دواین هەواڵ

سەردانەكەی ترامپ و دوا گۆڕانكارییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

‌كاوە محمود

6 کاتژمێر پێش ئێستا

دوای سەردانەكەی ترامپ بۆ عەرەبستانی سعودی ‌و ئیمارات ‌و قەتەر ‌و ئەو وتارەی، كە لە عەرەبستانی سعودیەدا پێشكەشیكرد، توانای خوێندنەوەیەكی ڕوونتر بۆ تابلۆی دوا گۆڕانكارییەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەردەكەوێت، بەتایبەتی ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە ئێران‌ و سوریا‌ و لوبنان ‌و كێشەی نێوان عەرەب ‌و ئیسرائیلەوە هەیە. 

بێگومان ئەم بابەتە لە هێڵە گشتییەكانی سیاسەتی نوێی ئەمەریكادا سەبارەت بە ئاراستەی خۆپارێزی بۆ چارەكردنی كورتهێنانی ئابووری ‌و بواری بازرگانی ‌و كەڵەكەبوونی قەرزی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ‌و پەنابردنە بەر زیادكردنی گومرگ لەسەر كاڵای هاوردە ‌و كەمكردنەوەی خەرجی تەرخانكراو بۆ بیمەی تەندروستی ‌و خەرجی گشتی دەوڵەت جیاناكرێتەوە‌ و سەرجەم ئەم بابەتانەش، كە بەشێكیان سیاسەتی ناوخۆییە ‌و بەشێكی سیاسەتی دەرەكییە لە ئەجیندەی سەد ڕۆژی حوكمڕانی ترامپدا دەردەكەوێت.

گەڕانەوەی ترامپ بۆ ئەمەریكا بە كۆمەڵێك گرێبەستی جۆراجۆرەوە، كە یەكێكیان بە بەهای 300 ملیار دولارە لەگەڵ عەرەبستانی سعودی ‌و جگە لە باسكردنی فرسەتی وەربەرهێنان لە كەنداو بەگشتی بە بەهای چوار تریلۆن بۆ ساڵانی دواتر، كە لەوە دەچێت لە ماوەی حوكمڕانی ترامپدا كۆتایی نەیەت، دەچێتە خانەی كاركردن بۆ قەناعەتپێكردنی ڕای گشتی ئەمەریكا بە سیاسەتە نوێكەی لە بواری ئابووریدا بەمەبەستی پەردەداپۆشین لەسەر بابەتی زیادكردنی   شەڕی بازرگانی‌ و ئاكامەكەشی تا ئێستا زیادكردنی قورسایی دارایی لەسەر تاكی وڵاتەكەی ‌و دابەزینی بەهای دۆلار بووە، جگە لە ناكۆكی ئەو سیاسەتە لەسەر ئاراستەی سەرمایەداری داراییدا، كە پێیوایە ئەو سیاسەتە ‌و زیادكردنی گومرگ، سنوور بۆ جووڵەی سەرمایە لە جیهاندا دادەنێت.

بەڵام ئەوەی لە سەردانەكەی ترامپ‌ و گفتوگۆكانی بەشێوەیكی زەق دەردەكەوێت‌ و ڕەنگدانەوەی دووفاقییە لە سیاسەتی ئەمەریكا وەك ناوەندی سەرەكی لە سەرمایەداری جیهاندا، ئەو دیدارە بوو كە لەگەڵ ئەحمەد شەرع كردی ‌و بە جەنگاوەر ‌و كەسی لێهاتوو ناویبرد، هەروەكو چۆن رامسفیلد وەزیری پێشووتری بەرگری ئەمەریكا لە دیداری لەگەڵ كۆمەڵێك چەتەی جەنگ دژ بە حوكمی نجیبالله لە ئەفگانستان كە بەشێكیان بوون بە تالیبان بە جەنگاوەر ‌و تێكۆشەر لە پێناوی ئازادی ناوەزەندی كردن.

دیدارەكان‌ و گوتاری ترامپ لە عەرەبستانی سعودیدا ئاماژەیە بۆ هیڵی سەرەكی سیاسەتی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، كە لەم خاڵانەدا دەردەكەوێت:
1ـ پەیڕەوكردنی سیاسەتی كۆنتڕۆڵكردن‌ و دەستەمۆكردنی ئێران بەئاراستەی ئامادەبوونی گفتوگۆ ‌و سەپاندنی مەرجی پێشوەخت لە دانوستان لە لایەك ‌و پیشاندانی ئەگەری شەڕ لە لایەكی دیكەوە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی بابەتی پیشەسازی ئەتۆمی لە ئێران ‌و سنوورداركردنی هەژموون ‌و كارتێكردنی لەسەر وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ‌و بوونی بە هەڕەشەی بەردەوام بۆ ئیسرائیل، كە ئەم بابەتەش پەیوەندیی بە سیاسەت ‌و ڕەوشی حوكمڕانی لەنێو ئێران ‌و بابەتی ئازادی ‌و مافی مرۆڤ ‌و گەلان ‌و پێكهاتەكان ‌و مافی ژنانەوە نییە. 
هەنگاوی كردەییانە لە كۆتاییەكانی ساڵی ڕابووردوو لە ئاراستە‌ و كارەكانی پێشتری ئەمەریكا ‌و ئیسرائیل سەبارەت بە نینۆكردنی ئێران‌ و كاركردن بۆ كۆتاییهێنان بەوەی جەمسەرێكی هەرێمایەتی ‌و كارتێكردنی لەسەر ڕەوشی بەغدا و سەنعا‌ و دیمشق ‌و بیروت بێت دەركەوت‌ و زەبری كوشندە بە حزب الله‌ و حماس كەوت ‌و ڕژێمی ئەسەد كۆتاییهات. 
2ـ كاركردن بۆ پشتگیریكردنی شەرع لە دوو ئاراستەوە. یەكەمیان چاوپێكەوتن لەگەڵی، كە ئەمەش دەچێتە خانەی ڕەوادان بە دەسەڵات ‌و حوكمڕ انی كەسێك پێشتر خودی ئەمەریكا بە تیرۆریست دایناوە ‌و ئەو كەسایەتییە ڕێكخراوی تیرۆریست لە ناوچەكە لە زەرقاوی و قاعیدە  نوسڕە و داعش نەما تاقینەكردبێتەوە‌ و ئەمەریكاش 10 ملیۆن دۆلاری دانابوو بۆ هەر كەسێك كە زانیاری تەواوی لەسەر بدات، كەچی لە چاوترووكانیكدا تیرۆریست بوو بە جەنگاوەری ئازا ‌و لێهاتوو ‌و ترامپ لەسەر داواكاری محمد سلمان، كە چاوپێكەوتنی ترامپ ‌و شەرعی ڕێكخستبوو، سزا جۆراجۆرەكانی لەسەر سوریا لابرد.

كاتێك كە باسی سزاكان دەكرێت كە ئاراستەی دووەمە، هەڵبەتە لای ئێمە ڕوونە كە سەرجەم سزاكان لە هیچ كاتێكدا دەسەڵاتدارانی تەنگەتاو نەكردووە‌ و هەردەم قورساییەكەی لەسەر خەڵكی زەحمەتكێش ‌و بێدیفاع‌ و مەدەنی بووە. بۆیە هەردم ئێمە لەگەڵ سزای ئابووریدا نین، بەڵام لابردنی سزای سیاسی ‌و مەشروعیەتدان بە تیروریستان بۆ حوكمداری بابەتێكە لەگەڵ سادەترین بەها‌ و ڕەوشتی سیاسی ‌و مافی مرۆڤ ناگونجێت.

لێرەدا زۆر گرنگە ئاماژە بەوە بكەین، كە بەشێك لە دەستپێشكەری محمد سلمان بۆ چاوپێكەوتنی ترامپ ‌و شەرع، دەرهێنانی شەرعە لەژێر هەژموونی توركیا ‌و قەتەر ‌و ڕاكێشانێتی بۆ كارتێكردنی هەژموونی عەرەبستانی سعودی، ئەمەش بەو میكانیزم و عەقلیەتی سەوداكردنە لە بازاڕی سیاسەتدا كرا.
3ـ بەپێی ئەو هەواڵانە دەربارەی چاوپێكەوتنی ترامپ لەگەڵ شەرع باسدەكرێت، بابەتەكان لە چوراچێوەی ئاساییكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل‌ و دەستتێوەرنەدان لە ڕەوشی لوبنان بووە، بەڵام ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە قەتلوعامی عەلەوییەكان‌ و هێرش لەسەر دورزییەكانە، باسنەكراون. پێشتریش ئیدارەی ئەمەریكا بۆچوونی ڕوونی سەبارەت بەم بابەتە نییە. هەڵبەتە ئەم ئاراستەیە مەترسی لەسەر ڕەوشی ڕۆژئاوا دروستدەكات، بەتایبەتی لە خاڵە گشتییەكانی ڕێكەوتنی مەزلوم عەبدی لەگەڵ شەرع، كە گوایە بەئاگاداری ئەمەریكا كراوە، باس لە ئازادییە دیموكراسییەكان نەكراوە‌ و كاتێكیش بابەتەكە هاتۆتە سەر دۆزی گەلی كورد، دەسەتەواژەی (كۆمەڵگەی كورد) بەكارهاتووە، نەك گەلی كورد یان نەتەوەی كورد، ئەمە جگە لە دەستوورەكەی شەرع، كە جەختە لەسەر دەوڵەتی ناوەندی ڕەها.

4ـ لە سەرجەم گفتوگۆكانی ترامپدا بۆ چارەسەركردنی كێشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چەمكی "ئایینی ئیبراهیمی" خراوەتەڕوو، وەك بڵێیت بانگەشە بۆ ئەم چەمكە بنەمای كۆتاییهاتنی كێشەكان ‌و چارەسەری گرفت ‌و قەیرانەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.
جەختكردن لەسەر چەمكی "ئایینی ئیراهیمی" كە ترامپ بانگەشەی بۆ دەكات هەمان ئەو میتۆد ‌و عەقلیەتەیە، كە دەیەوێ لە چوارچێوەی بۆچوونەكانی (هنتكتۆن)دا سەبارەت بە (ململانێی شارستانییەكان) لێكدانەوە بۆ ناكۆكی ‌و ململانێیەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكات ‌و شوناسێكی ئایینی بداتێ، هەر وەكو چۆن گرووپ‌ و لایەنەكانی ئیسلامی سیاسی شوناسی ئەو ململانێیە بە بابەتی ئایینی دەستنیشان دەكەن. لێرەدا خستنەڕووی "ئایینی ئیبراهیمی" قایلبوونە بە لۆجیكی لایەنەكانی ئیسلامی سیاسی ‌و بازدانە بەسەر ڕاستی ململانێیەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە چەندین بوار دەگرێتەوە، لەوانە: قەیرانی دەوڵەت لەو ناوچەیە هەر وەك لە عێڕاق ‌و سوریا ‌و لوبنان ‌و یەمەن هەیە ‌و قیرانی سیستمی سیاسی، جكە لە كێشەی فەلەستین ‌و ئیسرائیل ‌و دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان، كە نیشتمانەكەی بەسەر چوار وڵاتدا دابەشبووە. 

5ـ ڕوونبوونی تابلۆ ‌و ئاراستەی ڕووداوەكان، بابەتێكی گرنگ ‌و ژیانییە بۆ گەلی كوردستان بەگشتی ‌و بەتایبەتی لە باشوور، بۆ چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ پێشهاتەكان‌ و نەخزانە نێو چەمكە ناڕوونەكان ‌و كۆكردنەوەی بژاردەكان لەنێوان پێكدادانی ئایینی ‌و یەكبوونی ئایینی ئیبراهیمیدا، كە مەبەست لێی پاكتاو و كۆتاییهاتنە لە مەسەلە نەتەوەیی ‌و نیشتمانییەكانی گەلانی ناوچەكە‌ و زەقكردنی شوناسی ئایینی ‌و ئاكامەكەشی جۆشدانی خولیای مەزهەبی‌ و تایفەگەری‌ و لادانی گەلان لە خەباتی نیشتمانی‌ و نەتەوەیی دەبێت.
درككردن بەم بابەتە پێویستی بە پشتبەستن بە هێزی ناوخۆیی گەلەكەمان هەیە ‌و زامنی سەرەكی بەرەنگاربوونەوە‌مان ‌و سەركەوتن پشتبەستنە بە گەلی خۆمان ‌و چیاكانمان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP