دواین هەواڵ

مەسرور بارزانی چۆن گورزی کەمەرشکێنی لە ئێران و عێراقیشدا؟

‌شاخەوان ئیبراهیم عەبدوڵڵا

6 کاتژمێر پێش ئێستا

ئێران لە ڕێگەی فرۆشتنی غازەوە، ساڵانە پارەیەکی زۆری لە عێراق دەستدەکەوێت، ئەمەریکاش تاقەتی چوو هێندەی ئەو قەوانە لێ بداتەوە و هۆشداری بدات و بڵێ چیتر غازی ئێران بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا مەکڕن، عێراقییە شیعەکان چونکە مەبەستیان پێدانی پارەیە وەک ڕەشووە بە ئێران، چەندین ساڵە ڕێزیان لەو داوایەی ئەمەریکا نەگرتووە.

* ورد دیقەت بدەن، ئەمەریکا ناچار بوو ئەو ماوە زۆرە ڕێز لەو پاساوەی بەغدا بگرێت و چاوپۆشی لە کڕینی غاز و ناردنی دۆلارێکی زۆر بۆ تاران بکات کە "سەرچاوەیەکی گەورەی پارەدارکردنی ئێرانە" تەنیا لەبەر ئەوەی بەغدا دەڵێ توانای دابینکردن و بەرهەمهێنانی کارەبامان بەبێ ئەو غازە نییە، پێدەچێت بۆ نەهێشتنی ئەو پاساوەی عێراق، ئەمەریکا گرێبەستەکانی وزەی لە بواری غازدا لەگەڵ هەولێر واژوو کردبێت! ئەو گرێبەستانە دارێکی دیپلۆماسی و گورزێکی گەورەبوون، مەسرور بارزانی لە یەککاتدا دای لە بڕبڕەی پشتی تاران و بەغداشی پێ ترساند! * وردتر دیقەت بدەن، ئێران بەو دوو گرێبەستەی ئەمەریکا و هەولێر، تەنگەتاو بووە، جارێک لە ئەگەری پڕکردنەوەی بۆشایی غاز بۆ بەرهەمێنانی کارەبای عێراق، لەو حاڵەتەدا ئەو سەرچاوە پارەدارکردنەی وشک دەکات، جارێکی دیکەش گرێبەستی وزە تەنیا لە بواری وزەدا کاریگەر نییە، ڕەهەندی سیاسیی گەورەشی هەیە، لەوەدا مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان زۆر باش درکی پێی کردووە کە گرێبەستەکان کاریگەریی دیپلۆماسی و سیاسی و بەهێزبوونی پەیوەندییەکانی هەولێر و ئەمەریکای لێ دەکەوێتەوە، لە سۆنگەی ئەوەی گرێبەستەکان لەگەڵ ئەمەریکادا کراون نەک وڵاتێکی دیکەی ناوچەیی کە توانای پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیشی نەبێت.

* بۆ ڕێگریکردن لەم گرێبەستانەش، گەورەترین کارتی تاران ئەوەبوو کە بە دارودەستەی خۆی لە حەوشەی پشتەوەی تاران لە بەغدای گوت، مووچەی کوردستان مەنێرن، بۆ ئەوەی گوشار لەسەر حکوومەتی هەرێمی دروست ببێت و ناڕەزایی لێ بکەوێتەوە، هەر هیچ نەبێت دژی گرێبەستەکان بوەستنەوە، لەکاتێکدا هەر کوردێک دەبێت شانازی بە هەر هەوڵێکەوە بکات کە لە داهات و ئابووریی سەربەخۆ نزیکمان دەکاتەوە! بەداخەوە بەشێک لە حیزبەکانی کورد چوونە بەرەی دژە کوردستان و ڕۆڵی گوتەبێژی گرووپەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگیان دەبینن.

* بڕینی مووچەی نەتەوەیەکی بەزۆر لکێنراو بە عێراقی فاشیزمەوە، ڕەفتارێکی فاشیستیانە و بڕیارێکی دوژمنکارانەی خراپە کە حکوومەتی عێراق لە دژی گەلی کورددا گرتیەبەر، لە کاتێکدا کورد بەهۆی نەبوونی ئەو مووچەیە لە برسان نامرێت، ڕاستە بۆ هاووڵاتییانی کورد ناخۆشە، بەڵام بۆ عێراق لەدەستدانی متمانەیە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیشدا شوورەییە حکوومەتێک بە بڕیاری سیاسی، مووچەی نەتەوەیەک گەورەی وڵاتەکە ببڕێت تەنیا لەبەر ئەوەی عەرەب نین، کوردن و دەیانەوێت ئابووریی هەرێمەکەیان بەهێز بکەن! بەرشەلۆنە داوای سەربەخۆیی کرد، سەریشی نەگرت، کەچی مەدرید نەچوو خەڵک نانبڕاو بکات و سزای هاووڵاتییانی بدات، ئەوەتا عێراق شەرمی بەخۆی نییە و نانی خەڵکی خۆی دەبڕێت.

* پێدەچێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، بەهەر جۆرێک و لەژێر هەر ناوێکدا بێت، بەغدا مووچەی کوردستان بنێرێت، بەڵام لە ئەگەری درێژەدان بە بڕیاری بڕینی مووچەی نەتەوەیەک، خۆی زیانمەندی سەرەکی دەبێت، بۆی هەیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پارەی نەوتی فرۆشراوی عێراقدا، پشکی هەرێمی کوردستان گل بدەنەوە یان دووبارە ڕێگە بە هەولێر بدرێتەوە خۆی نەوت بۆ دابینکردنی مووچە و خزمەتگوزارییەکان بفرۆشێتەوە. ئەمە ڕەنگە کاتێکی بوێت، سەرئەنجام لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستاندا بڕیار دەدرێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP