ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد بە خێرایییەکی پێشبینینەکراو و وەکوو پێشهاتەیەکی چاوەڕواننەکراو، وای کرد کە ئەکتەرە ناوخۆیی، هەرێمایەتی و سەرووهەرێمایەتییەکانیش بکەونە ناو دووڕێیان یاخود دووانەیەکی ئاسایشی (security dilemma)؛ بەم واتایە کە لە لایەک ڕووخانی ڕژێمەکە بەم شێوە خێرایە و پاش ئەم ماوەیە لە نائارامی و شەڕی ناوخۆیی جگە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕووسیا و هاوپەیمانە ناوچەیییەکانیان، وەکوو دەرفەت و دیارییەکی زێڕین بوو بۆ دەوڵەتان و ئەکتەرەکانی دیکە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئەم ڕووخانە لەگەڵ خۆی دژبەیەکییەکی بێوێنەی خوڵقاندووە کە وا دەکات ئەکتەرە سەرکەوتووەکانیش ڕووبەڕووی دڵەڕاوکێیی ئاسایشی ببنەوە.
لەم نێوەندەیشدا کورد لە سووریا لە لایەک بۆتە بەهێزترین ئەکتەری ئاسایشی- لانی کەم لە ڕووی ڕەوایەتی و سەربازییەوە- و لە هەمان کاتیشدا ڕووبەڕووی چەندان ئاڵنگاریی ناوخۆیی و دەرەکیی نوێ بۆتەوە کە لەم نووسینەدا و لە چوارچێوەی هاوکێشە نوێیە جیۆسیاسییەکاندا تیشکی دەخەینە سەر و هەر ئەم هاوکێشانەیش لە پاڵ بکەرایەتیی هەسەدە و هێزەکانی دیکەی ڕۆژاوای کوردستان دەتوانێت ڕۆڵی لە دیاریکردنی چارەنووسی سیاسیی کورد لە سووریا هەبێت.
ئاڵنگاری و دەرفەتە ناوخۆیییەکان
یەکێک لە سەرەکیترین و گەورەترین ئاڵنگارییە ناوخۆیییەکانی کورد لە سووریا ئەڵتەرناتیڤی ڕژێمی “بەشار ئەسەد”ە کە هێزێکی جیهادی و توندڕەوی سوننەی ئیسلامییە کە جگە لە ئایدیۆلۆژیاکەی، بڕوای بە هیچ فرەیییەکی هزری و سیاسی و نەتەوەیی و مەزهەبی و… نییە. هەرچەندە سەرۆکی کاتی و هەڵنەبژێردراوی ئێستای سووریا بۆ وەرگرتنی ڕەوایەتیی ناوخۆیی و پاڵپشتیی دەرەکی و ڕەواندنەوەی دڵەڕاوکێکان لە باکگراوەندە توندڕەوەکەی، هەوڵ دەدات سیمایەکی جیاواز و مۆدێڕن لە خۆی و سووریای نوێ و تەنانەت گرووپەکەی نیشان بدات، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە ئەم گۆڕانکارییە جەوهەری نییە و تەنانەت ئەگەری یاخیبوونی گرووپە جیهادی و توندڕەوەکانی لێ دەکرێت، پێ ناچێت جگە لە نمایشێکی کاتی و دیپلۆماسی لە هەناوی ئەم کەسایەتییە و ئەم گرووپانەدا سیستەمێکی هاوسەنگ و فرەیی لە سووریا بێتە دی؛ چ جای بنیاتنانی سیستەمێکی سیاسیی دیموکراسیی تەوافوقی. چونکە کاتێک ئەکتەر و کەسایەتییەک ڕەوایەتی لە ئایدیۆلۆژیا و، هەروەها زاڵبوونی نەتەوەیەک وەردەگرێت، ئەوە پرسەکە لێرەدا پرسێکی ناسنامەیییە کە بیروبڕوا و نۆرم و بەهاکان دەبێتە بەشێکی سەرەکیی ئەم ناسنامەیە.
بۆیە لێرەدا کورد لە سووریا وەکوو بەربەستێکی سەرەکی دەبینرێت کە دەبێت بە شێوەیەکی کاتی مەترسییەکانی کۆنترۆڵ بکرێت تاوەکوو دەسەڵاتی حکوومەتی نوێی سووریا بچەسپێنرێت و جۆرێک لە ڕەزامەندیی ناوخۆیی- جا چ لە ڕێگەی سەرکوتکردن یان بەشداریی گرووپە توندڕەوەکان- دەستەبەر بکرێت بۆ ئەوەی جیهانی دەرەوە و ئەکتەرە دەرەکییە هەرێمایەتی و سەرووهەرێمایەتییەکان لە نێوان دوو بژاردەی سەقامگیری-ئاسایش لە لایەک و نائاسایشی و شەڕی ناوخۆیی لە لایەکی دیکەوە- ناچار بن کە بەرگری لەو هێزە بکەن کە دەتوانێت سەقامگیری و ئاسایش بپارێزێت و ببێتە ئەکتەرێکی ئاسایشی؛ هەرچەندە لە ڕێگەی سەرکوتکردن و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤیشەوە بێت. باشترین نموونەیش مانەوەی ڕژێمی ئەسەد بوو تاوەکوو ٨-١٢-٢٠٢٤، بەو پاساوەی کە دەسەڵاتێکە دەتوانێت کۆتایی بە شەڕی ناوخۆیی بهێنێت و نەیارەکانی سەرکوت کردووە و بە شێوەیەکی ڕێژەیی ئاسایشی دابین کردووە و حکوومەتەکەی پیادەی سەروەریی دەوڵەتێکی سەربەخۆ دەکات. هەر بۆیە پاش ئەوەی بەشار ئەسەد بە یارمەتیی ئێران و هێزە هاوپەیمانەکانی و، هەروەها ڕووسیا، توانیی بەشێکی زۆر لە سووریا کۆنترۆڵ بکاتەوە، ئەوە جگە لە وڵاتانی عەرەبی وەکوو سعوودیا و ئیمارات، تا ڕاددەیەکی زۆریش تورکیا و تەنانەت وڵاتانی ئەوروپییش بەرەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا و ڕژێمەکەی دەچوون. بۆیە جێگیربوون و دانپێدانان بە ڕژێمی نوێی سووریا وەکوو ئێستا، دەتوانین بە یەکێک لە مەترسیدارترین فاکتەرەکانی کاریگەری لەسەر داهاتووی کورد لە سووریا دابنێین.
جگە لەو فاکتەرە، بەردەوامبوونی ململانێی ناوخۆییی نێوان هێزە کوردییەکانی سووریا و، هەروەها جوگرافیای تایبەتی و دابەشبوونی ناوچەکانی “ئیدارەی خۆسەر” لە سووریا و تەنانەت هاوپەیمانێتیی لەرزۆک لەگەڵ عەرەب و پێکهاتەکانی دیکە، دەتوانێت فاکتەرێکی دیکەی هەڕەشە و ئاڵنگارییەک بێت بۆ داهاتووی کورد لە سووریا. ئەمە جگە لەوەی کە بەشدارینەکردنی کورد لە دەسەڵاتی نوێی سووریا و تەنانەت ڕێککەوتنی گشتی و ناڕوونیی نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع، وەکوو سەرۆكی دەسەڵاتی ئێستای سووریا، دەتوانێت لە زیانی کورد بێت، بەو پێیەی کە پێویستیی شەرع بە ڕێککەوتن لەگەڵ کورد لە سووریا بەهۆی بارودۆخی پاش کۆمەڵکوژیی عەلەوییەکان وای کرد کە ئەم ڕێککەوتنە واژۆ بکرێت؛ لە کاتێکدا لە دەستووری کاتیی سووریا هیچ ئاماژەیەک بە کورد وەکوو نەتەوە و داننان بە دەسەڵاتەکانی و بەشداریی پێکهاتەکان لە ڕووی سیاسییەوە نەکراوە و بەناڕوونی و گشتی ماوەتەوە بۆ کاتێکی نادیاری لانی کەم ٥ ساڵە و، لە پاش ئەوەیش هیچ گەرەنتییەک نییە کە دۆخەکە لە قازانجی کورد و پێکهاتەی عەلەوی و درووزەکان و مەسیحییەکان بگۆڕێت.
خاڵی جێگەی سەرنج ئەوەیە کە ئەو فاکتەرەی کە گەورەترین هەڕەشەیە لە کورد- هاتنەسەرکاری دەسەڵاتێکی توندڕەو کە دان بە مافەکانی کورد و ناسنامەکانی تر و بەشدارییان وەکوو پێکهاتە نانێت- وا دەکات کە هەر ئەو فاکتەرە دەرفەتیش بێت. لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، ئەگەر ئەم دەسەڵاتی ئێستا بەم شێوەیە ببێتە هۆکاری هەڕەشە لە پێکهاتەکانی دیکە و نەتوانێت بەکردەیی و پراکتیکی دەربخات کە هەڵگری هەمان ئایدیۆلۆژیای جیهادی و توندڕەو نییە کە هەوڵی سڕینەوەی پێکهاتەکانی دیکە دەدات و تەنانەت مەترسی بێت بۆ سەر سەقامگیریی سووریا و وڵاتانی دیکە، ئەو کاتە هەر ئەوە دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە پاساو بۆ مانەوەی دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەر و بەردەوامیی یارمەتییە نێودەوڵەتییەکان، ببێتە پێویستییەکی ئاسایشی بۆ ئەکتەرەکانی دیکەی هەرێمایەتی و سەرووهەرێمایەتی. بۆیە دەتوانین بڵێین کە لاوازیی دەسەڵاتی ئێستا لە سەپاندنی دەسەڵاتی تەواوی سیاسی و سەربازی بەسەر ناوچەکانی دیکە و، هەروەها ناڕەزایەتیی ناوخۆییی پێکهاتەکان، بەتایبەتی عەلەوییەکان و درووزەکان، وا دەکات کە دەرفەت بۆ بکەرایەتیی کورد لە سووریا بڕەخسێت.
ئاڵنگاری و دەرفەتە دەرەکییەکان
بە شێوەیەکی گشتی گەورەترین مەترسی و هەڕەشە لە داهاتووی سیاسیی کورد لە سووریا، کشانەوەی ئەمریکا و جێهێشتنی عێراق و سووریایە. لە ڕوانگەیەکی دیکەوە داهاتووی کورد لە سووریا پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە هاوکێشە جیۆسیاسییەکان و بەتایبەتی ستراتیژی و ڕۆڵ و، هەروەها بکەرایەتی و جۆری پەیوەندیی ئەمریکا بە ئەکتەرەکانی دیکەوە هەیە. بۆیە ئەگەر ئەمریکا بیەوێت ئەرکی ئاسایشی سووریا و، هەروەها جەنگی دژی داعش بە تورکیای ئەندامی ناتۆ بسپێرێت و خۆی بە ڕێککەوتن لەگەڵ تورکیا لە سووریا و پاشان عێراق پاشەکشە بکات یاخود بۆ سنووردارکردنی ئێران و تەنانەت ئەگەری گۆڕانکاریی گەورە لە ناوخۆی ئێران، ئیدارەی ترەمپ پێویستیی بە ڕۆڵی تورکیا لە سووریا و ناوچەکە و بەتایبەتی لە پاڵ وڵاتانی عەرەبی لە عێراق دەبێت. ئەم فاکتەرە مەترسییەکی گەورە بۆ پێگەی کورد لە سووریا دروست دەکات، بەڵام ئەگەر ئەمریکا متمانە بە تورکیا نەکات یاخود بەهۆی گوشارە ناوخۆیییەکان لە ئەمریکا بۆ پاراستنی کورد لە هێرشی تورکیا بۆ سەر “هەسەدە” و ئیدارەی خۆسەر لە سووریا بەردەوام بێت لە هێشتنەوەی هێزەکانی لە سووریا، ئەوە دەرفەت لە بەردەم کورد کراوەیە. تەنانەت ئەگەر بارگرژییەک لە پەیوەندییەکانی ئەردۆغان و ترەمپ ڕوو بدات، ئەوە لە قازانجی کوردە لە سووریا.
لە لایەکی دیکەیشەوە، ئەگەر باگرژی و ململانێی ئێران و ئەمریکا بەردەوام بێت، ئەوە دەکرێت دەرفەتێک بۆ کورد لە سووریا بێتە ئاراوە چونکە لەم حاڵەتەدا بۆ ڕێگەگرتن لە دروستبوونەوەی هیلالی شیعی و، هەروەها بەهێزبوونەوەی ئەکتەرە نادەوڵەتییەکانی هاوپەیمانی ئێران وەکوو حزبوڵڵای لوبنان یاخود بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل، ئەوە مانەوەی کورد لە سووریا لە چوارچێوەی ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هەژمار دەکرێت.
مەترسییەکی دیکە ئەوەیە کە تورکیا بەهۆی هاتنەسەرکاری ترەمپ و نزیکبوونەوەی لە ڕووسیا، پێویستیی ئەوروپییەکان بە تورکیا بۆ پاراستنی ئاسایش لە سووریا و بەم پێیەیش ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانی قەیرانی مرۆیی و دروستبوونی شەپۆلی کۆچبەران، وایان لێ بكات كە یارمەتیی تورکیا بدەن لە سووریا باڵادەست بێت بۆ ئەوەی ئاسایش و سەقامگیرییەکی ڕێژەیی لە سووریا دەستەبەر بکرێت بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوە و پڕژانە سەر مەترسییەکانی ڕووسیا لە ئۆکراینا.
جگە لەم پرس و فاکتەرانە، تورکیا بۆ ئەوەی پاڵپشتیی ئەوروپییەکان بۆ سیاسەتە هەرێمایەتییەکانی دەستەبەر بکات، دەتوانێت هێزی ئاشتیپارێز بۆ ئۆکراینا بنێرێت کە لە ئێستادا بابەتێکی جێگەی مشتومڕی ڕووسیا و ئۆکراینا و وڵاتانی ئەوروپییە بۆ جێگیریکردنی ئاشتییەکی بەردەوام لە سنوورەکانیان؛ ئەوە جگە لە پرسی گواستنەوەی وزە بۆ ئەوروپا کە بابەتێکی سترایژییە بۆ وڵاتانی ئەوروپی، کە دەیانەوێت وزەكەیان فرەسەرچاوە بکرێت و لە ڕووسیا دوور بکەونەوە یاخود ئەم کارتە لە ڕووسیا وەربگرنەوە.
هەمو ئەمانە وا دەکات کە ئەوروپییەکان لە ئەگەری هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان یاخود لانی کەم دروستکردنی گوشار بۆ سەر تورکیا بۆ ئەوەی لە ڕێگەی هاوپەیمانە سوورییەکەیەوە (ئەحمەد شەرع) مافەکانی کورد بپارێزێت، جگە لە ڕووی میدیایی یاخود لێدوانی فەرمی هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ پاراستنی کوردەکان نەهاوێژن. ڕاستییەكەی، ئەم دۆخەی ئێستای جیهان بەگشتی لە پاش هاتنەسەرکاری دۆناڵد ترەمپ وای کردووە تا کاتێک کە پرس و بابەت و ئەکتەرێک هەڕەشە لە بەرژەوەندیی وڵاتانی ڕۆژاوایی نەکات یاخود ئەو ئەکتەرە نەبێتە بەشێک لە بەرژەوەندیی دارایی و ئابووری و، هەروەها بەشێک لە ئاسایشی ئەو وڵاتانە، ئەوە پرسی مافی مرۆڤ و بەها دیموکراسییەکان لە پەراوێزی هاوکێشەکاندایە؛ بەتایبەتی لە ئێستادا کە ترەمپ گوشاری ئابووریی خستۆتە سەر ئەوروپییەکان و، ئۆکراینایشی ناچار بە سازش و ئاشتییەکی لەرزۆک لەگەڵ ڕووسیا کردووە و تەنانەت خودی ئەوروپییەکانیش لە بەردەم مەترسیی گەورەی ئاسایشی و سەربازین لەلایەن ڕووسیاوە. لە کاتێکدا ئەوروپا هەوڵ دەدات پشتبەستنی بەرگریی خۆی بە واشنتۆن کەم بکاتەوە و ئەرکێکی سەربازی لە ئۆکراینا لە ئەستۆ بگرێت، هێزە چەکدارەکانی تورکیا دەتوانن ئەو وڵاتە بکەنە یاریزانێکی سەرەکی لە هاوکێشەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا- ئەوروپییەکان.
لەم چوارچێوەیەدایە کە ئەکتەرە نادەوڵەتییەکانی وەکوو کورد، ئەگەر هاوکێشە جیۆسیاسی و ئاسایشییەکانی نێوان ئەکتەرەکان بگۆڕدرێت، ئەوە یان دەرفەتیان بۆ بینینی ڕۆڵ بۆ دێتە ئاراوە، یانیش لەم هاوکێشانەدا بەرەو لاوازبوون دەچن. لەم نێوەندەیشدا ئەگەر کورد لە سووریا بەشێک بێت لەم هاوکێشە نوێیە جیۆسیاسی و ئاسایشییەی نێوان ئەکتەرە دەوڵەتییەکان، ئەوە بەردەوام دەبێت و بەپێچەوانەکەی ڕووبەڕووی مەترسی و هەڕەشەی جددی دەبێتەوە. هەر بۆیە پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئەمریکا یەکێکە لە فاکتەرە گەورەکان و پاشان جۆری پەیوەندی و هاوکێشەی نێوان تورکیا و وڵاتانی ئەوروپی کە بەشێکە لە هاوکێشەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا و وڵاتانی ئەوروپی. هەر بۆیە زێدەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین کە داهاتووی کورد بە هاوکێشە باڵا نێودەوڵەتییەکانەوە بەستراوەتەوە.
جێگەی ئاماژەیە کە لە ئێستادا و بەتایبەتی لە پاش ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣، ئیسرائیل لە ناوچەکەدا یەکێکە لە ئەکتەرە هەرە کاریگەرەکان، چ لە ئاستی ناوچەیی و چ لە سووریا. هەر ئەمەیش وا دەکات کە سیاسەتی ئیسرائیل لەسەر ئاستی ناوچەکە بەگشتی و لەسەر ئاستی سووریا و پەیوەندییەکانی بەتایبەتی لەگەڵ تورکیا، کاریگەریی لەسەر هاوکێشە ناوخۆیییەکانی سووریا و داهاتووی کورد هەبێت.
لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، بەهۆی ناکۆکییەکانی تورکیا و ئیسرائیل و پاڵپشتییان لە ئەکتەری پێکناکۆک لە سووریا و، هەروەها ترسی ئیسرائیل لە داهاتووی سووریا و دروستبوون و بەهێزبوونەوەی سووریای عەرەبی-ئیخوانی، وا دەکات کە ئیسرائیل لەگەڵ تورکیا و هەوڵەکانی بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی جۆلانی، گرفت و ناکۆکیی گەورەی هەبێت. ئەمەیش دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئیسرائیڵ پاڵپشتی لە درووزەکان و کورد و تەنانەت عەلەوییەکان وەکوو پێکهاتە بکات بۆ ئەوەی جارێکی دیکە دەسەڵاتێکی ناوەندیی بەهێز لە سووریا دروست نەبێتەوە کە لەژێر کاریگەریی تورکیادا بێت.
هەر ئەمەیش وا دەکات کە مانەوەی کورد و لاوازیی دەسەڵاتی جۆلانی لە قازانجی ئیسرائیلدا بێت، بە مەرجێک ئێران نەتوانێت ئەم لاوازییە بقۆزێتەوە و جارێکی دیکە سووریا وەکوو پردی گواستنەوەی چەک و پاڵپشتیی دارایی بۆ حزبوڵڵا و هێزە فەلەستینییەکان بەکار بێنێت یاخود لە سووریاەوە هەڕەشە لە ئیسرائیل بکرێت. بۆیە پێ دەچێت لە ئێستادا ئیسرائیل لەوە دڵنیا بێت کە دەتوانێت لە ڕووی سەربازی و ئاسایشییەوە ئاسمان و کۆریدۆرەکانی سووریا کۆنترۆڵ بکات و ئاسایسی خۆی لە ڕێگەی دروستکردنی قووڵاییی ستراتیژییەوە بپارێزێت، چونکە ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ دەری خست کە ئیسرائیل لە ڕووی نەبوونی قووڵاییی ستراتیژییەوە کێشەی هەیە نەک لە ڕووی چەک و هێزی سەربازییەوە. ئەوەیش بەم واتایە دێت کە ئەگەر ئیسرائیل قووڵاییی ستراتیژیی نەبێت، ئەوە دۆکترینی پەرواێز (Periphery doctrine)ی داوود بن گۆریۆن (David Ben-Gurion) کاراییی جارانی نییە، چونکە بەهۆی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و بەشێک لە گرنگترین وڵاتانی عەرەبی و هەبوونی پەیوەندیی نهێنی و نافەرمی لەگەڵ زۆربەیان بەهۆی ڕێککەوتنی ئاشتیی ئیبراهیم (Abraham Accords) و ئەگەری فراوانکردنی ئەو ڕێککەوتنە، چیتر وڵاتانی عەرەبی هەڕەشە نین بۆ سەر ئیسرائیل، بەڵکوو دەرکەوت هەڕەشە ئاسایشی و سەربازییەکان لە دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی و لە ناوخۆ و سنوورەکان و هەناوی خودی ئیسرائیلەوەیە کە ئەوانیش هەر لە دەرەوە پاڵپشتی و پشتیوانی دەکرێن.
بۆیە تورکیای سەردەمی ئەردۆغان، کە بۆتە ئەکتەری یەکەم لە سووریا و دەیەوێت لە ڕێگەی گرووپ و میلیشیا ئیسلامییە توندڕەوەکانەوە پێگەی خۆی لە سووریا جێگیر بکات و بگاتە سنوورەکانی ئیسرائیل و، هەروەها نزیکی و هاوشێوەییی ئاک پارتی لەگەڵ حەماس و گرووپە فەڵەستینییەکان، وا دەکات کە لە ئێستادا بە پلەی یەکەم ئیسرائیل لە جێگیربوونی دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع و گرووپەکانی نزیک لە تورکیا و تەنانەت بەهێزبوونی نفووزی خودی تورکیا لە سووریا دڵەڕاوکێی ئاسایشی هەبێت؛ بەو پێیەی کە تورکیاش ترسی لە نەزمی نوێی ئیسرائیل هەیە کە بەشێکی لە ڕێگەی کوردەکانەوە جێبەجێ دەکرێت. ئەم ململانێ و بارگرژی و ناکۆکییە ستراتیژیانەی نێوان ئیسرائیل و تورکیا سەبارەت بە داهاتووی سووریا و ناوچەکە، دەکرێت بەهۆی ڕۆڵی سەربازی و باڵادەستیی ئیسرائیل لە ناوچەکە و، هەروەها نزیکیی ئیسرائیل لە ئەمریکا و ئیدارەی ترەمپ وەکوو دەرفەتێک بۆ کوردەکان لە سووریا ببینرێت.
لە لایەکی دیکەیشەوە، بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی سەبارەت بە سیاسەتەکانی تورکیا لە سووریا، لەوانەیش سعوودیا، میسر، ئیمارات و ئوردن، نیگەرانن لە سیاسەتی فراوانخوازی و چەسپاندنی “ئیخوانیزم” و “نیوعوسمانی” کە تورکیا لە سووریا پەیڕەویی لێ دەکات و بە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییی خۆیانی دەزانن کە ڕەنگە لە هەڕەشەکانی بەرەی بەرخۆدان (بەرەی موقاوەمە) کە پێشتر لە سووریا لەلایەن ئێرانەوە ئەو وڵاتانەی نیگەران کردبوو، زیاتر دڵەڕاوکێی ئاسایشییان لەلا دروست بکات.
لە لایەکی دیکەیشەوە، زۆر جار ئێران و تورکیا لە پرسە جۆربەجۆرەکانی ناوچەکەدا بەرژەوەندیی ناکۆکیان هەبووە، وەک: پاڵپشتیی تورکیا لە نەیارانی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا و پاڵپشتیی ئەنقەرە لە ئازەربایجان لە دژی ئەرمینیا. بەم پێیەیش، دەرفەتێکی گەورە بۆ کورد لە سووریا ململانێکانی تورکیا و ئێرانە، کە وا دەکات هەر کامەیان بۆ ئەوەی لایەنی بەرامبەر نەتوانێت لە هاوکێشە جیۆسیاسییەکاندا بەهۆی گۆڕانکارییەکانی سووریا و بەتایبەتی ڕووخانی ئەسەد سوود وەربگرێت، هەوڵی بەکارهێنانی ڕۆڵ و بکەرایەتی و فاکتەری کورد دەدەن.
بۆیە هاوسنووریی کورد لە سووریا لەگەڵ عێراق، کە تاوەکوو ئێستا ئێران تیایدا باڵادەستە، تورکیا نیگەران دەکات و هەر بۆیە پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ پەکەکە و کورد لە تورکیا لەلایەن توندڕەوترین کەسایەتی و لایەنی سیاسیی تورکیا (دەوڵەت باخچەڵی) بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەردۆغان دەستی پێ کردووە؛ سەرەڕای ئەوەی کە دەرەنجامەکانی چی دەبێت و ئایا ئەردۆغان لەسەری بەردەوام دەبێت یان تەنیا بۆ تێپەڕاندنی مەترسییەکانە و مەبەست چەکدانانی پەکەکە و هەسەدەیە، چونکە تورکیا باش دەزانێت کە کورد لەگەڵ ئیسرائیل یاخود تەنانەت لەگەڵ ئێران دەتوانێت نفووزی لە سووریا و عێراق و بەم پێیەیش لە ناوچەکەدا لاواز بکات.
جگە لەمانەیش، ململانێی سیاسیی ناوخۆیی لە تورکیا، وەکوو ئەوەی ئێستا لە نێوان ئاک پارتی و جەهەپە دەبینرێت، دەرفەتێکی دیکەیە بۆ کورد لە سووریا کە دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع و لایەنگرانی تورکیا لە سووریا لاواز بێت و کورد بتوانێت لە داهاتووی سووریادا پێگەی خۆی بچەسپێنێت یاخود لانی کەم بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت تاوەکوو داهاتووی سووریا و ناوچەکە دادەڕێژرێتەوە؛ چونکە ئەوەی ڕاستی بێت هاوکێشەکانی ناوچەکەیە، كە پێگەی هێزەکانی سووریا و داهاتووی ڕژێمە سیاسییەکەی و تەنانەت ئەو ئەکتەرەی کە لە کۆتاییدا باڵادەست دەبێت، دەستنیشان دەکات.
کۆبەند
هەرچەندە بەردەوامیی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و دانپێدانەنان بەم دەسەڵاتەی ئێستای سووریا لە ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و پاشان لاوازیی دەسەڵاتی شەرع لە چەسپاندنی سەروەریی حکوومەتەکەی بەسەر ناوچەکانی سووریا و دروستبوونی ناکۆکی لە نێوان گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەکان و بەردەوامیی جەنگی دژی داعش، لە گەورەترین دەرفەتەکانن بۆ کورد لە سووریا و بەپێچەوانەکەیشی وەکوو ئاڵنگاری و هەڕەشەیەک بۆ داهاتووی سیاسی و ئاسایشی کورد هەر ڕاستە، بەڵام لە ڕاستیدا یەکێک لە گەورەترین ئاڵنگاری و هەڕەشەکان بۆ داهاتووی کورد لە سووریا دۆخی نادڵنیایی و قۆناغی گواستنەوەی سیستەمی نێودەوڵەتییە؛ چونکە دیموکراسی و مافی مرۆڤ و فرەیی لە بەرامبەر ئاسایش و سەقامگیری و ئابووری و بازرگانی دادەنێت و ئەمەیش لە چوارچێوەی ململانێی نێوان ئەکتەرە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەکان بۆ چەسپاندنی پێگەیانە لە سیسەمی نوێدا. بەڵام سەرەڕای هەڕەشەکان، هەر ئەم گواستنەوەیە دەرفەتە بۆ ڕۆڵبینین لەم سیستەمە نوێیەدا؛ بەو پێیەی کە ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان هەوڵ دەدەن لە چوارچێوەی هەرێمەکەیان باڵادەست بن و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بەهۆی فرەییی پێکهاتەیی و ناسنامەیییەوە دەرفەت بۆ ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان هاتۆتە ئاراوە.
لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، ململانێکانی ئێستا لە ناوچەکە، لە لایەک ململانێیە لە ناوخۆی دەوڵەتان لە نێوان پێکهاتەکان و، لە لایەکی دیکەیشەوە ململانێیە لە نێوان ئەکتەرەکان کە ئەوەیش لە ڕێگەی ئەکتەرە ناوخۆیییەکان بەڕێوە دەچێت. باشترین نموونەیش، فەلەستین، لوبنان، سووریا، یەمەن و لەوانەیە لە داهاتوودا عێراق و ئێران و تورکیا و وڵاتانی دیکەی عەرەبییش بگرێتەوە. بۆیە ئەکتەرە سەرووهەرێمایەتییەکانیش بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و بەرژەوەندییەکانیان، هەوڵ دەدەن لە بەرامبەر ئەکتەرەکانی دیکە کەڵک لەو ئەکتەرە نادەوڵەتییانە وەربگرن، بەڵام مەترسییەکە ئەوەیە کە پێکهاتە و ئەکتەرێک بتوانێت لە ئاستی ناوخۆیی و هەرێمایەتیدا ئەو ڕۆڵە ببینێت و بەرژەوەندی و ئاسایش جێگیر بکات. بۆیە دەتوانین بڵێین داهاتووی کورد لە سووریا لە نێوان دوو سیناریۆی سەرەکیی هاوسەنگییەکی ڕێژەیی و لەرزۆک لە نێوان پێکهاتەکان (وەکوو عێراق) یان هەوڵی زاڵبوون و هەژموونی پێکهاتەیەک بە ڕێگەی پێکهاتنی دەوڵەتێکی ناوەندیی بەهێز بەڵام نادیموکراسی، لە هاتووچۆدایە.
ئەوەی کە ئەم سیناریۆیانە دێنێتە دی، دەستوەردانی دەرەکی و بەم پێیەیش هاوکێشە جیۆسیاسییەکانە، چونکە ڕۆڵ و کاریگەریی ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان لە وڵاتانی ناوچەکە جگە لە لە سروشتی ناسنامەییی خۆیان، بەشێکن لە بەرژەوەندیی ئاسایشی و سیاسیی ئەکتەرە هەرێمایەتی و سەرووهەرێمایەتییەکان. لەم بەینەیشدا، داهاتووی کورد لە سووریا بەستراوەتەوە بەم هاوکێشانەوە و بەتایبەتی ململانێ جیۆسیاسییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ستراتیژیی ئیدارەی نوێی ئەمریکا لە سەردەمی ترەمپ لە ناوچەکەدا. هەر ئەمەیش وا دەکات کە داهاتوو لێڵ و ناڕوون بێت و ئێستا بە سەردەمی نادڵنیاییی ئەکتەرەکان پێناسە بکرێت. تەنانەت هاوکێشە ئاسایشی و جیۆسیاسییەکانی نێوان ئەکتەرەکان وا دەکات دەسەڵاتی ئەحمەد شەرعیش لە سووریا بەرەو چەسپاندن بچێت یاخود بەرەو پووکانەوە و لاوازبوون.
هەر بۆیە ئەم چەند فاکتەر و هاوکێشەیە دەتوانێت داهاتووی کورد لە سووریا دەستنیشان بکات:
١- داهاتووی بارگرژییەکانی ئیسرائیل و ئێران
٢- لێکەوتەکانی ململانێی ئێران و تورکیا، بەتایبەتی لە سووریا و قەوقاز و عێراق
٣- چۆنێتیی چارەسەرکردنی ململانێ و بارگرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، بەتایبەتی سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی
٤- ستراتیژیی ئەمریکا لە ناوچەکە بە پێسپاردنی ئەرکەکان بە ئەکتەرەکان یاخود هاوسەنگی لە نێوانیان و پڕژانە سەر ناوچەکانی دیکە، بەتایبەتی چین
٥- لێکەوتەی ململانێی ئیسرائیل و تورکیا لە سووریا
٦- داهاتووی جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینا و لە لایەکی دیکەیشەوە ڕۆڵی تورکیا لەم نێوەندەدا
٧- داهاتووی ململانێ سیاسییە ناوخۆیییەکانی تورکیا
٨- داهاتووی سیاسیی عێراق و پێگە و ڕۆڵی هێزە شیعەکان لە هەمبەر پێکهاتەکانی دیکە، بەتایبەتی کورد و سوننە
٩- چارەنووسی پەکەکە و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا
١٠- لێکەوتە و کاریگەرییەکانی نەزمی نوێی ئیسرائیل لە ناوچەکە لە لایەک و داهاتووی ئاشتیی ئیبراهیم لە لایەکی دیکەوە.