پێش هەموو شتێک دەمەوێ جەخت لەسەر ئەوە بکەمەوە کە ئەم وتارە پشت بەهیچ دەرەنجامێکی تاقیگەی پزیشکی نابەستێت، بەڵام ژمارەیەک وێنەو دۆکۆمێنت و پرسیار ڕووبەڕووی بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی، ئاو و ئاوەڕۆ، ژینگە، شارەوانی و کۆمیتەی چاودێریکردنی خۆراک لە شاری سلێمانی دەکەمەوە، بەو ئومێدەی هاندەرێک بن بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی تەندروستی شارەکە.
وەک ئامارەکانی تەندروستی سلێمانی دەریدەخەن لە ماوەیەکی کەمدا زیاتر لە 200 تووشبووی سکچوون و رشانەوە سەردانی نەخۆشخانەکانی شاریان کردووە کردووە.
ئەمە ژمارەیەکی زۆرەو بەقەدەغەکردنی سەوزەو ماست چارەسەر نابێت، بەڵکو حاڵەتی ئیمێرجنسی پێویستەو دەبێت لێکۆڵینەوە لەهەموو سەرچاوەکان بکرێت، تیایاندا سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە، خۆراک و هەروەها مەلەوانگەکان و پارک و شوێنی کات بەسەربردن. هەڵبەتە کۆنترۆڵکردنی بازاڕی شیرمەنی و سەوزە لەپێش هەموو هەنگاوەکانەوە دێت.
یەکەم خاڵ کە دەمەوێ ئاماژەی بۆ بکەم ئەوەیە ژمارەیەکی بەرچاو لە دانیشتوانی شاری سلێمانی لە کاتی بێئاویدا پەنا دەبەنە بەر ئەو تەنکەرانەی ئاوی شەمعەکانی دەوروبەری سلێمانی دەفرۆشن، هیچ لایەنێکیش نیە چاودێری و پشکنین بۆ ئەم جۆرە بکات. هەر لەم میانەیەدا دەمەوێ بڵێم ڕۆژانە تەنکەرێکی زۆر ئاو لە شەمعەکانی نزیک ئاوەڕۆی تانجەرۆوە دەگوازنەوە بۆ ناو شار (وێنەکان کە پێش چەند هەفتەیەک بەکامێرەی خۆم گیراون بەڵگەی قسەکانن). پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئەم بڕە ئاوە زۆرە بۆ کوێ دەڕوات و بۆ چی بەکاردێت؟
لەوانەیە بەرپرسانی شارەوانی و تەندروستی و چاودێریکردنی بازاڕی خۆراک و ڕیستۆرانەکان بڵێن ئەم ئاو بۆ خواردنەوە نیە، بەڵام خۆ ئەگەر بۆ مەلەوانگەو ئاودێری و کشتوکالیش بن، کاریگەری تەندروستی خراپیان بەدوواوەیەو هۆکاری چەندەها نەخۆشین. تەندروستی سلێمانی بەرپرسە لەوەی بزانێت دەیان تەنکەری ئاوی قورسی تانجەرۆ بۆ کوێ دەڕوات و بۆچی بەکاردێت، بەتایبەتی جۆرو پێکهاتەی ئاوەکە بەهۆی ماددە کیمیاییەکانەوە، زیانی بۆ سەر خاکیش هەیە.
لە هیچ کاتێکیشدا ئەوە بەدوور نابینرێت هەندێ خەڵکی تەماحکار، ئاوەکە بەنرخی ئاوی سازگارو شیاو بۆ خواردنەوە بفرۆشن، چونکە چاودێرییان بەسەرەوە نیە.
ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە ئاوی شەمعەکانی تانجەرۆ، هەر هەمان ئاوە قورس و پیسەکەی سلێمانییە کە بەقوڵایی چەند مەترێک شۆڕ دەبێتەوە ژێر زەوی؛ جیاوازییەکە تەنها ئەوەتە کەمێک ڕۆشن دەبێتەوەو هیچی تر. ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە لە میکرۆب و بەکتیریا و ماددە قورەسەکان پاک بووەتەوە.
هەر لە چەمی تانجەڕۆ، ژمارەیەکی زۆر سەگی بەرەڵا دەژین و بەردەوامیش دێنە ناو شارەوە. ئەمانەش سەرچاوەی جۆرەها نەخۆشین، چونکە بەگوێرەی پێوەرە ژینگەییەکان و رێکخراوی تەندروستی جیهانیی، لەهەر شوێنێکی دانیشتواندا، ئاژەڵ یان ڕووەکی هەڵگری بەکتیریا و ڤایروس هەبێت، ماناوی ئەوەی تەندروستی دانیشتوانیش لەژێر هەڕەشەی پەتاو نەخۆشیدایە.
خالێکی تر کە بەگرنگی دەزانم ئاماژەی بۆ بکەم و لەسەر بووەستم ئەوەیە ژمارەیەکی بەرچاو لە گامیش لەسەر سەوزایی و ئاوی تەنجەرۆ دەژین و ڕۆژانەش ماست و شیرو قەیماغی ئەم گامیشانە دەخرێنە ناو بازاڕی شارەوەو خۆراکی دانیشتوانە. لێرەدا پێشنیار بۆ کۆمیتەکانی چاودێریکردنی خۆراک لە قایمقامیەتی سلێمانی ئەوەیە کە نەک تەنها جەخت لە بەرواری بەکارهێنان و پاک و خاوێنی و چۆنێتی پاراستنی خۆراک بکرێتەوە، بەڵکو دەبێت کۆمیتەیەکیش هەبێت لە پێکهاتەی جۆری خۆراکەکان بکۆڵێتەوەو تا چەند شیاون بۆ بەکارهێنان.