دواین هەواڵ

لە چاوی ئەمەریكاو ئەوروپا , ئێمە یەكسانین بە هیچ !

‌عەتا شەمێرانی

7 کاتژمێر پێش ئێستا

دوێنێ بەمجۆرە بیرم نەئەكردەوە، بەڵام ئەوڕۆ بەجۆرێكیتر بیر ئەكەمەوە، ئێمەو عەرەب وتورك وفارس ,چەندە ناكۆك و ناتەباو دژ بین، چەند ڕقمان لەیەكتربێ و بەخوێنی سەری یەكتر تینوو بین ، دەبێ لە فۆڕمێكیتردا پێكەوە هەڵكەین ،دەبێ یەكتر قبوڵ بكەین و ڕێز لە بوونی یەكتر بگرین , چونكە هەزاران ساڵە خاك و ئاوو نیشتمان پێكەوەیە ,بەرژەوەندییەكانمان پێكەوە گرێدراوە!!

لەدوای ڕیفراندۆمەوە, بەجوانی تێگەیشتم كە ،ئێمەی كورد لەچاوی ئەمەریكاو ئیسرائیل و ئەوروپادا، یەكسانین بە هیچ، لەوە تێگەیشتم كە هەموو مناڵانی ئێمە ،نرخی پشیلەیەكی چاوشینی ئەوانی نییە، لەوە تێگەیشتم كە ئێمە لەچاوی ئەواندا مرۆڤی ئاسایی نین ،یان لەباشترین حالەتدا لەخوار ئەوانەوەین و لەوان كەمترین ، لەلای ئەوان خوێنی ئێمەی ڕۆژهەڵاتی ، هیچ نرخ و بەهایەكی نییە، ئەوەی لە غەززە ڕوودەدات ، دووبارەوبوونەوەی هەمان تراژیدیاو هەمان ئازاری ساڵانی ڕابردووی ئێمەیە !!

ئێوە بڕوانن ژنان و مناڵانی غەززە ، بە ڕۆژی ڕووناك لەسێدارە دەرێن ، ناپاڵم و بۆمبی هایدرۆجین بەسەر ماڵ و حاڵی خەڵكە بێدەستەڵاتەكەیدا دەبارێنرێت ، دۆخی ژیان لە غەززەدا تا ئاستی سڕینەوە نزیكبۆتەوه، كەچی هیچ وڵاتێكی ئەوروپی بەفەرمی ئیدانەی ناكات ،لەهیچ شوێنێكی ئەمەریكاوە دەنگی ناڕەزایەتی نابیسترێت ، هیچ وڵاتێك لەسەر ئەو پاكتاوی نەژادییە ،نقەی لێوە نایەت!!

ڕووداوەكانی ئەمڕۆی غەززە، سێ دەیەیەك لەوەو پێش، لە خاك و نیشتمانی ئێمەشدا ڕوویداوە ، بەبەرچاوی ئەوروپاو ئەمەریكاو ئیسرائیلەوە ، خاك و نیشتمان و گوندەكانی ئێمە لەگەڵ زەویدا یەكسان كران، سەتان هەزار لە ژن و منداڵ و پیروپەكەوتەی كورد، خرانە نێو زیلەوەو بەرەو قووڵایی بیابەنەكانی عێراق بران و زیندە بەچاڵكران ،هەزاران ژن و مناڵی هەڵەبجەو سێوسێنان و قەڕەداخ، بەو گازە خنكێنران كە لە ئەوروپاو ئەمەریكاوە هاووردە كرابوون!

وەك چۆن دوێنێ مردن و ئەنفالكردن و وێرانكردنی كوردستان ،لەلای ئەوروپی و ئەمەریكییەكان هیچ بەهاو نرخێكی نەبوو ، ئەوڕۆش مردنی هەزاران ژن و مناڵی كەرتی خاپووركراوی غەززە، بەدەستی چەقۆكێشەكانی ناتەنیاهۆوە ، نابێتە جێی باس وخواسی هیچ وڵاتێكی ئەورووپی، تەنانەت لەكەناڵە تەلەفزێۆنەكانیشیانەوە، نابێتە هەواڵ و گرنگی پێنادرێت!!

ئێمەو فارس و تورك و عەرەب ، ناچارین پێكەوە هەڵكەین و ناچارین بژین ،هاووسنورین لەگەڵ ئەواندا ،جوگرافیاو مێژوومان هاووبەشە ، هەزاران ساڵە لەم ناوچەیەدا پێكەوەین ، ڕاستە هەورازو نشێوی زۆرمان دیوە و شەڕی گەوورە لەنێوانماندا ڕوویداوە، هەزار ساڵیتریش دەستبدەینە یەخەی یەكترو شەڕ بكەین، هەر ئەبێ ئاشت ببینەوە ، ئەشێ ئاشتی ببێتە هەوێنی نێوانمان و پێكەوە هەڵكەین ،ئێەو ئەوان لەزمانی یەكتر تێدەگەین ، بە بۆچوونی من ئەوروپاو ئەمەریكا جێی متمانە نین ، نابێت هەرگیز متمانەیان پێبكەین ، بەڵام دەتوانین لەگەڵ گەلانیتری ناوچەكەدا ( فارس و تورك و عەڕەب) ئاشت ببینەوە و لەگەڵیاندا ڕێكبكەوین ،چونكە مێژوو و جوگرافیاو چارەنووسمان لەیەكەوە نزیكە ، ئەگەر ئەوان بیانەوێ و ئێمەش بمانەوێ ،دەتوانین پێكەوە بژین ،دەتوانین بۆ هەمیشە لاپەڕەیەكی تازە هەڵبدەینەوەو بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە چەك و شەڕو ناكۆكی بكەین!!

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP