دواین هەواڵ

ئەم ئۆپۆزسیۆنەی ئێستا ئەگەر حوکمڕانییش بگرنەدەست هێشتا هەر دەڵێن بڕوخێ دەسەڵات

‌ئاسۆ عەبدوللەتیف

11 کاتژمێر پێش ئێستا

بەشێکی سەرەکی ئەم ئۆپۆزسیۆنەی ئێستا ئەگەر حوکمڕانییش بگرنەدەست هێشتا هەر دەڵێن بڕوخێ دەسەڵات و بڕوخێ دەوڵەت، چونکە لەزیهنیەتیاندا هێزی سیستم و دامەزراوەیی و دەوڵەتسازیی دروست نەبوەو حەزیان هەر لەجادەسازیی و شەڕی سەحافەیە.
ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە دەبێ پڕۆژەی هەبێ و یاریەکە لەدەسەڵات تێک بداو فشاری بۆ بهێنێ بەقسەی پوخت و عەقڵانیی و ئارگیومێنتی جددی، خۆ هەر توڕەبوون و ڕەخنە بەس نییە، بڕۆ تا ئێوارە جنێوبدە، ناشتوانی بیڕوخێنی، توانات نییە، هێزو کاریزمات نییە یەک پڕۆژەی نەتەوەیی و نیشتیمانی و دەوڵەتسازییت نییە وەک بەدیل، وترا کارەبا ترافیکە ئەوە باش بوو، وترا نەوتەکە رادەست بکەن و ئەوەش رادەستکرا، وترا ڕێککەون لەگەڵ شیعەکان ئەوە ڕێککەوتن کرا لەگەڵ مەرجەعە گەورەکانیان، ئەدی ئێستا چی؟
ئەوەی ڕەخنە زۆر دەگرێ لە دەسەڵات هەر لەمیدیای دەسەڵاتەوە ئەوە خۆی خشتی تەلاری ئەو دەسەڵاتەیەو ڕۆڵی دراوەتێ، مانای ئەوە نییە خەمی ژیانی ڕەعیەت و کۆیلەکانی بێ، بۆ نمایشگەرییەو فێری کاسبیەکە بوون، حەزیان لە جێگای ئاغاکەیە، جا ئەگەر نەیانتوانی ببنە ئاغا، خۆیان جۆرێکی تازەی کۆیلایەتی بەرهەم دەهێنن تا بگەنە ئاستی ئاغاکەو هیچ نەبێ لەتەنیشتیەوە ڕێ بکەن و وێنە بگرن، خەیاڵاتیان ئەوەندەی لای پۆست و ئیمتیازە، ئەوەندە خەیاڵیان لای چاکسازی و چاکەی گشتی و هێزی نەتەوەیی و نیشتیمانیی نییە، واخۆیان دەردەخەن لەسەنگەری بەرگری خەڵک و شەقامدان بەڵام ڕێک پێچەوانەکەی ڕاستە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP