بۆ ئەوەی شارەزای شتێک، دیاردە، مرۆڤ یان شوێنێک بین، پێشوەختە پێویستمان بە هەندێک “قسە و باس” هەیە، کە بەدڵنیایییەوە دەتوانین ناوی بنێین “زانیاری/Information”. گشت کایەکانی ژیانمان پێویستیان بە زانیارییە، بۆ “ئەوەی بتوانین بەرپێی خۆمان ببینین”؛ هەمیش بشێین بە کەمترین تێچوو و کێشە بەئاکام بگەین. بەڵام زانیاری هەروا بەئاسانی ڕێکخەری ژیان نییە، بەڵکوو ئەوە ڕێکخستن، پۆلێن‌کردن و بەکارهێنانی گونجاوی زانیارییە، کە دەتوانێت و بۆی هەیە ئاکام بەدەستەوە بدات. ژیانی بەبێ زانیاری، تاریکستانە و بێ شک پڕە لە هەڵدێر، هەڵخلیسکان، ساتمە، شکست و چەقبەستوویی.
کاتێک زانیاری، کە بە واتا فەلسەفییەکەی “ناسین” (معرفة/ Knowledge)یە، ببێتە بنەمای کار و ژیان، بێ گومان ئاستی چۆنایەتی لە ڕەوتی ژیانی ئێمەدا بەرز دەبێتەوە. تا زانیاری زۆرتر، دروستر و فرەڕەهەندتر بێت، بریارەکان گونجاوتر دەبن و ئاستی کەموکورتی و شکستیش کەمتر دەبێتەوە؛ هەروەها لە مەیدانی حوکمڕانییشدا کاتێک پەیوەندیی حکوومەت لەگەڵ هاووڵاتیان لەسەر بنەمای پێدانی زانیاریی دروست و لە کاتی خۆیدا (دەستاودەستکردنی زانیاری) بێت، بێ شک هەم مەودای نێوان حکوومەت و هاووڵاتیان کەمتر و کەمتر دەبێتەوە و هەمیش ئاستی متمانە بەرز دەبێتەوە.
بەتایبەت لەو سەردەمەدا کە چاخی شۆڕشی دیجیتاڵی و تەقینەوە و شەپۆلی زانیارییە، هەروەها بەجیهانیبوونی کەرەسەکانی ڕاگەیاندنی گشتییە (دەستپێڕاگەیشتنی هاووڵاتیان بە کەرەسەکانی ڕاگەیاندن و زانیاری)، لەوانە ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکان، گرنگی و دەوری زانیاری لە گشت کایەکاندا بۆتە پرسێکی ژیانی. ئازادیی دەستپێڕاگەیشتن و دەستاودەستکردنی زانیاری، یەکێکە لە پێوەرەکانی حکوومەتێکی دیموکراتی و ژیان لە دیموکراسیدا. واتە دەتوانین لە ڕوانگەی ئازادیی زانیاری و دەستاودەستکردنییەوە، ئەرێنیبوون یان نەرێنیبوونی حکوومەتێک دەستنیشان بکەین!
بەڵام کاتێک ژیان بێبەری بێت لە زانیاری یان ئەوەتا زانیارییەکان هەڵە بن، یان بەر بە دەستاودەستکردنی زانیاری بگیرێت، هیچ شک لەوەدا نییە کە لێکدانەوە، بۆچوون و بڕیارەکانیش هەڵە دەبن. “ئادەم گرێنت” (Adam Grant)(١) پێی وایە کە کاتێک مرۆڤ ڕوو لە جیهانی زانیاری دەکات، بێ شک پێداچوونەوە، دووبارە بیرکردنەوە و زەینی کراوە لە مرۆڤدا بەگەڕ دەکەوێت؛ هەروەها بەدەستهێنانی زانیاریی نوێ ئەو یارمەتییەیشمان پێ دەدات، کۆمەڵە زانیاری و بۆچوونێک کە لە ڕەوتی زەمان لە مێشکماندا کەڵەکە بوونە یان ژەنگیان هەڵێناوە، جێگەیان لەق دەبێت و وازیان لێ دێنین. واتە شەپۆلی زانیاری و تێکەڵبوون بەو، دەتوانێت نەرمونیانی لە مرۆڤدا چێ بکات و پابەندی شتە چەقبەستووەکانی دوێنێی نەبێت و، هەر بەو پێیەیش دوور دەکەوێتەوە لە پڕوپاگەندە و مۆنۆلۆگ (تاکبێژی)، هەروەها نابێتە چەقی ڕاستییەکانیش. بە واتایەکی تر وەرگرتن و گرنگیدان بە زانیاری، چەشنێکە لە چاکسازی و تیفتیفەدانی هزر و بۆچوون و، ئەم نوێبوونەوەیش مانا دەبەخشێت.
کۆڵەکەی هەرە سەرەکیی کتێبی “هونەری جەنگ”ی “سوون تزوو” (٥٤٤-٤٩٦ پ. ز)(٢) کە بە “ستراتیژیی سەرکەوتن” یان “کتێبی هەزار ستراتیژی” ناوی دەرکردووە، زانیارییە. بۆیە زۆر بەدەخۆڕادیوی و دڵنیایییەوە دەڵێت: “فەرماندەی لێهاتوو ئەو کەسەیە کە بتوانێت شارێک بەبێ شەڕ بگرێت.” یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی “هونەری جەنگ” و ئەم ڕستە زێڕینە، پشتی بە زانیاریی دروست و بەکارهێنانەكەی بەستووە.
کتێبی “بازنەی نهێنی”(٣) کە باس لە سیخوڕی و ڕێکخستنی کاروباری سیستەمی سیخوڕی دەکات، کە بنەماکەی “ناسین”ی مرۆڤەکانە، بەردەوام ئاماژە بە پۆلێن‌کردنی مرۆڤەکان بەپێی توانا و لێهاتوویی، هەروەها شارەزایییان لە کاردا دەدات. چەقی سەرەکیی نووسەرانی ئەم کتێبە، زانیارییە و هەر ئەو زانیارییە دەوری سەرەکی لە ناسینی مرۆڤەکان لە کتێبی “بازنەی نهێنی”دا دەگێڕێت.
“کۆنفۆشیۆس” (٥٥١- ٤٧٩ پ ز)، فەیلەسووفە بەناوبانگەکەی چین دەڵێت: “ڕۆژانە خۆت نوێ بکەوە، دیسانیش هەر خۆت نوێ بکەوە و، هەمیشە خۆت نوێ ڕابگرە! “بڕبڕەی پشتی ئەم وتە بەنرخەی “کۆنفۆشیۆس” ڕێک بۆ زانیاری و وەرگرتنی ئەو دەگەڕێتەوە، کە چۆن زانیاری، نوێمان دەکاتەوە و زانیاریی ماوەبەسەرچوویش لە زەینماندا دەوری نامێنێت.
“سۆلۆن” (٦٤٠-٥٥٨ پ. ز) سیاسەتوان و یاسادانەری “ئەتێن” (ئەسینا)یش، زانیاری، فێربوون و بەڕۆژبوونەوە لە زانیاری گرێ دەدات و باس لە نهێنیی خۆی دەکات: “نهێنیی گەنجێتیی من لەوەدایە، هەر ڕۆژێ شتێکی نوێ فێر دەبم. “زانیاری، فێربوون، چاکسازی، زەینی کراوە و چاکسازی، دەوری گرنگیان لە ژیانی “سۆلۆن”دا دەگێڕا. زانیاری، دەسەڵات، هێز و هەژموونی هەیە و تاک، گرووپ، حکوومەت و جڤاک بەهێز دەکات.
زانیاری چییە؟
“زانیاری بریتییه له كۆمه‌ڵه ڕاگه‌یاندنێک، كه ناوئاخنه‌كه‌یان باس له ڕوونكردنه‌وه، ڕاستكردنه‌وه، بیروڕا و بۆچوون، زانیاری سه‌باره‌ت سروشت و جڤاک، ده‌سه‌ڵات، بڕیار و چۆنێتیی بڕیاردان، ده‌نگوباس، ڕاپۆرت و لێكۆڵینه‌وه، ڕه‌خنه، وێنه و ئامار، هه‌روه‌ها حه‌ز و ئاواته‌كان ده‌كات.” هه‌ر به ڕێگەی زانیارییه، كه هاووڵاتیان شاره‌زای كاروباری ده‌سه‌ڵاتداران له بواری ناوچه‌یی، سه‌رانسه‌ری و جیهانی ده‌بن.
ئەوە زانیارییه، كه ده‌رفه‌ت بۆ بڕیاردان لە ژیان دێنێته كایه‌وه و یارمه‌تیی هاووڵاتیان ده‌دات كه چۆن له ڕه‌وتی هه‌ر چه‌شنه هه‌ڵبژاردن و بڕیاردانێكدا به‌شدار بن. له‌به‌ر ئه‌وه زانیاری گه‌لێك گرنگه، به‌ڵام زانستی‌بوون و وردی له كاری ڕاگه‌یاندندا، گرنگتره. زانیاری به‌پێی سروشتی خۆی بێلایه‌نه و باس له ناوه‌ڕۆكی دیارده، حكوومەت، حزب و کەسەکان ده‌كات؛ له‌به‌ر ئه‌م هۆیه، پێویسته وه‌كوو دیارده‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌ن سه‌یری بكرێت. ده‌ڵێن “زانیاری خوێنێكی گه‌رمه كه له‌ناو له‌شی کۆمەڵگەی دیموكراتیك‌دا له هاتوچۆدایه”، بەڵام پێویستە جەخت لەوەیش بکەمەوە کە لە جڤاکی ئێمەدا زۆربەی جار جیاوازی لە نێوان “زانیاری” و “بۆچوون”دا نییە و تێکەڵ بەیەک دەکرێن. واتە لە ژیانی ڕۆژانەیشدا لە بری ئەوەی گوێت لە “زانیاری” بێت، گوێت لە “بۆچوون” دەبێت! گوتنی زانیاری زەحمەتە، بەڵام دەربڕینی بۆچوون ئاسانە. ئەمەیش یەکێکی ترە لە کێشە جددییەکانی ئێمە کە دەرفەت بۆ تێڕوانینی هەڵە، لێکدانەوە و بڕیاری هەڵە دێنێتە کایەوە. زانیاری بۆچوون نییە، بەڵام بۆچوون دەتوانێت لە پزدانی خۆیدا چەشنێکی تر لە زانیاریی تێدا بێت، کە بەم ڕێگەیەوە مرۆڤەکان بناسیت.
كاتێك ئامرازی ڕاگه‌یاندنی گشتی بنه‌ماكه‌ی له‌سه‌ر گه‌یاندنی زانیاری داده‌ڕێژێت، ئه‌و ئه‌ركه گرنگه‌ی خۆی له جڤاکدا به‌ڕێوه ده‌بات، كه له جیاتی هاووڵاتیان و حكوومه‌ت بیر نه‌كاته‌وه، به‌ڵكوو كار و كرده‌وه‌كانی ده‌سه‌ڵاتداران له بواری سیاسی، ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه به هاووڵاتیان بگه‌یەنێت و بیروبۆچوون و ڕای هاووڵاتیانیش به ده‌سه‌ڵات بدات. به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م ئه‌ركه ئه‌وه ده‌گه‌یەنێت، كه ئامرازی ڕاگه‌یاندنی گشتی بۆی نییه لە جیاتی هاووڵاتیان بیر بكاته‌وه، به‌ڵكوو ده‌بێ گۆڕه‌پانێكی كراوه بێت تا حكوومه‌ت و هاووڵاتیان تێیدا بیروڕاكانیان ئاڵوگۆڕ بكه‌ن.
جیاوازی له نێوان زانیاری و ده‌نگوباس تا ڕاده‌یه‌ك ناڕوونه. گەرچی زانیاری ده‌توانێت ده‌نگوباس نه‌بێت، بەڵام دەنگوباسەکان هەموویان زانیارین. ئه‌وه‌ی گرنگه و ده‌بێ بزانرێت، زانیارییه كه بواری “بڕیاردان له ژیان”دا بۆ هاووڵاتیان دێنێته كایه‌وه؛ هه‌روه‌ها یارمه‌تیی هاووڵاتیانیش ده‌دات بۆ “هه‌ڵبژاردن” و “دیاریكردنی به‌رژه‌وه‌ندی”ی خۆیان. ئه‌م چه‌مكه گرنگه یه‌كێكە له بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌وڵه‌تێكی دیموكراتیك، به‌رپرس، وڵامده‌ر و كراوه. ده‌ستپێڕاگه‌یشتنی هاووڵاتیان به زانیاری، هه‌روه‌ها ده‌ستاوده‌ستكردنی زانیارییش به شێوه‌یه‌كی ئازاد، خوڵقێنه‌ری كه‌شوهه‌وایه‌كی ئازاده، كه له‌وێدا دۆخێكی كراوه بۆ باس و لێدوان و لێكتێگه‌یشتن له نێوان هاووڵاتیان و ده‌سه‌ڵاتدا دێنێته كایه‌وه. به‌م شێوه‌یه ئه‌ندامانی جڤاک (حكوومه‌ت، هاووڵاتیان و ئامرازی ڕاگه‌یاندنی گشتی) له كه‌شوهه‌وایه‌كی ژیرانه و ئاشتییانه‌دا پێكه‌وه ده‌په‌یڤن.
دەبێت زانیاری کۆڵەکەی هەرە سەرەکیی ژیانی ئێمە بێت؛ هەم بۆ ئەوەی بتوانین بڕیاری دروست بدەین و، هەمیش “تاک”ێکی بەهێز بین، چونکە کوردســــتانێکی بەهێز، لە گرەوی تاکی بەهـــــێزدایە!