دواین هەواڵ

دوای کۆنگرە،پارتی دەگۆڕێ ؟

‌ئاسۆ حاجی

05/11/2022

گۆڕان و نوێبوونەوە پڕۆسەیەکی بەردەوامی ژیانی پارتایەتیە، هەر لە دامەزراندنیەوە تا هەنوکە، دیرۆکی پارتی پڕە لە وانە و پەند، وەک ئافرێنەر و قوتابخانەی کوردایەتی ناسراوە، کە مەزنترین مامۆستا و رابەری کوردایەتی مستەفا بارزانی دامەزرێنەر و ئیلهامبەخش و هێزی مانەوە و گەشەکردنیەتی، بۆیەشە کوردایەتی و رێبازی بارزانی بوونەتە هاوواتای یەکتری.

ناکرێ پارتی وەک رێکخراوێکی سیاسی ئایدۆلۆژی بناسێندرێ، چونکە پارتی وا نیە، پارتی بزاڤێکی نەتەوەیی و نیشتیمانیە کە خاوەنی فەلسەفەیەکی تایبەتی بەخۆیەتی کە فەلسەفە و بیری کوردایەتیە، پارتی وەک تەڤگەڕی ئازادی و سەربەخۆییە، کە هیچ ئایدۆلۆژیایەک نەیتوانیە لە چوارچێوەی بدات، لە هەمان کاتدا هەموو بیروبۆچوون و ئایدۆلۆژیایەک لەناو پارتیدا جێگای دەبێتەوە، بەمەرجێک دژ نەبن لەگەڵ بیروباوەڕی کوردایەتی.

پارتی لە کۆنگرەی چواردە نیشانیدا کە درێژکراوەی هەمان مێژوو و خاوەنی هەمان فکر و فەلسەفە و گوتارە، بۆیە لە رۆژانی کۆنگرە و لە شێوازی بەڕێوەبردنیدا، کۆمەڵێک وانەی دیکەی تژی لە گیانی پارتایەتی و کوردایەتی نیشاندا، لە هەموویان دیارتر و جوانتر، وەفای سەرۆک بارزانی بوو بۆ هەڤاڵانی کە جیای کردنەوە لە کێبڕکێی دەنگدان، بە تایبەتی ئەو هەڤالانەی کە باری تەندروستیان باش نیە و خۆیان و هەموو کەس دەزانێت، خراپی دۆخی تەندروستیان دەرفەتیان نادات بە ئەرکەکانیان رابگەن، بەڵام سەرۆک بارزانی و پارتیەکان، نیشیانیان دا کە هەڤالانیان لە نیوەی رێگا بەجێناهێڵن.

وانەیەکی دیکە پارتی، دەرفەت دان بوو بەو هەڤالانەی ماوەیەکی کورتە پەیوەندیان بە پارتیەوە کردووە، پێشتر لە ناو ئەو لایەنانە کاریان کردووە کە رکابەر و هەندێکجاریش دژی پارتی بووینە، بەوەش پارتی ئەوەی دووپات کردەوە کە پارتی داربەڕووێکی رەگ داکوتراوە و سێبەرەکەی جێگای هەمووان دەبێتەوە، هەموو کورد و کوردستانیەک لە ناو پارتی پێشوازی لێکراوە بە مەرجێک کە باوەڕی بە کوردایەتی هەبێ و ئامادەی تێکۆشان و قوربانیدان بێت لە پێناوی.

پارتی ئەو تێگەیشتن و بۆچوونانە رەت دەکاتەوە کە پێیان وایە پارتی دەبێ ببێتە حیزبێکی داخراو لە شێوەی بیروباوەڕە داخراوەکان، کە تەنها ئەوانە بۆیان هەبێت پارتی بن کە لە دایک و باوکێکی پارتی دێنە دونیا، و دەرگا لە خەڵکی دیکە نەکاتەوە.

ئەو مێژوو و ئادگار و ئاکارەی پارتی، نیشانە و بەڵگەی ئەوەن کە گۆڕان و نووێبوونەوە لە ناو پارتیدا پڕۆسەیەکی بەردەوامن، گۆڕانێکی بە بیروباوەڕ نەک چاولێکەری و بانگەشەکردن بۆ گۆڕانێکی بێ ناوەڕۆک.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP