لە هەناوی جەنگە وێرانکەرەکاندا هەمیشە پرسیارێکی جدی لە بەردەمماندا قوت دەبێتەوە، هیچ پەیوەست نیە بە هۆکارە باوەکانی هەڵگیرسانی جەنگ وەکو سنوری دەسەڵات و پەلهاویشتن و چاوبڕینە خاک و داگیرکاری ، بەڵکو ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە چەمکی مرۆڤ خۆی ، مرۆڤ بوون واتای چیە ؟ چی شتێک شایەنی ئەوەیە ژیانی لە پێناودا بەخت بکەی ؟ یان چی شتێک شایەنی ئەوەیە لە پێناویدا بژی ؟
سڵاڤۆی ژیژەک فەیلەسوفی سلۆڤینی لە دەروازەی وروژاندنی ئەم پرسیارانەوە تێزە جیاوازەکەی لە مەڕ جەنگی ڕوسیاو ئۆکرانیا دەخاتە ڕوو، بێگومان نەک وەک ڕوداوێکی سیاسی بەڵکو وەکو بەیەکدادانی دووجۆر جیهانبینی دژ بەیەکی ڕووحی مرۆڤ و دەسەڵات ، لە دووتوێی تێزەکەیدا پێیوانیە جەنگ تەنها ململانێیەکی جیۆسیاسی بێت بە تەنها ، بەڵکو زیاتر گۆڕەپانی بەریەک کەوتنی دووجۆر دیدی وجودی مێتافیزیکیە ، بەتایبەت کاتێک دەڵێت : “ ئەمە جەنگی نێوان ڕوح و ڕوحە ، لە نێوان دوو بۆچونی جیاواز لە مەڕ مرۆڤ بوون “ یەکەمیان مردن پیرۆز دەکا و دوەمیان ژیان دادەڕێژێ و ئایندە ڕەنگڕێژ دەکاتەوە .
یەکەم : مێتافیزیکای ڕوسی ، ملکەچیە بۆ مردن و ڕادەستکردنی ڕوح وەکو قوربانی لەپێناو ڕزگاربوون . ژیژەک پێیوایە ، ئەم فۆڕمە لە مێتافیزیک لەسەر بنەمای ئاینداری دامەزراوە، دەوڵەت تیایدا پێکهاتەیەکی پیرۆزە ، بۆیە بەردەوام لە هاونیشتمانیەکانی دەخوازێ ئامادەبن بۆ قوربانیدان ، لێرە مردن لەدەستدانی گیان نیە بەڵکو چرکەساتی ڕزگاربونە ، گەیشتن بە پلەی شەهادەت لە پێناو دەوڵەتی مەزندا ، بیرکردنەوەی عەقڵانی تاک تێدەپەڕێنێ ڕوەو باوەڕداری لاهوتی هەنگاودەنێ . هەر لە پێناو چەسپاندنی ئەم لۆژیکە پاتریاک ( کیریل) سەرۆکی کەنیسەی ئۆرثۆدۆکسی ڕوسی دەڵێت : “ ئێمە چاوەڕوانی یەزدانی مەسیح دەکەین کاتێک بە شکۆمەندی دێت و خراپە و شەڕانگێزی لە ناودەبات ، گەڵان دەخاتە ژێر لێپرسینەوە “ بەم شێوە خودی جەنک دەخزێتە ناو کەشێکی دینداری وا دەوڵەت ڕۆڵی ڕزگارکەری تێدا دەبینێ ، گوتاری ئاسکاتۆلۆژی ( زانستی کۆتایی جیهان یان زانستی کۆتایی مێژوو) خۆی دەسەپێنێ ، جەنگ ڕزگاربون نزیک دەکاتەوە نەک بە تەنها مردن و وێرانکاری .
دووەم : مێتافیزیکای ڕۆژئاوایی ، یاسا و پاراستنی ژیان وەکو دوا بەهای بوون ، مێتافیزیکای ڕۆژئاوایی لەسەر زەمینەی عەقڵگەرایی و خواستی دونیایی و ژیان دۆستی، لە پێناو پاراستنی ئازادی تاک و سەروەری یاسا دامەزراوە ، دەوڵەت خوازیارنیە هاونیشتمانیەکانی لە پێناویدا بمرن ، بەڵکو لێیان دەخوازێ بە پێی یاسا و لە سێبەری سیستەمێکی دوونیایدا ژیان بکەن ، خۆیان و ئەوانیتر بپارێزن . لێرەدا مردن ڕزگاربوون نیە ، بەڵکو جۆرێکە لە شکست و تێکشکان لە بەرامبەرپارێزگاری لە ژیان ، کە بەهای ئەخلاقی و سیاسی باڵای هەیە ، بۆیە دەسەڵات ڕەمزی هێز و پیرۆزی نیە لە جەنگدا بەڵکو توانای سەپاندنی ئاشتیە ، لە پێناو ڕێکخستنی ژیان .
لێرەوە ژیژەک دونیای سیاسەت تێدەپەڕێنێ و شۆڕدەبێتەوە قوڵایی مێتافیزیک ، ئەوجار پرسیارە جەوهەریەکەی دەخاتە ڕوو : ئایە دەتوانین مرۆڤایەتی بنیات بنێین لە ڕێگەی ئامادەکردنی بەردەوامی مرۆڤ بۆ بوونە قوربانی یان بۆ پاراستنی ژیانی ؟ ئەگەرچی پێناچێت وەڵامی ئەم پرسیارە ئاسان بێت ، چونکە جیهانبینی یەکەم ڕوونە پارادایمی مرۆڤی پاڵەوان و قوربانی دەخاتە بەردەست و بەهاکانی ژیان و چارەنوسی مرۆڤ دەخاتە لاوە ، بەڵام جیهانبینی دوەمیان بە پێچەوانەوە کار بۆ بە دامەزراوەیی کردنی تاک و پاراستنی ئازادی و کەرامەتی دەکا ، واتای گیان بەخشین و قوربانیدان دەشارێتەوە . لەم نێوانەدا ( ئەلبێر کامۆ ) هەوڵی جۆرێک لە گونجاندن دەخاتە ڕوو کاتێک دەڵێت : “ مردن لە پێناو بیرۆکەیەکدا کارێکی شەرەف مەندانەیە ، بەڵام لە پێناویدا بژی ئەرکەکە قورسترو ئامانجدارترە “. لە دیدی کامۆدا مرۆڤ پڕۆژەیەک نیە بۆ قوربانی ، بەڵکو بونەوەرێکی مانادارە ، مانا مرۆڤایەتیەکەی لە ڕێگەی چرکەساتی مردنەوە جێبەجێ ناکات ، بەڵکو لە ڕێگەی توانای خۆڕاگریدایە بەرامبەر( عەبەسیەت) بێمانایی ، یان خستنەوەی مانایەکی نوێ بۆ ژیان .
لەسەردەمێکدا بۆ جارێکیتر ئاین لە فۆڕمی جیاجیا پەلدەهاوێتەوە نێو سیاسەت و بەڕێوەبردنی کاروبارو ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگاکان ، تەنانەت سیستەمی سیاسی و ئەو ئایدیۆلۆژیایەی هەندێک دەوڵەتی لەسەر دامەزراوە هاوتای ئاین پیرۆز دەکرێن ، لێرەوە جارێکی تر ئەو پرسیارە سێنترالیە بەرەوڕوومان دەبێتەوە :
مرۆڤ بوون چ واتایەک دەگەیەنێ ؟ وەچۆن دەگەین بە دەستەبەرکردنی ئەم واتایە ؟ لە ڕێگەی مردن ( بونە قوربانی ) یان ژیان و پاراستنی چارەنوس و ئایندە ؟
لەکۆتایدا ئەگەرچی ئەم تێزە وەکو هەر تێزو بیرکردنەوەیەکی تری فەلسەفی دەکرێ ڕەخنە بکرێ و تەنانەت ڕەت بکرێتەوە ، بەتایبەت لە کورتکردنەوەی پاڵنەرەکانی جەنگ لە ڕوی ( سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆژی و مێژووی و جوگرافی …) بۆ تەنها پاڵنەری لاهوتی و مێتافیزیکی، بەتایبەت دابەشکردنی جەنگی ڕوسیاو ئۆکرانیا بۆ جەنگی نێوان ( مەرگ دۆستی ڕوسەکان و ژیان دۆستی ڕۆژئاواییەکان ) ، بێگومان زۆر ڕوونە ژیژەک لە ژێر هەژموونی تێڕوانینە لیبڕاڵیەکەی ئەم دابەشکاریەی ئەنجامداوە ، بەڵام دواجار ئەمە خوێندنەوەیەکی نوێیە بۆ جەنگێک لە سەدەی (٢١) دا، لە کاتێکدا ڕۆژئاواییەکان بانگەشەدەکەن ، گوایە چەندین سەدەیە مرۆڤایەتی جەنگی ئاینی و مەزهەبە ڕادیکاڵەکانی تێپەڕاندوە ، لانیکەم لە نێوان گەلانی ڕۆژئاوادا .