دواین هەواڵ

لەبارەی ڕێککەوتنی ئیبراهیمیی چی دەزانیت!

‌ئاسۆ عەبدوللەتیف

22 کاتژمێر پێش ئێستا

لەڕوکەشدا ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام- ئیبراهیمی، ڕێککەوتنی ئاسایش و وزەو ئاڵنگاریەکانە، زنجیرەیەک ڕێککەوتنی ئەمنی و سەربازی و ئابورییە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین و سەرزەمینی سێ ئاینە ئاسمانیەکە، کارکردنی پێکەوەیی ئاینیی هاوبەشە بۆ داڕشتنەوەی دوبارەی ناوچەکە لەدوای پرۆسەی سەربازی تۆفانی ئەقسای حەماس لە ٧ ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣.

ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمی دەسوخەتێکی مەترسیداری تیۆکراتی و مەزهەبی و نەوتیی ئەمریکییەو بەهیچ جۆرێک خزمەت نییە بەهیچ مەزهەب و ئاینێکی ئاسمانی، بەڵکو ڕاستەوخۆ فۆڕمێکی داگیرکاری تڕەمپیزمە بۆ لێدان لەخودی جەوهەری ئاینی ئیسلام و لەو ڕێگەیەوە ماشینەوەی سەروەت و سامانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بەناوی وەبەرهێنان و بازرگانی و دۆزینەوەی ڕێگای وزە تازەکان.

 لەم ڕۆژانەدا تڕەمپ کە هاتە کەنداو، دەوڵەتانی عەرەبیی بەتەواوی داڕنی و داشۆری لە هەموو بەها ئاینی و ئەخلاقیەکان و کردنی بە بوکەڵەو لەیستۆک، هەموو ئەمانە لەڕێگەی شێخە بەکرێگیراوەکانی عەرەب و خێڵە ئەرستۆکراتەکان بەناوی داڕشتنەوەی ستراتیژی بەشێک لە وڵاتانی کەنداوو نیشتیمانی عەرەبی و پاراستنی ئیسرائیل و ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا.

 ڕەگ و ریشەی بیرۆکەی ئاینی ئیبراهیمی و تەوزیفکردنی بۆ ڕێککەوتنی ئەمنی و ئابوری کۆنەو دەگەڕێتەوە بۆ دوای کەوتنی بلۆکی سۆشیالیستی و هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤێت، بەڵام بە پراکتیک سەرەتای ڕێککەوتنەکە دەگەڕێتەوە بۆ لێتێگەیشتن و نوسراوی دانپیانراوی ئیسڕائیل و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بە چاودێری ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٠ واتە ئیمارات وەک یەکەم خانەی ئەو ڕێکەوتنە هەژماردەکرێ و بەرەسمی تەبەننی کرد.

ڕێککەوتنی ئیبراهیمی بەناو ماڵی شێخە ساختەکانی کەنداودا گوزەری کردو دەوڵەتی ئیمارات و بەحرەینی گرتەوەو قبوڵی کرد وادیارە سعودیەو سوریاش قبوڵیانە، ئێستا ڕێککەوتنی ئیبراهیمی ئەجێندایەکەو تا هەرێمی کوردستان کشاوە، بە نەخشەو مۆدێلی ترامپ و دیدگاکانی تڕامپیزم ئەناسرێ.

دۆناڵد ترەمپ دەیەوێ ئەمریکای مەزنی پێ دروست بکات، دەوڵەتی تازەشی بۆ دروست دەکات تەنها بۆ کۆکردنەوەی سامان و لێدان لە بلۆکی چینی میللی.

کۆماریخوازەکان ماوەیەکی زۆرە پاڵپشت و مۆتیڤی ئەم دیدگایەن، تیۆریزەی دەکەن و ئیشیان بۆکردوە وەک چەسپاندنی ئاینی هاوبەشی ئیبراهیمیی، بەحوکمی نەریتخوازیی و هەڵگری ئاینە ئاسمانیەکان و چونکە باوەڕیان دامەزراوە لەسەر دیدی کۆنسێرڤاتیڤی ئاینی بۆ حوکمڕانیی و لەوەتەی ئەمریکا هەبوە نانی ئاین دەخوات و بۆیە لەسەر دۆلارەکەشیان نوسراوە بەناوی خوا.

لەبنەڕەتدا ڕێکەوتنی ئیبراهیمی فۆڕمێکە لە تێگەیشتنی نوێی ئەمریکاو ئیسرائیل کە دوو لە ئاینە ئاسمانیە باڵاکانیان بەسەردا دابەشبوە لەوانە یەهودی و مەسیحی واتە (جولەکەو کریستیان) کەهەردوو نەتەوە هەڵگری ئاینی ئیبراهیمین و کتێبی پیرۆزی تەورات و ئینجیلیان هەیەو ئیبراهیمیش وەک باوکی پێغەمبەران بە موڵکی خۆیانی دەزانن و ئەوەش دەزانن لەئیسلامدا ڕێزێکی زۆر گیراوە لە ئیبراهیم پێغەمبەر بۆیە خاڵە هاوبەشەکە ئیبراهیمی پەیامبەرە کە خودا لە ئاگری بتپەرستاندا پاراستی بەسەلامەتی، بۆیە بەوپەڕی لێزانییەوە ڕێککەوتنەکانیش بە وشەی گرنگیدان بە ئاشتی و ئارامی و سەقامگیریی دەناسێنن و نزای ئاشتی دەکەن لەناو ئاگردانی ڕۆژهەڵاتدا وەک ئەوەی ئاشتی پارێزبن و درۆ لەگەڵ میللەتانی موسوڵمان نەکەن و ئەهلی غەززەیان پاراستبێ لە توندوتیژیی و جەبەروتی ئیسرائیل.

 (قُلْنَا يَا نَارُ كُونِي بَرْدًا وَسَلَامًا عَلَى إِبْرَاهِيمَ)

بەڵام خوای گەورە بە دەقی قەتعی لە ئایەتی ٦٧ ی سورەتی (ئال عیمران)دا ئەوەی فەرمووە ئیبراهیم یەکتاپەرستە، نەسرانی نیەو یەهودییش نییە بەڵکو خوداپەرستێکی پاک و موسوڵمانە. 

(مَا كَانَ إِبۡرَٰهِيمُ يَهُودِيّٗا وَلَا نَصۡرَانِيّٗا وَلَٰكِن كَانَ حَنِيفٗا مُّسۡلِمٗا وَمَا كَانَ مِنَ ٱلۡمُشۡرِكِينَ)

دیارە لەم ناوچە ئیسلامیدۆستەش وەک ڕۆژهەڵات و ئاسیاو کەنداو ئیسلامە ساختەکانی وەک قەتەرو ئیمارات و سعودیەو بەحرەین و سوریایان خستە ڕیزی ئاینە ئیبراهیمیەکان و ئەو دەوڵەتانەیان بۆ ئیزافەکرد کە نزیکن لە خۆیان و هاوپەیمانی سەدان ساڵەی خۆیانن وەک ئایدیاو بەرنامە.

بەڵام پرسەکە بەتەنها ئاینی و عەقیدەیی نیە بەڵکو ئیشکردنە لەسەر کرۆکی ئاشتیەکی موزەییەف و جێگیرکردنی هەنگاوەکانی ئایندەی ئەمریکا لەم ناوچەیەو داڕشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوین لەسەر بنەما ئابوری و سیاسی و عەقائیدی و سەربازییەکان بە ئامانجی دامەزراندنی سێ پایەی گرنگ.

یەکەمیان دەستخستنی وزەو ئابوری تازەو دۆزینەوەی دەرفەتی زیاتر، دوەم ئاسایش و سەقامگیریی بۆ ئیسڕائیل و دەوڵەتانی ناو ڕێککەوتنی ئیبراهیمیی، سێهەم دورخستنەوەی هەرەشەکان و مەترسیەکانی داعش و بەرەی موقاوەمەو هەژموونگەریی چین و روسیا کە خەریکە پەرە دەسێن، هەندێکیش رایان وایە روسیا لەو پرسەی ئیبراهیمیی ئاگادارەو پشتگیری دەکات بەمەرجی خۆی.

دەرەنجام 

وەنەبێ ئەم ڕێکەوتن و هەنگاوانەش بێ نەیارو بێ سەرئێشە بێ بۆ ئەمریکا، ئەوەتا دەوڵەتی چین بەو هەژموون و ئیمپڕاتۆریەتە ئابوری و پێگە زەبەلاحەی خۆیانەوە بەتەواوی دژی وەستاوەتەوە لەگەڵ ئێران و روسیاو عێراق و دەیان دەوڵەت، چین چەندساڵێک پێش ئێستا لە تاران ڕێککەوتنی ٢٥ ساڵەیان واژوو کرد بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆیان دژی هەژموونی ئەمریکی ئیسرائیلی بۆ ٥٠ ساڵی داهاتوو، ئەوەتا لە ڕوسیا خەریکی دۆزینەوەی دەرفەتی تازەن، لە سێ دەریچەشەوە خۆیان بەستۆتەوە بە ئەوروپاوە تا نەخنکێن، یەکەمیان پاکستانەو دوەمیان ڕێگای شەمەندەفەرە لە ڕوسیاو سێهەم ڕێڕەو ڕێگای چین - ئەنادۆڵ تورکیایە بەرەو دەریای ڕەش و ئێران، تا دەستی بگات بە ئەوروپای شەرقی و غەربی.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP