دواین هەواڵ

بنکەی ژین لە سلێمانی: تۆزی ئەوسا، کەڕوی داهاتوو

‌د.سەردار عەزیز

8 کاتژمێر پێش ئێستا

لەو چەند ڕۆژە کەمەی لە سلێمانی بووم، یەکێک لە شوێنە تایبەتەکان کە بەختی ئەوەم هەبوو  سەردانم کرد، (سوپاس بۆ کاک هاوڕێ) بنکەی ژین بوو. دەمێک بوو بە نیازبووم سەردانێکی وەها بکەم، دەمزانی خۆشحاڵ دەبم، بەڵام زۆرێکیش دڵتەنگ.

بنکەی ژین شوێنێکە دەتوانین ناوی بنێین ئەرشیفخانە. ئەرشیف وشەیەکی نامۆیە بە زمانی ئێمە، لە ئەرخێی یوناییەوە هاتوە کە یانی سەرەتا. بەڵام ئەم سەرەتایە هێندە سادەنیە. وەک درێیدا لە کتێبی تای ئەرشیفدا دەڵێت:  وشەی ئارخێ لە هەمانکاتدا هەڵگری دوو مانایە، سەرەتا و فەرمان. سەرەتا ئاماژەیە بۆ شوێنێک کە تیایدا دەتوانین بزانین سەرەتای دیاردەیەک، ڕوداوێک، ڕێچکەیەک، ڕێگایەک، لە کوێیدا و لە کەیدا دەستی پێکرد. 
لە هەمانکاتدا فەرمانەکان، بڕیارەکان، مێژویان لەوێدا هەڵگیراوە. 
بەڵام بۆ ئێمە بنکەی ژین جێگایەکی زیاترە لە شوێنێک کە تیایدا بەڵگەنامەکان و دەستنوسەکان و بڵاوکراوەکانی تیایدا هەڵگیرابێت، یان هەوڵ بدەن کە تیایدا هەڵبگرن، بەڵام پێش ئەوەی باس لە بونی شوێنێکی وەها بکەین دەبێت لە سیاقی کوردیدا باس لە مان و نەمان و چارەنوسی بکەین. ئەرشیفخانە جێگایەک نیە پەڕە تۆزاوییەکان تیایدا بەسەر یەکدا ڕمابن. چەمکی تۆز شایستەی ڕامان، بیر لە مارکس بکەرەوە لە ئاماژەی بە هاتنی بۆژوازیەت و بە تۆزبوون. 
ئەرشیفخانە شەڕە لە گەڵ تۆزی فیزیکیی و تۆزی میتافۆریی. گەر جارێکی تر بگەڕێینەوە بۆ درێدا، ئەرشیف هەروەها شوێنێکی فرۆیدییە. لەوێدا یادەوەریی هەڵگیراوە، بەپێی ڕێساکانی زانست و ئارەزوەکانی دەسەڵات ڕێکخراوە. لە بنکەی ژین ڕێساکانی زانست، نەبونی تەکنەلۆجیای پێویست لە گەڵ ئارەزوو یان لە ڕاستیدا نەبونی ئارەزوی دەسەڵات بە توندی بۆنی دێت.

من ڕۆشتم بۆ ئەوەی گۆڤاری ڕزگاریی ببینم، گۆڤاری ماوییە کوردەکان، بەڵام زۆر شتی دەگمەن و نایابی تر بە ڕومدا کراوە. دەستنوی عوسمانی بە زمانی عوسمانی. ئیمپراتۆریەتێک لە گەڵ زمانێکدا کە ڕۆژانێکی زۆر دوور نا، باڵادەست بوون، ئەمڕۆ زۆرێک ئازاری نۆستالیجییای بۆ دەچێژن، بەڵام لە ڕاستیدا نە مردوە و نە زیندوو. لە دۆخێکی زیندەمەرگدایە. بۆیە نە دەمرێت هەروەها نە زیندوو دەبێتەوە.

مامۆستا ڕەفیق و مامۆستا سدیق بە حەزێکی عاشقانەوە، بە سەختییەکی فەرهادییانەوە لە کارەکانیان بەردەوام بوون. ئێستای کوردستان جێگایەکە، نەک ڕابوردوو، بەڵکو داهاتووش هیچ بەهایەکی نیە، ئەوەی هەیە ئێستایەکی تراویلکەییە، کە بە فریوی هەواڵ تەنراوە.

بۆ فرۆید ئەرشیف وەک دەرونشیکاریی وەهایە. دەگەڕێیینەوە بۆی هەتا بزاین سەرەتا لە کوێیە، بۆ ئەوەی ئەوەی کە ونە، شاراوەیە، نەوتراوە، خەفەیە، هەستی پێبکەین. بۆشاییەکان ببینین و گەر نەمانتوانی بە بەڵگە پڕی کەینەوە پەنا بەرینە بەر داتا و پاترن و دیاردە و خەسلەتەکان.

بە کوردی مێژوویەکە کە لە مێژوونوسینی ئەو مەملەکەتە ناچێت. 

بنکەی ژین سلێمانی دەکاتە شار. شوێنێک کە تیایدا یادەوەریی هەیە و هەروەها توانای ڕوانگەیەک بۆ داهاتوو. پێش هاتنی ئەم سەردەمە هیچ شارستانیەتێک بەبێ کەلتوری خۆی بونی نەبوە. ئەمڕۆ لە سەردەمی جیهانگەریدا شارستانیەتی زۆرن هەن تەنها دیکۆرییان هەیە. دیکۆرەکان بێ زمانن، ڕەنگە وەک زێر ببریسکێنەوە، بەڵام ختۆکەی هیچ ڕۆحێک نادەن. کەنداوی عەرەبی وەهایە. بەڵام بە داخەوە کەلتوری کەنداوی، کەلتوری دیکۆر، باڵاترین کەلتوری ئەمڕۆی کوردییە. 
بنکەی ژین پێویستی بە یارمەتییە، بە هەموو جۆرە یارمەتییەک. هاوکاریی مادی، مەعنەوی، زانستی، لە سەروی هەمویەوە هەستکردن بە گرنگییەکەی. 
بە هیوام ئەوانەی دەتوانن پشتیوان بن، پشتیوان بن. چونکە ئەگەر ئێمە وەک دار بین ئەوا دەبێت ڕەگمان هەبێت. ڕەگیش پێویستی بە ئاو و خۆراکە. کاتێک ڕەگ بە تەسک و تاریکی زویدا دەڕوات، لە ئەنجامدا، پەلی گەشاوە بە فراوانی ئاسماندا پەلدەکێشێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP