دواین هەواڵ

گرنگى قوڵایی جوگرافیی ستراتیژی دەوڵەت لە بەردەم جەنگى مۆدێرندا

‌د.بێستون ئەحمەد حسێن

2 کاتژمێر پێش ئێستا

قوڵایی جوگرافیى ستراتیژى یەکێکە لە توخمە گرنگەکانى دەوڵەت. لە ڕوانگەى سیاسییەوە، قوڵایی جوگرافى ڕۆڵ و کاریگەرى و سەنگى لە سیاسەتى نێودەوڵەتیدا هەیە. چەمکى قوڵایی جوگرافى بە شێوەیەکى زۆر سادە گوزارشتە لەو ناوچە جوگرافییەى، یان دووراییەى کە دەکەوێتە نێوان سوپا و ناوچەکانى (نیشتەجێبونى دانیشتوان، پیشەسازى، شارەکان، ناوچەکانى چەک و تەقەمەنى و… هتد، کە بە ناوچە هەستیارەکان ناو دەبرێن. ئەگەر ڕۆشنایی بخەینە سەر هەریەک لە ( قوڵایی جوگرافیاى کردارى) و( قوڵایی جوگرافیاى ستراتیژى)، دەبینن قوڵایی جوگرافیاى کردارى ئەو پاننتاییە جوگرافییە دەگرێتەوە کە هەردوولا شەڕى تێدا دەکەن، واتا گۆڕەپانى جەنگ دەگرێتەوە، بەڵام قوڵایی جوگرافیى ستراتیژى شان بە شانى قوڵایی دەوڵەت درێژ دەبێتەوە.
سەبارەت بە جەنگى مۆدێرن و کاریگەری لەسەر قوڵایی جوگرافى ستراتیژى دەوڵەت دەکرێت بڵێین ئەو پێشکەوتنەى ئەمڕۆ لە دنیاى پیشەسازىی چەکدا هاتۆتە ئاراوە وەک دروستکردنى مووشەکى کیشوەربڕ و فڕۆکەى بێفڕۆکەوان و… هتد، کاریگەرىی تەواویان کردۆتە سەر لاوازکردنى قوڵایی جوگرافىی ستراتیژى، چونکە فڕۆکەى بێفڕۆکەوان و مووشەکى بالستیکی توانایەکى زۆریان هەیە و زۆر بە ئاسانى دەتوانن بگەنە شوێنە ئامانجدارەکان، بەتایبەت کۆگاکانى چەک و ناوچە پیشەسازییەکان و… هتد. ئەمەش وای کردوە هەندێک دەوڵەت پێیان وابێت کە شەڕى مۆدێرن پێویستى بە قوڵایی ستراتیجى جوگرافى نەماوە. ئەمەش پێمان دەڵێت؛ کە جوگرافیا لە ئێستادا بەتەنیا ناتوانێت ڕۆڵێکى گرنگ و کاریگەر و یەکلاکەرەوەى هەبێت لە دابینکردنى ئاسایشى وڵاتدا. چونکە لە ئێستادا دەرکەوتنى چەکى مۆدێرن و تەکنەلۆجیاى نوێ و سەردەمى زۆر بە ئاسانى دەتوانن بگەنە قوڵایی جوگرافى ستراتیژى وڵاتان. بۆیە ئەمە پێمان دەڵێت لە ئێستاى دنیاى پێشکەوتنى چەکى مۆدێرندا دەوڵەتان دەتوانن لە گۆڕەپانى جەنگدا خاکى یەکترى بۆردومان بکەن، هەرچەندە هەندێ وڵات پێیان وایە، هێشتا قوڵایی جوگرافى ستراتیژى لە سەردەمى چەکى مۆدێرنیشدا ڕۆڵ و کاریگەرىی هەرماوە. ئەویش لەسەر ئەو بنەمایەى کە هێزى ئاسمانى بەتەنیا ناتوانێت ناوچەکان داگیر بکەن، بۆیە واى دەبینن داگیرکردن و کۆنترۆڵکردنى زەوى بەبێ هێزى پیادە ناکرێت. تازەترین نمونەش بە وڵاتى ئۆکڕانیا دەهێننەوە کە تا ئێستاش وڵاتى ڕووسیا نەیتوانیوە ناوچەیەک یان شارێک لە شارەکانى ئۆکرانیا داگیربکات.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP