دواین هەواڵ

سەفەرێک بۆ چین و ماچین

‌ئەرسەلان تۆفیق

23 کاتژمێر پێش ئێستا

یاداشت و سەرنجەکانم لەسەر سەفەرێکى 16 رۆژیی بۆ وڵاتى چین..

تێبینى :

بابەتەکان درێژن، بەڵام بۆ ئەوانەى تاقەتى خوێندنەوەى درێژیان نییە بەچەند دێڕێک لەسەرەتاى هەر بەشێکەوە بۆیان کورت دەکەمەوە:

1- کۆماری میللى چین پرۆژەیەکى دەستپێکردووە بە داوەتکردنى هاووڵاتیانى بەشێک لە وڵاتانى ئەوروپا و ئاسیا و ئەمریکاى باشوور، کوردستانیش بەشێکە لەو پرۆژەیە و لە رێگەى کۆنسوڵخانەى هەولێرەوە بە پڕکردنەوەى فۆرمێک دەبرێنە ئەو وڵاتە.
2- ئامانجی ئەو وڵاتە بە تەواوى نازانرێت بەڵام دەیەوێت پێمان بڵێت چین ئەو وڵاتە ئەوە نییە پێمان وابێت هەموو شتە عادییەکان چینین، بەڵکو چین شتێکى ترە.
3- پرۆژەکە بەرفراون و بەردەوامە، تێچووى دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتى چین.

4- چین دەیەوێت بە هەمووان بڵێت لەهیچ روویەکەوە پلەى دوو و سێی قبوڵ ناکات و کار بۆ یەکەم دەکات، بەرنامەکە سۆفتە و هیچ پەلەیان نییە.

درێژەى بابەتەکە:

بەشى یەکەم:
قوڵایی ستراتیژیەت و تێڕوانینە دورمەوداکانى چین

لەبرى پێشەکی:
ماوەیەکە وەزارەتى بازرگانیی چین لەرێگەى کۆنسوڵخانەکەیانەوە لە هەولێر سەرقاڵی ناردنى چین و توێژە جیاوازەکانن بۆ وڵاتەکەیان بە مەبەستى بەشداریپێکردنیان لە سیمینار و خولی راهێنان لە بوارە جیاوازەکاندا، ئەڵبەتە دەبێت بگوترێت پرۆژەکە هەر عێراق و هەرێمى کوردستانى نەگرتووەتەوە، بەڵکو کیشوەرى ئەفریقیا و ئەمریکاى باشوور و بەشێک لە وڵاتانى ئاسیاشى گرتووەتەوە، بۆ ئەو مەبەستە (بەندە)ش یەکێک بووم لەوانەى کە بەشداربووم و لە رۆژى 9 تا 26ـى تەمووزى 2025 چووینە نێو پرۆژەى (پشتوێنە و رێگا- رێگەى ئاوریشمى نوێ) و بەچەندین رێگا پێیان گوتین (چین شتێکى دیکەیە و ئەوە نییە کە لە زەینى ئێمەدا چەسپاوە کە هەرچى شتێک کوالیتى نەبێت یان وەک پێویست نەبێت پێی بگوترێت چینییە!!).

ئامانجى چین لەم پرۆژەیە چییە ؟

ئێمە بەتەواوەتى نازانین ئامانجی کۆماری میللى چین لەم پرۆژەیە چییە، بەڵام لە دەرئەنجامەکانیەوە تێدەگەین کە دوورمەودا دەیەوێت شتێک بکات، جووڵەکانى ئێستاى لەو یاریزانە شەرترەنج زانە دەچێت کە بە هێواشى سەرقاڵی جوڵاندنى کارەکتەرەکانیەتى، ئەوەى روونە ئەوەیە، هەر کەسێک داخڵی ئەو پرۆژەیە دەبێت لانى کەم دەفتەرێک (دەهەزار) دۆلارى بۆ خەرج دەکرێت و دەخرێتە نێو پرۆسەیەکەوە، پێدانى ڤیزا و تێچووى تکت و وادەى سەفەرکردن و پێشوازیی لە فرۆکەخانەى چین و ئامادەکارییەکانى هاتووچۆ و ئوتێلى راقى و خواردن و سەرجەم بابەتە لۆجستییەکانت دەخرێتە بەردەستى بەشداربوو سەرەڕای پیدانى بڕە پارەیەک بۆ خەرجی کەسەکان لە دەرەوەى پرۆگرامەکان و ناوى خەرجی سەربەخۆی لێنراوە، پرسیارەکە ئەوەیە ئاخۆ مەبەستیان چى بێت؟

چین بە پلەى دووەم رازیی نابێت:
لە ئێستادا چین لە روانگەى ئابوورییەوە دووەمە لە دواى ئەمریکاوە، بەڵام دەیەوێت لە ماوەى داهاتوودا ببێتە پلەى یەکەم، لەگەڵ ئەوەشدا چین ئەندامی ئەنجوومەنى ئاسایشى نەتەوەیەکگرتووەکانە، خاوەنى گەورەترین و زۆرترین چەکی ئەتۆمە، ژمارەى دانیشتوانەکەى یەک لەسەر حەوتى جیهانە، لەو وڵاتانەى ئەم پرۆژەیە دەیانگرێتەوە دەیەوێت رایەکی گشتى دروستبکات کە بتوانێت (هێزی نەرم -سۆفت پاوەر)ى خۆی بخاتە کارو جێگەى هێزە ئەوروپى و رۆژئاواییەکان بگرێتەوە بەتایبەتى ئەمریکا لەو ناوچانەى چاوى لەسەریەتى.
(بەگوێرەى تایبەتمەندیی بەشداربووان) دابەشى شار و شوینەکان دەکرێن، مامۆستایانى زانکۆ، پزیشک و کارمەندانى تەندروستى، ئەفسەرانى وەزارەتى ناوخۆ، میدیاکار و رۆژنامەوانان، دبلۆماتکار و پەیوەندییەکان و چەندین توێژى دیکە لە هەردوو رەگەز دەخرێنە نێو پرۆژەیەکى (تیۆریی و پراکتیکى) و ئەوەى بیانەوێت پێیان دەڵێن و نیشانیان دەدەن، وەرگێڕیان بۆ ئامادە دەکەن، دەیانبەنە ئەو شوێنانەى کە مەبەستیانە و دەیانەوێت بیبینن، ئێمە وەک خۆمان میوانى رادیۆ و تەلەفزیۆنى چین بووین و پرۆژەکەمان لە هەردوو شارى (پەکیین و شیان) بەڕێوەچوو.
بەکورتى ئامانجەکەیان ئەوەیە کە بڵێن چین پێشەنگە، بە دووەم رازی نابێت و هەڵوەدای یەکەمە، چوون شتێک نییە بیری لێنەکرابێتەوە و چارەسەری بۆ نەدۆزرابێتەوە، کاتێکیش بەشداربووان گەڕانەوە ئەو دونیا بینییەیان لا دروست ببێت کە چین ئەو وڵاتە نییە پێمان وابێت هەرچى شتێک عادی بێت چینییە!! چوون لە چین بەدواى چیدا بگەڕێیت هەیە و چیشت بوێت دەستت دەکەوێت، کەواتە دەتوانین بڵێین: چین لە رێگەى ئەم پرۆژەیەوە بە نەرمی و بە قوڵیی رۆدەچێتە نێو پێکهاتە پیشەیی و کۆمەڵایەتییەکان.

پەکین کۆکراوەیەک لە کۆن و نوێ:

پەکین(北京- Beijing) وەک خۆیان دەڵێن (پەیجین) ٨٠٠ ساڵە پایتەختی چینە و یەکێکە لە گرنگترین شارەکانی جیهان، دەکەوێتە باکووری وڵاتەکە و نزیکەى ٢١ ملیۆن دانیشتووی هەیە، ناوچەیەکی بەرفراوانە و  شارستانی و گوندنشینی پێکەوە گرێداوە، زیاتر لە ، خاوەنى چەندین شوێنەوارى گرنگە لە هەموویان بەناوبانگتر شوراى چین و ماڵی قەدەغەکراو و پەرستگاکانى بودایە.
پەکین جگە لە پایتەختى سیاسی سەنتەری ئابووری و پێشەنگە لە بواری تەکنەلۆژیا و نوێکارییدا، زۆرینەى کۆمپانیا گەورەکانی چینی لەم شارەدا جێگیرن، کلتووری ئەم شارە تێکەڵەیەکە لە کۆن و نوێ - کۆشکە کلاسیکییەکان لەگەڵ بیناسازی مۆدێڕن دیارترین سیماکانى ئەم شارەیە، چەندین زانکۆی بەناوبانگ و سەنتەری توێژینەوەى تێدایە، رێکخستنى شارە بەجۆرێکە کارئاسانى زۆر بۆ هاتووچۆ کراوە بەجۆرێک بەدەگمەن چاوت بچێتە سەر پۆلیسێکی هاتووچۆ، سەنتەرێکى گەورەى هونەر و ئەدەبیاتى ئەو وڵاتەیە، کەشووهەوایەکی وشک و گەرم لە هاویندا، سارد لە زستاندا، بەڵام بارانى وەرزیی هەیە و لەم ساڵانەى دواییدا کەش و هەواى خاوێنتر بووەتەوە.

شیان(西安市 - (Xi'an ناوەندی ئارکۆلۆژیاو پێکەوە ژیان

یەکێکە لە کۆنترین و گرنگترین شارەکانی چین، دەکەوێتە هەرێمی شانشی (Shaanxi) لە باشووری ناوەڕاستی چین ، نزیکەی ١٣ ملیۆن دانیشتووی هەیە و ڕێگای ئاوریشمی کۆنى تێدا جێگیر بووە، بۆ زیاتر لە ١٠٠٠ ساڵ پایتەختی چین بووە، یەکەم پاشای چین (قین شی هوانگ) لەو شارەدا ژیاوە، 
شوێنەواری لەشکری تێراکۆتایە(Terracotta Army) کە یەکێکە لە گرنگترین دۆزینەوە ئەرکیۆلۆژییەکانی جیهان دەکەوێتە ئەم شارەوە، کە پەیکەری هەزاران سەرباز لە خاک دروستکراوى تێدا کۆکراوەتەوە، دیواری شارەکە - یەکێک لە پاراستراوترین دیوارە کۆنەکان و بە روبارێکى دەستکرد دەورە دراوە، بەڵام لە ئێستادا بووەتە سەنتەری شارەکە، مزگەوتێکی گەورەى موسڵمانان و مۆزەخانەیەکی تایبەت بەوانى تێدایە کە  نیشاندەری کۆمەڵگای موسڵمانی شارەکەیە و خانووى موسڵمانى هوى دەکەوێتە شارەکەوە و بازاڕێکى کۆنی تایبەت بە موسڵمانانى تێدایە، ناوەندێکی گرنگی کەلتووری هان چینییە، لە ئێستادا یەکێکە لە سەنتەرەکانى تەکنەلۆژیا و پیشەسازیی و پایتەختى گەشتیاریی چین.

ماویەتى:

 لەبەشى داهاتوودا باسێک لە میدیاى چین بۆتان بۆ دەکەم

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP