کامیان گونجاوترە بڵێین، ئایا کەلوپەلەکانن ئەسڵی و عادین یا ئێمە ئەسڵین یا عادین .
کێ هەیە لە ماڵ بە دەیان کەلوپەلی، کارەبایی، مۆبایل، شتومەکی ناوماڵ، دەرمان، پۆشاک، بەدەیان شتی بەبێکەلکی لەماڵ نەکەوتبێ، بە ئەسڵی کڕیویەتی و عادی دەرچووبێ .
سەرکەوتوویی نووسەری تورک عەزیز نەسین، لەو بوێریەیە کە زۆربەی ڕەخنەکانی ڕوو لە کۆمەڵگایە، هەر بۆیەش بەردەوام بەگژاچوونەوەی گەلێک زۆرتربوو لەو نووسەرانەی کە بەس ڕەخنەیان لە دەوڵەت دەگرت، دیاردە دزێوەکانی کۆمەڵەگەیان پشتگوێ دەخست، کە ساختەچیەکانی پێدەگەیاند تا وەک ئەسڵزادە دەرچن و ئاسانتر بگەنە دەسەڵات یا ناودەرکەن .
ئێمە ئەو خەڵکانەین خۆمان بەئەسڵزاد دەزانین و کارە عادیەکان هەڵدەدەینە سەر بەرانبەرەکەمان . چیمان بەسەرهاتووە، هەر کەلوپەلنا، گومان لە بڕوانامە دەکەین ئەسڵە یا عادی، گومان لەسیاسی دەکەین ئەسڵە یا عادی، گومان لە ڕژنامەنوس و میدیاکار دەکەین ئەسڵە یا بوختانچی و عادی، گومان لە هەموو نووسەر و بەرهەمە فیکریەکان دەکەین ئەسڵیە یا عادی .
دوێنێ و پێرێ ئەو دوو ئامێرەم بە ئەسڵ کڕی، کەچی سەری قتووە پەنیرەکەمی نەکردەوە و عادی دەرچوو، ئەوڕۆ چووم لەدوکانێ دانەیەکی دی بکڕم، گوتم کاکە؛ ئەوە حاڵومەسەلەی منە ئەو دوو دانەم لەو دوو مارکێتە کڕیە، تکایە دانەیەکی ئەسڵم بدەرێ .
گوتی مامۆستا تۆ نایان ناسی یەکیان باوکی هەر قۆڵبڕبوو، ئەویدیان خۆی ساختەچی . لێم نەکڕی ترسام ئەوەش وەک میدیاچیەکی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بوختان چیبێ .
ئێستا واتێگەیشتووم ئێمە ئەو کۆمەڵگایەین، بکوژی ئەسڵ و کارگەی بەرهەمهێنانی عادین .