دواین هەواڵ

جەنابی پارێزگار بەو هەلیکۆپتەرە سوورەوە، مەوەستە تا بەغداد

‌ئاسۆ عەبدوللەتیف

11 کاتژمێر پێش ئێستا

 

ئەو ئیجماع و کۆنەست و ئیرادەو دڵسۆزیەی دروست بوو بۆ کارەساتی ئاگرکەوتنەوەکەی ناوچەی کۆکۆیی هەڵەبجە، لەحکومەت و پەڕلەمان و میدیاکاران و چین و توێژەکان و کەسایەتیەکان و تیمە خۆبەخشەکان، تا دەگاتە وەزیفەو کاری مەیدانی و بەرپرسیارانەی بەڕێزان پارێزگارو قائیمقامی هەڵەبجە، کە بەشێوەیەکی نەسرەوت و دڵسۆزو خەمخۆر، لەناوجەرگەی ڕوداوەکاندابوون لەگەڵ تیمی خۆبەخش و پۆلیسی بەرگری فریاکەوتن و ئاسایش و فەرمانگەکان و ئەهل و عەشرەتی ناوچەکە، تاکاتی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە شەووڕۆژ لەوێ بوون، گرنگە وانەو پەندی ئەخلاقی و سیاسیی و ئیداریی لێوەرگرین و بۆ هەڵەبجەش سەرمایەگوزاریی مرۆیی و مەعنەویی پێوە بکەین، لێرەوە پێشنیار دەکەم (جەنابی پارێزگاری هەڵەبجە نوخشە ناسیح) هەر بەو مۆتیڤ و هەست و ئیحساسە بەرزەوە لەگەڵ تیمەکەی، نەوەستێ و بچێتە بەغداو ڕاسپاردەو زیان و دەرخستەکانی ئەم کارەساتەو کۆی خەم و ژان و ئازارو داواکاریەکانی تری پارێزگاکەی بگەیەنێتە دەسەڵاتداران و لایەنی جێبەجێکارو یاسادانەرانی عێراق تا جارێکی تر ئەم ڕووداوانە دروست نەبنەوەو بەری پێبگرن.

ناوچەی ئاگرکەوتنەوەکەی پارێزگای هەڵەبجە لەسازانەوە بۆ نەیجەڵەو تلێوەرێ و چنارو مۆردین و لمەو پێگەو ئاوەمارو قوڵی متکان تابەری سیروان و مەڕەخێڵ ناوچەگەلێکی فراوانی گرتەوە کە گەشتیاری و سروشتی و کشتوکاڵین، بەشی سەرەکی لەژێر کۆنترۆڵی فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراقەو ئەوان دیدەوانیی دەکەن و حوکمی ئەکەن، ناوچەیەکی سەخت و شاخاوی و گەرمەسێرە، پڕلەوزەو سەوزایی و سەرچاوەی بەرهەم و بژێویی جوتیاران و ئاژەڵدارانەو بە سامانێکی میللی سروشتی دادەنرێت، ئێستا ئەو هەمووە زیانەی بەرکەوتوە، دەبێ بۆ سەوزکردنەوەو ئاوەدانکردنەوەو ڕێگاوبانەکەی، بەشێوەیەکی فەرمی داوای قەرەبوو لە حکومەتی عێراقی بکرێت و پابەند بکرێ بەخێرایی بەدەم قوربانیەکانەوە بێن و بەیاساو بودجەی عێراق قەرەبووی زیانەکانی پارێزگای نۆزدەهەم بکەنەوە، کە بەدەرەجەی یەکەم ئەرکی حکومەتی مەرکەزیی بەغداده، ئینجا وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێم کە نازانرێ بۆچی هێشتا تەندەرین بۆ دەستپێکردنی جادەی سازان هەڵەبجە ناکەن و بڕیاری کۆتایی نادەن لەسەر دروستکردنی ئەو پڕۆژەیە تا مەرزی سازان لەکاتێکدا خۆشبەختانە فەرمانە وەزاریەکەی دەرچوە لەئەنجومەنی وەزیران بەدابینکردنی بڕی بودجەی پێویست.

پاشان پەڕلەمانتارو مەندوبەکانی کورد لەبری وێنەگرتن و بروسکەی هاوخەمی بۆ کۆکردنەوەی دەنگ، پێویستە هەرچی زووترە پڕۆژەیەک بۆئەو مەبەستە ئامادەبکەن و پاڵپشتی ڕاسپاردەو داواکاریەکانی پارێزگا تازەکەبن لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و داوای قەرەبووی زیانە ماڵی و ڕۆحیەکان بکەنەوە بۆ دانیشتوانی ناوچەکە بەگشتی.

دەسەڵاتی مەرکەزیی عێراق لەبری پڕۆژەی سەوزکردن و خزمەتی ژینگەیی و ئاوەدانکردنەوەی دارستان و پاوان و ڕەزو باخ و دەوەن و مەڕعاو لەوەڕگاکانی کوردستان چەندساڵێکە بێ هیچ پلانێک دەستی کردوە بەپرۆسەی بەسەربازیکردن و تەجنیدی نهێنی و ئاشکرا لەسنورە شاخاویەکانی کوردستان، شاخ و چیاکانی پشتەوە لەباڵامبۆ تا شنروێ و بەفری میری و هەورامان و شاخی شەرام و ڕەنگین و ئاسۆس بەشێکە لەو ستراتیژو پلانەو تەلبەندکراوەو دیدی عەسکەریزم برەو پێئەدات وەک سەردەمی حەرەس قەومیەکان و زەعیم سدیق تادەگات بە هەژموونگەریی بەعسیەکان.

لەگەڵ ئەوەی حکومەتی عێراق، سوپاو فەرماندەییەکی وەک پاسەوانی سنور دروستکردوە لەو ناوچانە، دەبێ لەخەمی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە کارەساتبارەکانیش بێ کاتێک ڕووداوێکی وەک ئاگرکەوتنەوەو تەقینەوە ڕووئەدات و دەبێ لەبری کڵاشینکۆف و تەلی دڕکاویی بێکەڵک کەرەستەی ئاگرکوژانەوەو تیمی فریاگوزاری و تەنانەت هەلیکۆپتەری ئاگرکوژانەوەو ئۆتۆمبیل و ئەمبوڵانسی تایبەت و شاخاوی بخاتە بەردەستیان وەک هێزی فریاگوزاریی ئامادە تا ناوچەکان ئارام و سەلامەت بن و ژینگەی کوردستان بەپارێزراویی بمێنێتەوەو سەدان باخ و بێستان و ڕەزو دارودەوەن و مێرگ و سەوزایی و مۆڵەگایەل و ئاژەڵداریی بەوجۆرە زیانیان پێ نەگات.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP