دواین هەواڵ

کوردستان لەم تاقیکردنەوەیەشدا سەردەکەوێ

‌رێبوار حەمەلاو شوانی

20 کاتژمێر پێش ئێستا

نەک هەر دوور لە خواستى خۆى و بەفێڵبازى و بۆ بەرژوەندى چەند وڵاتێک خاک و نەتەوەى کورد بە عێراقێکەوە لکێنرا ،سەد ساڵە جگە لە نەهامەتى و کۆمەلکوژى و تاڵانکارى و چەواسەنەوە و وێرانکارى هیچى دیکەى بەدواى خۆیدا جێنەهێشتووە ، زێهنێیەتێک لەناو حکوومڕانى ئەو دەوڵەتە بەردەوامە جگە لە فاشیزمى و تایفەگەرى و دیکتاتۆرى و بەکارهێنانى ئاگر و ئاسن باوەرى بەهیچ ماف و گەلێکى تر نییە ، مێژوو و کردەوەکانى عێراق گەواهیدەرن هەر حکوومەتێک هاتبێتەسەر کار ئەوا بە هەموو جۆرە چەکێک و پیلانگێرییەک هەوڵى لەناوبردن و سڕینەوەى کوردوکوردستانى داوە یانیش بە چاوێکى هاووڵاتیی پلەیەک مامەڵەى نەکردووە هەمیشە هەوڵى چەوساندنەوەى داوە و مافەکانى پێشێڵکردووە ، لەگەڵ هەموو ئەو زۆردارى وستەمکاریی و هەوڵە دوژمنکارانەى ڕژێمەیەک لەدواى یەکەکانى عێراق کوردوکوردستان خۆڕاگرانە پارێزگاریان لە بوون و ناسنامە و مانەوەى خۆیان کردووە .
ئەوەتا دواى 22 ساڵ لە ڕووخانى ڕژێمى بەعس ، جارێکى تر سیاسیەکانى عێراقى نوێ، هەر رۆژەوە بیانوو و پاساوێک زیاد دەکەن بۆ لێدانى سەنگ و پێگەى هەرێمى کوردستان و هەوڵدان بۆ شکاندنى ئیرادە و باوەرى کورد بە دۆزە رەواکەى، دەمهەوێت بڵێم ، پێش نیو سەدە کوردستان خۆ کێشەى هەناردەکردنى نەوت و رادەستکردنى داهات و گڕێبەست و ڕێککەوتنى نەوتى نەبوو کاتێک بە فڕۆکە وتانک و تیرۆر و وێرانکارى هەوڵى لەناوبردنى دەدرا ، بۆیە زۆر گرنگە گەلى کورد هوشیار و بە ئاگا بێت ، ئەوەى فاشیزمەکانى عێراق بەرامبەر کوردستان دەیکەن ، سیاسەتێکە بۆ خۆرادەستکردنى کوردستان و ژێر دەستکردنى لە هەمووبوارەکانى سیاسى و ئابوورى و خۆبەڕێوەبردن ،ئەوەش خۆى لەخۆیدا هیچ واتایەک بۆ بوونى قەوارەیەکى یاسایی و دەستوورى هەرێمى کوردستان ناهێڵێتەوە ، بۆ قۆناغى ئێستا و بەتایبەتى دواى ئەوەى ساڵى 2023 ڕێگرى کردن لە هەناردەکردنەوەى نەوتى کوردستان و زیانێکى 25 ملیارد دۆلار لە ئابوورى گشتى کوردستان و عێراقدا ، ئەو چەکە یانیش بڵێن پرسى بارمتەگرتنى بودجە و مووچەى کوردستان ڕێگەیەکى ستەمکارانە ونامرۆڤانەیە بۆ دروستکردنى گوشارى سیاسى و ئابوورى و جەنگى دەروونى بەرامبەر بەخەڵکى کوردستان 
ئەوەش بە وونى بیرمان دێنێتەوە، عێراق و حکوومڕانانى ئەمڕۆش بەهەمان زێهێنیەتى ڕژێمەکانى پێشتر بە چەکى ئابوورى و دارایی ستەمکارى و کۆمەڵکوژى دژى هەرێمى کورستان دەکەن. بەتایبەتى لە ماوەى ساڵانى 2014 و بە ئێستاى 2025 وە  ، سیایەتێکى زۆر دڕندانە و فاشیزمانە لە بە سیاسیکردنى بابەتى بودجە و مووچە ، شەڕى ئیرادە و خۆڕاگرى خەڵکى کورستان تاقى دەکەنەوە ، بەڵام بە چاوى خۆیان ئیرادە و خۆڕاگرى گەلى کوردستان و سەرۆکایەتى حکوومەتى کوردستان دەبینن ، کە چون توانیوێتى بەسەر هەموو ئەو پیلانگێرى وسیناریۆیانەدا زاڵ بێت ،کە فاشیزمەکانى عێراق بەرامبەر بە کوردستان دەیکەن .
دواى ئەوەى دەسەڵاتدارانى عێراق لەرابردوو ، 182 هەزار ڕۆڵەى کوردیان ئەنفال وزێندەبەچاڵ کرد ، زیاتر لە 5000 کوردیان بە کوشندەترین غازە کیمیاییەکان شەهید و بەدەیان هەزارى دیکەى بریندار کرد ، زیاتر لە 4500 گوندیان وێرانکرد و زیانى گەورەیان بە کانى و دارستانەکان و سەرچاوەکانى بژێوى خەلکى کوردستان گەیاند ، عێراقى ئێستاش  بە کارتى دارایی و مووچە فشارێکى دژى گەلێکى ستەملێکراو بەکاردێنێت ، ئەو هەڵسوکەوتە دژى هەموو بنەماکانى مافى مرۆڤ و هاووڵاتییبوونە ، ڕەتکردنەوەى بنەماکانى هاوبەشى و سازان و هاوسەنگى و پێشێڵکردنى دادگە و دەستوورە.

دەبێ دەسەڵاتدارانى عێراق ئەو راستییە بزانن ، ئەمڕۆ هەموو کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى پشتیوانى لە کوردستانێکى بەهێز دەکەن لە چوار چێوەى بوونى عێراقێکى فێدراڵ و دەستوورى و دیموکراتدا ، ئەوەش لەلایەن زێهنیەتى فاشیزمى عێراقەوە هەرس ناکرێت ، بەتایبەتى گرنگیدانى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بە هەرێمى کوردستان و گڕێبەستە ستراتیژییەکانى ئەم دواییەى هەولێر و واشنتۆن لە بوارى وزەى نەوت و غازدا و واژۆکردنى و چوونى کوردستان بۆ سەر نەخشەى وزەى جیهانى و پەیوەندییە بەردەوامەکانى سەرکردایەتى سیاسى هەرێمى کوردستان لەگەڵ زڵهێزانى وەک ئەمەریکا و فەرەنساو بریتانیا و گڕتنەبەرى سیاسەتێکى هاوسەنگى لەناوچەکەدا ، دوورکردنەوەى هەرێمى کوردستان لەشەڕ و ململانێیەکانى ناوچەکە و جەمسەربەندییەکان ، عێراقى تووشى هیستریا کردۆتەوە.
ئەمڕۆ جیهان پشتیوانى لە قەوارەى هەرێمى کوردستان دەکات ، جیاواز لە هەموو ناوچەکانى دیکەى عێراق و زۆرێک لەوڵاتانى دیکە ، دوورگەیەکى سەقامگیر و ئارامە بۆ بازرگانان و پەنابەران و خەڵکانى تر ، ئەوەش وایکردووە ، عێراق چاوى پێهەڵنەیەت وبەردەوام کێشەى بۆ دروست بکات .
بەدڵنییاییەوە ، بەدرێژایی مێژوو لە دوێنى و ئەمڕۆشدا هەرێمى کوردستان و خەڵکە خۆڕاگرەکەى چەندین دیکتاتۆر و ستەمکارى عێراقیان کردۆتە ناو زبڵدانى مێژووە و چەندین کۆسپى گەروە و قەیرانى تێپەڕاندووە ، بەسەر ئەم تاقیکردنەوە و فشارانەى فاشیزمەکانى عێراق زاڵ دەبێت و سەردەکەوێت .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP