دواین هەواڵ

بە ئایدۆلۆجی کردنی مێژوو، سەلاحەدین بە نمونە

‌فارس نەورۆڵی

پێش 1 هەفتە

چەند ڕۆژێکە لەسەر قسەیەکی نووسەری دیاریی عەرەب یوسف زەیدان، (ئیتر نازانم کەی ئەو قسەیەی کردووە گوایە قسەی نەشیاوی بە سەلاحەدین وتووە)، لێکەوتەی ئەو قسەیە گفتوگۆیەکی بیزەنتی لە کوردستان دروستکرد، لە نێوان بەشێک لە چەپەکان و بەشێک لە ئیسلامی سیاسی و هەتا ڕادەیەکیش لەڕای گشتیدا، هەردوو جیهانبینیەکە لەژێر کاریگەری دوو ئایدیۆلۆجیادایە مرۆڤی ئایدۆلۆجی تەنها بەرچاوی خۆی دەبینێت و تەفسیر و ڕای ئەوی دیکەی قبوڵنییە، بۆیە دروستکردنی ئەم گفتوگۆیەش هیچ سودی بۆ ئەم قۆناغەی هەرێمی کوردستان نیە و زیاتر کۆمەڵگەی کوردی پەرتدەکات.

لەکاتێکدا ناوچەکە بەهەستیارترین دۆخدا تێدەپەڕێت و ئێمە دەیان کێشەو برین لەجەستەماندایە، لەبری بیرکردنەوە بۆ چارەسەری کێشەکانمان و خۆئامادەکردن بۆ ئەو ئەگەرانەی لە ئارادان،  کە زۆربەی چاودێران هاوڕان لەسەر ئەوەی گۆڕانکارییەکان لەبەرژەوەندی کورددایە ئەگەر خۆمان بزانین چۆن جوڵە دەکەین، کەچی بە پێچەوانەوە دێن کۆمەڵگە سەرقاڵ دەکەن بە مەسەلەیەکەوە، کە هیچ پێویست ناکات لەم قۆناغەدا قسەی لەسەر بکەین، بەتایبەتی کەسایەتیە مێژووییەکان و ڕووداوە مێژوویەکان، چونکە مێژوو ئێمەی کورد نەماننووسیوەتەوە، بۆیە زۆربەی پێویستی بەڕاستکردنەوە هەیە.

بەداخەوە هیچ نیە لە مێژوودا ئێمە ناکۆک نەبین لەسەری ئەمە بەدبەختی کوردە، کە لەسەر بابەتێک کۆک نین خراپتر لە هەمووی ململانێی ئایدۆلۆجیای نامۆ و وشک وایکردوە ڕووداوە مێژووییەکان دەستکاری بکرێت و بخرێنە خزمەت ئەجێندای سیاسی و ئایدۆلۆجی، بۆ قسەکردنیش لەسەر سەلاحەدین بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان سەلاحەدین کوردە کەسێکی دەسەڵاتدار و گەورەی قۆناغێک بووە، کە ئەوکات شەڕی شارستانیەتی جولەکەو مەسیح و ئیسلام لە ئارادابوە و هیچ بوونێک و پاڵنەرێکی ناسیۆنالیستی لەسەر ڕوداوەکان نەبووە، بۆیە نابێ بەدیدێکی ناسیۆنالیستی ئەو قۆناغە بخوێنینەوە.

لەلایەکی دیکەوە دەکرێ سەلاحەدین لەکاتی فەرمانڕەوایەتیەکەیدا چاکەی هەبووبێت و هەڵەی کوشندەشی هەبووبێت هەموو کەسێکیش لەکایەی سیاسەت و دەسەڵاتدا شایەنی ڕەخنەیە، بەڵام کەس مافی ئەوەی نیە سوکایەتی پێبکات، ناشبێت بە چاویلکەی ئێستا سەردەمی سەلاحەدین بخوێنینەوە چی سەلاحەدین و چی کەسایەتیەکانی دیکە بوون بە مێژوو واتە دوێنێ ئەی ئێستا کورد دەبێت چی بکات؟ بۆیە ئەوەی ئێستا دەیەوێ ئەو ڕوداوە مێژووییەو کەسایەتی سەلاحەدین  بێنێت و بیخاتە خزمەت سیاسەتی خۆیەوە بە چەپ و ڕاستەوە نەدۆستی کوردەو نە سەلاحەدین، ئەوەی بۆ کوردستانیان گرنگە ئەوەیە دەبێت تێبگەن هەموو شت بخەنە خزمەت دۆزی کوردەوە لەمە زیاتر یان گەمژەیییە یان گفتوگۆی بیزەنتینی و شتی دیکەیەی لەپشتە.

ئەگەر ئەو ڕوداوە مێژووییانە بۆ بەرژەوەندی ئایدیۆلۆجی تەوزیف بکەیت، چونکە ئەم قۆناغە پێویستی بە خەونی گەورەتر و ئاستێکی بەرزی وشیاری سیاسی هەیە بۆ تێگەیشتن لەو بارودۆخەی تێیدا دەژین ،نەک هێنانی ڕووداوێکی مێژوویی سەدان ساڵ پێش ئێستا و بەگیروگرفت کردنی  لەناوکوردستاندا کەخەڵکی ئاقڵمەنددەزانێ گفتو گۆیەکی نەزۆک و بیزەنتینییە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP