دواین هەواڵ

میدیا، خەڵک و دەسەڵات

‌فەرەیدوون پەروازە

8 کاتژمێر پێش ئێستا

میدیای کوردی بە هەموو تێچووەکانییەوە ناتوانێ کاریگەری ئەوتۆی لە سەرکۆمەڵگا و تاکی کوردی هەبێت. جیا لە سۆشیال میدیا و تۆرە کۆمەایەتییەکان، نەبوونی بەرنامە و ستراتیژی زانستی و بەرۆژ هۆکاری سەرەکین بۆ بێ کەڵکی و بێ کاریگەری میدیاکان. 
میدیا و دەزگای گەیاندن دەتوانێ بەشێک لە نیاز و پێویستییە هزری و مەعنەوییەکانی کۆمەڵگا چارەسەر و دابین بکات بەڵام وادیارە ئەو کەلێن و بۆشاییە لە وڵاتی ئێمەدا بۆ هیچ چین و توێژێکی کۆمەڵگا پڕ نەبۆتەوە.

سەرەڕای زەحمەت و خزمەتی بەرچاو، خەسارناسی میدیای کوردی زۆر و بەرفراوانە و بەو هۆیەوە ناتوانین بڵێین میدیای کوردی فرە سەرکەوتوو بووە.

کۆمەڵگای کوردی وەکوو هەموو نەتەوەکانی دیکە پێویستی بە میدیای ئازاد و سەربەخۆ هەیە کە لە هەموو بوارەکانی هەواڵنێری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، کلتووری، هونەری،کاناڵەکانی تایبەت بە ژینگەوانی، کشتوکاڵ، منداڵان و ژنان، پزیشکی وزانستی و تاد،،،، لە رێگای بەڵگەفیلمی زانستییەوە و مەیدانییەوە زۆرترین زانیاری بە کۆمەڵگا ببەخشێ.سەرەنجی کۆمەڵگای کوردی لە هەر چوار بەشەکەدا بە زۆری چڕبۆتەوە سەر میدیاکانی باشوور.

میدیاکانی باشوور بە هۆی کەرەسەی مۆدێرن، خێرابوون لە گەیاندندا، بوودجەی تایبەت و پاشان بە هۆی وەرگێرانی درامە هیندی، ئێرانی، تورکیاکان و،،، زۆرترین بینەریان هەیە، لێرەدا پرسیارێک کە  ئاراستەی هەمووان دەبێتەوە ئەوەیە کە ئایا میدیای کوردی بە پێی سەردەم و ستانداردە جیهانییەکان و تەنانەت وەک دراوسێیەکان توانیویەتی پەیامی دەسەڵات و بەرەی رۆشنبیر بە کۆمەڵگا بگەیەنێ؟؟ئایا میدیای کوردی وڵامدەری نیازی خەڵکی کورد و رەنگدانەوەی کلتووری کوردستانە؟ و،،،؟؟؟
بە داخەوە میدیاکانی باشوور هەر هەموویان بە یەک سەبک و شێواز چالاکی دەکەن. 

* کاتێک پێکدادانی ئۆتۆمبیل یا ئاگرکەوتنەوەیەک روودەدات بە جارێک ترافیکی هەواڵنێران درووست ئەبێ و زیاتر لە ئاستی پێویست هەواڵەکە ئەورووژێت. 

* قەتڵ و روداوە دڵ تەزێنەکان بە وردەکارییەوە و تەنانەت بە شێوەی راستەوخۆ بە بێ گوێدان بە باری دەروونی و سایکۆلۆژی بنەماڵە و کۆمەڵگا دەگوازنەوە 

* یارمەتی گەیاندن و چارەسەری نیازی هەژاران و کەمدەستانی کۆمەڵگا بە وردەکارییەوە میدیایی دەکرێتەوە و میدیاکان جێگای دەزگا دەوڵەتی و ناوەندە خێرخوازەکان دەگرێتەوە. 

*  بەشێک لە میدیاکان سەر بە حیزب و رێخراوی بەشەکانی دیکەی کوردستانە لە حاڵێکدا چەقی چالاکی و رووی میدیایی رەخنە لە دەسەڵاتی کوردی و شێوازی بەرێوەبەری دەزگا و ئیداراتی حکوومەتی هەرێمە. 

* لە ئیمرۆدا کە کاری هەواڵنێری ئاکادیمی و جیاوازجیاواز و دابەشکراوە، هندێک لە میدیاکان بە تایبەت لە ناوچەی سەوزدا کار و چالاکییان تەنیا ئەوەیە پرسی گەندەڵی، دزی، پرۆژە ناتەواوەکان و،،، بە شێوازی سەقەت و ناشارەزا ورووژێنن و بە بێ هیچ نیشاندانی هیچ میکانیزمێکی چارەسەری و بە بێ رەچاوی باری سیاسی، کۆمەڵایەتی و دەروونی کۆمەڵگا، بۆشایی و دوژمنایەتی و بێ هیواییان لە نێوان خەڵک و دەوڵەتدا درووست کردووە کە لە گەندەڵترین وڵاتەکاندا هیچ میدیایەک بەو جۆرە ناشییانە کۆمەڵگا ژەهر خوارد ناکات 

* کاناڵە ئاسمانییەکان کە بە جۆرێک لینکن بە تۆرە کۆمەڵایەتییەکانەوە، ئاسانگاری و هەلومەرجی لەباریان خولقاندووە بۆ دەستپێراگەیشتنی هەمووان بە بەرنامەکانەوە لە هەموو بارودۆخێکی زەمانی و مەکانییدا.

* کاناڵێک بە زمانی ئینگلیزی کە هۆکاری ناساندن و رەنگدانەوەی کۆمەڵگای کوردی بە جیهان بێت بوونی نیە. 

سەرئەنجام و کۆتایی؛ حکوومەتی هەرێم و دەزگا پێوەندیدارەکان پێویستە سەبارەت بە میدیا و شێوازی چالاکییەکانیان،  رێکار و بەرنامەیەکی مۆدێرن و نوێ بگرنە پێش و ئاڵوگۆرێکی بنەرەتی  لە کاروباری میدیایی و سیستمی راگەیەندندا پێک بێنن. تێچووی میدیاکان لە سەر حەسابی خەڵک و دەسەڵاتە نابێ ئەو سەرمایەیە بە ئاسانی بەفیرۆ بچێت.

کۆڵەکەی چوارەمی دیموکراسی کە میدیای ئازادە، ئەگەر بە شێوازی زانستی ئەرک و چالاکییەکانی راپەرێنێت ئەوا کاریگەری لە سەر سەقامگیری و گەشەی دیموکراسی لە کۆمەڵگادا دەبێت و هەموو پێکهاتە و  چین و توێژێکی کۆمەڵگا دەتوانن دەنگوڕەنگی خۆیان هەڵبڕن و وێنا بکەن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP