دواین هەواڵ

وانەکانی ڕوداوەکانی نیپاڵ

‌بڵند دلێر شاوەیس

2 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕوداوەکانی هەر کۆمەڵگایەک لە جیهاندا کەم یان زۆر نزیک یان دوور کاریگەری لەسەر کۆمەڵگاکانی تر دەبێت، گرنگە وانەیان لێوەربگیرێت.

ئاژاوە و توند و تیژییەکانی نیپاڵ کۆمەڵە وانەیەکی گرنگمان پێدەبەخشێت، ناڕەزایەتی و لەدەست دەرچوونی دۆخی ئاسایشی نیپاڵ هەڵچوونێکی کتوپڕ نەبوو، تەنها هەڵوێستێک نەبوو لەسەر داخستنی چەند پێگەیەکی سۆشیال میدیا، بەڵکو پەنگ خواردنەوەی ناڕەزایەتی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە بوو بەرامبەر بە نادادی، گەندەڵی، قۆرخکاری و کەڵەکەبوونی گرفتە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە پێش سەدان ساڵ زانا و فەیلەسوفی مەزن (ابن خلدون 1406 - 1332) باسی لێوەکردووە:
" ئەگەر گەندەڵی لە وڵاتدا تەشەنەی سەند، یەکەم قۆناغەکانی چاکسازی بریتییە لە ئاژاوە! ".
"إذا عم الفساد في الدولة فأن أولى مراحل الإصلاح هي الفوضى"

ناڕەزایەتی و ڕوداوەکانی نیپاڵ وانەیەکمان پێدەدات کە بە هۆش خۆماندا بێینەوە، بەرچاو ڕونیمان دەداتێ لەوەی گرفتە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لە هەر کۆمەڵگایەکدا بەدەمەوەهاتنی خێرای دەوێت و پێویستە لە سەرەتاوە و لە کێشە بچوکەکانەوە چارەسەر بکرێن پێش ئەوەی گەورە بن، بە کەڵەکەبونی گرفتەکان چارەسەر کردنی کێشەکان قورستر و زەحمەتتر و کاتی زیاتر دەبات و لە کۆتاییدا قوربانی و باجی زیاتری دەوێت.

بەهەند وەرنەگرتنی کێشە و گرفتەکان و گوێ نەدان بە داخوازی تاکەکانی کۆمەڵگا نائومێدی بڵاو دەکاتەوە و متمانەی هاوڵاتیان بە دەسەڵاتی سیاسی ناهێڵێت، لەگەڵ ئەوەشدا ناڕەزایەتییەکانی خەڵک قوڵتر دەکاتەوە تا ئاستی ڕق....

مەرج نییە پەرچەکرداری جەماوەر لەبەرامبەر گرفتە گەورەکان خێرا و دەم ودەست بێت، کاتێک ناڕەزایەتییەکان پەنگ دەخواتەوە ڕەنگە ڕوداوێکی بچوک لە شوێنێکی لاچەپ ببێتە بڵێسەی هەڵگیرسانی ئاژاوە و توندوتیژی و تەنانەت شۆڕش و گۆڕانکاری سیاسی گەورە، بۆ ئەمەش ئازاردانی هاوڵاتی تونس "محمد البوعزيزی" و خۆ سوتاندنی و ڕوداوەکانی بەهاری عەرەبی دیارترین نموونەن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP