لە دیدارە مێژوویەکەی ترەمپ لە سعودیە گرنگترین ڕاگەیەنراو هەڵگرتنی سزاکانی سەرسوریا و ئەوپەڕی فشارکردن بوو لە ئێران بۆ سازشکردن, ترەمپ سەردەمێکی نوێ ی سیاسەتی ئەمریکای لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاگەیاند کە ئەویش گرنگیدانە بە پرسی ئاشتی نەرێنی و ڕێکەوتنی بازرگانی چەور لەجیاتی دەستێوەردانی سەربازی و گۆڕینی ڕژێمە سەرکوتکەرەکان و بونیاتنانی نەتەوە لە ڕێگەی دیموکراسی و مافی مرۆف.
لەهەموو کابینەکانی پێشووتری ئەمریکا لە سیاسەتی دەرەوە گرنگترین پرس پرسی مافی مرۆف و دیموکراسی بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵام چیتر ئەوە ئەولەویەت نیە و کاری لەپێشینەی ئەمریکا ئاشتی و بازرگانیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرایل واتە تەتبیعە.
ترەمپ بە لابردنی سزاکانی سەر سوریا و هەڕەشەکردن لە ئێران بۆ دانوستان خۆی وەک یەکەمین سەرۆکی مێژووی ئەمریکا بۆ پرسی ئاشتی ناوهێنا و دیدی ئاڵوگۆڕی بازرگانیانەی خۆی بۆ ئایندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خستە ڕوو. ئەم ڕوانگەی ترەمپ ئاڵوگۆڕی بازرگانی پێ گرنگترە لە شەڕ و ناسەقامگیری.
ترەمپ ڕایگەیاند لەسەر خواستی سعودیە و تورکیا دەرفەت دەدەم بەگەلی سوریا بۆ ئەوەی ببنەوە گەلێکی مەزن مەبەستی ئەوە بوو سوریای نوێ لەبەرەی دژی ڕۆژئاواوە دێتە بەرەی ڕۆژئاوا کە لە مێژوودا وێنەی نەبووە.
ترەمپ بەڵێنی دا هەرگیز نایەڵم ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت و بەڵێنی دا ئەگەر لەسەر پرسی ئەتۆمی ئێران ڕێککبکەون ئەوا سزائابوریەکانی سەر ئێرانیش سووک دەکات و بەوجۆرە ئێران ئایندەیەکی باشتری دەبێ بەڵام گوتی ئەوە بەدەستی ئێرانیەکان خۆیانە چونکە ترەمپ دوپاتی کردوەوە کە ئەو ئۆفەرەی تا سەر نابێت و بەمەش بەردەوام بوو لە هەڕەشەی بەکارهێنانی فشاری ئەوپەڕی لەسەر ئێران ئەگەر هاتوو دانوستانەکان سەرکەوتوو نەبوون.
ترەمپ گوتی ڕووداوەکان زۆر زۆر بەخێرای تێدەپەڕن و پێویستە ئیرانیەکان زوو فریای خۆیان بکەون و بڕیاڕ بدەن. ترەمپ لەو دیدارەدا بەبەهای ٦٠٠ ملیار دۆلار گرێبەستی ئیمزا کرد لەگەڵ سعودیە. لە وتەکانی ترەمدا ئەوە دەخوێنرێتەوە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەرێمێکە پڕە لەدەرفەتی گەورەی وەبەرهێنان و گەشەپێدان. ترەمپ گوتی ئێستا نەوەیەکی نوێ لەناوچەکەدا سیاسەت دەکەن و ئەو نەوە نوێیەی سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ململانێ مێژوویەکانی ناوچەکە تێدەپەڕێنن و بەسەر ناکۆکیەکانیاندا سەردەکەون.(هیوادارم لە کوردستان و عێڕاقیش پەند لەم پەیامە و خیتابەی ترەمپ وەربگرن و جیلێکی نوێ بەتێڕوانینێکی نوێ لە هەڵبژاردنی ئایندەی پەرلەمانی عێڕاق بێتەدی و چونکە ئیدی سیاسەتکردن و سەرکردایەتی بەمانا تەقلیدیەکیەی جاران بەسەرچووە)
ترەمپ بەم کارەی ڕێچکەی جیاوازی خۆی لە سیاسەتی دەرەوە ئەمریکا بۆ ڕؤژهەڵاتی ناوەڕاست ڕەنگ ڕێژ کرد جیاواز لە هەموو سەرۆکەکانی ئەمریکا کەلە سیاسەتی دەرەوەیان گرنگیان بەپرسی دەستێوەردانی سەربازی و گۆڕینی ڕژێمی دیکتاتۆری و گرنگیدان بە دیموکراسی و مافی مرۆف بونیاتنانى نەتەوە دەدا و هەرچەندە ڕاستەوخۆ ناوی بۆشی نەهێنا بەڵام بە ئاشکرا کۆتای بە سیاسەتەکانی بۆش هێنا و چیدی پرسی دیموکراسی و مافی مرۆف و بونیاتنانی نەتەوە لای ترەمپ گرنگیەکی ئەوتۆی نیە ئەوەی گرنگە بازرگانی و وەبەرهێنانە لەگەڵ ئاشتیەک تەنانەت ئەگەر ئاشتی نەرێنی بێ و لەسەر حسابی مافەکانی مرۆف و دیموکراسیش بێ.
ترەمپ گوتی گرنگە جیهان سەرنجی ئەو ڕاستیە بدەن کە ئەو گۆڕانکاریانەی لە ناوچەکەدا هاتۆتە دی بەهۆی ئەو سیاسەتی دەستێوەردانی سەربازی و گۆڕێنی ڕژێمەکان لەلایەن ئەمریکاوە نەهاتۆتە دی و ئەمریکا لەسایەی سەرۆکەکانی پێشوودا هێندەی گەل و نەتەوەکانیان وێران کردوە هێندەیان بونیات نەناوە چیتر ئەمریکا وانەی وڵاتانی دیکە نادات کە چۆن بژین و چۆن کاروباری خۆیان و حکومەتەکانیان بەڕێوە دەبەن و ترەمپ ڕەخنەی قوڵی لەسیاسەتی سەرۆکەکانی پێش خۆی گرت بەبێ ناوهێنانیان و سەرسامی خۆی بە شا موحەمەد بن سەلمان دەربڕی.
ترەمپ هیوای خواست کە خۆی ڕۆڵی کاریگەری زیاتری لەسەر ئێران وسوریا و لوبنان هەبێ و داوای کرد سعودیە ڕێکەوتنی ئەبراهامی ئیمزا بکات و لەگەڵ ئیسرایل پەیوەندی ئاسایی بکەنەوە. ترەمپ ڕەخنەی لە ئێران گرت و گوتی سەرکردەکانی ئێران پارە و سامانی خەڵک دەدزن و فەندی تیرۆری پێ دەکەن لەدەرەوە و بێ هیوا نەبوو لەوەی کەلەگەڵ ئێران ڕێکبکەون و پرسی ئەتۆمی ئێران یەکلابکەنەوە. ترەمپ خۆی وەک پەیامبەری ئاشتی وێنا کرد و هیوای خواست کۆتایی بەشەڕ و ناسەقامگیریەکانی ناوچەکە بهێنێ ئەویش لەڕێگەی ڕێکەوتنی بازرگانی گەورەوە بەڵام ئەوەی بەلاوە گرنگ نیە کە وڵاتەکانی ناوچەکە چۆن چۆنی حکومڕانی خۆیان دەکەن.
ترەمپ باسی لە هەوڵەکانی خۆی بۆ کۆتایی شەڕی ئۆکرانیا و ڕوسیا ڕاگەیاند بەم زوانە ئەو دوو وڵاتە لە تورکیا پێکەوە دادەنیشن بەڵام خۆی بەشداری ئەو کۆبونەوانە ناکات و لەجیاتی خۆی ستیف ویتکۆف و مارکۆ ڕوبیۆ دەنێرێت چونکە کاری گرنگتری لە پێشە ئەویش سەردانی قەتەر و ئیماراتە. هەروەها ئاماژەی بە حوسیەکانی یەمەن دا و گوتی گورزی باشمان لێ وەشاندن و ئەوەی بمانەوێت بەدەستی دێنین. هەروەها گوتی لە ١٠٠ ڕۆژی کابینەکەمدا پرسی کۆچبەری نایاسایی و گەندەڵی لە حکومەتی ئەمریکا کۆتایی پێهێنا و ڕێکەوتنی بازرگانی نوێم لەگەڵ چین و بەریتانیا ئیمزا کردوە.
ترەمپ بە نوکتەیەکی زمانەوانی ئەمریکی کۆتایی بە گوتارەکەی هێنا گوتی ئەمریکا هۆتەسترین وڵاتی سەرزەمینە کە دوو مانای هەیە یەکەم واتە ئەمریکا سەرنجڕاکێشترین وڵاتی سەرزەویە دووەم واتە ئەمریکا گەرمترین وڵاتى سەرزەویە بەڵام وەک ڕێزێک بۆ شا محەمەد بن سەلمان خێڕا قسەکەی گۆڕی و گوتی تەنها سعودیە لە ئێمە گەرمترە یان سەرنجڕاکێشترە.