* ئابوری توركیا دەكەوێتە دەست كوردێك
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا دوای چەند سەعاتێك لە سوێند خواردنی بۆ ویلایەتی سێیەمی سەرۆكایەتییەكەی، كابینەی نوێی حكومەتی راگەیاند و لە كۆی 17 وەزیری كابینەی پێشوو 15 وەزیریانی گۆڕی.
دیاترین ئەو كەسایەتیانەی لەكابینەی نوێدایە (محەمەد شیمشەك)ە كە پۆستی وەزیری دارایی پێدراوە بەو هیوایەی ئابوری توركیا بخاتەوە سەر رێچكەی بوژانەوە، كە چەند ساڵێكە بەهۆی سیاسەتە دارایی و بانكییەكانی ئەردۆغانەوە دووچاری داكشان بووەو بەهای لیرە لەبەرامبەر دۆلار نزمترین ئاستی پێوانەیی تۆماركردووە.
محەمەد شیمشەك كێیە:
شیمشەك بە رەگەز كوردە و لە ساڵی 1967 لە شاری باتمانی باكوری كوردستان لەدایك بووە،خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە باتمان تەواوكردووە.
لە ساڵی 1988 ئابوری لە كۆلێژی زانستی سیاسی لە زانكۆی ئەنقەرە تەواوكردووەو لە ساڵی 1993 بڕوانامەی ماستەری لە بواری ئابوری لە زانكۆی ئیستەری بەریتانی بەدەستهێناوە.
دوای ماوەیەكی زۆر كاركردن لە دامەزراوە ئابورییەكانی بەریتانیا و ئەمریكا گەڕاوەتەوە توركیا و لەسەر لیستی پارتی دادو گەشەپێدان لە ساڵی 2007 بووەتە پەرلەمانتاری شاری غازی عەنتاب.
لە ساڵی 2013 لەلایەن گۆڤاری فۆڕن پۆلسییەوە بە یەكێك لە 500 كاریگەرترین كەسایەتییەكانی جیهان دیاری كراوە ، هەمان ساڵ لەلایەن گۆڤاری ئابوری گەشەكردوو نازناوی وەزیری دارایی ئەوروپای گەشەكردووی پێدراوە.
بۆماوەی حەوت ساڵ وەك پسپۆڕی ئابوری ستراتیژی لە كۆمپانیای (میریل لینش) لە لەندەن كاریكردووە، لە هەمان ماوەدا پەیوەندییەكی فراوانی لەگەڵ دەسەڵات و بانكی ناوەندی توركیا هەبووەو لەگەڵ پارتی دادو گەشەپێدان لە بواری سیاسەتی ئابوری كاریكردووە.
هەروەها لەنێوان 1998-2000 وەك ئابوریناسی گەورە و شیكەرەوە لە بانكی ( دۆچە بەندەر) كاریكردوووە، شیمشەك لە ساڵی 1997 و بۆ ماوەی ساڵێك لەگەڵ بانكی ( UBS)لە نیویۆرك كاریكردووە، بەر لەوەش بۆ ماوەی چوار ساڵ یەكێك بووە لەو گەورە ئابوریناسانانەی لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە ئەنقەرە كاریكردووە.
محەمەد شیمسەك پۆستی وەزیری گەنجینە و ئابوری بەڕێوەبردووە بەر لەوەی لە ساڵی 2009 لە پۆستی وەزیری دارایی دەستبەكاربێت ، لە كابینەی ئەحمەد داود ئۆغلوجێگرۆی سەرۆك وەزیران بووە بۆ كاروباری ئابوری.
لەو ماوەیەی شیمشەك وەزیری دارایی بووە لە ساڵانی 2009 و 2015 و جێگری سەرۆك وەزیران لە 2015-2019 دۆخی ئابوری توركیا سەقامگیرییەكی رێژەیی هەبووە.
شیمشەك بەردەوام جەختیكردووەتەوە لەسەر سەربەخۆیی بانكی ناوەندی وەك یاریكەرێكی ئابوری ، خاوەنی رێزێكی تایبەتە لای وەبەرهێنەران .
شیمشەك لە ساڵی 2019 بەهۆی ناكۆكییەكانی لەگەڵ ئەردۆغان دەستیلەكاركێشایەوەو لەلایەن ئەردۆغانەوە بە ئاشكرا تۆمەتباركرا بە ئەنجامدانی سەرپێچی لە مامەڵە یاساییەكاندا.
ئەردۆغان دوای گۆڕینی سیتسمی حكومڕانی لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی لە ساڵی 2018 كۆمەڵێك سیاسەتی ئابوری جێی مشتومڕی خستەبواری جێبەجێكردنەوە، لەماوەی سێ ساڵدا سێ وەزیری دارایی و دوو پارێزگاری بانكی ناوەندی لەژێر فشاری ئەردۆغاندا دەستیانلەكاركێشایەوە، ئەردۆغان، لە ساڵی 2019 رێژەی سودی بانكی بۆ 12% دابەزاند، بەڵام لە ساڵی 2020 بەرزیكردەوە بۆ 17%. لە دوو ساڵی رابردووشدا جارێكی رێژەی سود بۆ 8.5% لەسەر حسابی گەشەی بابوری دابەزێنرا.
رەخنەگران دەڵێن، لەسایەی دەسەڵاتی سەرۆكایەتی ئەردۆغان بانكی ناوەندی سەربەخۆیی لە دەستداوەو حكومەت تۆمەتبار دەكەن بە نەهێشتنی یەدەگی نەختینەی بیانی بانكی ناوەندی، لە رێگەی خستنەڕووی بۆ ناو بازاڕ لە رێگەی میكانیزمی دەرگای پشتەوە وەك هەوڵێك بۆ دابەزاندنی بەهای سودی سەر لیرەی توركی.
چاوەڕوان دەكرێت بە گەڕاندنەوەی محەمەد شیمشەك بۆ پۆستی وەزیری دارایی سنورێك بۆ سیاسەتە ئابورییە ناتەقلیدییەكان دابنرێت كە ساڵانێكە لە سایەی دەسەڵاتی ئەردۆغاندا بەردەوامیان هەیەو خۆی دەبینییەوە لە دابەزاندنی رێژەی سود، سەرەڕای بەرزبوونەوەی هەڵئاوسان و كۆنترۆڵی دەوڵەت بەسەر بازاڕدا.