مەزڵوم عەبدی پەشیمانە لە رێککەوتنی ئازار و ئەحمەد شەرعیش هەر ئەو رێککەوتنەی دەوێت.
ئەوەی عەبدی پەشیمانکردەوە، ئەوەیە لەکاتی رێککەوتنەکە هەسەدە لە شۆکێکی گەورەدابوو، کاتێکیش رێککەوتنی کرد ئەوەی کە نووسیرابوو بە نیەتی خۆی دەیخوێندەوە.
ئیستا هەسەدە بۆیدەرکەوتووە، تێزە حزبییەکەی بۆ ئەم دونیایە دەوڵەت تەوەرە نابێت و بەو نییەتەشەوە سیاسەت ناکرێت.
ئەو دوو لایەنە، نە لە پاریس توانیان رێکبکەون، نە تۆم باراک توانی ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە کە لەنێوانیاندایە.
ئەزموونی سوەیدا بۆ شەرع زۆر گرنگە. بۆیدەرکەوت جگە لە ئیسرائیل کەس نییە رێگری لەو بەربەرییەتەبکات کە سوپاکەی ئەنجامیدەدات.
لەوەش گرنگتر، بۆیدەرکەوت چ ئەمریکا و چ ئەورووپا تەنانەت وڵاتانی عەرەبیش ئیدی بۆیان گرنگ نییە چ کۆمەڵکوژییەک لە سوریە دەگوزەرێت.
ئاماژەکان بەرەو ئەوەن، شەرع نیازی هێرشێکی فراوانی هەیە بۆسەر هەسەدە.
بەدیاریکراوی، شەرع دەیەوێت رەققە و دێرئەلزور بهێنێتەوە ژێر کۆنترۆڵی سوپاکەی.
ئەو ناوچانە، نە بۆ ئیسرائیل گرنگن وەک سوەیدا، نە خەڵکی ناوچەکەش پێیان ناخۆشە هێرشێکی وەها رووبدات.
کەواتە پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا عەبدی و هەسەدە ئامادەن بۆ ئەو هێرشە؟
ئەوەی لە وەڵامی پرسیارەکە گرنگترە ئەوەیە، ئایا ئەمریکا بەرگری لە هەسەدە دەکات و دەیپارێزێت؟!
بۆ من، وەڵامەکەی زۆر جێگەی دڵنیایی نییە، مەگەر چی هەیە عەبدی و لەشکرەکەی بۆ ئەمریکا بیپارێزێت و ئەحمەد شەرع نەیکات؟!
ئەگەر شەرع لۆبی عەرەبی - تورکی هەبێت و ئەگەری بێدەنگی ئیسرائیلیش زۆربێت، کێ لۆبی عەبدییە؟!
لێرەدا ئەگەر قسەکە بەو شێوەیەبێت کە ئەمریکا رێگە بە شەڕ نادات، ئەوا پێناچێت ڕاستبێت. سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ، چ لە خولی یەکەم و چ ئەمەی ئیستا، سیاسەتێک نەبووە دژی هەڵگیرسانی جەنگ، بەڵکو سیاسەتێک بووە دژی بەردەوامیدانی جەنگ.
ترەمپ و ئیدارەکەی پێیانوایە ئەوانەی دەهۆڵی جەنگ لێدەدەن، باشترە دەست بە جەنگەکە بکەن، تاوەکو ئەو رۆژەی دەکەونە ئەو بڕوایەی ئیدارەدانی مەکینەی جەنگ لەوە زیاتر مومکین نییە.
ئەم شێوازە لە سیاسەتی دەرەوە، یەکەم جار بەرانبەر کوردی عیراق بەکارهات و لێکەوتەکەی بریتیبوو لە رووداوەکانی کەرکوکی ٢٠١٧، دواتر لە ئۆکراین، هیند و پاکستان، لوبنان، ئیسرائیل و ئەرمەنستان و چەندین شوێنی دیکە بەکارهات و سەرکەوتووبوو.
کەواتە، ئەوەی گرنگە کوردی سوریە بۆی ئامادەبێت، ئەوەیە بتوانێت مەکینەی جەنگەکە ئیدارە بدات بەشێوەیەک بەرانبەرەکەی پێش خۆی ماندووببێت، ئەگەرچی ئەمەش نزیکە لە مەحاڵەوە.