ئابووری و بژێوی ژیان گرێدراوە بە توخمی سەرەکی ژیان واتە ئاوەوە. لە هەموو شوێنێک خاک و هەوا هەیە بەڵام کە ئاو نەبێت ئیتر چالاکییەک بۆ ژیان نیە..
ئاو بە شێوەی راستەوخۆ بە رێژەی کەم تا فرە رۆڵی لە درووستبوونی هەموو کاڵایەکدا هەیە هەر بۆیە هاوردە و هەناردەکردنی هەر کاڵایەک واتە هاوردە و هەناردەکردنی ئاو. بە پێی هەموو پێوەرەکان گەورەترین و بەربڵاوترین کاڵای بازرگانی لە ئیستە و هەموو چاخێکدا ئاوە. ئاو بە سێ جۆری "ئاوی مەجازی"، "ئاوی سەوز "و "ئاوی خۆڵەمێشی"
بازرگانی پێوە دەکرێ و دیارە لەو سەردەمەی ئێمەدا بە هۆی تیکنۆلۆژی خێرا و ئاسانی گەیاندن، بازرگانی ئاو لە سەرچاوەوە بۆ مەقسەد چڕوپڕتر بۆتەوە و ئەو هۆکارە لە دەسپێراگەیشتن، ئاسایشی ئاو و راگرتنی باڵانسی ژیان لە ناوچە بێ ئاوەکاندا، بۆ هەمووان دەوری بەرچاوی هەیە. بە هۆی زۆربوونی حەشیمەت و برانەوەی ئاو لە دوو بەشی کشتوکاڵ و پیشەسازییدا
بێجگە لە رووبار و ئاوە بسوورەکان(آبهای جاری )، هەماراوەکانی ژێر زەوی و تەنانەت بە شیرین کردنی ئاوی زەریا سوێرەکانیش دەستێوەردان لە تەکووزی و رەوتی ئاسایی سروشتدا کراوە. گوازتنەوەی ئاو بە بۆری، تانکر و بتڵ، دەچێتە خانەی بازرگانیکردن و لە زۆربەی وڵاتاندا بە پێی یاسا و کۆنڤانسیۆنەکانی پێوەندیدار بە ئاوەوە ئەنجام ئەدرێت. وڵاتانێک کە لە ئیمرۆدا خاوەن ئاورێژگە و سەرچاوەی دەوڵەمەندن کاراکتێری سەرەکی سیاسەتن لە ئاستی نێودەوڵەتییدا. سیاسەت و بەرێوەبەری ئاو لەو چاخ و سەردەمەی ئێمەدا بەشێکە لە سیاسەتی دەوڵەتی.
بە هۆی برانەوەی لە رادەبەدەری ئاو لە بەشەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازییدا و هەروەها گۆرانی کەشوهەوا، سەرچاوکانی ئاو کەم و بەرتەسک بۆتەوە. بە پێی یاساکانی ئاو گوازتنەوە و جێبەجێکردنی ئاو دەبێت تەنیا بە مەبەستی خواردنەوە بێت نەک پیشەسازی و کشتوکاڵ، هۆکاری چەسپاندنی ئەو یاسایە بەرگرییە لە کاولکاری و تێکدانی دیمەنی ئاسایی سرووشت. گوازتنەوەی ئاوی سوێری دەریای ئازاد شایەد لە باری ژینگەییەوە خەساری کەمتر بێت بەڵام بۆ رووبارەکان پەسەند و رەوا نیە چوونکا وشک کردنی رووبارەکان یانێ وشک کردنی کانیاوە سەرزەوینییەکان، یانێ بەرگری لە بووژانەوەی هەماراوەکانی ناخی زەوی