دواین هەواڵ

هەنار وەک زیکری دەروێشان نەک فیستیڤاڵ !

‌ئاسۆ عەبدوللەتیف

7 کاتژمێر پێش ئێستا

سەیری ئەو فۆتۆ نازدارانەی هەنارو دەروێش و حاڵ و ناڵ و ئاگری خانەباخ و بەرئاگردان بکەن، فۆتۆی هەنارو پایزو سروشتی جوانی هەورامان و هەڵەبجە، ئەبێ فۆتۆ ئاوا زیکربکاو ئاوداربێ، دڵ خێرا تێکەڵی ڕەنگ و دەنک و دەنکۆڵەو جوانیەکەی بێ و حەیرانی مەستیەکەی بێ، ترش و مێخۆشیەکەی بگاتە مێشک و قوڵایی و چێژی بینەرو دەلالەتی ڕۆحیی هەڵبگرێ، دەلالەتی پارەو بیزنس نا، خۆزگە فیستیڤاڵی هەنار لەهەڵەبجە لەبری ئەو هەموو کۆبوونەوە بێسەمەرە، ژینگەی وابێ و کۆشکی وابێ و سپۆنسەری وابێ و پلاستیکی تیانەبێ و گۆرانی و موزیکی وابێ و ستەیجی وابێ، دوو فۆتۆی ئاوا شیک و زەریفیان دەکردە پۆستەرو لۆگۆی چالاکیەکانیان نەک فۆتۆی هەنار، بە ژیری دەستکرد.

ئەو فۆتۆیانەی کاک ناسیحی خەیات بەپەنجەو دیدگا دەروێشانەکەی، ئەتباتەوە بۆ خەیاڵ و چیرۆکی ئەفسانەیی دارهەنارو هەناری بنداران و حەمەساڵە خانی و شێخمۆمن و دەمقڵیش و ترەکیوو کەوە هەناری ڕەسەنی کوردی و خۆماڵی، ئەتباتەوە بۆ ناو میلۆدیەکانی تافەی چەم و دەنگ و سیاچەمانەو ژەنینی بەردو تەڵان و کەپرو بنارو ئاگرو پایزو ژیانە سادەکەی دەروێشان، ئەوە خۆی گوزارشتە لەسروشت و خودی هەنار خۆی، دەی هەنار ئەمساڵ گلەیی و سکاڵای هەیە لە فیستیڤاڵی هەنار کەبەوجۆرە ساردو سڕە یادی دەکەنەوەو مەراسیمی بۆسازدەکەن و سپاردویانە بەلیژنەو دەبوو دوو فۆتۆی ئاوا نازکیان دابنایە لەبری کلیپ و گۆرانی و نمایشگەریی.

ئینجا هەنارو خانەقاو تەڵان و دەروێش مێژوویەکی کۆنیان هەیە، دەروێش عەفانی خۆشەویست لەبیارەی شەریفە بەحەق هەم دەروێشەو هەم باخەوان و هەم جوتیارێکی کاسب، هەم عاشقی هەنارە، هەربۆخۆی ڕەمزی ئیشارەیە بۆ ئەو جەوە عیرفانیەو خۆزگە دوو ڕەمزی ئاوا پیشاندرایە وەک خزمەتکاری هەنارو ژینگەو لەفیستیڤاڵەکە جێگای تایبەتیان پێ بدرایە نەک خەڵکی تر.

سیفاتەکانی دەروێشیی، تەنها حاڵ و ناڵەی دەرون نییە، کاسپی و پیشەگەریی حەڵاڵ و پاکڕەفتاریشە، پلەو مەرتەبەش نیە بەتەنها، دەستڕەنگینی و نەزەرعالییە لەگەڵ سروتە ئیلاهی و ڕۆحانیەکاندا بۆ خزمەتی خەڵک و دەروبەر، پرچبەردانەوەو سەوداگەری و خەڵوەت نییە بەتەنها، هۆکاری ژیانەوەی سروشت و پاسەوانی ئەفسانەکانی باخداری و ئاسایشی خۆراکیمانن. دەروێشی و قەلەندەریی بە خوێندن و خول و زانست نایگەیتێ، خوابتداتێ قەناعەت و سلوک و ژیانە راستەکەیە، باخەوانی حەقیقی و مەکانە بۆ بێمەکانی، دەروێش بەردەوام لە فەزایەکی ڕۆحی و جەوهەری وەحدانیەت و ئولوهیەت و زیکری خۆیدایەو لەگەڵیدا مامۆستاو وانەبێژە بۆ ئێمەی شارنشین کە هیچ شتێکمان نیەو وادەزانین خاوەنی هەموو شتێکین، بۆیە شار هەرگیز مرۆڤی گەورەو عاریف و دەگمەن و هەڵکەوتوو دروست ناکات،شێخ عەبدولقادری گەیلانی و مەولانا خالیدی نەقشبەندیی و کاک ئەحمەدی شێخ و شێخ حسامەدینی باخە کۆن و شێخ عوسمانی سیراجەدینی تەوێڵە و شێخ عومەری زیائەدینی بیارەو شێخ محمدی خاڵ و مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس و مەلا محمدی ئیبن ئادەمی باڵەکی و شێخ ئیسماعیلی وڵیانی، تادەگاتە قامەتی ساداتی پیرمەسورو پیری شەوکێڵ، پیرەمەگرون و پیری سورو باوە مەحمود، سەید باوە سەرهەنگ و باوە یادگارو سەهاکی گەورەی بەرزنجی و میری سور، تا باوە تایەری هەمەدانی و پیری دانیاڵی داڵاهوو، پیر سلێمانی ئەردەڵانی کە هەموو، دەرچوی مەدرەسەکانی تەکیەو خانەقای گوندین.

خەڵکی شار کتێبخانەیان هەیە بۆ جوانی، کتێبیان هەیە نایخوێننەوە. پیرەکانیان ناردوە بۆ خەڵوەتگە باوەشیان بە شتانێکدا کردوە کە هی خۆیان نیەو نایگەنێ، پیرو دەروێشانی ئێمە دڵیان کردۆتەوە بۆ پیشەو سروت و ئەخلاقێکی بەرزو ڕەسەن کەهی خۆیانەو بۆ ئەوەش دەژین و گەشتوون پێ ئێمەی شارنشین هەر خەریکی غاردان و ڕاکەڕاکین بەدوای تراویلکەی چێژو تەمەندرێژیدا، سەیدکامیلی ئیمامی بۆ ئەم شەرح و حاڵە ئێژێ؛

جێ و مەوتەنی من بپرسن هەر چۆلگەو سارایە
مەجنوونم و سەرگەردان لەو بەندەن و شاخانەم

ئاسۆ عەبدوللەتیف

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP