دواین هەواڵ

پڕۆژەی ئاوی خێرای هەولێر خەونی هۆلاكۆكانی بۆ داگیركاری لەگۆڕنا

‌كارزان گلی

8 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی داگیركردنی هەولێر لەلایەن سوپای هۆلاكۆوە، یەكێك لەو هۆكارانەی وای كرد هەولێر خۆی بەدەستەوە بدات دوای ٩ مانگ گەمارۆدانی هەولێر، بێئاوای هەولێر بووە لە وەرزی هاویندا، واتە سوپای هۆلاكۆ چاوەڕێی كردووە تا هاوین بێت و پاشان هەولێر بێئاو دەبێت و ناتوانن بەرگری بكەن، هەرواش بوو و بێئاوی هەولێری ناچار كرد خۆی بەدەستەوە بدات، بۆیە هەولێر مێژوویەكی زۆر تاڵی لەدەستی بێئاوی هەیە، بەڵام كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەولێری لەبێئاوای رزگار كرد.
تەواوی وتارەكە لەم لینكەدایە.

هەموو ساڵێك لەوەزری هاویندا هەولێر بێئاو دەبوو و خەڵك لەبەر بێئاوی دەهاتنە سەر شەقام و ناڕەزایەتییان دەردەبڕی، حكوومەت بیری لەوە نەكردووە لەرێگەی تانكەری ئاوەوە ئاوی پاك بۆ خەڵك دابین بكات، چونكە چارەسەرێكی كاتی و نا لۆژیكە، بەڵكوو بیری لەوە كردووە بەشێوەیەكی یەكجارەكی هەولێر لەبێئاوی رزگار بكات، ئەویش پڕۆژە زەبەڵاحەكەی فریاگوزاری ئاوی خێرای هەولێر بوو.

پڕۆژەكە ئەوەندە بەپەلەیی و كوالێتییەكی بەرز ئەنجامدرا، میدیاكانی توركیا باسیان دەكرد و بەپڕۆژەیەكی گرنگ و ستراتیژی ناویان هێنا، هەروەها لە میدیاكانی عێڕاقەوە بە گرنگییەوە باسیان كرد و چەند میدیاكارێكیان داوایان لە حكوومەتی عێڕاق كرد، سوود لە هەرێمی كوردستان وەربگرێت بۆ ئەوەی بتوانن بەغدا و بەسرە لەبێئاوی رزگار بكەن.

سەركردەی خزمەتكاری گەل، هەمیشە بیر لە پڕۆژەی ستراتیژ و گەورە دەكاتەوە، پڕۆژەی ئاوی خێرای هەولێریش یەكێكە لەو پڕۆژانە، كە مێژوو دەینووسێت و لەبیری ناكات.

یەكێك لەو هۆكارانەی وای كردبوو، ئاكەپە لە هەڵبژاردنەكاندا هەمیشە سەركەوتوو بێت و بەتەنیا حكوومەت پێكبهێنێت، پرۆژە ستراتیژییەكانی ئەو پارتە بوو بۆ تەواوی توركیا، نموونە دروستكردنی ژێرخانی رێگاوبان و تونێل و راكێشانی میترۆ و كارگەی گەورە و دەیان پڕۆژەی تر بوو، دەنگدەر دەنگ بە پڕۆژە دەدات، دەنگ بەو پارتە دەدات كە خزمەت دەكات.

هیتیتەكان زیاتر لە ٣٠٠ ساڵ حوكمی ناوچەی ئەنادۆڵیان كردووە، بەهۆی نەبوونی ئاو و وشكە ساڵی، ئیمپڕاتۆرییەتەكەیان رووخا، چونكە برسییەتی رووی تێكردن و نەیانتوانی بەبێ ئاو بژین و بمێننەوە، بۆیە بێئاوای ئیمپڕاتۆڕیەتێك لەناو دەبات.

توركەكان بەهۆی بێئاوییەوە لە ناوەڕاستی ئاسیاوە هاتنە ناوچەی ئەنادۆڵ و گرێبەستیان لەگەڵ كورددا كرد بەوەی رێگەیان بدەن لە خاكی ئەواندا بمێننەوە و كاری كشتوكاڵی بكەن، پاشان ئیمپڕاتۆڕیەتێكیان دروست كرد و خاكی كوردیان داگیر كرد و كردیان بەهی خۆیان.

بۆیە كابینەی ئەمجارەی حكوومەت، بەدڵنیاییەوە ئەزموونی لەمێژوو وەرگرتووە و دەزانێت ئەگەر هەولێر هەروا بێئاوبایە، دوور نەبوو كۆچ دەستپێبكات و خەڵكەكەی وەكوو هیتیتەكان لەبەر بێئاوای شارەكەیان جێبهێڵن، بەڵام بەو پرۆژە گەورەیە، هەولێری لە جیهاندا ناساند و بۆ ٥٠ ساڵ شارەكەی لە بێئاوی رزگار كرد، ئەمەش دەستكەوتێكە نەوەكانی داهاتوو سوودی لێدەبینن و شانازی دەكەن سەردەمانێك حكوومەتێك هەبووە بیری لەوانیش كردووەتەوە.

دەبێت بزانین، دوژمن هەمیشە ئەو سەركردەیە دەكاتە ئامانج كە خەمی وڵات و گەلەكەیەتی و خۆشەویستە لایان و دەیەوێت لەبەر چاوی گەلەكەی بچووكی بكاتەوە، بەڵام كام سەركردە ئاستی بەرز نییە و هیچی پێ نییە بۆ میللەتەكەی، دێت لەبەر چاوی گەلەكەی گەورەی دەكات و دەیكات بە فریادەڕس. بۆیە دەبێت گەلی كورد وریا بێت و بزانێت كێ لە خەمی وڵات و گەلەكەیەتی پشتكیری بكات و لەپشتییەوە بێت، نەكەوێتە ناو تەڵەی نەیارانەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP