دواین هەواڵ

بەعس زۆری هەڵکڕاند، جا نۆرەی ئێوەیە

‌ئەسرین عاسی شوانی

14 کاتژمێر پێش ئێستا

لە سەردەمی بەعسدا، بە هەموو جۆرێک هەوڵ دەدرا سیمای کوردبوونی کەرکووک کوێر بکەنەوە، تا کار گەیشتە ئەوەی لەپاڵ هەڕەشەی ڕاگواستنی هاووڵاتییانی کورد (تصحیح القومي)یشی داهێنا، تاوەكوو بتوانن کورد لە کەرکووك بکەن بە کەمینە. لەم ڕووەوە زۆرترین هەوڵی خۆیان دا، بەڵام ڕیسەکەیان بووەوە بە خوری و کورد ڕاپەرینی کرد و دامودەزگا سەرکوتکەرەکانیانی ڕاماڵی.

سەیر لەوەدایە، ئەو فاشییانە پەند و وانە لە ڕابردوو وەرناگرن و بە نەزمی بەعس هەڵدەپەڕن و بە هەمان ئاواز حوكم دەكەن. بۆیە ئێستاش، دوای خیانەتەکەی 16 ئۆکتۆبەر و داگیرکردنی ناوچەكە، لە بازگەی پردێ، لەو شارە ئێستا پارتی و حکوومەتی ناوەند چەندین ڕێکكەوتنیان کردووە، بەڵام حەشدی شەعبی، بەعسئاسا لەگەڵ خۆفرۆشەکان دەیانەوێت ڕێگری لە خەڵك بکەن و دێن بەهۆی كیشەیەكی بچووكەوە بازگەی پردێ بۆ هەولێر دادەخەن و ناهێڵن كەس هاتوچۆی پێدا بكات.

گەڕانەوەی هەموو کورد، واتە لەگۆڕنانی خەونی دووبەرەکی لە شاری کەرکووک لە لایەكەوە و، دروستبوونی پێکەوەژیان و تەبایی لەناو پێكهاتەکان لە لایەكی ترەوە، ئەگەر ئەمڕۆ هێزی پێشمەرگەشی لێ نەبێت، کەرکووک و کورد لێک جیا نابنەوە، سەرەڕای هەموو خیانەت و فرتوفێڵ و گوشارەکان، کورد بە خەباتی مەدەنییشەوە، نەتەوەی یەكەم و هێزی یەکەمی گۆڕەپانەکەیە، بۆیە باشترە ئەو فاشییانە پەند لە ڕابردوویان وەربگرن و چارەنووسیان نەدەنە دەست تووڕەیی کوردانی کەرکووک.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP