هەموو بۆچوونەکان بۆئەوە دەچن وێندی ماکماهۆن بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تۆڕی سی بی ئێس نیوز (CBS) لەچوارچێوەی ململانێکانی تۆڕەکە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ دەستی لەکارکێشاوەتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا سکاڵای لەسەر بەرنامی 60 خولەک (60 Minutes)، تۆمارکردووە و داوای 20 ملیار دۆلاری کردووە.
ترەمپ پێشکێشکاری بەرنامەکەی سی بی ئێس نیوز بەوە تۆمەتبار دەکات لەکاتی دیبەیتەکەی لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن لەگەڵ کامالا هاریس، لە رێگەی مۆنتاژکردنەوە لایەنگری هاریس کراوە و کاریگەریی لەسەر دەنگەکانی هەبووە.
مانگی رابردوو، بیڵ ئۆینز، بەرهەمهێنەری جێبەجێکاری بەرنامەی "60 خولەک" ی "سی بی ئێس نیوز" دەستی لەکارکێشایەوە.
وێندی ماکماهۆن دوێنێ یاداشتێکی بۆ کارمەندانی کەناڵەکەی ناردووە، نوسیویەتی: "روون بووەتەوە کۆمپانیا و من لەسەر رێڕەوی داهاتوو هاوڕا نین. کاتی ئەوە هاتووە من بڕۆم و ئەم تۆڕە بە سەرکردایەتییەکی نوێوە هەنگاو بنێت."
تۆڕی سی بی ئێس نیوز لە بەشی ناساندنی وێندی ماکماهۆن، نوسیویەتی؛ کارگێڕێکی میدیایی زۆر سەرکەوتووە کە خاوەنی تۆمارێکی درەوشاوەیە لە زیادکردنی بینەر و سەرکەوتنی بازرگانی لە سەرانسەری سەکۆکانی پەخش، دیجیتاڵی و ستریمینگدا، سەرکردایەتی سی بی ئێس نیوز، وێستگەکان و سی بی ئێس میدیا ڤێنچەرز (CMV) دەکات.
هەروەها نوسویانە؛ ماکماهۆن وەک سەرکردەیەکی داهێنەر و گۆڕانکار ناسراوە. لەژێر سەرکردایەتی ئەودا، وێستگەکانی سی بی ئێس تەنها لە ماوەی دوو ساڵدا لە پلەی چوارەمەوە بەرزبوونەوە بۆ پلەی یەکەم لە بواری ستریمینگی هەواڵی ناوخۆییدا.
رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" ئاماژەی بەوەکردووە پارێزەران گومانیان لە دەرفەتی سەرکەوتنی ئەم سکاڵایە هەیە، بەڵام شاری رێدستۆن، خاوەن پشکی سەرەکی لە (پاراماونت گڵۆباڵ) کۆمپانیای دایکی "سی بی ئێس نیوز"، کاردەکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ترەمپ ئەوەش بووەتەهۆی ئەوەی ماکماهۆن دەستلەکار بکێشێتەوە.