دواین هەواڵ

نەوشیروان مستەفا: دووەم مەرگ

‌د.سەردار عەزیز

1 رۆژ پێش ئێستا

برادەرانی ڕێکخەری یادی کاک نەوشیروان داوایان لێکردم بۆ یادەکەی بابەتێک بنوسم. هەستمکرد نوسینێکی ئاسان نیە. چۆن یادی نەوشیروان مستەفا دەکەینەوە؟ لە ڕاستیدا دەکرێت بپرسین ئەوە کێیە لەم ڕۆژگارەدا کە پێی دەڵێن نەوشیروان مستەفا؟

شاعیری گەورە پۆل سیلان، لە شیعرێکیدا دەربارەی هۆلۆکۆست میتافۆری شیری ڕەش بەکار دەهێنێت. بە دیدی ئەو شیر کە سپیە و سەرچاوەی ژیانە، دەکرێت ببێت بە ڕەش، یان سیمبولی مەرگ. 

بۆ من نەوشیروان مستەفا دەکرا ببێت بە سەرچاوە یان بنەمای دیدێکی تر بۆ حوکمڕانی لە کوردستان، دوور لە حوکمی شەخس و بنەماڵە، بەڵکو حوکمی دەزگا و زانست و خەڵک، ئەمە شیرە سپیەکەیە. بەڵام پاش مەرگی یەکەمی نەوشیروان دوو ڕەوت سەریانهەڵدا، هەردوکیان لە قوڵایی سیستەمی خراپی کوردستانەوە سەرچاوەیان گرتوە، سیستەمی بنەماڵەیی و سیستەمی دەسەڵاتخواز و لە کورسیەوە بۆ تابوت یان شەخسانیەت، شیرە ڕەشەکە.

ئەم دوو ڕەوتە زەمینەی ئەوەیان سازان و جەستەی نەوشیروانیان کردە دیارییەک بۆ یەکێتی و پارتی هەتا بە تەواوی بیکوژن. نەوشیروان وەک خۆی مەترسی بوو. بەڵام ئایدیا و دیدەکانیشی زیاتر مەترسی بوون، چونکە ئەگەر بهاتایایە ببونایەتە بنەمای دونیابینیەکی نوێ بۆ حوکمڕانی لە کوردستان، ئەوە بۆ سەردەمانێکی زۆرتر ئالەنگارییان لە بەردەم مۆدێلی حوکمڕانی کوردستاندا دروست دەکرد. بەڵام مەرگی دووەمی نەوشیروان ئەو مەترسیەی نەهێشت.

بۆیە کاتێک کە یادی دەکەینەوە، لە ڕۆژگاری دووەم مەرگیدا دەژین. 

خەڵکێکی زۆر گۆڕان بوون. بەڵام خەڵکێکی زۆر کەم  بەرچاوڕونیەکی ڕونیان هەبوو کە دەبێت گۆڕانکاری چی بێت و چۆن بێت؟  دەکرێت کەف و کوڵی زۆرت هەبێت بەڵام گەر نەتزانی چیت دەوێت، تەنها فشارێکی تەمەن کور(د)ت دەبێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP