بەشی شەشەم
مێژوویی کۆچی کوردان
سەدەکانی ناوەڕاست کۆچی بەرچاوی لە ناوچە کوردنشینەکانەوە بە تایبەتی لە ناوچەکانی وەک میافارقین (ئێستا سیلڤان)، ئامەد، موسڵ و هەولێر بەخۆیەوە بینی. ئەم کۆچانە بەهۆی تێکەڵەیەکی ئاڵۆزی هۆکارە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانەوە بووە و تا لەشکرکێشییەکانی مەغۆلەکان لە سەدەی ١٣ بەردەوام بوون.
سەرەتای سەدەی ٧-١١ دوابەدوای فەتوحاتی ئیسلامی ، زۆرێک لە کوردەکان کۆچیان بۆ ناوچە جیاجیاکانی خەلافەتی ئیسلامی لەوانە میسر و سوریا کرد.
پاڵنەری ئەم کۆچکردنانە زۆرجار ئەو گۆڕانانکارییە بوو کە بەهۆی پەلهاوێشتنی ئیسلام ڕوویدا، قەلەمڕەو ودەرفەتە سیاسییەکانی ناو ئیمپراتۆریەتی ئیسلامییدا زیاتربوون.
کوردیش کە بەشێک لە ئومەتەکە بوو، لە ژینگە موسوڵمانەکەدا دەرفەتی کۆچ، بازرگانی وئابوری بۆ ڕەخسا، ئەو ڕێڕەوە بازرگانیانەی کرابوونەوەو ناوەندی شارەکانیش کە لەنوێوە پەرەیاگرتبوو ئاسۆی ئابوورییان لەبەردەم هەموان لە جیهانی ئیسلامیدا کردبۆوە، کە بازرگان، پیشەوەر، و جووتیاری کوردیان بۆ ناوچە ئاوەدانترەکان کەمەندکێش دەکرد.
سەرهەڵدانی ئیمپراتۆریەتی سەلجوقییەکان لە سەدەی ١١دا هانی زیاتر بوونی کۆچی کوردەکانیدا، دەسڵات و قەلەمڕەویان گەیشتە کوردستان، سەلجوقەکان چەندین جەنگاوەر و کارگێڕی کوردیان دامەزراند، ئەمەش بووە هۆی پەرەسەندنی نشینگە کوردییەکان.
شەڕی خاچپەرستان (1095-1291) زیاتر لە ڕووداوەکانی دیکە کاریگەری لەسەر کۆچی کورد دانا. کوردێکی زۆر پەیوەست بوون بە سوپای سەرکردە موسڵمانەکانی وەک سەلاحەدینی ئەیوبی کە خۆی بەڕەچەڵەک کورد بوو.
ئەم قۆناغە جووڵەی بەرچاوی کورد بۆ میسر و شام وەک بەشێک لە بەرگری لە موسوڵمانان لە دژی خاچپەرستان بەخۆیەوە بینی.
لەشکرکێشی مەغۆلەکان لە سەدەی 13دا بووە هۆی کاولکاری و ئاوارەبوونی بەربڵاو لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستانیشی گرتەوە. زۆرێک لە کوردەکان لەو وێرانکارییە هەڵاتن و پەنایان بۆ ناوچە سەقامگیرترەکانی وەک سوریا و میسر برد.
کۆچی کوردەکان بۆ میسر، کوردی کردە پێکھاتەی بەرچاوی شارێکی وەک قاهیرە. ئەم کۆچبەرانە تێکەڵ بە کۆمەڵگەی ناوخۆیی بوون، بەشدارییان لە ژیانی سەربازی و ئیداری و کولتووری ناوچەکەدا کرد. سەرهەڵدانی سەلاحەدین بۆ سەر دەسەڵات لە میسر و دامەزراندنی بنەماڵەی ئەیوبی نموونەیەکی بەرچاوی نفوزی کوردە.
لە سوریا کۆچبەرانی کورد لە شارە جۆربەجۆرەکاندا نیشتەجێ بوون، لەوانە حەلەب و دیمەشق. بوونی کورد لە سوریا بە تێوەگلانی ئەوان لە کایەی سەربازی و سیاسیدا بە تایبەتی لە سەردەمی ئەیوبی و مەملوکدا دەناسرێتەوە.
لە ڕووی کەلتوری، کۆچبەرە کوردەکان پراکتیزە کولتووری و زمانەوانی و کۆمەڵایەتییە جیاوازەکانیان هێنایە ناو ماڵە نوێیەکانیانەوە، کەلتوورە ناوخۆییەکانی میسر و سوریایان دەوڵەمەندتر کرد.
لەڕووی سەربازییەوە، سەرکردە و سەربازانی کورد ڕۆڵی چارەنووسسازیان لە هەڵمەتە سەربازییەکان و حوکمڕانی ناوچە نوێیەکانیاندا هەبوو، بەتایبەتی لە سەردەمی جەنگی خاچپەرستان و لەشکرکێشییەکانی مەغۆلدا.
لە ڕووی ئابوری، بازرگانان و پیشەوەرانی کورد تێکەڵ بە پەیکەری ئابووری کۆمەڵگا نوێیەکانیان بوون، بەشدارییان لە بازرگانی و پیشەسازی و کشتوکاڵدا کرد.
بەم چەشنە کۆچی کورد لە میافارقین،ئامەد، موسڵ و هەولێرەوە بۆ میسر و سوریا لە سەدەکانی ناوەڕاستدا دیاردەیەکی مێژوویی بەرچاو بووە کە دەشێت خوێندنەوەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی بۆ بکرێت.
ئەم کۆچانە نەک هەر پەناگە و دەرفەتی نوێیان بۆ کورد ڕەخساند بەڵکو کاریگەرییەکی درێژخایەنیان لەسەر ئەو ناوچانە بەجێهێشت کە تێیدا نیشتەجێ بوون.
سەبارەت بە کۆچی کورد لە کۆتایی سەدەکانی ناوەڕاست و سەردەمی مۆدێڕندا، ئەوا سەردەمی عوسمانی (١٦ - سەرەتای سەدەی بیستەم) ڕێکخستنەوەی کارگێڕی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ناوچە کوردییەکانی لەخۆ گرت و گۆڕانکاریی بەرچاوی ئیداریی لێکەوتەوە. بۆ جڵەوکردن یان سەقامگیرکردنی ناوچە سنوورییەکان هەندێک جار هۆزە کوردەکان گواستراونەتەوە.
شەڕی چاڵدیران (١٥١٤) جەنگی نێوان عوسمانی وسەفەویەکان بوو، ئامانجەکەی کۆنتڕۆڵکردنی خاکی کوردان بوو، کە کۆچبەری زۆری لێکەوتەوە.
لە سەدەی ١٧ دا کۆچی زۆرەملێ بە شێوەیەکی سیستەماتیک بەردەوام بوو، عوسمانییەکان بۆ بەرپەرچدانەوەی کاریگەریی کۆنفیدراسیۆنە خێڵەکییە کوردە ڕکابەرەکان و پاراستنی کۆنترۆڵی ناوچە ستراتیژییەکان، عەشیرەتە کوردەکانیان گواستەوە.
ئامانجیان کەمکردنەوەی دانیشتوان و نیشتەجێکردنی زۆرەملێ بوو، وەک سزادانێک هۆزە کوردە یاخیبووەکان دەگوازرانەوە بۆ ناوچە جیاوازەکانی ناو ئیمپراتۆریەت.
لە سەدەی نۆزدەهەمدا چاکسازییەکانی تەنزیمات پەیدابوون، ئەم چاکسازیانە ئامانجیان مەرکەزیکردن و مۆدێرنیزەکردنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بوو. کەتێدا کۆنتڕۆڵ و دەستمۆکردنی کورد ئامانجێکی سەرەکی بوو، سەرەنجام دابەشبوونی ئیداری نوێی عوسمانی هەزاران کوردی دەربەدەرکرد.
ئیتر ڕاپەڕینی کورد وسەرکوتکردنی زۆرێک لە ڕاپەڕینەکان هاتەئاراوەو ئەمە ئەو قۆناخەیە کە کۆچبەری گەورەی کوردەکانی لێکەوتەوە.
لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا کە جەنگی جیهانی یەکەم و جینۆسایدی ئەرمەنەکان هاتەئاراوە، ئاوارەبوونی بەرفراوانی کوردیشی بەخۆیەوە بینی، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ.
لە دوای جەنگیش نیشتەجێبوون دەستیپێکردەوەو لە پەیمانی سیڤەر (1920)دا بەڵێنی کیانێکی کوردی درا ، بەڵام دواتر لە پەیماننامەی لۆزان (1923)دا نکۆڵی لە سیڤەرکرا، بۆیە لۆزان و سڕینەوەی سیڤەر، قۆناخێکی پڕلە توندوتێژی دەستی پێکرد و کورد دووچاری کۆچبەری گەورە بوونەوە.
لە کۆماری نوێی تورکیا (١٩٢٣ بەدواوە) ڕاپەڕینی کوردی بوو بە بەشێک لە ژیانی سیاسی وکۆمەڵایەتی کۆمارە نوێیەکە، ساڵانی سەرەتای کۆماری تورکیا چەندین ڕاپەڕینی کوردی بەخۆیەوە بینی، وەک یاخیبوونی شێخ سەعید (١٩٢٥)، کە بووە هۆی گرتنی بەکۆمەڵ و لەسێدارەدان و گواستنەوەی زۆرەمێ، ڕاپەڕینی دەرسیم (1937-1938) سەرکوتکردنی ئەم یاخیبوونە بووە هۆی زیانی بەرچاو و کۆچی زۆرەملێ، بەجۆرێک کە بەشێکی زۆر لە کوردەکان لە ڕۆژئاوای تورکیا نیشتەجێکران.
لە ناوەڕاست تا کۆتایی سەدەی بیستەم (1950-1960) زۆرێک لە کوردەکان وەک کرێکاری میوان کۆچیان کرد بۆ ئەوروپای ڕۆژئاوا و بەتایبەت ئەڵمانیا، بە دوای هەلی ئابووری باشتردا دەگەڕان.
جەنگی ئێران و عێراق (1980-1988) بووە هۆی ئاوارەبوونی بەرچاوی کورد لە هەردوو وڵاتدا ، زۆرێکیان پەنایان بۆ ئەوروپا و ناوچەکانی دیکەی جیهان برد.
هێشتا سەرۆککۆمار (بکر) لە دەسەڵات بوو، کوردەکان دووچاری ڕاگواستنی زۆرەملێ بوونەوە، لە (1978) ەوە گوندەکانی پشتێنەی سنور بە درێژایی سنوری عێراق ئێران و تورکیاش ڕاگوێزران،
ڕژێمی سەدام حسێن (1979-2003) پڕۆسەی ڕاگواستنی کوردی کردە ستراتێژیەتی لە ناوبردنی کوردو پێشمەرگەکانی، تەنانەت پڕۆسەی ئەنفال (1986-1989) هەڵمەتێکی جینۆساید دژی کورد بوو کە هاوڵاتییەکان پێش کوشتنەکە ڕادەگوێزران بۆ بیابانەکانی خوارووی عێراق، کە کوشتنی بەکۆمەڵ و کیمیابارانی (بۆ نموونە هەڵەبجە لە ساڵی 1988) و وێرانکردنی گوندە کوردنشینەکانی هەمووی بەدوای یەکتردابوون، ئەمەش بووە هۆی ئاوارەبوونی بەکۆمەڵی ناوخۆیی و کۆچکردن بۆ دەرەوە بەتایبەتی بۆ ئێران. بەعەرەبکردنی کەرکوک لە سەردەمی سەدامدا زیاتر بوو، کورد بە زۆر لە کەرکوک دوورخرایەوە و لە شوێنیدا دانیشتوانی عەرەب دانران و پێیان دەگوترێت عەرەبی هاوردە، بۆ دەستکاریکردنی پێکهاتەی دیمۆگرافی شارەکە تا ئێستەیش پڕۆسەی دەرکردنی کوردو داگیرکردنی گوندو زەوییەکانیان و نیشتەجێکردنی عەرەب بەردەوامی هەیە.
سەدەی بیست و یەکەم
لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لەساڵی 2003دا لە پڕۆسەی دیموکراسیکردنەوە وەرچەرخا بۆ دۆخێکی ئەمنی پڕ لە توندوتیژی تایفی کە شەپۆلی نوێی کۆچی لێکەوتەوە.
سەرهەڵدانی داعش( 2014-2017) زۆرێک لە کوردانی ناچار کرد ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن، ئەمەش شەپۆلێکی دیکەی پەنابەر و ئاوارە ناوخۆییەکانی دروست کرد. کوردە ئێزیدیەکان بوونە گەورەترین قوربانی توندوتیژیەکان، جگە لە کۆچبەرکردنی دەیان هەزاریان، بەکۆمەڵیش گولە بارانکران.
لە میانی جەنگی ناوخۆی سوریا (2011-ئێستا)ش کوردەکان لە سوریا بەتایبەتی لە ناوچەی ڕۆژاڤا بەهۆی شەڕی ناوخۆ و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا و هێرشەکانی داعش ڕووبەڕووی ئاوارەبوونی بەرچاو بوونەتەوە.
کاریگەری کۆچبەری لەسەر شوناس و ڕۆشنبیری کورد
پڕۆسەی تواندنەوەو پاراستنی کولتووری کوردی پرسێکی گرنگی ناو ئەم کۆنتێکستەیە، زۆرجار مەبەست لە کۆچی زۆرەملێ هەوڵدان بووە بۆ لەناوبردنی کولتووری کوردی، لەگەڵ ئەمەشدا، ڕەوەندی کوردی لە ڕێگەی ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان و هەوڵە کولتوورییەکان و چالاکیی سیاسییەوە کاریان کردووە بۆ پاراستنی میراتی کولتووری کوردیمان .