بڕیارە دادگای باڵای توركیا، ٣٠ی ئەم مانگە، بڕیاری كۆتایی لەبارەی كۆنگرەی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) بدات، كە لە ٤_١١_ ٢٠٢٣ ئەنجام درا و پاشان چەند پەرلەمانتارێك داوای یاساییان تۆمار كرد و گوتیان ساختەكاری لە هەڵبژاردنی سەرۆكی پارت كراوە.
دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ٢٠٢٣، كەمال كلیچدارئۆغڵو، بەرامبەر بە رەجەب تەییب ئەردۆغان دۆڕا، دەنگی ناڕەزایی لەناو جەهەپە بەرز بووە و داوایان كرد كلیچدارئۆغڵو بگۆڕدرێت، یەكێك لەو دەنگانە، ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی دەستگیركراوی گەورە شارەوانیی ئیستانبۆل بوو، كە داوای دەكرد كلیچدارئۆغڵو، لە پۆستەكەی دوور بخرێتەوە.
لە كۆنگرەی ٣٨دا، ئۆزگوور ئۆزەل، بە پاڵپشتی ئیمامئۆغڵو، توانی ببێتە سەرۆكی جەهەپە، بەڵام كلیچدارئۆغڵو، هەرزوو گوتی ساختەكاری كراوە و لە پشتەوە خەنجەریان لێدام.
چەند پەرلەمانتارێكی سەر بە جەهەپە و نزیك لە كلیچدارئۆغڵو، داوای یاساییان تۆمار كرد و گوتیان دەبێت بڕیار و ئەنجامی هەڵبژاردنی كۆنگرە هەڵبوەشێتەوە.
دوای ئەوەی ئۆزگوور، بووە سەرۆكی پارت و توركیا چووە ناو هەڵبژاردنی شارەوانییەكان، جەهەپە توانی لە كۆی ١٦ گەورە شارەوانیی توركیا ١٢ی بباتەوە، هەروەها دەنگەكانی جەهەپە بۆ یەكەمجار دوای ٤٠ ساڵ، بەپێش هەموو پارتەكانی تر كەوت و بووە پارتی یەكەم، ئەمەش تاقیكردنەوەیەكی باش بوو بۆ ئۆزەل و ئیمامئۆغڵو.
بەڵام بەتۆمەتی گەندەڵی و چەند دۆسییەیەكی تر، ئیمامئۆغڵو دەستگیر كرا و هەروەها دۆسییەی كۆنگرەش زیندوو كرایەوە و بڕیارە لە ٣٠ ئەم مانگە بڕیاری كۆتایی لەبارەوە بدرێت.
ئیسماعیل سایماز، رۆژنامەنووسی دیاری توركیا، بۆ رۆژنامەی (سوزجوو) نووسیویەتی ”بەئەگەرێكی زۆرەوە كۆنگرەی ٣٨ی جەهەپە هەڵدەوەشێتەوە و كلیچدارئۆغڵو، دەبێتەوە بەسەرۆكی پارت“
ئەگەرچی كلیچدارئۆغڵو، پێشتر گوتی بەهیچ شێوەیەك نابمەوە بە سەرۆكی جەهەپە، بەڵام سایماز زانیاری وەرگرتووە، ئەگەر كلیچدارئۆغڵو نەبێتەوە بە سەرۆك، وەزارەتی ناوەخۆ بۆ خۆی كەسێك دەكاتە سەرۆكی پارت، بۆیە رێگە نادرێت ئەو هەنگاوە بنرێت و كلیچدارئۆغڵو دەبێتەوە بەسەرۆكی جەهەپە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی نەوزاد چیچەك، شڕۆڤەكاری سیاسیی، سێ نەخشەرێگە هەیە بۆ جەهەپە و كلیچدارئۆغڵو، لە ئەگەری هەڵوەشانەوەی كۆنگرە.
یەكەم: كلیچدارئۆغڵو گوتویەتی، ئەوانەی ئێستا دەستگیر كراون و تۆمەتی گەندەڵیان دراوەتە پاڵ، من ئەوانم هێناوەتە پێشەوە، بۆیە ئەركی منە لەناو پارتدا ئەوان پاك بكەمەوە. مەبەستی ئیمامئۆغڵووە.
دووەم: ئەوكاتەی گوتی ”لە پشتەوە جەنجەریان لێدا“، رەنگە تۆڵە لەو كەسانە بكاتەوە كە لە پشتەوە خەنجەریان لێیداوە و لە پارت دووریان بخاتەوە.
سێیەم: بەشێك لە سەرۆكی لقی جەهەپەییاكان لە پۆستەكانیان دوور دەخرێنەوە، ئەو كەسانە دێنە شوێنیان كە لە كلیچدارئۆغڵووەوە نزیكن.
ئەگەر بێت و كلیچدارئۆغڵو بە بڕیاری دادگا ببێتەوە بە سەرۆك، هاوكێشەی سیاسی لە توركیا گۆڕانی گەورەی بەسەردا دێت، چونكە بنكەی جەماوەری جەهەپە، ئۆزگوور ئۆزەل و ئیمامئۆغڵویان دەوێت و ئەگەر ئەوانیش لە پارت دەربكرێن، بەئەگەرێكی زۆرەوە پارتێكی تازە دادەمەزرێنن، بەڵام پەرت و بڵاوی جەهەپە، لە بەرژەوەندی ئاكەپە و خودی ئەردۆغان دەبێت، بۆیە پێشبینییەكان بۆ ئەوەن، بەهۆی ناكۆكی و هەروەها دژایەتی ناوەخۆیی جەهەپە، رێگە بۆ ئەردۆغان خۆش دەبێت بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بەسەرۆكی توركیا؟