دواین هەواڵ

هەر بەدوای ڕێگەیەکدا ئەگەڕێ!

‌شیروان تاڵیب

11 کاتژمێر پێش ئێستا

گرتە ڤیدیۆیەک هەیە هی ١٦ی ئابی ساڵی ١٩٩١ە، نێچیرڤان بارزانی لەبەرانبەر جەماوەرێکی خرۆشاودا ڕاوەستاوە و لەناو گەرمەی هوتافی حەماسیانەی ئەواندا، ئەم ئەڵێ: باشترین زەمانەت بۆ سەرکەوتنمان، یەکێتی و برایەتی و ئیتفاقی میللەتە!
ئەوە ساڵی ١٩٩١ە، وەرە بۆ ٢٠٢٥…
١٠ ڕۆژ لەمەوبەر، لە پەیامێکیدا کە بە بۆنەی ساڵیادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولەوە بڵاوی کردۆتەوە، تیایدا ئەڵێ: دەبێت هەمووان پێکەوە بین تا بگەینە کەناری ئارام!
سەیرە و زۆریش…
جیاوازیی زەمەنیی لە نێوان ئەو دوو هەڵوێستەدا، ٣٤ ساڵی ڕەبەقە!
جیاوازیی لە تەمەنی خۆیشیدا زۆر زۆرە،، لەوەی یەکەمدا ٢٥ ساڵ و لەمەی دووەمیشدا، ٥٩ ساڵە!
ئەوکات وەک سەرکردەیەکی پارتی بۆ پارتییەکان دواوە و ئێستاش وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕوو لە هەمووان قسە ئەکا،،
کەچی لەو ٣٤ساڵەدا، ڕوانگەی ئەو بۆ ڕێکخستنی ژیانی سیاسی، بۆ زامنکردنی دەستکەوتی زیاتر، بۆ هەنگاونان بەرەو سەرکەوتن و بۆ گەیشتنی میللەت بە کەناری ئارام، ڕوانگەیەکی جێگیرە و بە موو نەگۆڕاوە، ئەودەم چی وتووە، ئەمڕۆش هەر وا ئەڵێ… ئەمەیە نێچیرڤان!
تەبعەن لە نێوان ئەو دوو زەمەنەی هەرێمەکە و ئەو دوو تەمەنەی ئەودا، شەڕ یەخەی گرتبین، تا حەددی قیادەکردنی مەیدان و قڵپکردنەوەی مێز بەسەر بەرامبەرەکاندا چووە، بەرگریمان پێویست بووبێ، باشترین لاعیبی هێڵی دیفاع بووە، بەڵام هەرگیز ڕوئیاکانی بۆ پێشخستنی قەزییەکە و مانەوەی قەوارەکەی (کە لە واقیعە تاڵەکەی هەرێمەکەوە سەرچاوەی گرتووە) لە بیر نەچووە و هەموو نەوعە شەڕەکانی لەپێناوی شەڕدا نا، لەپێناوی ئاشتی، ئارامی، ئاوەدانیدا کردووە!
ئەم پیاوە لە هەر سیفەتێکی حیزبی یان دەوڵەتیدا بێ، دوو سیفاتی هەن دەستبەرداریان نابێ و لە ئەرک و ئەدائیدا ڕەنگ ئەداتەوە:
سیاسەت بە سنگێکی فراوان ئەکا و حیزبایەتیش بە بیرێکی کراوە!
ئەوە من نیم وا ئەڵێم، سەرکردە و سیاسییە کۆچکردووەکان و بگرە زیندووەکانی لایەنە غەیرە پارتییەکانن وا ئەڵێن، کێ ش عەکسی ئەم قسەی منی پێ ئەسەلمێ، با لە کۆمێنت بینووسێ!
نامەوێ بە گێڕانەوەی ئەوەی نێچیرڤان بارزانی (بە نهێنی) بۆ خزمەتی قەزییە و قەوارەکە کردوییەتی و ئەوەی خەڵکی تر لە وەسفی میانڕەویی ئەودا ( بە ئاشکرا) وتوییەتی، نووسینەکەم درێژتر بکەم، بەڵام لەم ڕۆژانەدا لە مەجلسێکی خۆییانەدا، برادەرێکی ئاگادار، بەسەرهاتێکی ئەوی گێڕایەوە عەجیب جالب بوو…
لە یەکەم کابینەی یەکگرتنەوەی دوای پەرتبووندا ( ٢٠٠٦- ٢٠١٠)، بەرپرسێکی غەیرە پارتی، باس لە چالاکییەکی عەسکەریی حیزبەکەی بۆ کاک نێچیرڤان ئەکا و پێی ئەڵێ: ئێمە کاتی خۆی لە شەڕێکدا بۆ ئازادکردنی ئەو ناوچەیە، حەوت شەهیدمان دا!
کاک نێچیرڤان لەو دەققەیەدا هیچ ناڵێ، بەڵام هەر ڕۆژی دواتر، ستافێکی نووسینگەکەی ڕائەسپێرێ تا خێزانی ئەو حەوت شەهیدە بدۆزنەوە و هەرچی نوقسانییەکیان هەبێ، دەستبەجێ بۆیان دابین بکرێ،، دەرئەکەوێ نوقسانیەکانیان هەند زۆرن، لە ژماردن نایەن!
لە ڕاستیدا نە من ئەزانم ئەو بەرپرسە بە چ نییەتێک ئەو باسەی کردۆتەوە، نە ئەو برادەرەیشی بەسەرهاتەکەی گێڕایەوە ئەیزانی، بەڵام دوای ماوەیەک کە بەسەرکردنەوەکەی کاک نێچیرڤان بۆ ئەو خێزانانە ئەبێتە جێی باس، جەنابی بەرپرسەکە دێتە لای کاک نێچیرڤان و پێی ئەڵێ: داوای لێبوردن ئەکەم!
ئەمەیە نێچیرڤان..
هەمیشە بەدوای ڕێگەیەکدا ئەگەڕێ، ڕق و کینە و ڕق لەیەکبوونەوە کاڵ بکاتەوە و ڕۆحییەتی ئاشتی و ئارامی ئاوەدانی تۆخ بکا..
هەر بمێنی بۆ دۆزینەوەی ئەو ڕێگەیانە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP