هەڵەیە لەهەڵسەنگاندن و بەرەنجامگیری وحوکمداندا، دەربارەی بارودۆخ وجەنگی ناوچەکە و لەوانەش جەنگی دوانزە رۆژەی ئیسرائیل دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران پەلە بکرێت، لەروانگەی بەرەنجامە کاتیەکانەوە، سەیری رەوتی رووداوەکان و دووبارە دابەشکردنەوەی نەخشەی هێزو نفوزو هاوپەیەمانییەتیەکان لەئایندەدا بکرێت، شرۆڤەی سیاسی و ستراتیژی تێکەڵ بەحەزو پروپاگەندەو ململانێی ئایدۆلۆژی بکرێن. چوونکەئەوەی لەجەنگی دوانزە رۆژەی ئیسرائیل دژ بەئێران روویدا، هەڵقەیەکە لەزنجیرەی ململانێیەکی هەمەلایەنەترو گەورەتر و دوورو درێژتری سیاسی و سەربازی و ئابووری و جیۆسیاسی، کەهێشتا لەگەرمەی خۆیدایە، کە تیایدا، جەنگی دەروونی ، ،وتووێژ، فشاری ئابوری ودیبلۆماسی، تیرۆرو کاری تێکدەرانە، پەلاماری سەربازی و تەنانەت هەندێك جار رێکەوتن و چارەسەرکردنی کاتی و زەمەن بەڕێکەریش، دەبنە ئامرازی بەرێوەبردنی.
لەهەموو حاڵەتێکدا، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەدوای حەوتی ئۆکتۆبەرەوە، پێیناوەتە قۆناغێکی ڕاگوزەرییەوە و ئاسان نییە جارێکیتر بگەرێتەوە پێش ئەو بەروارە، ئیسرائیل و ئەمریکا وهاوپەیمانەکانیان، خوازیاری شکڵپێدانێکی نوێی ناوچەکەن، بەبێ کۆتایهێنان بەبەرەی بەرەنگاری ئیسلامی ناوچەکە وگۆران لە پێگە و رۆڵ وسیاسەتەکانی رابردوو ئێستای تارانیشدا، ئەم ئامانجە بەدینایەت،ستراتیژی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیشی بەرامبەر بە ئێران روونە، ئێران و دنیاش دەزانێت داوای چی لێدەکەن، پێش جەنگ لەگەڵیدا چوونە گفتوگۆیەکی تەکتیکییەوە بۆئەوەی ئەوەی بەشەر دەستیان دەکەوێت تاران لەسەر مێزی دنووستان پێیان ببەخشێت، بەڵام سەرەنجام دۆخەکە بەوجۆرە نەشکایەوەو بەوجۆرەی لێهات کەبینیمان، گرنگە بزانین ڕەوشەکە سەبارەت بەمامەڵەکردن لەگەڵ ئێراندا گۆراوە، دیبلۆماسییەت وگفتوگۆ و هەندێ جاریش هەرەشەی بەکارهێنانی هێز بە بێ بەکارهێنانی، تاکە بژاردەو رێگە نەماون، بەڵکو تەنها یەکێ لەرێکارەکان پێکدەهێنێت، بۆیە ئەگەر سەرینەگرت بژاردەی بەکارهێنانی هێز جێگرەوەیەتی وئامادەیە.
لەئێستاشدا هیچ کام لەئامانجە بنەرەتیەکانی ئیسرائیل بەدینەهاتوون، نەبەرنامە وتوانا ئەتۆمییەکەی ئێران بەتەواوی خاپوور بووە، نەبەرنامە مووشەکییەکەی و نەتارانیش دەستی لەپاشماوەکانی هێزی هاوپەیمانەکانی لەدەرەوەی سنوورەکانی هەڵگرتووە ونەدەستبەرداری گووتارە شۆڕشگێرییەکەشی بووە، بۆیە لەم دۆخەدا سیاسەت درێژکراوەی جەنگە،ئەوەی تائێستاش لەئارادایە، تەنها ئاگربەستێکی سەرزارەکیە، جەنگ کۆتایی پێنەهاتوەو رێکەوتن ئیمزا نەکراوە، بۆیە چاوەروان دەکرێت جارێکیتر ماوەیەکی کەمتر لەرابردوو دەستنیشانبکرێتەوە بۆ گفتووگۆکان بەمەبەستی تاقیکردنەوەی دیدو خواستی تاران و ئاستی ئامادەیی بۆ رێکەوتن ، ئەگەر ئێران ملی بەخواستەکان نەداو هاوکێشەی هێزەکانیش هەروەك ئێستامانەوە، ئەگەری دووبارە دەستکردنەوە بەجەنگ رەتناکرێتەوە، هەرچۆنێك بێت رۆژهەڵاتێکی ناوەراستی نوێ بەبەدیهاتنی هەموو ئامانجەکانی ئیسرائیل بێت یاخوود نا بەرێوەیە، ئەگەر جیاوازییەك هەبێت لەسەر جۆری وچۆێتی شێوەو رووخسارە نوێیەکەو نەخشەنوێکانی ناویەتی نەك خوودی خۆی، ئەم ژانی لەدایکبوونە مێژووییە نوێیە قوورسەی ناوچەکەش بێگوومان شرۆڤەی سیاسی بۆ خوێندنەوەی ستراتیژی تێدەپەڕێنێت و هەندێ کاتی دەوێت. پاشەلەرزەکانیش تاماوەیەکی بەرچاو بەردەوام دەبن.