دواین هەواڵ

سەرۆکەکانی خۆرهەڵات و گەمەی مانەوە

‌فارس نەورۆڵی

7 کاتژمێر پێش ئێستا

سەردانی سەرۆکی ئەمریکا یاخود 
ئەوروپا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگیەکی زۆری هەیە لای دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێز و لایەنە سیاسیەکانەوە ئەگەر چی بە گوتاریش دژە ئەمریکاو ئەوروپا بن چونکە هێزی بیرکردنەوەی ئەوان و هێزی سیاسی و ئابوری ئەوان کاریگەری تەواوی لەسەر زیهنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، هەر بۆیە هەرکاتێک سەرۆکێک لەوڵاتانەوە بێت جگە لە گرێبەستی فەرمی ئابوری و بازرگانی بۆ ڕاکێشانی دڵی ئەو سەرۆکانە دیارییەکی بێ شوماریان پێشکەش دەکەن نازانن کە ڕۆژگاری سیاسییان تەواو بووە میللەتەکانیان لێیان بێزار بون و وڵاتانی زلهێزیش بەرژەوەندیان نەما ئەوا سەد بەرتیل بە قەرزێ نابژێرێ و دەڵێن فەرموو کۆتایت هاتوە . لەکتێبی بیرەوەرییەکانی (شا و فەرەح ) دا هاتوە دەڵێ ……..

 ئەوروپی و ڕۆژئاوایەکان مرۆڤ گەلێکی زیرەکن. هەر کاتێک دەهاتن بۆ ئێران یان ئێمە سەردانی وڵاتانی ئەوانمان دەکرد، لەکاتی ئالوگۆڕی  دیاریەکاندا لە بەرامبەر دیاری گەلێکی بەنرخدا کە ئێمە پێمان دەدان ئەوان شتێکی بێ نرخیان بەئێمە دەدا و دەیانوت: ئەو شتانە هی سەردەمی زۆر کۆنن.

لە کاتی سەردانی ئێمە بۆ ئەمریکا، حەمە ڕەزا (شای ئەو کاتی ئێران) بڕیاریدا زێڕو زیوەکانی هاوسەری"ڕیچارد شێردڵ" کە بایی ملیۆنان دۆلار بوو. لە مەزادخانەیەکی تایبەت بە شوێنەوارە دێرینەکان لە لەندەن بکڕێت، بۆ ئەوەی بە دیاری پێشکەشی " ژاکلین کێندی بکات"
"ژاکلین" کاتێ چاوی بە دیاریە بەنرخەکەی حەمە ڕەزا کەوت، کە جگە لە دەیان ملیۆن دۆلار زێڕ و زیو دەیان ملیۆن دۆلار کە بەهای مێژوویی هەیە. شاگەشکە بوو، لەبەرامبەر ئەوەدا بۆینباخێکی ڕزیوی بە "محەمەد ڕەزا" داو وتی: ئەو بۆینباخە هی "جۆرج واشنتۆنی"  یەکەم سەرۆکی ئەمریکایە. تەنها ئەو دانەی هەیە.

چەند ساڵێک دواتر، شەوێک لەگەڵ "مەلیک حسێن" پاشای ئوردن دانیشتبووین، باسی ئەو مەسەلەیەمان لای "مەلیک حسێن" کرد. ئەویش وتی: بۆینباخێکیشی بەمنداوە وتویەتی هی "جورج واشنتۆنە"!

"حەمە ڕەزاش" جوێنێکی داو  وتی: ئەو دایک حیزانە هەرچی بۆینباخ و گۆرەوی کۆنە دایان بە پاشا و سەرۆکی وڵاتانی جیهانی سێیەم!

تۆ بێژی ترامپ ئەو هەموو دیارییەی وەرگرت تا قەڵەمەکەی دەستیان و قەترەیە نەوتیشی وەرگرت بۆ ئەوەی بۆنیکات  چی بۆ ئەم میر و سەرۆک و پاشایانە هێنابێت؟ لەوە دەچێ پارچەیەکی بچوکی ئەو فڕۆکانەی هێنابێ کە لە ١١ستێمبەردا تاوەرەکانی کردە ئامانج ..

 بەڵام دیارییەکان پێویستن چونکە گەر ئەمریکا نەبێت دەوڵەتانی ئەم ناوچەیە بێ ڕەحم و مرۆڤ خۆرن و کارەسات دەخولقێن وەک پێشتر خولقاندویانە دواجار من دەڵێم سەرۆک ترامپ دیارییەکان بۆ خۆشی و بەخۆشی بەکاربێنیت بەخاوەن دیارییەکانیش دەڵێم خودا ڕزقتان بدات ، لەکۆتایدا کۆشکی سپی ڕایگەیاند سەرۆک ترامپ لەگەشتەکەیدا بەبەهای زیاتر لە دوو ترلیۆن دۆلار  وەبەرهێنانی مسۆگەر کردوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP