دواین هەواڵ

لە باكووری قوبرس چی دەگوزەرێت؟

‌كارزان گلی

8 کاتژمێر پێش ئێستا


رەنگە هەمان سیناریۆ لە رۆژئاوای كوردستان روو بدات


لە باكووری قوبرس، كە تەنیا توركیا وەكوو دەوڵەت دەیناسێنێت، هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەنجامدرا، لەو هەڵبژاردنەدا توفان ئێرهورمان، سەرۆكی پارتی توركیای كۆماریی، توانی بەسەر ئێرسین تەتەردا سەركەوێت، كە ماوەی پێنج ساڵە سەركۆماری قوبرسە.

ئاكەپە و مەهەپە، بەهەموو شێوەیەك پشتگیرییان لە ئێرسین كرد، بەڵام ئەنجام گەل پشتی تێكرد و روویان لە ئۆپۆزسیۆن كرد، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، گەلی قوبرس بێزاربوونە لەدەستتێوەردانی توركیا و پێیانوایە شكۆیان شكاوە.

ئێرسین تەتەر، پیاوی توركیا بوو، بەهەموو شێوەیەك خۆی خستبووە باوەشی ئاكەپە و مەهەپە، بۆیە ئەو دوو پارتەش بەهەموو هێزێكی خۆیانەوە پشتگیرییان كرد، تەنانەت مەسعوود ئۆزەل، یاریزانی پێشووی تۆپی پێی هەڵبژاردەی ئەڵمانیایان  ناردە قوبرس تا پروپاگندە بۆ ئێرسین بكات، بەڵام سوودی نەبوو.

ئێرسین، داوای دەكرد دوو دەوڵەت بۆ قوبرس دروست ببێت، یەكیان قوبرسی یۆنان و ئەوی تریش باكووری قوبرسە، كە توركیا سەرپەرشتی دەكات و تەنیا توركیاش وەكوو وڵات ناساندوویەتی. باكووری قوبرس، خاوەن پاسپۆرتی خۆیانن، بەڵام لە توركیا زیاتر بۆیان نییە بچنە هیچ وڵاتێكی تر، ئەوان بێبەشن لە زۆر شت، چونكە لە دونیادا لە توركیا زیاتر، هیچ وڵاتێك ئەوانی نەناساندووە، بەپێچەوانەوە قوبرسی یۆنان، لە نەتەوە یەكگرتوەكان ناسراوە و سەر بە ئەورووپایە و بەپاسپۆرتی ئەو وڵاتە، دەتوانی هەر وڵاتێكی ئەورووپات بوێت بۆی  بچیت.

توفان ئێرهورمان، لە پروپاگندەی هەڵبژاردن زۆر دژایەتی توركیای كرد، لایەنگرانی لەسەر شەقام دروشمی (بەنەفرەت بێت توركیا و وڵاتمان جێبهێڵە)یان بەرز كردبووەوە، هەروەها ئەوەی توركیا لێی دەترسێت ئەوەیە، ئێرهورمان داوای فیدڕاڵی بۆ قوبرس دەكات و لەگەڵ ئەوە نییە ببنە دوو دەوڵەت، واتە ئەو دەیەوێت لەرێگەی دانووستاندنەوە، باكووری قوبرس فیدڕاڵی لە قوبرسی یۆنان وەربگرێت، دیارە گەلیش بەو داوایە رازییە، بۆیە هەڵیانبژاردن.

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە، لە هەژماری خۆی لە (X)، داوای كرد هەڵبژاردن هەڵوەشێتەوە و قوبرس بە توركیاوە بلكێنرێت، چونكە رێژەی بەشداری ٦٢٪ بووە. بەڵام رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، بەپێچەوانەوە پیرۆزبایی لە توفان كرد و گوتی ”سەلماندتان قوبرس وڵاتێكی دیموكراتییە“، ئەمەش دەبێتە سەرەتای ناكۆكی ئاكەپە و مەهەپە.

توفات ئێرهورمان، بەجیاوازییەكی زۆر لە ئێرسینی بردەوە، ٦٣٪ی دەنگەكانی بەدەستهێنا، ئەمەش رێگە خۆش دەكات، تا داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بكات و حكوومەت هەڵوەشێنێتەوە. بەگوێرەی پێشبینییەكان، هەڵبژاردنی پەرلەمانی باكووری قوبرس، ناگاتە ٢٠٢٧ و لە ٢٠٢٦ دەچنە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە، چونكە ئێرهورمان بۆی دەركەوت میللەتی لەگەڵدایە و ئەگەر لەوێش پارتەكەی بیباتەوە، ئیدی شەڕی گەورە دەستپێدەكات و هەنگاو بۆ فیدڕاڵی دەبێت و پشت لە توركیا دەكات.

فەهمی كۆڕوو، لە نووسینێكدا پێیوایە ئەم شكستی ئێرسین تەتەر نەبوو، شكستی ئاكەپە و مەهەپە بوو و دەركەوت ئەو دوو پارتە لە قوبرسیش لایەنگریان نەماوە.

ئەگەر بێت و باكووری قوبرس لەسەر دەستی ئێرتورهان، ببێتە فیدڕاڵی و توركیا لەكۆڵی خۆیان بكەنەوە، نموونەیەكی باش دەبێت بۆ رۆژئاوای كوردستان، چونكە رۆژئاواش داوا دەكات لە سووریای تازەدا فیدڕاڵیان بدرێتێ و توركیا بەربەستە، ئەگەر ئێرتورهان سەركەوتوو بێت لەوەیاندا و توركیا شكست بهێنێت، ئەگەر زۆرە لە سووریاش هەمان سیناریۆ دووبارە ببێتەوە.

لاوازی توركیا لە باكووری قوبرس، كاریگەریی لەسەر سووریاش دەبێت و ئەرێنییە بۆ رۆژئاوای كوردستان.

دەبێت ئەوەش باس بكرێت، لەسەردەمی ئێرسیندا، قوبرس لەوپەڕی خراپی بووە لەڕووی ئابوورییەوە، هەروەها زۆرترین قومارخانە و كاری بەدڕەوشتی و قاچاغچییەتی مادەی هۆشبەری لێ بووە، بۆیە ئێرتورهان بەڵێنی داوە ئەو كارانە نەهێڵێت و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵك فەراهەم بكات، بەڵام ئایە توركیا رێگە دەدات؟ ئایە قوبرس دەخەنە سەر توركیا و دەبێت ٨٣ پارێزگای ئەو وڵاتە؟ یان ئێرتورهان بەپاڵپشتی گەل، فیدڕاڵی لە قوبرسی یۆنان وەردەگرێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP