دواین هەواڵ

ئایا شەڕی ئێران و ئیسرایل کۆتایی بە پرسی ئاشتی تورکیا و پەکەکە دێنێ؟

‌د. پشتیوان فەرەج

20 کاتژمێر پێش ئێستا

با لە لێدوانی یاریزانەکەی ئیسرایل دەست پێبکەم
لێدوانی کەسایەتی دیار و یاریزانی بەناوبانگی تۆپی پێ ی ئیسرایل ئەیال بێرکۆویتز هەرای ناوەتەوە گوایە ئەو یاریزانە گوتویەتی "لە قۆناغی چارەکی کۆتاییدا لە حەماسمان بردەوە، لە قۆناغی پێش کۆتایی ئێران و یاری کۆتاییش بەرامبەر تورکیا دەبێت" کاردانەوەی توندی لە کۆمەڵگەی تورکیادا بەدوای خۆیدا هێنا.
https://x.com/ajmubasher/status/1935056520338645477

ئاشتی یان بەردەوامی جەنگ؟
شەڕی ئیسرایل و ئێران مایەی هەڕەشەیەکی گەورەیە لە سەر تورکیا و پەکەکە و پرسی ئاشتی پەک دەخات. پرسی ئاشتی هەتا ئێستا نەچۆتە جێبەجێ کردن لەکاتێکدا هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی ئێران گیرۆدەی جەنگێکی گەورە بوون و ئەم جەنگە وا دەکات پەکەکە خۆی ڕێک بخاتەوە ئەگەری زۆری هەیە پەکەکە خۆی هەلنەوەشێنێتەوە چونکە دەرفەتی نوێ دروست بووە وبۆشایی دەسەڵات هەیە چ لە ئێران و لەناوچەکە بەگشتی و ئەمەش پرسی ئاشتی و پەکەکە دوا یان پەک دەخات و ئەگەری هەیە پەکەکە لەژێر ناوێکی دیکەدا بەردەوامی بە خەباتی چەکداری بکات. پێویست دەکات هەڵوێستە لەسەر گروپە چەکدارەکانی کورد لە ڕۆژهەڵات و لە ئێران بکەین چونکە ئەوان دژایەتی رژێمی ئێران دەکەن ئەمەش هەموو هاوکێشەکە دەگۆڕێت.
ئێران یان پەکەکە؟
گەورەترین کێشەی تورکیا لەگەڵ کورد پرسی پەکەکەیە بۆ دەیان ساڵ. دوای شەڕی غەزە بارودۆخێکی نوێ و ئاڵۆز هاتە ئاراوە کە بووە هۆی ئەوەی گۆڕانکاری گەورەی جیۆپۆلەتیکی لە ناوچەکەدا بێتە ئاراوە و ئیدی لە تورکیا هەوڵدرا ئۆجەلان ئازاد بکەن بە مەرجێ پەکەکە هەلبوەشێنێتەوە و خەباتی چەکداری کۆتایی پێ بهێنن و لەبەرامبەردا تورکیا مافەکانی کورد دەستەبەر بکات و خەباتی سیاسی کورد دەست پێ بکات. بەدەسەڵات و ئۆپۆزیسۆنی تورکیا هەمویان پشتگیری ئاشتیان دەکرد و تەنانەت ئۆجەلانیش پشتگیری ئەم کرانەوەی دەکرد. ئیتر ئەوە بوو لە مانگی ئایاری ٢٠٢٥ پەکەکە هەڵوەشانەوەى خۆی ڕاگەیاند کۆتایی بەخەباتی چەکداری هێنا و ئەمەش چرکەساتێکی مێژوویی بوو لە پرسی کورد و تورکیا و ناوچەکە.
ئاشتیەکی پاسیف
بەڵام لە رووی مێژووییەوە دەرکەوتوە پرسی ئاشتی لە نێوان پەکەکە و تورکیا پرسێکە هەردوو لایەن بە گومانەوە لێ دەروانن و یەکەمین پرۆسەی ئاشتی نێوان هەردوو لا لە ساڵی ٢٠١٥ کۆتایی هات بەهۆی شەری سوریاوە بوو. ئەو کاتە سوریا و ئێران پشتگیریان لە کورد لە سوریا کرد. تورکیا گروپە چەکدارەکانی سوریای بە باڵی پەکەکە لە سوریا لە قەڵەم دەدا و پەیوەندی نێوان ئەو سێ وڵاتەش تێک چوو. بەتایبەتی بەهۆی بەهێزی یەکینەکانی بەرەی گەل یەپەگە. چوار ساڵ لەوەو پێش بەهاری عەرەبی ڕوویدا و پەکەکە لە ئێران (پژاک) ئاگربەستی لە ئێران ڕاگەیاند و لەبەرامبەردا هاوکاری نهێنی لە ئێران وەرگرتوە کە تا ئێستا کەس نازانێ ئەو هاوکاریانە چی بوون. ئەمەش ئەوە دەخاتە ڕوو کە ئێران هەرکەی بیەوێت دەتوانێ لە رێگەی پەکەکەوە تورکیا ناسەقامگیر بکات و پرسی ئاشتی لە تورکیا تێک بدات.
خۆ ئامادەکردن بۆ جەنگ
ئەم پرۆسەی ئێستای نێوان پەکەکە و تورکیا چەندین بەربەستی لەبەردەمدایە بەهۆی شەڕی هەرێمایەتی. پارتە تەقلیدیەکانی کورد لە ئێران وەک پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئێران و پارتی ئازادی کوردستان پاک و پژاک ئامادەیی خۆیان نیشان داوە بۆ شەڕکردن لەدژی ئێران بەتایبەتی لەدوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئیسرایل کەبەهۆیەوە ئێران تەواو لاواز بووە. هەروەها دوران کالکان کە سەرکردەیەکی دیاری پەکەکەیە داوای لە هەموو گروپە کوردیەکان کردوە هەلوێستیان لە دژی ئێران هەبێ.
تورکیا چی دەوێت؟
ئەنقەرە هەمیشە تارانی وەک هێزێکی تێکدەر بینیوە, تورکیا پێ ی ناخۆشە کە پەکەکە هاوکاری تاکتیکی لە نێوان ئێران و پەکەکە هەبێت بەتایبەتی لە عێڕاق و سوریا و ئەمە بەهەڕەشە بۆ سەر بەژەوەندی خۆی دەبینێـت. لەم دواییانەدا گرژی کەوتە نێوان تورکیا و ئێران کاتێ تورکیا زانى کە ئێران پەیوەندی هەیە بەگەڵ کورد لە سوریادا و وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان ئێرانی ئاگادارکردەوە کە هاوکاری هەسەدە لە سوریا نەکەن. بەهۆی ئەم گۆڕانکاریانەوە تورکیا لەلایەک دەیەوێت کۆتایی بە شەری چل ساڵەی لەگەڵ پەکەکە بهێنێت و لەلایەکی دیکە دەیەوێت رێگری لە هەوڵی فراوانخوازی ئێران لەناوچەکەدا بکات و تورکیا زیاتر ئەوەی بەلاوە گرنگترە کە ئێران هەژمونەى لەناوچەکەدا نەمێنێت وەک لەوەی پرسی ئاشتی و دانوستان لەگەڵ کورددا بکات.
ئایا پژاک پەکەکەی نوێیە لە ناوچەکەدا؟
هەروەها لە ئێستایا تورکیا هەم ترسی لێ نیشتوە هەم نیگەرانی ئەو گۆڕانکاریانەیە کەلە ناوچەکەدا ڕوودەدەن بەهۆی ئیسرایلەوە. گەورەترین مەترسی لاى تورکیا پرسی کوردستانێکی نوێیە کە ئەگەری دروست بوونی هەیە و تا دێت زیاتر باسی لێوە دەکرێت لە چوارچێوەی گۆڕانکاریە جیۆسیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دوای ئەوەی هەرێمی کوردستانی عێڕاق بوو بە هەرێمێکی فیدڕاڵی سەربەخۆ ئیتر تورکیا تەواو بێ ئومێد بوو هەر لەوە دەترسا کە کورد ببن بە شت لە ناوچەکەدا و ئەمشە هاتە دی بەهۆی ئەمریکیەکانەوە. لە ئێستایا یەپەگە دەسەڵاتی خۆسەری بەهێزی
هەیە لە سوریا و بەهۆی شەڕی ناوخۆی سوریاوە ئیدارەیەکی سەربەخۆیان دروست کردوە کە سەد هەزار چەکداریان هەیە و ئەمریکا و ڕوسیا و ئیسرایل و تەنانەت حکومەتى نوێ ی سوریاش حسابی تایبەتیان بۆ دەکەن. تورکیا زۆر دەترسا ئەو هەرێمەی کورد لە سوریا داوای جیابونەوە لە سوریا بکەن بەڵام بەهۆی رێکەوتنەکەی مەزلوم عەبدی و شەڕعەوە تورکیا تا ڕادەیەک هێمن بۆتەوە دڵنیایە کە لەگەڵ سوریا دەمێننەوە. لە ئێستایا شەقامی تورکی و و میدیای تورکی باس لە سەڕهەلدانی کوردستانی سێیەم دەکەن لە ڕۆژهەڵات بەهۆی هێرشەکانی ئیسرایل بۆ سەر ئێران و لاوازکردنی ئەو وڵاتە.
واقیعێکی نوێ و گۆڕانکاری جیۆسیاسی
ئەو واقیعە نوێیەی لەناوچەکە هاتۆتە ئاراوە وادەکات پەکەکە تەماعی دیکەی هەبێت و هەوڵ بدات دەسەڵاتی خۆی بەهێزتر بکات و سوود لە گؤڕانکاریە جیۆپۆلەتیکەکانی ناوچەکە وەربگرێت. بنکەی سەرەکی پەکەکە هێشتا لە قەندیلە و نزیکە لە سنورەکانی ئێران. هەروەها پژاک بەهەمان شێوەی هەسەدە سەرنجی خۆی لەسەر بڕیارەکانی پەکەکەی قەندیل هەیە و بۆچوونیان وایە کە هەڵوەشانەوەی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری ئەوان ناگرێتەوە. ئەمەش ئەوە دەخاتە ڕوو کە پژاک و هەسەدە ستراتیشی جیاوازیان هەیە و تەنانەت ئەگەر پەکەکەش لە چەک دابماڵێت ئەوا چەکەکانی تەسلیم بە پژاک دەکات.
پژاک و ژن ژیان ئازادی
پژاک لە میانەی خۆپیشاندانەکانى ژن ژیان ئازادی لە ئێران لە ساڵی ٢٠٢٢ زیاتر دەرکەوتن و کاریگەریان لەناو ئێراندا زیاتر بۆ جیهان خرایە ڕوو. وە لەوکاتەوە کاریگەری تا دێ زیاتر دەبێ بەتایبەتی دوای کۆنگرەی حەوتەیەمی پارتەکە لە نیسانی ساڵی ٢٠٢٤. ئەمەش تەحەدای نوێ و ئاڵنگاری نوێ بۆ تورکیا دروست دەکات. ئەنقەرە دەترسێ کە لاوازبوون یان ڕووخانی ڕژێمی ئێران ژینگەیەکی لەبار بۆ گروپە کوردیەکان بڕەخسێنێ و ئۆپەراسیۆنی خۆیان لە ئێران ئەنجام بدەن. تورکیا پەپلەی یەکەم زیاتر سەرقاڵی لاوازکردنی پەکەکە و هەسەدە و یەپەگە بووە و کەمتر گرنگی بە پژاک داوە. چونکە پێ ی وایە پژاک لاوازتر بووە و زیاتر تەرکیزیان لە ئێران بووە و نەبوون بە سەرئێشە بۆ تورکیا. بەڵام لێدوانە نوێیەکانی پژاک و گروپەکانی دیکەی کوردی سەبارەت بە خۆئامادەکردنی هێزەکانیان بۆ شەڕ لەگەڵ ئێران مایەی هەڕەشەیەکی نوێیە بۆ تورکیا.
باڵی ناڕازی و بەردەوامی خەباتی چەکداری
هەروەها تورکیا ترسی هەیە کە بالێکی ناڕازی ناو پەکەکە ئامادەی ئەوە نەبن خۆیان بدەن بەدەستەوە و چەک دانانێن و هەر لە خەباتی چەکداری بەردەوام بن و لەپەکەکە جیاببنەوە. ئەمە و ئەگەری خەباتی چەکداری پژاک پێکەوە سیناریۆیەکی دیکەیە کە تورکیا بە مەترسی بۆ سەر خۆی دەبینێت. بەرپرسێکی تورکیا کە ئاگاداری دانسوتانەکانی تورکیا و پەکەکەیە نەیشاردۆتەوە کە بڕیاڕبەدەستانی ئەنقەرە زۆر نیگەرانی ئەم شەرەی ئیسرایلن لە دژی ئێران چونکە ئەم شەڕە دەبێتە هۆی تێکدانی پەیوەندی نێوان تورکیا و ئەکتەرە بەهێزەکانی کورد لە هەر چوار وڵاتەکە و پەیوەندی نێوان تورکیا و عێڕاقیش تێکدەدات. بەڵام ئەم بەرپرسە پێ ی وایە کە پەکەکە پابەندی بریارەکانی ئۆجەلان دەبن و چەک دادەنێن. بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە کە چەکەکانیان بدەن بە بە پژاک و تورکیا ئەمە بە مەترسی دەبینێ. ئەگەر پەکەکە ئەم کارە بکات ئەوا تورکیا و پژاک دەکەونە جەنگەوە.
سەرهەڵدانەوەى خەباتی چەکداری کورد لە ئێران
لەکاتێکدا هەڵوەشانەوەی پەکەکە کاریگەریەکی گەورەی لەسەر جیۆپۆلەتیکی ئێران و عێڕاق و سوریا و تورکیا دەبێت, بەڵام شەڕی ئەمریکا و ئیسرایل دژی ئێران مایەی مەترسیەکی گەورەیە بۆ ناوچەکە بەتایبەتی بۆ بکەرە کوردیەکان. ئەگەر شەڕەکە دژی ئێران دەستپێ بکاتەوە و فراوانتر بێ ئەوا هەموو وزە و تواناکانی گروپە کوردیەکان لە ئێراندا بەکاردێت.
ئەگەر پەکەکە کۆتایی بە پرسی دانسوتان بهێنێ لەگەڵ تورکیا بۆ ئەوەی سوود لە هاوسەنگی نوێ ی هێزی هەرمایەتی وەربگرێ ئەوا پەکەکە دەکەوێتە بەردەم دوو بژاردە. یان دەبێ ببنە هاوپەیمانی ئێران یان ئیسرایل. نزیکی پەکەکە لە سنوری ئێران وەها دەکات پەکەکە ببێت بە پرۆکسیەکی زۆر باش بۆ ئیسرایل. بەڵام هەردوو سیناریۆکە مایەی هەڕەشەیە بۆ سەر تورکیا.
هەرێمی ئەناتۆلیا
سەرکردەکانى تورکیا وەک دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە نیگەرانی دەربڕیوە کە شەڕی ئێران لەوانەیە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا پەک بخات بە بۆچونی باخچەلی ئامانجی سیاسی و ستراتیژی ئیسرایل ئەوەیە کە دەوروبەری هەرێمی ئەناتۆلیا داگیر بکەن و کۆتایی بە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بهێنن چونکە بەبۆچونی ئەو ئیسرایل کاربۆ ئەمریکا دەکات. دەمیرتاشیش داواى کردوە کە پەکەکە خۆی بە دوور بگرێ لە شەڕ لە ئێران و کار بۆ ئاشتی لە تورکیا بکەن.
ڕاستە لەوانەیە هەڵوەشانەوەی پەکەکە ببێتە هۆی بونیاتنانەوەی پەیوەندی نێوان حزبە کوردیەکان بەڵام شەڕی ئێران ئەگەری زیاترە کە پارتە کوردیەکان زیاتر دابەشتر بکات. دووریش نیە لاوازبوون یان کەوتنی ئێران ببێتە هۆی کاریگەری گەورە لەسەر جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە و دیسانەوە پارتە کوردیەکان بدات بە گژ یەکدا و توشی شەڕی ناوخۆ بن ئەگەر بێت و شەڕی پرۆکسی بکەن.
مەترسیە جیۆپۆلەتیکیەکان
ئێران و تورکیا لە هەستانەوە و بەهێزبوونی پژاک دەترسن. بەڵام بۆ تورکیا مەترسیەکە گەورەترە بەهۆی ئاڵوگۆڕی هێز و گۆڕینی باڵانسی هێز لە ناوچەکەدا. ئەنقەرە بۆیە پرسی ئاشتی لەتورکیا جوڵاند چونکە ترسی هەبوو کە ئیسرایل هێ.ەکانى کورد بەکاربهێنیێ و بیان کات بە پرۆکسی خۆی و لەدژی تورکیا بەکاریان بهێنێ. پێشووتر بۆچونێک هەبوو کە پێ ی وابوو ئەوە ئێران بووە هەرگیز نەیویستوە پەکەکە لەگەڵ تورکیا رێک بکەوێت بەڵام لە ئێستایا تورکیا زیاتر لە هەلکشانی هەژموونى ئیسرایل لە ناوچەکە دەترسێ و ترسی ئەوەیان هەیە کورد بکەن بە پرۆکسی خۆیان لە ناوچەکەدا.
لاوازبوون یان کەوتنی ئێران و لێکەوتەکانی بۆ سەر کورد
لەلایەکی دیکەوە سنوردارکردنی هەژمونەى ئێران لەناوچەکەدا پەکەکە ناچار دەکات بەردەوام بێت لە پرسی ئاشتی لە تورکیادا بەڵام کەوتنی ڕژێمی ئێران دەکرێت پەکەکە بەهێزتربکاتەوەو هەوڵی ئەوە بدەن کاریگەری هەرێمایەتی زیاتر بەدەست بهێنن ئەویش لە ئەگەری پاڵپشتی کردنی لەلایەن ئیسرایلەوە.
هەربۆیە باڵی سوریای پەکەکە کە هەسەدەیە هەتا ئێستا چەکی دانەناوە سەڕەرای هەموو فشارەکانی تورکیا لەریگەی ئەمریکاوە لەگەڵ شەرع ڕێکەوتون چونکە شەڕع بەنیازە پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئیسرایل ئاسایی بکاتەوە. بەڵام پژاک وەها دیارە کە لە خۆ ئامادەکردندایە بۆ بەرگریکردن لە خۆیان لە ئێران. هەربۆیە ئەنقەرە هەڕەشەی زیاتری لەسەر هەتا ئەو کاتەی کە پرسی ئاشتی لە تورکیا بە هەڵپەسێراوی بمێنێتەوە.
نەمانی هاوسەنگی هێز و هاتنە کایەی دۆخێکی نوێ
بە شێوەیەکی گشتی لە ئێستایا دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە چیتر ئێران ئەو هاوسەنگیەی نەماوە کە پێشوتر هەیبوو لەگەڵ زلهێزەکانی ناوچەکەدا. هێوربوونەوە یان کۆتاییهاتنی شەری ئیسرایل لە دژی ئێران دەکرێت ببێتە دەرفەتێک بۆ سەرخستنی پرسی ئاشتی لە نێوان کورد و تورکیا لە باکوور. بەڵام هەتا ئێستا ئەم پرۆسەیە ئەوەندە هێواشە کە ئەگەری شکست هێنانی هەیە و هەر لە کاتی پەلامارەکان بۆ سەر ئێران تورکیا بە توندی ئیدانەی ئیسرایلی کرد چونکە ترسی ئاسایش و ئاشتی ناوماڵی خۆی هەبوو.بەردەوامی یان دەستپێکردنەوەی شەری ئیسرایل و ئیڕان دۆخێکی دیکەی جیاواز دەهێنێـە ئاراوە کە تورکیا لێ ی دەترسێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP