نزیکەی چارەگە سەدەیەکە وڵاتەیەکگرتووەکانی
ئەمەریکا خەریکی دەرهێنانی شانۆگەریەکە بەناوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ ، کە تا ئێستا کارەکتەرەکان لە نمایشکردن بەردەوامن ، سیناریۆی شانۆگەریەکە لەلایەن « C.I.A » نوسراوەتەوە و ، لەسەر تەختەی شانۆکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشکەش دەکرێت و ، لەم شانۆگەریەدا چەندین ئەکتەری سەرەکی و مامناوەندی و بچووک ڕۆلی تێدا دەگێڕن و کۆمابارسێکی زۆروزەوەنیش لە گۆڕەپانەکە هاندەرێکی گەورەی شانۆگەریەکەیە ، وەرزی شانۆگەریەکەش بۆ سەرەتای ڕوداوەکانی « ١١ » سبتەمبەری 2001 دەگەڕێتەوە ، کە کەوتنەوەی ئاگرێکی بەرنامەڕێژ بوو ، دوای ئەم ئاگر کەوتنەوە لە هەنديک وڵات ، لەدوای ئەمە دەرهێنەر زیرەکانە وەرەقەی کارەکتەری «ئیخوان موسلمین» بەکاردەهێنی ، ڕۆلی داگیرسانی ئاگر و دوکەڵێکی ڕەش لە هەندێک ناوچە بەناوی بەهاری عەرەبی پێدەسپێرێ بەڵام هەرزوو ئەو وەرەقەیەی دەرهێنەر بەتایبەتی لە میسر دەسوتێنرێت و ، ئاگری دیکەش بەدوای خۆیدا دێنێت تا دەیگەینێتە ئەوەی ڕۆلێکی گرنگیش بداتە حەماس بێئەوەی ئەوان تۆزقالێک لە ڕۆلەکە حاڵی بووبن و ناویان لێنا «حەفتی ئۆکتۆبەر» ، ئەمەش بووە سەرەتای شکانی بڕبڕەی پشتی رێکخراوە تووندڕۆکان و ئەو وڵاتانەی پشتوپەنایان بوون و ، لەئەنجامدا ئەمە بووە بەدیاریەکی گرانبەها بۆ ئیسرائیل و بەم دیاریەش ئیسرائیل بووە ئیمڕاتۆریەتی گۆڕەپانەکە ، دەرهێنەرەکە بەوەش نەوەستا لەگەڵ تورکیا بەڕێکەوتن بۆئەوەی شانۆگەریەکە فراوانتر ببینرێت بوکەلەیەک-یان بەناوی محمد جۆلانی دەمامکادار ئامادەکرد کە لەسەربڕینی خەڵکی مەدەنی و لێدوانی دژی شەیتانەکانی ڕۆژئاوا هێنا ، ئینجا خزاندیانە ناو رێکخراوی قاعیدە و داعش ڕۆلی گرنگ و لە پێشەوەبوون لەهەمووشی سەرکەوتووتر و سەمەرەتر لەو سیناریۆیەدا ، تەرخانکردنی دە ملیۆن دۆلار بۆ ئەو کەسەی دەیکوژێت یان دەستگیری دەکات ، هەر لەو سەروبەندەدا ناردرا بۆ ئیدلب و پێدانی چەک و تەقەمەنی ، ئنجا بۆ دامرکاندنەوەی ئاگرەکەی سوریا ، لە پەردەی دووەم و سێیەمی شانۆگەریەکە دەمامکەکەی لادەبەن و دەبێتە «ئەحمەد شەرع » و دانانی بە سەرۆک کۆمار ئەویش لە سایەی سەری هەندێ لەو کارەکتەرە عەرەبیانە پشگیریان کرد و ، دواتر لەباوەشکردنی لە لایەن هەندێک لە سەرۆکانی وڵاتان ناوزەدکردنی وەک پاڵەوان و جێبەجێکاری سەرکەوتوانەی ئەو ڕۆلەی کە دەرهێنار پێیسپاردبوو لەڕووی چوونی بۆ ئاشتی ئیبراهیمی و ئاسیاییکردنەوەی لەگەڵ ئیسرائیل ، ئەنجا خۆگۆڕینی لە سەلفیەتی جیهادیەوە بۆ کرانەوە و لێبڕالیزمی ڕۆژئاوایی لە بەرانبەریشدا شەرع پێدانی بورجێکی گەورە لە دیمشق بەناوی گەورەکەی کۆشکی سپی ترمپ دەکاتە دیاری !! لەو ئانوساتەدا هەندێک لەو کارەکتەرانەی تر لە گۆڕەپانەکە لەلایەن دەرهێنەر بایەخەکی ئەوتۆیان نامێنێت و وەک مانگا دەدۆشرێن و ، هەنديک لە شەڕانگیزەکانیش بەرەو مەرگ دەبردرێن و ، لە سوچێکی تەختەی نمایشی شانۆگەریەکە دەیمەنی ناخهەژێنی کوژرانی خەڵکی مەدەنی و ماڵوێرانی بە بەرچاوی کارەکتەری مافی مرۆڤدا دەبینرێت ، لە هەموشی سەرنجڕاکێشتر لەو شانۆگەریە چیتر ئێران وەک کارەکتەرێکی بەهێزی ئیقلیمی لە گۆڕەپانەکە نامێنێت و ڕۆلە گرنگەکانی لە سوریا و لوبنان و فەڵەستین و پاشان عێراق-یش دێتەسەر نامێنێت و ، دەرهێنەر لە شوێنی ئێران کارەکتەرەکانی تورکیا و سعودیە و ئیماڕات و قەتەر شوێنی دەادەنێت ئەمەش دەبێتە مایەی چەپڵەڕێزانی بینەری شانۆگەریەکە ، نابێت ئەوەش لەبیر بکەین کە یانەی ڕێکەوتنامەکانی ئیبڕاهیمی کە سەرزەمینەکەی لە گۆڕەپانەکەیە کۆنتڕۆلی دیمەنی شانۆگەریەکەی کردووە و کارەکتەری سایکس-پیکۆ-ش لەسەر سوچێکی تەختەی شانۆ دەبینرێت ، بەڵام نەک سایکس پیکۆکەی ساڵی 1916 بەڵکو ئەوەی ئێستا ، لە شانۆگەریەکە ڕۆلێکی باشیان دا بە کورد بەڵام نەیانتوانی نمایشێکی باش پێشکەش بکا ، بۆیە جەماوەر بە هۆیها و بێزار و رق و تووڕەیەوە پێشوازیان لەو نمایشە سەقەتە کرد وەک ئاماژەیەک بۆ خەراپی ئەدای کارەکانیان ، بەڵام توانرا لەو هەڵکشان و داکشانەدا هەندێ دەستی سەوز فریایان کەوتن نەوەک وەک داینەسۆرەکان بەیەگجاری بەرەو نامان بچن ، بیرۆکەی شانۆگەریەکە لە بیردۆزێکی بایەلۆژی بە بەکارێهێنانی دواین تەکنیکی زیرەکی دەستکرد «AI » وەرگیراوە ، ئەویش ئەوەیە کە ئەگەر لەگەڵ ژیانی نوێدا خۆت نەگونجێنی دەبێت لەناوبچیت ، ئاخر داینەسۆرەکان لەبەر زیادەڕۆیی گەورەیی و قەبەیی و هێزی جەستەیان قڕ نەبوون ، بەڵکو لەبەر ئەوەبوو نەیاتوانی لەگەڵ جیهانی نوێدا بژین و خۆیان بگونجێنن ، لەو شانۆگەریەدا دوا تەکنیکی زیرەکی دەستکرد«AI» کە هەموو شتێکی بە خەیاڵ دەچوو بەکارهات کە ڕۆلێکی عاقلانەی هەبوو لە ڕێخستنی تێکقژقژانی کارەکتەرەکان وەک ئەوە دەهاتە بەرچاو کە مرۆڤایەتی لە گۆڕەپانی فەلسەفەی ئەفڵاتون دابێیت بانگەشەی موژدەی هزرەکانی بکات ، یان «بوزا »هانی شوێنکەوتەکانی بدات بۆ « نیرڤانا » بۆ ئەوەی شهواتەکانیان وایانلێنەکات ڕایابکێشێت بەدوای خۆیدا ، لە کەشوهەوای هۆڵەکەدا هەستت دەکرد کە تۆ لەسەردەمێکی نوێدای کە ئاینەکە زیرەکی دەستکردە ، کە هەندێک جار ڕۆلی درۆزن و دەجالیی دەگێڕا کە لەخزمەتکردنی ئیسرائیل و دەرهێنەرەکە دابوو بە کڕنۆشکردن لەخزمەتیان وەستابوو ، لەناو شانۆگەریەکە تارماییەک لە هەندێک دەستی سەوز لە هەرێمی کوردستان و تورکیا و بەندینخانەی ئیمڕالی خۆی وەدەرخست ، ئەو کوردانەیان لە پەنا و تۆنێلی شاخ و داخەکانی قەندیل وەئاگا هێنا کە خەریک بوو لە گۆڕەپانەکە دەگەڵ کارەکتەرە شەڕانگێزەکان دەکەوتن و لەگەڵ ئەوان وەک داینەسۆرەکان لەناودەچوون ، داوایانلێکرا کە بەزووترین کات دەستبەرداری نمایشە خەراپەکەیان بن و نمایشێکی نوێی ئاشتی سەردەمیانە بنوێنن ، نمایشێک کە ڕەنگدانەوەی قۆناغێکی نوێی ئێستای سەردەم بێت ، چونکە دونیا گۆڕاوە بەجۆرێ مەنزومەی ڕزگاری نیشتیمانیی لە ناوچەکە و باقی دونیا لاواز بووە و وادەبینین کە گۆڕانێکی دراماتیکی لەناوچەکە ڕوویداوە ، کە پێویستی بە خەباتی ئاشتیانە هەیە بۆ ئەوەی بەجێنەمینێن و ، هەروەک دەشزانرێت کە دونیا شەمەندەفەرێکە بە خێرایی ڕووناکی دەڕوات یان ئەوەتا لەکاتی گونجاو دەبێت پێی بگەیت یان لەژێر تایە گاسنینەکانی پاننت دەکاتەوە ، بەمە تا ئێستا نمایشێکی دروستیان پێشکەشکرد کە جێی ڕەزامەندی جمهور بوو و بڕیارێکی مێژوویی- لەژێر سایەی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و سیاسی لەناو کۆمەڵگەی کوردی تورکی درا و ، خۆیان لەو فرە گوشارە دەرهێنا کە لەناو شانۆگەریەکە لەسەریان بوو و ، پێشتریش هەندێک دەستی سەوز لە هەرێمی کوردستان فریای ڕۆژئاوای کوردستان کەوتن و لەژێر ڕیتمی شانۆگەریەکە و کارەکتەرەرێکی شەڕانگیزی ناو شانۆگەریەکە دەریانهێنان .
کەسان هەن بچنە هەرکوێیەک خێر و بونیاتنان و خۆشگوزەرانی لەگەڵ خۆیان دێنن ، ئەمە ئەوانەن کە خاوەن دەستی کەسکن یان سەوزن ، لەکاتێکدا کەسان هەن بچنە هەر لایەک لەپشتخۆیان کاولکاری و تێکدان دێنن ، باشترین نموونەی دیار بۆ دەستی سەوز لە باشوور سەرۆکی هەرێمی کوردستانە کە لە سەرۆکایەتی حکومەت بوو کە وێڕای کەموکوڕی و کێماسی ، پێشکەوتن و ئاوەدانیەکی سەرتاپاگیری بەسەر هەرێمی کوردستان هێنا کە ئێستا دەیبینین و لەبەرچاوانە ، لە پڕۆسەی دبلۆماسی و ئاشتی و هێزی نەرمیش نموونەیەکی تری دەستێکی سەوز بوو بۆ کوردستان بەگشتی کە دوایینیان بەشداریکردنی بوو لە سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی لە باکوور لە نێوان پەکەکە و تورکیا کە بەردەوام لەسەر هێڵ بوو پشتگیری و سەرخستنی بڕیارەکان بوو ، شانۆگەریەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامە و ئەگەر پەردەی کۆتایش داخرێت ، لەبەر لاوازی زاکیرەی ئێمە دوای دەیان ساڵ ئەنجامەکەی دەزانین !!