لە دنیای ئەمڕۆدا، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان (سۆشیال میدیا) بوونەتە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی ڕۆژانەی تاکەکان. هەرچەندە ئامانجی سەرەکیی ئەم تەکنەلۆژیایە بەیەکگەیشتن و ئاڵوگۆڕی زانیارییە، بەڵام بەداخەوە لە زۆر ڕووەوە بووەتە سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی ڕق و کینە و هاندانی توندوتیژی.
کاریگەریی سۆشیال میدیا لەسەر بەرزبوونەوەی ئاستی توندوتیژی، بابەتێکە پێویستی بە لێکۆڵینەوە و هەڵوەستەکردنە.
یەکێک لە دیارترین مەترسییەکان، دروستبوونی جۆرێکی نوێی توندوتیژییە کە بە "توندوتیژیی ئەلیکترۆنی" ناسراوە لەم ڕێگەیەوە، کەسانێک لە پشت پەردەی شاشەکان و زۆرجار بە ناوی خوازراوەوە، هێرش دەکەنە سەر شکۆ و کەسایەتیی بەرامبەر بە جنێودان، سووکایەتیکردن، و ناوزڕاندن، ئەم توندوتیژییە زارەکییە تەنها لە چوارچێوەی ئینتەرنێتدا نامێنێتەوە، بەڵکو زۆرجار دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەی کۆمەڵایەتیی گەورە و شەڕ و ئاژاوەی فیزیکی لە نێوان تاک و بنەماڵەکاندا.
لایەنێکی دیکەی ترسناک، بابەتی "ئیبتزاز" یان هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و زانیاریی تایبەتییە.
سۆشیال میدیا ئاسانکاری کردووە بۆ ئەوەی نهێنییەکان بە خێرایی بڵاو ببنەوە، ئەمەش وای کردووە تاوانباران بە ئاسانی قوربانییەکانیان بترسێنن، هەربۆیە بەپێی بۆچوونی پیێر بۆردیۆ (کۆمەڵناس)، توندوتیژی تەنها لێدان نییە، بەڵکو توندوتیژیی سیمبولی و زمانیش دەگرێتەوە.
سۆشیال میدیا بووەتە مەیدانی سەرەکیی ئەم جۆرە توندوتیژییە لە ڕێگەی "تیرۆری کەسایەتی" بەشیاییکردنی ئافرەتان و بڵاوکردنەوەی زانیاریی تایبەتی، ئەم جۆرە فشارە دەروونییە زۆرجار قوربانییەکە دەگەیەنێتە ئاستی خۆکوشتن، کە بەرزترین ئاستی توندوتیژییە
هەروەها، سۆشیال میدیا ڕۆڵێکی خراپی هەیە لە "ئاسایی کردنەوەی توندوتیژی".
کاتێک گەنجان و مێردمنداڵان ڕۆژانە دیمەنی کوشتن، لێدان، یان یارییە ڤیدیۆییە توندوتیژەکان دەبینن، هەست و سۆزیان بەرامبەر بە ئازاری مرۆڤ سارد دەبێتەوە.
بەرکەوتنی بەردەوام بە دیمەن و هەواڵی توندوتیژی، دەبێتە هۆی دیاردەی "سڕبوونی هەستی" مرۆڤ کاتێک ڕۆژانە دەیان دیمەنی کوشتن و سووکایەتی دەبینێت، مێشکی تووشی جۆرێک لە بەرگریی دەروونی دەبێت و چیتر وەک ڕووداوێکی تراژیدی سەیری ناکات، بەڵکو وەک داتایەکی ئاسایی وەریدەگرێت.
ئەم پرۆسەیە مەترسیدارە چونکە بەربەستە دەروونییەکان بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی لاواز دەکات. ئەمەش وایان لێ دەکات لە ژیانی ڕاستەقینەدا ئامادەباشیی زیاتریان هەبێت بۆ بەکارهێنانی توندوتیژی وەک ڕێگەچارەیەک بۆ کێشەکانیان.
خاڵێکی تر بریتییە لە "وتاری ڕق" ئەلگۆریتمەکانی سۆشیال میدیا زۆرجار ئەو بابەتانە بەرەوپێش دەبەن کە مشتومڕ و کاردانەوەی زۆریان لەسەرە. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کۆمەڵگە دابەش ببێت و لایەنگریی توند دروست ببێت. ئەم جەمسەرگیرییە زۆرجار لە کۆمێنت و پۆستەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ سەر شەقام و دەبێتە هۆی پێکدادان.
بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسییە، پێویستە ئاستی هۆشیاریی تاکەکان بەرز بکرێتەوە. سۆشیال میدیا وەک چەقۆ وایە؛ دەکرێت بۆ ئامادەکردنی خۆراک بەکار بێت، دەشکرێت بۆ بریندارکردن بەکار بێت.
زیادبوونی توندوتیژی بەهۆی سۆشیال میدیاوە، دەرەنجامی قەیرانێکی فرەڕەهەندە (تەکنەلۆژی، دەروونی، یاسایی).
چارەسەر تەنها بە ئامۆژگاریی ئەخلاقی ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە "یاسای دیجیتاڵی" توند، چاودێریی ئەلگۆریتمی، و لە هەمووی گرنگتر "نەخوێندەواریی دیجیتاڵی" هەیە دەبێت تاک فێر بکرێت کە چۆن لەم ژینگە ئاڵۆزەدا بەشێک نەبێت لە پرۆسەی بەرهەمهێنانەوەی توندوتیژی، پێویستە یاسای توند بۆ تاوانە ئەلیکترۆنییەکان جێبەجێ بکرێت و لە خێزان و قوتابخانەکانەوە فێری کولتووری قبوڵکردنی ڕای جیاواز و بەکارهێنانی تەندروستی تەکنەلۆژیا ببین، تا بتوانین ڕێگری لەو شەپۆلە توندوتیژییە بکەین کە لە ڕێگەی شاشەکانەوە دزە دەکاتە ناو ژیانمان.