دواین هەواڵ

بارزانی دوای ١٠٠ ساڵ هەوڵیدا ترسی ئەتاتورك بكات بەڕاست؟

‌كارزان گلی

1 رۆژ پێش ئێستا

بارزانی دوای ١٠٠ ساڵ هەوڵیدا ترسی ئەتاتورك بكات بەڕاست؟
كارزان گلی
موسته‌فا كه‌مال ئه‌تورك دوو لێدوانی له‌باره‌ی ولایه‌تی موسڵ و دەوڵەتی كوردییەوە‌‌ داوه‌، كه‌ باس لە ولایەتی موسڵ دەكەین، مەبەست لە كه‌ركووك و هه‌لێریشە چونكە ئەوكات سه‌ر به‌و ولایه‌ته‌ بوونه‌. گرنگه‌ ئێستا له‌سه‌ر ئه‌و دوو لێدوانه‌ بوه‌ستین. ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ دوو لێدوانه‌كه‌ی ئه‌تاتوركه‌:
یه‌كه‌م: ولایه‌تی موسڵ به‌ كه‌ركووكه‌وه‌ بۆ توركیا زۆر زۆر گرنگن، چونكه‌ ئه‌و دوو شوێنه‌ خاوه‌ن نه‌وتێكی زۆرن و نابێت به‌ ئاسانی ده‌ستبه‌رداری ببین.
دووه‌م: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و دوو شاره‌ كوردی زۆر لێیه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ زۆر به‌ وردی چاودێرییان بكه‌ین، چونكه‌ كورد لێیان غافڵ بیت ده‌وڵه‌تی كوردستان راده‌گه‌یه‌نن.
لێدوانی یه‌كه‌م پێمان ده‌ڵێت، توركیا نابێته‌ بینه‌ر به‌وه‌ی ئێران نه‌وتی كه‌ركووك به‌ خاكی خۆیدا بفرۆشێت و بینێرێته‌ به‌نده‌ری جیهان. توركیا ده‌یه‌وێت ئه‌و نه‌وته‌ به‌ خاكی ئه‌ودا تێپه‌ڕێت بۆ به‌هێزكردنی پێگه‌ی خۆی و باج وه‌رگرتن له‌و نه‌وته‌ كه‌ به‌ مافی خۆی ده‌زانێت. جگه‌ له‌وه‌یش پێگه‌ی خۆی له‌ ناوچه‌كه‌ پێ به‌هێز ده‌كات، بۆیە هەوڵی جیدی دەدات تا نەوتی كەركووك لە بۆڕی جەیهاندا بە توركیادا تێپەڕێت.
لێدوانی دووه‌م ئاشكرای ده‌كات، كه‌ كه‌ركووك و موسڵ زۆرینەی كوردن، نابێت كورد ببێتە خاوەن ستاتۆی خۆی، سەرۆك بارزانی جوان راستییەكانی شڕۆڤە كردبوو، بۆیە گەیشتە ئەو بڕوایەی ئەگەر كەركووك بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، كورد ده‌وڵه‌ت راده‌گه‌یه‌نێت و ده‌وڵه‌تی كوردی په‌یوه‌سته‌ به‌ كه‌ركووكه‌وه‌. بۆیه‌  ئەتاتورك ده‌ڵێت لێیان غافڵ بین دوڵه‌ت راده‌گه‌یه‌نن، ناشیشارێته‌وه‌ كورد زۆرینه‌ بوه‌ له‌ موسڵ و كه‌ركووكدا.
ئه‌و دوو لێدوانه‌ی ئه‌تاتورك، ئیلكه‌ر باشبوخ سوپاسالاری پێشووی توركیا له‌ دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی (سی ئێن ئێن)ـی توركی ئاشكرای كرد. باشبوخ، چەندین لێكۆڵینەوەی لەسەر ئەتاتورك ئەنجامداوە و عەشقێكی زۆری بۆ ئەتاتورك هەیە.
كاتێك سەرۆك بارزانی، ریفڕاندۆمی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان كرد، كەركووكیشی خستە ناو ئەو ریفڕاندۆمەوە، كە هەوڵێكی مێژوویی و گەورە بوو و هەرگیز لەبیر ناكرێت.
ئەتاتورك، نزیكەی ١٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا ترسی لە دەوڵەتی كوردی هەبووە، سەرۆك بارزانی ویستی ئەو ترسەی ئەتاتورك بكاتە راست و بەئیرادەیەكی بەهێزەوە ریفڕاندۆمی ئەنجامدا، بەڵام بەداخەوە خۆخۆری و دەستی خیانەتی ناوەخۆی پرۆسەكەی لەكار خست.
هەر سەرۆكێك نەتەوەیی نەبوو، هەوڵی بۆ سەربەخۆیی وڵاتەكەی نەبوو، نابێتە رەمز و روحی نەتەوەیی، نموونە ئەتاتورك بۆیە بە باوكی روحی نەتەوەی تورك دادەنرێت چونكە كۆماریی توركیای دروست كرد، بارزانیش بۆیە چووەتە ناو روحی تاكی كورد، چونكە نەتەوەییە و بەو تەمەنەوە ئیرادە دەداتە تاكی كورد تا بەرەو سەربەخۆیی بڕۆن.
تۆ ئەگەر پێت وایە، تورك دوژمنتە، مەبەستم سیاسییەكانیانە بەدرێژایی ١٠٠ ساڵ نەك گەلی توركیا، كەواتە دەبێت شانازی بە سەرۆك بارزانییەوە بكەیت، چونكە هەر لە ئەردۆغانەوە بیگرە تا دۆغو پەرەنچیك و دەوڵەت باخچەلی و سەركردە نەژادپەرستەكانی تورك، نەیانشاردووەتەوە، ترسی گەورەیان لە بارزانییە بەوەی دەوڵەتی كوردستان دروست بكات.
دەبێت بزانیت مێژووی راستەقینەی هەموو نەتەوەیەك ئەوكات دەستپێدەكات كە دەوڵەتی هەبێت، ئەمە هەرگیز لەبیر مەكە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP