دواین هەواڵ

جەنگی ناوەخۆی مرۆڤ: لەنێوان ویژدانی ڕەسەن و کۆیلایەتی ئارەزوودا

‌سیروان عوبەید

4 کاتژمێر پێش ئێستا

چۆن سیستەم: لاوازییەکانی مرۆڤ دەقۆزێتەوە بۆ قازانجی خۆی؟

مرۆڤ، ئەم بوونەوەرە ئاڵۆزەیە کە لەیەک کاتدا خاوەنی بەهێزترین عەقڵ و لاوازترین خاڵی ناوەخۆییە. ئەگەر ئارەزووی خراپ نەبوایە، ڕەنگە پێویستیمان بە وشە و چەمکی "ڕەوشت" نەبوایە. بەڵام ئەمڕۆ، کێشەی سەرەکی مرۆڤ لەوەدایە کە ژیانی دەرەوەی بووەتە ئاوێنەی جەنگە ناوەخۆییەکەی: پێکدادانێکی سەخت لەنێوان ئەو ئارەزووانەی بەدوای چێژی خودی و خۆپەرستیدا دەگەڕێن، و ئەو هێزە ڕەوشتییە ناوەخۆییەی کە ناوی ویژدانە. ئایا ئاژاوەکانی جیهان، تەنیا ڕەنگدانەوەی شکستە ناوەخۆییەکانی مرۆڤ نییە؟

بەهۆی ئارەزووە خراپ و زۆرەکانی مرۆڤەوە ڕێژەی تاوان، و نادادی سیستماتیکی و سەرپێچییەکان لە جیهانەکەماندا هێندە زۆر بووە، ئەگەر چاوەکانیشمان دابخەین تاوان و نادادیەکان لەڕاست و چەمانەوە دەبینین کە خەریکە جیهان بەتەواوی غەرقی تاریکی و بێهەستی دەبێت. چونکە ئەم ئارەزووە خراپانەی دەبنە هۆی داڕمانی ڕەوشتیی. کاتێک مرۆڤ پڕەنسیپە ئەخلاقییە ڕەسەنەکانی لەدەست دەدات، ئەو بیرۆکە و ئایدۆلۆژیانە شوێنی دەگرێتەوە کە کۆنتڕۆڵی مرۆڤ دەکەن، و پەیڕەوکردنیا دەبێتە ئەخلاقی، کە لەبنەڕەتدا بە سروشتی مرۆڤ نامۆن و ناڕەوشتین.

مرۆڤ کە وەک بوونەوەرێکی فیزیکی و ڕۆحی، بەهێزترینە لەڕووی عەقڵ و بنیاد و داهێنانەوە، لەهەمانکاتدا یەکێک لە مەترسیدارترین خاڵی لاوازیشی ئارەزووە خراپەکانی خۆیەتی. هەربۆیە، مرۆڤ بەردەوام پێویستی بە بەرز ڕاگرتنی چەمکی ڕەوشتی گشتی و بەهێزکردنی ویژدانی ناوەخۆیی خۆی هەیە، تا بتوانێت لەناوخۆی خۆیدا بەسەر ئارەزووە خراپەکانیدا زاڵبێت و لەدەرەوەش بەرگەی کاریگەری هێرشی بیرۆکە بێڕەوشتییەکان بگرێت.

جەنگی ناوەخۆیی: ویژدان دژی ئارەزوو.

هەرچەندە مرۆڤ بەهۆی کۆنتڕۆڵکردنی ئارەزووەکانیەوە زۆرجار دەروونی نا ئارام دەبێت. چونکە ئەو مرۆڤەی کۆنتڕۆڵی ئارەزووە خراپەکانی دەکات، بەردەوام لەناوخۆیدا پێکدادانێکی توندی هەیە لەنێوان دەنگی ویژدان و پاڵنەری ئارەزووە خراپەکانیدا، بێگومان ئەم پێکدادانەش چوارچێوەی فکری، ڕۆحی و سایکۆلۆژی لەخۆدەگرێت.

لێرەدایە ئاڵۆزیی و سەرسووڕهێنەری مرۆڤ بەدیار دەکەوێت: ئارەزووەکان تەنها مرۆڤ پاڵدەنێن ئەوشتە بکات کە چێژی خودی و خۆپەرستانەیە، بێ پرسیارکردن لە ئازار و نەهامەتی دواتر یان تاوان دژبە ئەوانی تر.
لەبەرامبەردا ویژدان: وەک هێزێکی ڕەسەن و خودیی و دەنگێکی ناوەکی کە کاری باش و خراپ لە یەک جیا دەکاتەوە؛ بەواتایەکی تر، ئەو هەستە ڕەسەنەی کە سەرکۆنەی مرۆڤ دەکات لەسەرهەر تاوان و گوناهێک، هەر کارێکی نادروست کە مرۆڤ بەهۆی ئارزووەکانییەوە دەیکات.

سەرئەنجام کەسی کۆیلەی ئارەزووەکان: ئەو مرۆڤەی ئارەزووە خراپەکانی بەسەرویژدانیدا زاڵ دەبن، دوچاری خراپەکاری دەبێت، و چێژی کاتی بەدەست دەهێنێت، هەروتها، دەبێتە کۆیلەی هەرسیستەمێک و هەرشتێک کە ئارەزووەکانی تێربکات.

بەڵام، مرۆڤی خاوەن ویژدان: ئەو مرۆڤەی کە ویژدانی زاڵە بەسەر ئارەزووە خراپەکانیدا، لەکۆتاییدا، هەست بە ئازادی و سەرکەوتنی ناوەخۆیی دەکات، کە بە هیچ قازانج و دەستکەوتێکی تر کە لەڕێگەی ئارەزووە خراپەکانەوە بەدەست دێن، بەراودیان ناکات.

سیستەمی سەرمایەداری و قۆستنەوەی ئەو لاوازییەی مرۆڤ

لەسەردەمی سەرمایەداری ڕەقدا، کە پێوەری دەوڵەمەندی و سەرکەوتن تەنها لە چوارچێوەی پارە و قازانجدا دەبینرێت، باڵانسی ئەو جەنگەی نێوان ویژدان و ئارەزووە خراپەکان تەواو نابەرابەرە.

چونکە سەرمایەداری: وەک سیستەمێکی بێ ویژدان، کە لەبنەڕەتدا ڕەگە سەرەکییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چاوچنۆکی مرۆڤ، و یەکێکە لە ئارەزووە خراپەکانی مرۆڤ خۆی. واتە، سیستەمەکە خۆی بەرهەمی ئارەزووی خراپی مرۆڤەکانەوەیە، بە سیستماتیک دوبارە و بەردەوام لەڕێگەی ورژاندنی ناپێویستی ئارەزووەکانی مرۆڤەوە لەدژی بەهاکانی ڕەوشتی گشتی و ویژدان دەجەنگێت، بۆ قازانجێکی نا ئەخلاقی خۆی. لەوەش زیاتر سیستەمەکە بە قۆستنەوەی ئەم لاوازییەی مرۆڤ ئەمڕۆ، کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی کردووە بە کۆمپانیایەکی گەورە و بەبازاڕکردن، کە لەڕێییەوە بەردەوام قازانجی پارە، لەسەر حسابی داماڵینی ئەخلاقی گشتی بەدەست دێنێت.

میکانیزمی سەرەکی ئەم سیستەمەش بۆ کۆنتڕۆڵکردنی مرۆڤ و داماڵینی لە ئەخلاق، بە زۆری لەڕێگەی هێنانەپێشەوەی بەردەوامی پێداویستی درۆزنەوەیە.
 پێداویستی درۆزن، واتە: ئەو ئارەزووە دروستکراوانەن کە لە ناوەڕۆکدا نا ئەخلاقی و خۆپەرستانەن و لەلایەن سیستەمی سەرمایەدارییەوە بەردەوام دەوروژێنرێن. ئەمە وادەکات بەردەوام خواستی ناپێویست و ئارەزووی خراپ زیاترپەرە بستێنێ بۆ ئەوەی مرۆڤ بەردەوام بێت لە کڕین و بەکارهێنان، لەڕاکردن و پێشبڕکێی ناپێویست، فڕێدانی ناپێویست و گۆڕینی ناپێویست و ئاژاوە…هتاد..، بەبێ گوێدانە ئەوەی چەند بەهای ئەخلاقی و مرۆیی لەدەست دەدات

سیستەمی مۆدێرنی سەرمایەداری، بەشێوەیەک کارلەسەر فکری تاک، ئاڕاستەکردنی مرۆڤ و کۆمەڵگە دەکات کە بەردەوام لەپێشبڕکێی ناپێویستدا بن تا مرۆڤ بە پێداویستییە بنەڕەتییەکانی ڕازی نەبێت. چونکە قازانجەکەی لەوەدایە کە مرۆڤ بەردەوام حەز بە شتی نوێ، گەورەتر، مۆدێرنتر، و گرانتر، پیاوی تر، ئافرەتی ترو جەستەی تربکات. بەردەوام لەڕێگەی ڕیکلام، بڕاندی نوێ و میدیا، وا لە مرۆڤ دەکات کەسایەتییەکەی یان خۆبوونی بە ناتەواو بزانێت ئەگەر ئەو کاڵا یان پۆست و شتە نوێیەی نەبێت. ئەمە قووڵ بووەتەوە بۆ ناو پەیوەندییە خێزانی و سۆزدارییەکانیشەوە. بەمشێوەیە مرۆڤ دەکاتە بوونەوەرێکی بێهەست، و فۆکەسی لادەبات لەسەر چارەسەری پرسە بنەڕەتییەکانی و ئەخلاقیبوون.

ئەم سیستەمە تەنانەت پێوەرەکانی بۆ کوالیتی مرۆڤ و جۆرێتی مرۆڤ داناوە و بە شێوەیەکی گڵۆبالی پەیوەستی کردووە بە سودو پارەوە. تەنانەت ئەگەر خەڵکانێکیش بزانن ئەم پێوەرە بۆ بتهای مرۆڤ نابێت و هەڵەیە، بەڵام لەواقیعدا زۆرینەکە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و پێگەی دەوڵەمەندی پارە و سود مامەڵە لەگەڵ یەکتری دەکەن.

ئەخلاق و ڕزگاری: شۆڕشی ناوەخۆی
ئەگەر مرۆڤ هێندە ئارەزووی خراپی نەبوایە، ئەو سیستەمە گەندەڵە دروست نەدەبوو یان نەیدەتوانی مرۆڤ و تەواوی ڕووبەری ژیانی کۆنتڕۆڵ بکات. بۆیە ئەمڕۆ، قوڕسترین کارو خەبات پاراستنی ئەخلاقە، کە گرینگترین تێکۆشانە بۆ خۆسەلماندن وەک مرۆڤێکی ڕەسەن، و دەربازبوون لە کۆیلایەتی ئارەزووە خراپەکانی مرۆڤ خۆی یەکەمجار، بۆ ئەوەی ڕێگە بگرێت لەوەی سیستەمەکە لاوازییەکانی بقۆزێتەوە و وەک ڕۆبۆتێک کۆنتڕۆڵی بکات.

سەبارەت بە ئاین و ئەخلاقی ئایینی: ئاینی ڕاست و دروست لە ئێستادا گەڕانەوە و پاراستنی ڕەوشتە، چونکە خواپەرستیش بەبێ ڕەوشت هیچ مانایەکی نییە. سەرەڕای ئەوەی ئاین لە کۆنەوە زۆر شتی ئەخلاقی باشی فێری مرۆڤ کردووە، بەڵام تەنانەت ئاینیش نەیتوانیوە مرۆڤ لە بێ ئەخلاقی و کۆیلەیی سیستەمی کۆنتڕۆڵی مرۆڤ بپارێزێت. بابڵێین، ئاین تەنها ڕێنمایی دەدات و خەڵکی خۆیان هەڵدەبژێرن” بەڵام، کارەساتەکە ئەوەیە، ئەمڕۆ زۆرینەی شوێنە ئایینییەکانیش بە نهێنی بوونەتە ئامڕازی سەرمایەداری بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵگە و مرۆڤ و داماڵینی لە بوون و ئەخلاقی ڕەسەنی خۆی.

کەواتە، پرسیارەکە ئەمەیە: لەناو ئەم ململانێیە ناوەخۆییە و ئەو ژاوەژاوە دەرەکییەی سیستەم دروستی کردووە، کێیە دانای ڕاستەقینە و ڕەسەن؟

لەم سۆنگەیەوە و لەبەر ڕۆشنایی ئەم پرسیارە ئەخلاقییەی سەرەوەدا، سێ ڕوانگەی جیاواز لەسەر پێناسەی "کەسایەتی دانا و ڕەسەن" دروست دەبێت و پێویستە جیا بکرێنەوە:

ڕوانگەی ئارەزووی خودی: کەسایەتی دانا ئەو کەسەیە کە تێرکردنی حەزەکانی بەدەست دەهێنێت…بەبێ پرسیارکردن لەوەی ئەنجامەکەی تا چەند ئەخلاقییە، یان ماف و شکۆی ئەوانی تر چ زیانێکیان لێدەکەوێت.  

ڕوانگەی سەرمایەداری: کەسایەتی دانا ئەو کەسەیە کە قازانج دەکات و دەستکەوت و سوودی هەیە…ئەمەش هیچ پرسیارلەوە ناکات کە تاچەند ئەو قازانجە بۆ من ئەخلاقییە یان لەسەر حسابی مافی کێیە.

ڕوانگەی ئەخلاقی ڕەسەن: کەسایەتی دانا ئەو کەسەیە کە شەڕ دەکات لەگەڵ ئارەزووە خراپەکانی خۆی، و بەرەنگاری کاریگەرییە خراپەکانی سیستەمی سەرمایەداری دەبێتەوە...

لەکۆتاییدا: ئێمە تێدەگەین کە چۆن ڕەگ و بنچینەی خراپەکاریی لە جیهاندا دەگەڕێتەوە بۆ لاوازییەکی ناوەکی مرۆڤ، کە سیستەمێکی بێ ویژدان (سەرمایەداری) لێبەرهەم هاتووە و لەلایک لاوازی مرۆڤی قۆستووەتەوە و لەلایەکی تر دوبارە بە سیستماتیک کار لەسەر ورژاندنی زیاتری ئارەزووی مرۆڤ دەکات بۆ کۆنتڕۆڵکردن و بەکارهێنانی ناوەڕۆکی مرۆڤ وەک کاڵایەک بۆ مەبەستی سودی دارایی زیاتر. ئەمەش مانای ئەوەیە کە چارەسەرەکە نابێت تەنها سیاسی یان ئابووری بێت، بەڵکو پێویستە لە بنەڕەتدا ئەخلاقی بێت. ئەگەرمرۆڤ بیەوێت لە دۆخی "کۆیلایەتی بەکاربەر" ڕزگاری بێت، پێویستە شۆڕشێکی فەلسەفی/ئەخلاقی لە ناوخۆی خۆیدا بەرپا بکات. بە تێکشکاندنی ئارەزووی چاوچنۆکی و خۆپەرستی، کە لە بنەڕەتدا تێکشکاندنی میکانیزمی مانەوەی سیستەمی سەرمایەدارییە و ڕێگە گرتنە لەو بێویژدانیەی سیستەمەکە کە لاوازییەکانی مرۆڤ دەقۆزێتەوە بۆ قازانج و مانەوەی خۆی.

کەواتە، دانایی ڕاستەقینە لەوەدایە بتوانیت بە "ئەخلاقی ڕەسەن" گەمارۆی خۆپەرستی و چێژی کاتی تێکبشکێنیت. ویژدان، بنەمای سەرەکی ڕزگاری و ئازادییە لەم ژاوەژاوە بێ ئەخلاقییەی جیهاندا.‌

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP