساڵی ٢٠٢٢، ڕووسیا بە شێوەیەکی سیستماتیک دەستی کرد بە کەمکردنەوەی گواستنەوەی گاز بۆ ئەورووپا، کە بڕەکەی گەیشتە نزیکەی ٨٠ ملیار مەتر سێجا. ئەم هەنگاوە بە ئاشکرا ئامانجی ئەوە بوو کە قەیرانێکی وزە لە ئەورووپا دروست بکات، بەو هیوایەی کە سەرما و کەمیی گاز ناچاریان بکات لە پشتیوانیکردنی ئۆکراینا پاشگەز ببنەوە یان لانیکەم هەڵوێستێکی نەرمتر بەرامبەر بە مۆسکۆ بگرنەبەر. بە واتایەکی تر، ڕووسیا هەوڵیدا گاز وەک کارتێکی فشار بەکاربهێنێت بۆ کاریگەری خستنە سەر بڕیارە سیاسییەکانی یەکێتی ئەورووپا.
‎پلانەکەی مۆسکۆ نەوەک نەچووە سەر، بەڵکو وایکرد لە دونیادا دوو بەرەی بەرانبەر یەک لەپرسی ووزە بەگشتی و گازی سرووشتی درووستبێت. بەرەی بەرەی رۆژئاوا کە ئەورووپا و ئەمریکا پێشڕەوی دەکەن و ئەوی دیکە رووسەکان و هاوپەیمانەکانیان. وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لەم بوارە بۆ مۆسکۆ گومانی ئەوەی درووستکردووە کە کارتێکی دەستی دەسووتێنێت کە گرینگترینە! ئەگەرچی ئەمە پێویستی بەکاتە و تێچووی هەیە بەڵام لەڕووی ستراتیژیکەوە زۆر گرینگە.
‎لەدوای کۆرمۆرەوە ئاگرێکی دیکە
‎لێدان لە کۆرمۆر، کوردستان و بەشێکی عیراقی بێکارەبا کرد. ئەمە مانای ئەوە نییە هیچ بژاردەیەکی دیکە نییە. چونکە جگە لە گاز هەرێمی کوردستان لەڕێگەی وێستگەی دیکەوە توانای هەیە بە گازوایل کارەبا بەرهەمبهێنێت.
‎کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەی کۆرمۆر زۆری نەبرد، ئاگر لە نزیک لانازیش هەڵگیرسا. لەڕاستیدا ئەو ئاژاوەیەی نزیک لاناز درێژەی لێدانبوو لە کۆرمۆر و ئامانجەکە یەک شتە: “نابێت ئێران رکابەری هەبێت”

‎ئەم هەوڵانە، رەنگە بۆ چەند رۆژێک گرفت درووستبکەن، بەڵام هێندە نابات زۆر شت رووندەبێتەوە.
‎عیراقی ئەمڕۆ، عیراقی سەردەمی مارک ساڤایا یە، ساڤایا بەناو نێردەی سەرۆکی ئەمریکایە و بە ئەرک مەندوبی سامییە. ئەوەی بەیاننامەکەی ساڤایای خوێندبێتەوە هەست بە توندییەکی بێوێنە دەکات کاتێک دەڵێت:

‎“پێویستە حکومەتی عێراق ئەوانەی بەرپرسیارن لەم هێرشە دەستنیشان بکات و بیانگەیەنێتە بەردەم دادگا. با بە ڕوونی و بێ دوودڵی بگوترێت: هیچ شوێنێک بۆ گرووپە چەکدارەکان لە عێراقێکی خاوەن سەروەری تەواودا نییە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە تەواوی پشتگیری لەم هەوڵانە دەکات. هەموو گرووپێکی چەکداری نایاسایی و لایەنگرانیان بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت، ڕووبەڕوویان دەبینەوە و لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.”

‎واقیعی حاڵەکە بەجۆرێکە، هێرشەکەی کۆرمۆر ئەمریکای بردەوە کۆتا رۆژەکانی ساڵی ٢٠١٩. ئەوکاتەی گرووپە چەکدارەکان لە هێرشێکدا بۆسەر سەربازگەی کەی وەن بەڵێندەرێکی ئەمریکییان کوشت و دەرەنجامی ئەم هێرشەش کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیسی لێکەوتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP