دواین هەواڵ

ڕوانگەی ئەمریکا لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراقدا

‌زوبێر ڕەسووڵ

3 کاتژمێر پێش ئێستا

دەسپێک
هەڵبژاردنی پەرلەمانی مانگی تشرینی دووەم لە عێراقدا لە ئانوساتێکی تایبەتدا ئەنجام دەدرێت؛ بەو مانایەی هەم لە ئاستی ناوخۆدا ململانێ و ترسی زۆر لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا هەیە، بەتایبەت لەوەی کە نیازێکی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی هەیە بۆ گۆڕینی ئاراستەی حوکمڕانی لە عێراقدا. ئەوەی ئەم ترسەیشی زیاتر کردووە، ئەو گۆڕانکارییە هەرێمییانەیە کە لە دوای لاوازبوونی “بەرەی مقاوەمە” هاتۆتە ئاراوە؛ هەمیشە باس لەوە دەکرێت کە ئەمریکا و وڵاتانی دراوسێی عێراقیش کار بۆ گۆڕینی نەخشەی سیاسیی ناوچەکە دەکەن.
لەم به‌ینەدا ڕوانگەی ئەمریکا، بەتایبەتیش ڕوانگەی ئیدارەی تره‌مپ، وەک فاکتەرێکی کاریگەر لە باکگراوند و نەخشەی هێزە سیاسییەکاندا ئامادەیە. هەرچەندە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ئەمریکا لە دوای ٢٠٠٣وە لە عێراق کەم بووەتەوە، بەڵام بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی واشنتۆن- لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و لەقاڵبدانی کاریگەریی ئێران و پەلوپۆکردنی میلیشیاکان تا دەگاتە بەهێزکردنەوەی سەروەریی عێراق- ئاماژەن بۆ ڕوانگەیەکی نوێێ ئەمریکا کە دەیەوێت لە ڕێگه‌ی هەڵبژاردنەکانەوە شوێنپەنجەی بەسەر پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا هەبێت.
هەڵبژاردن وەک خاڵی وەرچەرخان بۆ گەڕاندنەوەی “سەروەری”ی عێراق
هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق، دەکرێت تاقیکردنەوەیەکی چارەنووسساز بێت بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر دامەزراوە و هێزە سیاسییەکاندا. بۆ ئەمەیش هێزەکان بەسەر دووبەرەدا دابەش بوون: ئەو هێزانەی کە لەگەڵ ئەوەن، دەبێت دەوڵەت کۆنتڕۆڵی بەسەر هێزە چەکدارەکاندا هەبێت، كه‌ بریتین لە سەدرییەکان (هەرچەندە لە هەڵبژاردندا بەشدار نین)، هێزە سوننییەکان و، هەروەها کورد و بەشێک لە هێزە مەدەنییەکانی عێراقیش کە لەم هەڵبژاردنە بەشدارن. ئەم هێزە، پشتئەستوورە بە ڕوانگە و گوشاری ئەمریکا، کە ئەو دۆخە نوێیە هەرێمییە وەک دەرفەتێک دەبینن بۆ بەهێزکردنی پێگەی سیاسیی خۆیان لەم هەڵبژاردنەدا.
هەرچی بەرەی دووەمە، تایبەتە بەو هێزانەی کە نایانەوێت ئەو واقعەی هەیە بگۆڕێت و، لەم دۆخەی ئێستا سوودمەندن؛ دیارترینیان لایەنەکانی “چوارچێوەی هەماهەنگی”یە، وەک: ڕێکخراوی بەدر و بزووتنەوەی نوجەبا و هێزەکانی حەشد و گرووپە چەکدارەکانی تر. ئەم لایەنانە پاڵپشتیی ئێران و چەک، وەک گەرەنتییەکی ئەمنی و ئامرازێک بۆ پاراستنی دەستکەوتە سیاسییەکان و، هەروەها ڕێگرییەک لە بەرامبەر هەر دەستوەردانێکی دەرەکی- وەک ئەمریکا یان ئیسرائیل- سەیر دەکەن.
هەرچەندە پێشتر کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ڕای گەیاندووە کە ئەو لایەنانەی باڵی چەکدارییان هەیە، ڕێگەیان پێ نادرێت بەشداری بکەن، بەڵام جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە زۆر قورسە و هێزە چەکدارەکان چەندان ده‌رچه‌ی سیاسی و ئابووری و دامەزراوەیییان هەیە بۆ ئەوەی بەسەر ئەو بڕیارەدا باز بدەن. ڕاستییه‌كه‌ی، ئەمە وای کردووە کاریگەریی هەبێت بەسەر بەشداریی سیاسیی خەڵکیش لە هەڵبژاردنەکاندا، چونکە بەشێکی زۆری دانیشتووانی عێراق پێیان وایە هەڵبژاردن بێهوودەیە و هیچ لە دۆخی سیاسی و ئابووریی وڵات ناگۆڕێت- ئەو هێزانە زۆر لەوە بەهێزتر و شارەزاتر و کارامەترن بتوانرێت کۆنتڕۆڵ بکرێن.
تا ئەو ئاستەی بەشێک لەو لایەنانە تۆمەتبارن بە کڕینی کارتی دەنگدەران؛ بۆ نموونە لە نەینەوا و بەغدا، یان ڕێگریکردن لە دروستکردنی خانوو لە شنگال و دەشتەکانی نەینەوا. ئەمە دەکرێت لە چەندان ناوچەی تری عێراقیشدا هەبێت. لەم سۆنگەیەوە دەکرێت ئەمریکا و بەشێک لە هێزە هەرێمییەکان، گرەو لەسەر گۆڕانکاری لە هاوسەنگیی پەرلەماندا بکەن، کە دەکرێت سەرەتایەک بێت بۆ بڕینی باڵادەستیی سیاسیی ئەم میلیشیایانە؛ بەمەیش ئاستێکی زیاتر لە سەروەری بۆ دەوڵەتی عێراق بگەڕێتەوە. بەرژەوەندیی ئەمریکا لە پاڵپشتیکردنی ئەو هێزانەدایە کە تەحەددای هەژموونی تاران دەکەن و هەر هێزێک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، وەک هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەبینن.
ستراتیژیی واشنتۆن بۆ عێراق
ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت زۆر جار هەست دەکەیت ئەمریکا ستراتیژێکی ڕوونی نییە بۆ عێراق، بەڵکوو سیاسەتی تایبەت و ڕوانگەیەکی دیاریکراوی هەیە. سەرەڕای دابەزینی ئاستی پابەندییەکانی ئەمریکا بە عێراق و خۆبەدوورگرتن لە کێشە سەرەکییەکان، بەڵام هێشتا عێراق پێگەیەکی تایبەتی لە ستراتیژیی ئەمریکا و ئیدارەی ترەمپدا هەیە، بەتایبەت کە دۆناڵد تره‌مپ کەسێکی نزیکی وەک نێردەی ئەمریکا بۆ عێراق (مارک ساڤایا) دەستنیشان کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیش عێراق پێگەیەکی تایبەتی هەیە بۆ ئەمریکا، کە دەتوانین لەم چەند پرسەی خوارەوەدا کورتیان کەینەوە:
بەرەی پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر: عێراق لە ڕوانگەی ئەمریکا و ڕۆژاوادا هێشتا بە ناوچەی پاشماوەی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) دادەنرێت. عێراق دەکرێت مۆڵگەی ژیانەوەی داعش یان ڕێکخراوێکی هاوشێوە بێت لە هەر کاتێکدا. ئەمەیش ئەرکی ئەمریکا بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی تیرۆر، دەکاتە ئەولەوییەت. ئەمریکا نزیکەی ٢٥٠٠ سەربازی لە عێراق بۆ ئەو پرسە تەرخان کردووە، کە تا ئێستایش لە کشانەوەی هێزەکانیدا دوودڵه‌.
دەورەدان و چاوترساندنی ئێران: عێراق دەکرێت “پاژنەی ئەخیل”ی ئێران بێت. ئەمریکا بەغدا وەک هێڵی پێشەوەی هەوڵەکانی کۆنتڕۆڵکردن و فراوانبوونی هەژموونی ناوچەییی ئێران دەبینێت. بوونی سەربازانی ئەمریکا، چ لە عێراق یان هەرێمی کوردستان، بە شێوەیەکی کاریگەر وەک بەربەستێک دەبێت لە دژی ئەم کاریگەرییە هەرێمییەی ئێران، بۆیە سەیر نییە کە چەندان جار بنکە ئەمریکییەکانی وەک “عەین ئەسەد” و “حەریر” لەلایەن هاوپەیمانەکانی ئێرانەوە (وەکوو کەتائیبی حزبوڵڵا) دەکرێنە ئامانج.
بازاڕی جیهانیی وزە: یەدەگی بەرفراوانی نەوتی عێراق، زۆر گرنگە بۆ هاوسەنگیی نرخی وزە لە بازاڕەکانی جیهاندا، بۆیە سەیر نییە کە تره‌مپ لە دیداری شەرم ئەلشەیخ لە وەسفکردنی عێراقدا وتی “نەوتێکی زۆریان هەیە بەڵام نازانن چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکەن.” بۆیە ئەمریکا ناتوانێت تەماشاکه‌ر بێت کاتێک دۆخی سیاسی و سەقامگیریی عێراق تێک دەچێت، یان عێراق دەبێتە سەرچاوەی مەترسی بۆ وڵاتانی کەنداو، کە پارسەنگی سەرەکیی بازاڕی وزەن لە جیهاندا و دۆستی نزیکی ئەمریکاشن.
پاڵپشتیکردنی سوودانی وەک ئامرازێک بۆ تێکشکاندنی چوارچێوەی هەماهەنگی
ئەمریکا دەزانێت کە هیچ دەرفەتێک نییە بۆ دوورخستەنەوەی شیعەکانی عێراق لە دەسەڵات، نە بە میکانیزمی هێز و نە بە میکانیزمی هەڵبژاردن و دیموکراسی ئەمە ڕوو نادات؛ بۆیە ئەمریکا بۆ هێزێکی شیعە دەگەڕێت کە بتوانێت ببێتە بەربەست لە بەردەم شیعەکانی نزیک لە ئێران. “موقتەدا سەدر” دەکرا ئەو کەسە بێت، بەڵام ئەمریکییەکان پێ ناچێت بە هیچ جۆرێک وەک کەسێک بینینن کە بتوانن کاری لەگەڵ بکەن. بۆیە لە ڕوانگەی ئەمریکاوه‌ سەدر ئامراز و تاکتیکە نەک ئامانج و ستراتیژ؛ جارجار کە له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی بێهیوا دەبن، پرسی زەقکردنەوەی موقتەدا دەخه‌نەوە ڕۆژەڤه‌وه‌. هەرچەندە ئێستا موقتەدا لە دەرەوەی دەسەڵاتە، پێ دەچێت خۆیشی نەیەوێت ئەو یارییە بکات، چونکە ئەمە لەگەڵ بەها سیاسی و مەزهەبییەکانی موقتەدا ناگونجێت کە پرۆفایلێکی دوورودرێژی هەیە لە دژایەتیکردنی ئەمریکا.
ماوەی جه‌نگی دوازدە ڕۆژەی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران و کەوتنی سووریا، تاقیکردنەوەیەکی باش بوو بۆ حکوومەتەکەی سوودانی کە توانیی عێراق لە چوونەناو ئەو جه‌نگه‌وە بپارێزیت؛ نەک هەر ئەوە بەڵکوو ڕێگرییش لە میلیشیاکان بكات بۆ ئەوەی عێراق بخزێننە ناو جه‌نگه‌كه‌وه‌. هەڵبەتە دەستکەوتی ئەمە هەمووی ناگەڕێتەوە بۆ سوودانی، بەڵام سوودانی توانیویەتی بیکاتە هی خۆی؛ لەو ماوەیەدا لە پەیوەندیی بەردەوامدا بووە لەگەڵ ئەمریکییەکان.
هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە سوودانی دەکرێت هاوبەشێکی چاوەڕواننەکراوی ئەمریکییەکان بێت لە ئێستا و دوای هەڵبژاردنەکانیشدا. نەک هەر ئەوە بەڵکوو سوودانی و حکوومەتەکەی، ئامادەییی خۆیان نیشان داوە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی دارایی و سیاسیی میلیشیاکان وشک بکه‌ن. بۆ ئەمەیش چەند هەوڵێکی دیاری هەبووە، لەوانە دەوترێت سوودانی بەرپرسانی ئەمریکای دڵنیا کردووەتەوە لە پاراستنی بێلایەنی؛ دوای هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ بۆ سەر ئیسرائیل و ڕووبەڕووبوونەوەی ساڵی ٢٠٢٥ی نێوان ئیسرائیل و ئێران، ڕێگریی لە هەوڵەکانی میلیشیاکان کرد بۆ بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر دۆستەکانی ئەمریکا. سوودانی توانیی ڕێگری لە میلیشیاکان بکات کە خاک و ئاسمانی عێراقی بەکار بهێنن بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ و، گوشاری خستە سەر فەرماندەکانی میلیشیاکان بۆ ئەوەی عێراق لە جه‌نگی ناوچەیی دوور بخه‌نه‌وە، بەتایبەت لە کاتی کەوتنی ڕژێمی ئەسەد.
هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆرییەتی ئابووریی میلیشیاکان
سوودانی بۆ ئەوەی بلیتی دووبارە سەرۆکایەتی وەربگرێتەوە، پێویستیی زۆری بە هاوکاریی ئەمریکا دەبێت، هەڵبەت زیاتریش بە هاوکاریی ئێرانییەکان؛ بەڵام سوودانی باش دەزانێت لایەنەکانی تری چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی، بۆ ئێران گرنگترن لە سوودانی، ئەمە جگە لەوەی ناڕەزایەتییه‌کی زۆر هەیە لەلایەن مالیکی و بەشێکی تری چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگییشه‌وه‌ کە ڕێگر بن لەوەی سوودانی ببێتەوە سەرۆكوەزیران. بۆیە سوودانی لە دوای ڕووخانی سووریا هەوڵی زۆری داوە لە ئەمریکا نزیک بێتەوە. بۆ ئەمەیش لۆبیی زۆری کردووە بۆ ئەوەی جێگه‌ی خۆی لەناو ئیدارەی نوێی ئەمریکا بکاتەوە و پاڵپشتیی ئەمریکا بەدەست بهێنێت. بۆ بەدستهێنانی ئەم پاڵپشتییەیش حکوومەتی سوودانی لەوە تێ بگات کە گەڕاندنەوەی سەروەریی دەوڵەت، کە ئەمریکییەکان کاری لەسەر دەکەن، پێویستیی بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەسەڵاتە دارایییە فراوانە هەیە کە دەسەڵاتی میلیشیاکان هاوتەریب دەکات لەگەڵ دەوڵەت. ئەگەر سه‌رنج بدەین، سوودانی لە چەندان وێستگەدا بەبێدەنگی ئەو هەنگاوەی ناوە؛ ئەگەرچی هەنگاوەکان زۆر جار لەژێر گوشاری ئەمریکا و بەهاوکاریی تەکنیکیی ئەمریکا بووە، کە دەتوانین لە چەند پرسێکدا تێبینی بکەین:
بەئامانگرتنی تۆڕە دارایییەکان: دواخستنی مووچەی میلیشیاکان، هەروەها چاودێریکردنی کەناڵەکانی پارەدان و دیسپلینکردنی فەرماندەکانی حەشدی شەعبی بە حکوومەتەوە.
بەناوەندکردنی کۆنترۆڵکردنی خاڵە سنوورییەکان: ناساندنی سیستەمی چاودێریی ئەلیکترۆنی (بەهاوکاریی تەکنیکیی ئەمریکا و نێودەوڵەتی دابین کراوە) و به‌ناوەندکردنی دەروازە سنوورییەکان لەژێر کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی وەزارەتی دارایی بۆ سنووردارکردنی توانای داراییی میلیشیاکان.
خێراکردنی ڕێککەوتنەکانی وزە: بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی عێراق بە ئێران، وەک ئاسانکاری بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ دووهێندەکردنی هاوردەکردنی کارەبا لە ئوردنەوە.
ڕێکكەوتن و هێنانەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان: یەکێکی تر لە هەنگاوەکانی سوودانی بۆ ڕازیکردنی دڵی دۆناڵد تره‌مپ، هەوڵدانی سوودانی بووە بۆ سەرلەنوێ گەڕاندنەوەی بەشێک لە کۆمپانیا ئەمریکییەکان و بەشداریپێکردنیان، بەتایبەتی لە کەرتەکانی وزە، ژێرخانی و تەکنەلۆژیا – وەک بەشێک لە ستراتیژییەکی فراوانتر بۆ دەستەبەرکردنی پشتگیریی سیاسیی واشنتۆن، بەتایبەتی لەژێر سیاسەتی “سەفەقاتی” و بازرگانیی دۆناڵد ترەمپ. سوودانی لەوە تێ گەیشتووە کە ترەمپ گرێبەستە ئابوورییەکان و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا لە پێشینەی کارەکانی داناوە. بۆیە بەغدا هەوڵی دا خۆی وەک شەریکێکی ئابووری و بازرگانی جێگیر بکات نەک بارگرانییەکی پاسیڤی ئەمنی.
لە سەردەمی سوودانی، عێراق چالاکانە دەستی کرد بە پەیوەندیکردن بە کۆمپانیا گەورەکانی ئەمریکی وەک: ئێکسۆن مۆبیل، جەنەڕاڵ ئێلیکتریک، هانیوێڵ و هالیبێرتۆن. زۆر جار کۆبوونەوەکان لە واشنتۆن نەک تەنیا لە ڕووی ئابوورییەوە بەڵکوو وەک یەکخستنی ستراتیژی لە چوارچێوەیەکدا داڕێژرابوون کە بریتی بوو لە پێشکەشکردنی گرێبەستێک کە پشتبەستنی عێراقی بە هاوردەکردنی گاز و کارەبای ئێران کەم بکاتەوە؛ ئەمەیش ڕاستەوخۆ دەچێتە خزمەت سیاسەت و هەڵمەتی زۆرترین گوشاری ترەمپ دژی تاران. هەروەها عێراق دەستی کرد بە دیجیتاڵکردنی گومرگی، مۆدێرنکردنی بەندەرەکان، پڕۆژەکانی LNG و بۆڕی و، چاکسازیی ڕێکخراوەیی لە پێناو ئاسانکاریی گەڕانەوەی کۆمپانیاکانی ئەمریکا.
ئەم هەنگاوانە تەنیا ئابووری نەبوون- ئاماژەیەکی سیاسی بوون. سوودانی بە بەستنەوەی داهاتووی عێراق بە سەرمایە و کاریگەریی ئەمریکاوە، دەیەوێت خواستەکانی ئیدارەی تره‌مپ جێبەجێ بکات؛ تا ئەو ئاستەی هەندێک سیاسیی عێراقی نێردەی نوێی ئەمریکا “مارک ساڤایا” وەک دۆستی سوودانی سەیر دەکەن.
ئەمریکا و سوودانی؛ هەماهەنگی بەبێدەنگی!
سیاسەتی ئەمریکا لە ئێستادا ئەوەیە کە بەهێمنی پشتگیری لە سوودانی بکات بۆ گەڕاندنەوەی باڵادەستیی دەوڵەت (سەروەری) بەسەر کایەی سیاسی و ئەمنیدا. لە هەردوو پەیوەندییەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا “مارکۆ ڕۆبیۆ”، جەخت لەسەر ئەو پرسە کراوەتەوە. بۆیە دەکرێت بڵێین ئەمریکا ئەمە بە چەند ڕێگه‌یەکەوە لەگەڵ حکوومەتی سوودانی دەکات:
یارمەتی و ڕاهێنانی تەکنیکی: پێشکەشکردنی پاڵپشتی لە ڕێگەی هاوکاریی تەکنیکی و ڕاهێنانی ئەمنی بۆ یەکەکانی دەستەبژێری وەک: خزمەتگوزاریی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر (CTS).
هەماهەنگی لەگەڵ وەبەرهێنەران: کارکردن لەگەڵ وەبەرهێنەرانی کەنداو، بۆ ئەوەی ئابووری و بازرگانیی عێراق لە گرێدراوی به‌ ئابووریی ئێرانه‌وه‌ ڕزگاری بێت. سوودانی توانیویەتی بە سیاسەتێکی بێدەنگ، کار لەگەڵ ئەمریکا بکات؛ ئەمریکاش بەبێدەنگی تا ئێستا لەسەر ئەو هاوکارییە بەردەوامە. ئەمە دەکرێت بنەمایەک بێت بۆ هەماهەنگییەکی پتەوتر ئەگەر سوودانی بتوانێت لەو خولەیشدا پۆستی سەرۆکوه‌زیران بەدەست بهێنێتەوە.
ئەم سیاسەتە وای کردووە ئێران بە چاوی گومانەوە لە پەیوەندیی ئەمریکا و سوودانی بڕوانێت. سەردانە لەناکاوەکەی “ئیسماعیل قائانی” لە کۆتاییی ئەم مانگەدا (ئۆکتۆبەر) بۆ بەغدا، ئاماژەیە بۆ گۆڕانکارییەکی ورد بەڵام مانادار لە ستراتیژیی ناوچەییی ئێران. ئێران لەجیاتی هەڕەشەوگوڕەشەی ئاشکرا لە ئەمریکا، ئێستا بە دیپلۆماسییەتێکی وریا، کار لەگەڵ عێراق دەکات. ئەمەیش ڕەنگدانەوەی دووبارە جەختکردنەوە لەسەر کاریگەریی سیاسی و هاوبەشییە ناوخۆیییەکانی ئێرانە لە عێراق. سەردانی قائانی بۆ عێراق جەخت لەسەر خواستی تاران دەکاتەوە بۆ سەقامگیرکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان و بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ میلیشیا شیعەکانی عێراق و خۆپاراستن لە گوشارەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل. هەرچەندە وردەکاریی کەم هەیە لەسەر کۆبوونەوەکانی قائانی لە بەغدا، بەڵام باس لەوە دەکرێت کە هەر یەکە لە “مالیکی”، “عامری”، “حەکیم” و “هومام حەموودی”ی بینیوە. سەردانەکە ئامادەییی ئێران نیشان دەدات بۆ دووبارە پێداچوونەوە بە حساباتی ناوچەییی خۆی؛ دەستگرتن بە عێراقه‌وه‌ کە دەسەڵات لە چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان نەچێتە دەرەوە و ئەو بەرەیە درزی تێ نەکەوێت.
پێگەی هەرێمی کوردستان لەم نێوەندەدا
هەرێمی کوردستان لە ڕوانگەی ئەمریکاوه‌ وەک فاکتەری هاوسەنگیی ناوخۆی عێراق سەیر دەکرێت؛ لە هەمان کاتیشدا وەک دۆستی ئەمریکا، کە دەبێت لە چوارچێوەی عێراقدا بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بپارێزێت. لە دوای هەڵبژاردنیش ئەمریکا فاکتەری کورد بۆ دروستکردنی ئەو هاوسەنگییە، بەگرنگ دەبینێت. تا ئاستێک دوور نییە داوا لە هەرێمی کوردستان بکرێت کە لەو بەرەیە بێت کە ئەمریکا دەیەوێت لە دوای هەڵبژاردن پشتگیرییان بکات بۆ لاوازکردنی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی. ئەو بەرەیە ئەگەرچی لە ئێستادا ڕوون نییە کێن، بەڵام دەکرێت سوودانی و کورد و بەشێک لە سوننەکان بن.
دۆستە نزیکەکانی ئێران لە عێراق، کورد وەک بەشێک لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەبینن لە عێراقدا. هەرچەندە توانیویانە کورد بکەن بە دوو بەشەوە، بەڵام تا ئێستایش وای دەبینن کە لۆبیی کورد لە واشنتۆن بەشێک بوون لە گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر میلیشیاکان. هەروەها ڕۆڵی ناوەندگیریی ئەمریکا لە پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا، وەک گوشارێک دەبینن بۆ ڕێگرتن لە بەغدا بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستان. لە پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکاش، کورد وەک بەربەست دەبینن و ترسی ئەوەیان هەیە کە کورد ئەگەر لە بەشە عەرەبییەکانی عێراقیش بکشێنەوە، ئەوا دواجار لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ دەبن بۆ چاودێریکردنی عێراق و گوشارخستنە سەر دۆستەکانی ئێران لە عێراق. هەرچەندە ئەمریکا سیاسەتێکی تایبەتی نییە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان، بەڵکوو تا ئێستایش هەرێم وەک بەشێک لە سیاسەتیان بەرامبەر عێراق دەبینن؛ بەڵام ئەمە مەرج نییە هەروا بمێنێتەوە، بەڵکوو دەوەستێتە سەر ئەوەی عێراق تا چ ئاستێک بەربەست دەبێت لە بەردەم بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.
کۆتایی
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین، ڕۆڵی ئەمریکا لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراقدا، ڕۆڵی دەستوەردانی ڕاستەوخۆ نییە، بەڵکوو ڕۆڵی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایە لە پێناو ئەو ڕوانگەیەی، کە ئەمریکا دەیەوێت عێراق لەدەست هەژموونی ئێران و پڕۆکسییەکانی ڕزگار بکات. ئەمریکا بەبێدەنگی پشتیوانی لە هەوڵەکانی سوودانی دەکات بۆ بەهێزکردنی سەروەریی عێراق و لاوازکردنی تۆڕە دارایییەکانی میلیشیاکان و بەشداریی عێراق لە بازاڕی وزەی جیهاندا. ئەمریکا ئاسانکاری بۆ ڕەخساندنی ژینگەیەکی هەڵبژاردن دەکات کە هێزە ناسیۆنالیسته‌كان، چاکسازیخوازەکان، مەدەنییەکان و، پێکهاتە سەرەکییەکان، دەرفەتێکی ڕاستەقینەیان هەبێت بۆ ئەوەی هاوسەنگیی هێز لە نێوان لایەنە سەرەکییەکانی عێراقدا بنیات بنێنەوە و، گرووپە هاوپەیمانەکانی ئێران لە بەلاڕێدابردنی سیاسەتی ناوچه‌یی و نێودەوڵەتیی عێراق دوور بخەنەوە، وەک بەشێک لەو هاوکێشە سیاسییەی دوای لاوازکردنی ئێران لە ناوچەکەدا هاتۆتە کایەوە. هەڵبژاردنی مانگی نۆڤەمبەر، دەرەنجامەکانی ئەو هەوڵەی ئەمریکا دیاری دەکات کە ئایا عێراق دەتوانێت بەشێک بێت لەو هاوکێشە هەرێمییە نوێیە، یان هەروەک سەنگەری بریکارەکانی ئێران دەمێنێتەوە بۆ دژایەتیی ئەمریکا و ئیسرائیل.

سەرچاوەکان:

Al-Monitor. (2025, October). Quds Force chief’s low-profile Baghdad visit highlights Iran’s strategic pivot. AL-Monitor. https://www.al-monitor.com/originals/2025/10/quds-force-chiefs-low-profile-baghdad-visit-highlights-irans-strategic-pivot.
Bhambhani, D. (2024, August 19). US companies, government to boost Iraq energy sector to temper Iran. https://www.forbes.com/sites/dipkabhambhani/2024/08/19/us-companies-government-to-boost-iraq-energy-sector-to-temper-iran/
Lee, J. (2024, November 5). Customs automation in Iraq to phase out paper transactions. Iraq Business News. Retrieved from https://www.iraq-businessnews.com/2024/11/05/customs-automation-in-iraq-to-phase-out-paper-transactions/ (iraq-businessnews.com).
(2024, December 4). Fuel oil smuggling network rakes in $1bn for Iran and its proxies. Business Recorder. Retrieved from https://www.brecorder.com/news/40335766/fuel-oil-smuggling-network-rakes-in-1bn-for-iran-and-its-proxies/
(2025, April 9). Iraq, US sign preliminary deal on projects including 24,000 MW of power plants. Reuters. https://www.reuters.com/business/energy/iraq-us-sign-preliminary-deal-projects-including-24000-mw-power-plants-2025-04-09/
Associated Press. (2025, June 17). How Iraq’s leader kept the country neutral in the Israel-Iran war. AP News. Retrieved from https://apnews.com/article/iraq-sudani-interview-iran-israel-pmf-76f33efb8a903361b01eaed6b96ec040
Ibrahim, H. (2025, September 19). Iraq’s balancing act between Washington and Tehran. Al‑Akhbar. Retrieved from https://en.al-akhbar.com/news/iraq-s-balancing-act-between-washington-and-tehran (al-akhbar.com).
Karam, P. (2025, October 8). Iraq signs deal with Exxon to help develop large oilfield. https://www.reuters.com/business/energy/iraq-exxon-sign-majnoon-oil-field-agreement-wednesday-sources-say-2025-10-08/
Karam, P. (2025, October 9). Baghdad between Tehran and Washington: The struggle for a sovereign state. Arab Center Washington DC. https://arabcenterdc.org/resource/baghdad-between-tehran-and-washington-the-struggle-for-a-sovereign-state/
Karam, P. (2025, October 9). Baghdad between Tehran and Washington: The struggle for a sovereign state. Arab Center Washington DC. https://arabcenterdc.org/resource/baghdad-between-tehran-and-washington-the-struggle-for-a-sovereign-state/
صحيفة الاستقلال. (2025, October 21). عقوبات متكرّرة.. ماذا وراء ضغوط واشنطن على مليشيات إيران بالعراق؟ Retrieved from https://www.alestiklal.net/ar/article/althanyh-khlal-shhr-hl-thdf-aqwbat-washntn-linhaa-dwr-athra-iyran-balaraq
علي، ح. (2025، أكتوبر 21). هل يرسم سلاح الميليشيات خريطة النفوذ الانتخابي في العراق؟ إرم نيوز. https://www.eremnews.com/news/arab-world/oocj65k
محرّم، ن. (2025، 19 أكتوبر). العراق… الناجي الوحيد من “الطوفان”. مجلة المجلة. https://www.majalla.com/node/327874/%D8%B3%D9%8A%D8%A7%D8%B3%D8%A9/%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82-%D8%A7%D9%84%D9%86%D8%A7%D8%AC%D9%8A-%D8%A7%D9%84%D9%88%D8%AD%D9%8A%D8%AF-%D9%85%D9%86-%E2%80%9D%D8%A7%D9%84%D8%B7%D9%88%D9%81%D8%A7%D9%86%E2%80%9C

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP